تەڵاق هەڕەشە لە کۆمەڵگەی کوردی دەکات

2020-05-15

هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى مه‌ترسیداره‌و ڕووى له‌ خێزانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى كردووه‌. ڕێژه‌كه‌ى گه‌شتووه‌ته‌ ئاستێكى به‌رزو ئاماره‌كان ئاماژه‌ى مه‌ترسیدار ده‌خه‌نه‌ ڕوو.

،،
به‌ به‌راوردى ساڵانى ڕابردووتر له‌ هه‌ردوو ساڵى 2018و 2019دا ڕێژه‌ى ته‌ڵاق سێ هێنده‌ زیادى كردووه‌و دادگاكان ده‌ڵێن ڕێژه‌ى جیابوونه‌وه‌ى هاوسه‌ران به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵكشاندایه‌.

به‌پێى ئامارى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 2010 تا 2019، ڕێژه‌ى ته‌ڵاق له‌ هه‌رێمى كوردستان 130% زیادى كردووه‌. هاوكات له‌گه‌ڵ زۆربوونى ژماره‌ى ته‌ڵاقدا، ڕێژه‌ى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرییش له‌ كه‌ مبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وامدایه‌ له‌ ساڵى 2012 دا له‌ هه‌رێمى كوردستان 56 هه‌زار پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى ئه‌نجامدراوه‌و له‌ ساڵى 2016دا ڕێژه‌ى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى بۆ 32 هه‌زار دابه‌زیوه‌، واته‌ له‌ماوه‌ى ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى 23 هه‌زار كه‌میكردووه‌.

به‌پێى ئامارى فه‌رمى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێم له‌ ساڵى 2017دا له‌ پارێزگاى هه‌ولێر 2 هه‌زارو 985 حاڵه‌تى ته‌ڵاق تۆمار كراوه‌و له‌ ساڵى 2018دا ڕێژه‌كه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌و له‌به‌رانبه‌ر 15 هه‌زارو 25 پرۆسه‌ى هاوسه‌گیریدا 3 هه‌زارو 598 حاڵه‌تى ته‌ڵاقدان تۆمار كراوه‌.

ئامارى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێم ده‌ڵێت له‌ ساڵى 2017دا له‌ پارێزگاى سلێمانى 1 هه‌زارو 360 حاڵه‌تى ته‌ڵاق تۆمار كراوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵى 2018دا ژماره‌ى ته‌ڵاق له‌ سلێمانى به‌ڕێژه‌یه‌كى مه‌ترسیدار هه‌ڵكشاوه‌و له‌به‌رانبه‌ر 13 هه‌زارو 836 پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیریدا 4 هه‌زارو 85 حاڵه‌تى ته‌ڵاقدان تۆمار كراوه‌.

واته‌ به‌ به‌راوردى ساڵى 2017 له‌ ساڵى 2018دا له‌ پارێزگاى سلێمانى 2 هه‌زارو 725 حاڵه‌تى ته‌ڵاق زیادى كردووه‌ له‌ ساڵى 2017دا له‌ پارێزگاى دهۆك 1 هه‌زارو 384 حاڵه‌تى ته‌ڵاق تۆمار كراوه‌و له‌ ساڵى 2018دا له‌ به‌رانبه‌ر 10 هه‌زارو 902 پرۆسه‌ى هاوسه‌گیریدا 1 هه‌زارو 509 حاڵه‌تى ته‌ڵاقدان تۆمار كراوه‌.

له‌ هه‌رسێ پارێزگاى هه‌ولێرو سلێمانى‌و دهۆك له‌ ساڵى 2018دا له‌ به‌رانبه‌ر 39 هه‌زارو 763 پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیریدا، 9 هه‌زار 192 حاڵه‌تى ته‌ڵاق ئه‌نجام دراوه‌، كه‌ به‌ به‌راوردى ساڵى 2017 ڕێژه‌ى ته‌ڵاق نزیكه‌ى دوو هێنده‌ زیادى كردووه‌.

،،

به‌پێى ئامارى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى ئامارى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێم له‌ ساڵى 2019دا له‌ هه‌رێمى كوردستان 32 هه‌زارو 422 پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى ئه‌نجام دراوه‌و له‌ به‌رانبه‌ریشدا 8 هه‌زارو 381 حاڵه‌تى ته‌ڵاقدان تۆمار كراوه‌.

ئامارى فه‌رمى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێم ده‌ریده‌خات كه‌ له‌ساڵى 2019دا له‌ هه‌ولێر، له‌ به‌رانبه‌ر 11 هه‌زارو 142 پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیریدا، 3 هه‌زارو 115 حاڵه‌تى ته‌ڵاقدان تۆمار كراوه‌ له‌ سلێمانى له‌ به‌رانبه‌ر 11هه‌زارو 33 پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیریدا، 3 هه‌زارو 448 حاڵه‌تى ته‌ڵاقدان تۆمار كراوه‌ هاوكات له‌ ساڵى 2019دا له‌ پارێزگاى دهۆك له‌ به‌رانبه‌ر 8 هه‌زارو 322 پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیریدا 1هه‌زارو 129 حاڵه‌تى ته‌ڵاقدان تۆمار كراوه‌.

له‌ سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیانیش له‌ ساڵى 2019دا له‌به‌رانبه‌ر 1هه‌زارو 933 پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیریدا 689 حاڵه‌تى ته‌ڵاقدان تۆمار كراوه‌.