ڕەنگی مۆری سیاسەتی کوردی

2020-05-22

هەژار جەمال

کتێبی ڕەنگی مۆری سیاسەتی کوردی لەنوسینی گوڵتان کیشەناک.لەدوتوێی 394 لاپەردا نوسراوە و لەتورکیەوە سەربەست زاگرۆس کردویەتی بەکوردی ،ئەم کتێبە باس لەخەبانی ژنانی باکوری کوردستان دەکات ، گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە کەبیست و یەک ژن باس لەئەزمونی ژیانی خۆیان دەکەن، ئەوەی ژنان لەم پەرتوکەدا خستویانەتە ڕوو، ئەوەمان پێ دەڵێت بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد بەچی قۆناغێکدا تێپەڕیوە ، تێکۆشانی ئازادی ژن بەشێوەیەک دەخاتە ڕوو کە پێمان دەڵێت ژن لەکوێوە هاتوەو چەند مەودای بڕیوەو چەند کۆسپ هاتۆتە ڕێیان و چۆن رووبەڕووی بونەتەوە، لەم کتێبەدا ژنان لەوپارچەی کوردستان بیرەوەریەکانیان هێناوەتە لای یەک و باسی ئەو تێکۆشانانە دەکەن لەپێناو ئازادی ژن و ئەزمونەکانی خۆشیان خستۆتەڕوو.

باس لەو هەوڵانەش دەکەن کە لەو کۆمەلگایەدا داویانە بۆ ئەوەی ژن بگەیەنە ئەو قۆناغەی ئێستا، بێگومان ئەمەش بەئاسانی وەدیی نەهاتوە، ئەو ژنە خەباتکارانەی کەلەم کتێبەدا هەریەکەو چیرۆکی خۆی دەگێرێتەوە، لەسەرەتای تەڤلیبوونیان بەسیاسەت و تا زیندانیکردنیان، ئەو ژنانە هەموویان هاوسەرۆکی شارەوانی و پەرلەمانتارن و زۆرینەیان تائێستا لەزیندانەکانی تورکیادا بەندکراون.


ئەم کتێبەلەمیانەی کرداری و پراکتیکدا باس لەتێکۆشانی ئازادی ژن دەکات لەڕوی کرداریەوە، ئاستی ئەو تێکۆشانە دەخاتەڕوو کە ژنان پێی گەیشتون .لەئەنجامی ئەو تێکۆشانەدا ئەوەی ئێستا بەدی هاتووە لەباکوری کوردستان ئاستێکی ناوازەیە، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە لەلایەن دەوڵەت و کۆمەڵگاشەوە بۆیان دروستکراوە، بەڵام ئەوان سوربون لەسەر داخوازیەکانیان و هەوڵیان بۆ هاتنە پێشەوەی ژن لەهەمووکایەکاندا داوە، لەبواری سیاسی و ئیداریشدا توانیویانە رۆڵێکی کاریگەر ببینن، ئەوان لەناو پارتەکەیان توانیویانە رێژەی ژن بگەیەننە سەدا چل و لەپارت و شارەوانیەکانیشدا سیستەمی هاوسەرۆکی بەدەست بێنن، گوڵتان کشناک ئەم کتێبەی ئامادەکردووە، ئەو ئێستا لەزیندانەکانی تورکیان ڕۆژبەڕێ دەکات، خۆی یەکێکە لەو ژنانەی رۆڵی گرنگی هەبوە لەپێشخستنی ژناندا ئەوباس لەسەرتاکانی تێکۆشانی ژنان دەکات و دەڵێ بەدرێژای مێژوو بەهۆی تێکۆشانی کۆمەڵایەتیەوە بەدەستی مرۆڤ نایەکسانی خوڵقینراوە، بەڵام تێکۆشانی ژنان لەبەرامبەرئەونایەکسانی و باڵادەستی پیاودا کەدەسەڵات داران لەنێو خۆیاندا کردویانەتە رەوشێکی نادیارەوە، بەڵام ژنی کوردیش لەمیانەی ئەو تێکۆشانەدا ئەزمونی خۆی بەرهەم دێنێت ،ژنی کورد لەهەموو بوارێکی ژیاندا دەیەوێت هەبونی خۆی بسەلمێنێت و ببێتە هێزو ئیرادەو ئەزموونی تێکۆشانی چ لەبواری تیۆری چ لەبواری پراکتیکداجێگەی سەرنجە..

،،

یەکەم ئەزموونی تێکۆشانی ژنان لەباکور لەوتێکۆشانەوە دەست پێ دەکات لەساڵی "1991 "بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بو لەشێوەی پرۆتیستۆ و رێپێوان و لێدوانی رۆژنامەوانی لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافەکاندا ئەنجامیاندا.

