هه‌رچه‌نده وه‌زیری پێشووی خوێندنی باڵا، خوێندنی به‌شی یاسای له زانكۆكانی كوردستان له 4 ساڵه‌وه كرد به 5 ساڵ، به‌ڵام جگه بارگرانی هیچ ئیزافه‌یه‌كی بۆ هه‌گبه‌و ئیمتیازاتی خوێندكاران نه‌هێنایه كایه‌وه‌و وه‌زیری ئێستای خوێندنی باڵاش ده‌یه‌وێ بریاره‌كه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین،به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا رۆشتووه كه بۆچی خوێندنی یاسا كرا به 5 ساڵ؟ خوێندكار بوو به قوربانی یان سودمه‌ند بوو؟ ئه‌ی فه‌لسه‌فه‌و هۆكارى پشت ئه‌م بریاره‌ی وه‌زیری پێشوو چی بوو؟

كه‌ی و بۆچی بریاره‌كه درا؟
به‌پێی زانیارییه‌كانی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، ساڵی 2015 وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی د.یوسف گۆران به ناوی، به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالیتی خوێندن له به‌شی یاسا، خوێندنه‌كه‌ی له چوار ساڵه‌وه كرد به 5 ساڵ.
خوێندكاران چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد، دوای زیادكردنی ساڵێك بۆ یاسا، به‌شه‌كه‌یان هه‌ندێ ئمتیازات و ده‌ستكه‌وت بیگرێته‌وه كه له‌به‌شه 5 ساڵه‌ییه‌كانی دیكه‌دا هه‌یه وه‌ك به‌شه ته‌ندروستیی و ئەندازیاریەكان.
به‌ڵام جگه له‌بارگرانی و فشارێكی زۆر بۆ سه‌ر خوێندكاران، دوای ته‌خه‌روج كردنیشیان هیچ جیاوازییه‌كیان نابێت له‌گه‌ڵ ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه‌وا به 4 ساڵ خوێندنه‌كه‌یان ته‌واو كردووه.
سه‌ره‌رای ئه‌مه‌ش بریاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێ بریارو رێنمایی پێشتری وه‌زاره‌ته‌كه‌یه كه له‌خواره‌وه‌دا به‌كورتی ده‌یانخه‌ینه روو:

د.یوسف گۆران
موخاله‌فه‌كان چین؟
یه‌كه‌م: به‌بیانووی ئیزافه‌كردنی وانه‌ی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی بۆ خوێندكاران تاكو له 5 ساڵه‌كه‌دا فێری ئه‌و دوو زمانه ببن، هه‌ریه‌ك له وانه گرنگه‌كانی كۆمپیوته‌رو ئه‌كادیمیك دیبه‌تیان لابرد.
به‌پێی زانیارییه‌كانیش به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی خوێندكاران ته‌نها رووكه‌شانه وانه‌كانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی ده‌خوێنن له 5 ساڵه‌كه‌دا، له‌لایه‌كه‌وه فێری زمانه‌كان نه‌بوون و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له‌هه‌ردوو وانه‌ی گرنگی كۆمپیوته‌رو ئه‌كادیمیك دیپه‌بت بوون.
دووه‌م: له‌ته‌واوی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان حكومی و ناحوكمی كوردۆلۆجی وه‌ك به‌شێك له كه‌لتورو مێژووی گرنگی كورد ده‌خوێندرێت، به‌ڵام له به‌شی 5 ساڵه‌ی یاسا كوردۆلۆژی كه‌مكرایه‌وه بۆ ته‌نها 2 وه‌حده كه ئه‌مه‌ش نزیكه له نه‌مان و لابردن.
سێیه‌م: به‌پێی رێنمایی ژماره یه‌كی ساڵی 2009ی خوێندنی باڵا، ده‌رچوونی خوێندكار له به‌كالۆریۆس ته‌نها له نمره‌ی 50 ده‌بێت، به‌ڵام له‌دوای بریاری 5 ساڵه بۆ یاسا، ده‌رچونیش له‌م به‌شه كرا به 60 ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی رێنمایی ئاماژه بۆكراوه.
خوێندكاران نیگه‌ران له‌وه‌ی كه‌بۆچی ته‌نها له‌به‌شه‌كه‌ی ئه‌وان به‌بیانووی ئه‌وه‌ی به‌شی یاسان ده‌رچوون هێنده گران و جیاواز‌و ئه‌سته‌م بێت به‌ڵام له‌كۆتایشدا هیچ ئیمتیازاتێكی جیاوازیان نه‌بێت.

وه‌زیری خوێندنی باڵا چۆن ئه‌م هه‌ڵه‌یه راست ده‌كاته‌وه؟
خوێندكارێك ساڵێك زیاده بخوێنێت هیچ ئمتیازاتێك نه‌یگرێته‌وه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه شتێكی ئه‌وتۆی جیاواز نه‌بێت له‌رووی زانستییه‌وه له‌خوێندكارێك كه 4 ساڵی خوێندووه ده‌بێ وه‌زیری نوێ چۆن قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه؟
به‌پێی زانیارییه‌كانی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین د.ئارام حمه‌ی مینه كه هه‌ندێ له‌خوێندكارانی به‌شی یاسا چاویان پێ كه‌وتووه، به‌لێنی ئه‌وه‌ی پێدوان چۆن ساڵی 2015 له كۆنگره‌یه‌كدا بریاره‌كه درا ئه‌ویش ئه‌م هاوینه له‌كۆنگره‌یه‌كدا بریاره‌كه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.

د.ئارام حمه‌ی مینه
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ساڵ یه‌كه‌م وه‌جبه‌ی 5 ساڵه‌ی به‌شی یاسا ته‌خه‌روج ده‌كه‌ن، به‌ڵێنی پێدوان ئه‌و 5 مه‌رحه‌له‌یه، هه‌ندێ ئمتیازانیان پێ بدات له‌وانه:
یه‌كه‌م: بروانامه‌كه‌یان بكات به دبلۆمی باڵا
دووه‌م: له‌بری ئه‌وه‌ی به 3 ساڵ ته‌نها به 2 ساڵ ببن به ئه‌ندامی كارای سه‌ندیكای پارێزه‌ران
سێیه‌م: بۆ دامه‌زراندن له‌پێش ئه‌وانه‌وه بن كه 4 ساڵ خوێندنه‌كه ته‌واو ده‌كه‌ن.
ئه‌مه سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا به‌ڵێنی داوه له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بریاره‌كه هه‌موو لیژنانه‌ش هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێكهێنرابوون.
راپۆرتی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین