یادێک لە سەردەشت عوسمان، گەڕانەوە بۆ سەدە تاریکەکانی رۆژئاوا

2020-05-03

باست عوسمان

لەم ڕۆژانەدا لە خوێندنەوەی کتێبی ئیسلام و ڕۆشنگەری دکتۆر هاشم ساڵح تەواو بووم، یەکێک لەو شتانەی سەرنجی ڕاکێشام ئەو بۆچوونەی بوو کە پێیوابوو بۆئەوەی کێشەکانی خۆمان ببینیین پێویستە خۆمان بەراورد بکەین بەسەردەمی ڕۆشنگەری ڕۆژئاوا، باوەڕی وابوو کێشەکانی ئێستەی ئێمە هەمان ئەو کێشانەن کە ڕۆژئاوا لەسەردەمی ڕۆشنگەرییدا گیرۆدەی بووە!

منیش دۆش دامابووم بەدیار تیۆرەکەی هاشم ساڵحەوە، بەڵام هێزی قەڵەمەکەی سەردەشت عوسمان منی لەو چەقبەستوویە دەرهێنا و بۆ تێگەشتن و ڕاستیی و درووستی تیۆرەکەی هاشم ساڵح، کەباوەڕیوایە هەمان ئەوکێشانای ئێمە کێشەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەورپایە! منی ڕاکێشا بەرەو بۆچوونەکانی جۆن لووک، مۆنتسکیۆ، جۆن ستیوارت میل، جان جاک ڕۆسۆ.

بزانم بۆچوونیان چیبووە لەسەر پرسی ئازادی ڕادەربڕین و بیرووڕای ئازاد، لەبەرئەوەی سەردەشت، قوربانی دەستی ڕادەربڕین بوو، بۆیە بۆیادکردنەوەی شەهیدی ئازادی سەردەشت عوسمان، گەڕامەوە بۆ بۆچوونەکانی بیریارانی سەردەمی ڕۆشنگەری و بۆ چوونەکانی ئەوان لەسەر فکری سیاسیی و بەتایبەت لەسەر ئازادیی و ئازادی سیاسی بزانم چۆنبووە؟

یەکێک لەدیارتریین نوسەرانی سەردەمی ڕۆشنگەری جۆن لووکە، جۆن لووک بڕوای وابوو لەپێناو پاراستنی ئازادیدا پێویستە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، لەدەستی یەک کەسدا نەبێ. سەرنج بدەن لەئێستادا و لەهەرێمی کوردستاندا هەرسێ دەسەڵاتی یاسادان و جێ بەجێکردن و دادوەری لەدەستی یەک حیزبدان و کۆنترۆڵکراون لەلایەن یەک حیزبەوە. بۆیە بەپێی بۆچوونەکانی جۆن لووک بێت، دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا لەئێستاو ئایندەشدا هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئازادی ڕادەبڕین و دژی هەموو بیروو بۆچوونێکی ئازادیشە، وە خەتەرێکی گەورەشە بۆ سەر ئازادی.

بۆیە پێویستە بۆچوونەکانی لووک بەهەند وەربگریین، فکری سیاسی لووک بەتەوای دژی حکومڕانی ڕەها بوو. مۆنتسکیۆ، یەکێک لەکاریگەرتریین بیرمەندانی سەردەمی ڕۆشنگەری بوو. سەبارەت بەئازادی لەلای مۆنتسکیۆ بڕوای وابوو گرنگترین شت سۆراغکردنی ئازادییە، باوەڕی وایە ئازادی لەسایەی سیستەمە حکومڕانە مییانڕەوەکاندا هەیە، وە بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی پێویستە دەسەڵاتەکان لەیەکدی جیابکرێنەوە و هەموویان نەدرێتە دەستی یەک کەس. لەئێستادا لەهەرێمی کوردستان دەبینیین دەسەڵاتەکان لێک جیاکراونەتەوە بەڵام لەلایەن یەک پارتی سیاسییەوە کۆنترۆڵکراون، ئەوەی ئەو پارتەش دەبات بەڕێوە تەنها یەک کەسە، واتە کۆی دامەزراوەکانی هەرێم بەئەقڵی یەک کەس دەڕوات بەڕێوە.