گۆڕەپانێکی تری بزوتنەوەی فێمنیستی بزوتنەوەی ژنانی کورد لەباکوری کوردستان بۆکۆتاییەکانی ساڵی " 2000 "دەگەرێتەوەو بریتیبو لەتێکۆشانی ئاشتیانەو یەکگرتنی ژنان ئەنجام دەدەن بۆمیتینگی ئاشتیانە بۆبەتگرتنی ئاشتیانەو بەشکردنی ئێش و ژانەکان, بۆیە دەتوانین ئەزمونی خەباتی ژنان لەو پارچەی کوردستان بۆ چوار قۆناغ دابەش بکەین کەهەرقۆناغەو لەکات و ساتی خۆیدا گرنگ بون بۆ پێشوەچونی ژنان.


یەکەم:

قۆناغی دامەزراندن و رێکخستنی ژنانە کە لەساڵی 1991بۆ ساڵی 2003دەست پێ دەکات بەقۆناغێکی گرنگی خەباتی ژن دادەنرێ چونکە لەو قۆناغەدا ژن بەرێکخستن کراوە.

دووەم:

ئەم قۆناغەش لەساڵی 2000بۆ2009 دەست پێدەکات و بەقۆناغی پێگەیشتنی هۆشیاری ڕەگەزی دادەنرێ.

سێیەم قۆناغ، قۆناغی ساڵی2004 بۆ2016.یە، لەم قۆناغەدا ڕێکخستنە خۆجێییەکان کەوتنە پلانی یەکەم و بەشداریەکی چالاکیان لەپارتەکانداکردووە.

چوارەم قۆناغ، قۆناغی بەهێزبوونی نوێنەرایەتی ژنانە لەساڵی 2007بۆ2015 دەست پێدەکات هەموو ئەم قۆناغانەی تێکۆشانی ژنان لەمیانەی هێڵی تیژەوەیەو لێک جودا نابنەوە پێشکەوتنەکان لەناو یەک و بەدوای یەکدا هاتون بەڵام بەشێوەی قۆناغ بەقۆناغ و ناوچەی جیاجیا بونەتە ناوەندی گرنگی خەباتی ژنان، سەرەتا ژن بەرێکخستن کراوە دواتر تێکۆشانی نێو پارتی بەرێوە بردوە لەوقۆناغەدا ژن لەژێر کاریگەری سیاسەتی نەتەوەی چونەتە نێو پارتەکان و هۆشیاریەکی گرنگ بوتە هۆی ئەوەی گرنگی بدەن بە خەباتی ژنان لەنێوپارتەکاندا و بردنەپێشەوەی ژن بۆ ناوەندی بڕیار و هانی ژنانیان داوە بۆئەوەی زیاتر بێنە پێشەوە، کردنەوەی دەزگای تایبەت و سەربەخۆ بۆژنان و گفتو گۆی چڕ لەم دەزگایانەدا بەڕێوە براوە، سەبارەت بەهۆشیاری رەگەزی و مافەکانی ژنان.


کەی ژن دەبیتە سەرۆکی شارەوانی؟

لەساڵی 1999 سێ ژن بەسەرۆکی شارەوانی هەڵدەبژێردرێن دەست بەخەباتی ژنان دەکەن ئەمە دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ ئەوەی ژنان زیاتر بەشداری لە پارت و سیاسەدا بکەن.

بەڵام دیارە هەربەرەو پێشوەچونێک قوربانی و ماندو بونی زۆری دەوێت بەتایبەت لەهەندێ کۆمەڵگەدا، بەڵام ژنان لەباکور هەموو ئەو داب و نەریت و کلتورەیان تێک شکاندو گەشتنە لوتکەی سەرکەوتن لەبەرەو پێش بردنی ژنان بەناوەندی دەسەڵات ،ئەزمونی ژنێکی وەک سەر ڤین قەرەقۆخ ئەو نمونەیەکە لەو ژنانەی کەکاتێک دەبێتەهاوسەرۆکی شارەوانی ئۆڤاکیشلا ، بەڵام هەرزو دەستگیر دەکرێت و دەخریتە زیندانی تاکە کەسیەوە بەڵام ئەمانە هیچی ساردی ناکاتەوە بەڵکو سورتری دەکات بۆئەوەی لەشارەوانی خزمەتبکات، وەک سەرڤین دەڵێت لەکۆمەڵگاکەی ئێمەدا قورس بو کەکارمەندێکی شارەوانیش بیت نەک هاوسەرۆکی شارەوانی ، بەڵام من دەبمە هاوسەرۆکی شارەوانی، سەرەتاش ئەمەقورس بو قبوڵکردنی لای پیاوان بۆیەڕوبەڕوی توانج و رەخنە بومەوە و چەندین جار پێیان دەگوتم شارەوانی کاری پیاوانە ژنان چی دەکەن لەشارەوانی و دەیان گوت لەچەند مانگیدا تەنگاو دەبێت و جێی دەهێڵێت ، بەڵام ئەم قسانە هیچ کاریگەری نابێت و ئەو بەردوام دەبێت، بەو کارانەی کەدەیکات بەشێوەیەک دەبێتە جێگەی سەرنجی خەڵکی ناوچەکەیان ،شێوازی کارکردنی ئەمان بەشێوەیەک بووە کەمن بڕوام نیەلەتەواوی دنیادا نمونەی هەبوبێت، ئەوێک هاوسەرۆکی شارەوانی دەبێت لەشاروۆچکەیەکی ترەوەدەچیت بۆئەوێ و بۆماوەی دوساڵ وەک خۆی دەڵێت هەرنیوەڕۆی لەماڵیکدا نانی خواردوەوە ئیوارانیش خۆی دەکات بەماڵێکی ترداو شێولەوێ دەکات و لەێش شەو بەڕێ دەکات و لەچاوڕوانی هەڵهاتنی سپیدەیەکی زوودایە بۆئەوەی بچیتەشارەوانی و دەست بەخزمەتەکانی بکاتەوە ، رۆژانیش وەک کریکارێکی شارەوانی کاردەکات نەک وەک سەرۆک ،ئەوێک خۆی دەچێتە سەر گەڵابەی بلۆک و بلۆک دەداتە دەست کرێکارەکان و خۆی دەبێتە وەستاو دیوار دروستدەکات ...هتد.