،،

هەربۆیە هەمیشە لە کوردستاندا ئازادی ڕادەربرین بوونی نییە و لەژێر هەڕەشەی دەسەڵاتدایە. بۆیە هەڵەی گەورەی کوردستان ئەوەیە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لەلایەن پارتێکەوە کۆنترۆڵکراون.

هەروەک مۆنتسکیۆ ڕادەی مەترسی کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکانی لەدەستی تاکە کەسێکدا خستەڕوو. جۆن ستیوارت میل، یەکێکە لەگەورەترین بیرمەندەکان سەبارەت بەئازادی دەڵێت: ئازادی بریتییە لەوەی ، مرۆڤ بڕیاری لەدەست خۆیدا بێت و هەر کۆت و بەند دانانێکیش لەسەر ئازادی مرۆڤ بەڵایەکی گەورەیە. وە بڕوای وابوو ئازادی بەتەنها بۆ تاکەکەس بەخێر ناگەڕێتەوە، بە چاکیش بۆ کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە و ئەندامەکانیشی، بەئازادییەوە بەندە.

هەربۆیە تەئکید لەوەدەکاتەوە تەواوی مرۆڤایەتی مافی ئەوەی نییە دەنگی ناڕەزایی تاکەکەسێک سەرکوت بکات. جۆن ستواری میل، سێ ئازادی زۆر بە گرنگ و پێویست دەزانێت بۆ تاکەکەس کە نابێت ڕێگەیان لێبگیرێت، ئەوانیش بریتیین لە ئازادی ویژدان و ئازادی حەز و کارکردن و ئازادی کۆڕ و کۆبوونەوە. لەدوای چەن سەدە کوردستان لەئێستادا ڕێگرە لەئازادی کۆبوونەوە و ڕادەربڕیین، لەپێش چەن ڕۆژێک لەهەولێری پایتەخت، ڕۆژنامەنوس هێمن مامەند، لەسەر دەربڕینی بۆچوونێک دەیان ڕۆژ زیندانی کرا!

جۆن ستیوارت میل، چەن سەدە پێش ئێستا ئازادی ڕادەربڕینی بەگرنگ زانیوە بۆ بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگە! جان جاک ڕۆسۆ، کە یەکێک لەبیرمەندە کاریگەرەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری بووەو داکۆکیکارێکی سەرسەختی بیرووڕای ئازاد بووە، ئەو بڕوای وابوو مرۆڤ بەئازادی لەدایک دەبێت، کەچی دەبینیین لەهەموو جێیەکدا زنجیر کراوە، ئەو دەپرسێت ئەم گۆڕانە چۆن ڕویدا؟

،،

ئازادی ڕادەربڕین یەکێک بووە لەکێشەکانی ڕۆژئاوا لەسەردەمی ڕۆشنگەریی و سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئەوان لەوسەردەمەدا بۆ چوونیان بەوجۆرەبووە لەمەڕ ئازادی ڕادەربڕین.

بۆیە ئەکرێ تیۆرەکەی دکتۆر هاشم صاڵح درووست بێت، کاتێک دەڵێت کێشەکانی ئێستای ئێمە هەمان ئەو کێشانەن کەرۆژئاوا لەسەدەکانی ناوەڕاستدا پێوەی گیرۆدە بووە و بۆچارەسەر کردنیشیان پێویستە سود لەڕێگاکان و بۆچوونەکانی ئەوان وەربگریین.

بۆئەوەی یادی سەردەشت عوسمان هەمیشە لەدڵماندا بێت، بۆئەوەی چیدیکە سەردەشتەکان تیرۆر نەکرێت با هەمیشە لەهەوڵدا بین هاوسەنگی درووست بکەین لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریدا. با بەهیچ جۆرێگ ڕێگە نەدەین حیزبێک کۆنترۆڵی هەرسێ دامەزراوەکە بکات.