،،

ئەمانەو دەیان نمونەی تر لە تێکۆشانی ژنان لەم کتێبەدا باسکراوە ئەوژنانە لەدولایەنەوە خەباتیان دەکرد لایەکی تێکشاندنی ئەوکلتورو داب و نەریتەی کۆمەڵگە کەپێی وابوە سیاسەت و شارەداری تەنها کاری پیاوانە، لەولاشەوە ڕوبەڕوی دەسەڵات دەبونەوە کە دەسەڵاتێکە بەدرێژای مێژوو نکۆڵی لەبونی گەلی کورد کردوە

هەرئەمەش بو کە سەرەڕای سەرکەوتنیان بەپرۆسەیەکی دیموکراسی و لەهەڵبژاردندا، بەڵام هەرپاش ماوەیەکی کەم دەستگیریان دەکەن و ڕاپێچی زیندانی تاکە کەسی و لەگۆشەیەکی ساردوسڕی تەنهایی زینداندا بئ لێپرسینەوە توندیان دەکەن، بەشێک لەوانەی کەچیرۆکی خۆیان لەم کتێبەدا گێڕاوەتەوە کاری وایان کردوە کەمرۆڤ دەتوانی شانازی گەورەی پێوەبکات چونکە ئەوان بۆیەک چرکەش سازشیان لەسەر ئەوانە نەکردوە کە داوی مافی نەتەوی خۆیان کردوە، ئەم ژنانە بەشێوەک خەباتیان کردوە چەندێک لەکاردابون دووئەوەندە لەزینداندا بون ژن هەیە سێ خول ئەندام پەرلەمان بوە بەڵام بەهەرسێ خولەکە تەنها سێ ساڵ لەپەرلەمان بوە ،ئەوەی تری لەزیندان بەسەر بردوە ،ئەم کتێبە ئەوەمان بۆڕون دەکاتەوە کە ئەوانەی باسی سیتەمی دیموکراسی و هەڵبژاردن دەکەن تەنها کاتێک ئەوەیان دەوێت کەخۆیان سەرکەون ئەگەرنا براوەکان بەبیانوی جۆراو جۆر ڕاپێچی زیندان دەکەن و لەوێش هەمووسزایەکی دەرونی و فیزیکی لەبەرامبەریان پەیڕەو دەکەن بۆئەوەی بێ ئیرادەیان بکەن و دەست لەو خواستە هەڵبگرن کەلەپێناویدا تێدەگۆشن، بەڵام زیندا ن بۆ ئەمان ناوەندێکە بۆبەهێزکردنی ئیرادەوخۆڕاگری ، ئەمان بۆیەک چرکەش سازشیان نەکردوە لەوەی لەپیناویدا خەبات دەکەن نمونەش ئەویە کە ژن هەیە چەندین جار دەستگیر کراوە و ئازادکراوە بەڵام ئەو هەر بەردەوام بوە دەیان ژن هەیە لەزیندانەوە گەشتۆتە پەرلەمان، بەڵام جارێکی تر زیندانی کراون بەڵام ئەوان کۆڵێان نەداوە، گرنگە هەموو تاکێکی کورد ئەم کتێبە بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی لەتێکۆشان و کۆڵنەدانی ژنانی باکور تێبگەن بزانن، کەژنان لەباکور خاوەنی چی ئیرادەیەکن بۆ خەبات و تێکۆشان.