سووڕانی هێلکەی گوون چییه‌؟

2020-07-05

د.محمد عیسی


بریتییە لەسووڕان و بادرانی بۆڕی گواستنەوەی تۆماو{بوربوخ} (Spermatic Cord) بەدەوری خۆیدا کەدەبێتە هۆی ڕێگریکردن و وەستانی چوونی خوێن بۆ هێلکەی گوون و تۆوەڕۆ بچوکەکانی ناوی، کەبەزۆری لەتەمەنی (۱۰-۳۰) ساڵی و بەتایبەتی لەتەمەنی (۱۲-۱٥) ساڵی ڕوودەدات، بەڵام ئەگەری ڕوودانی لەهەر تەمەنێکدا لەئارادایە.


نیشانەکانی
دروستبوونی ئازارێکی توندی لەناکاو لەلایەکی تورەکەی گووندا، هەندێک جار مرۆڤ لەخەو بەخەبەر دێنێ، لەوانەیە ئازارەکە بڵاوبێتەوە بۆ ناو ئەشکنج (ناوچەی خوارەوەی سک لەنێوان ڕان و قەد)و کەلەکەو هەندێک جار سەردڵ، وەلەوانەیە ئازارەکە بەشێوەیەکی زۆر لەکەلەکە دروست بێت کەزۆر لەئازاری دابەزینی بەردی گورچیلە دەکات، هەندێک جار نەخۆشەکە مێژووی بەرکەوتنی زەبری بچووکی پێش وەختەی هەیە کەبەر تورەکەی گونی کەوتووە، وەهەندێ جار نەخۆش ئاماژە بەهەمان شێوەی ئازار دەکات کەلەپێشتردا ڕوویداوە بەڵام بەژانێکی کەم و کورتخایەن (دووپاتکردنەوەی ئەوەی پێشتر سووڕانی گوونی هەبووەو لەخۆیەوە گەڕاوەتەوە شوێنی سروشتی خۆی)، ڕەنگە نەخۆشەکە تایەکی کەمی هەبێت، بەگشتی ئاوسانێکی کەم لەتورەکەی گوندا دروست دەبێت، بەڵام ژانێکی توندی هەیە لەکاتی دەست لێدانیدا، لەوانەیە هێلکە سوڕاوەکە بەرزتر دەربکەوێ لەناو تورەکەی گوندا لەچاو هێلکەی لایەساغەکە یان بەشێوەی ئاسۆیی لەناو تورەکەی هێلکەی گوندا دادەنیشێت (کەلەباری ئاسایدا بەستوونی یان درێژی دەردەکەوێ) بەهۆی سوڕان و لێک ئاڵانی بۆڕی بوربوخ، وەچەندین نیشانەی تر کەپزیشک لەکاتی پشکنینی دەستیدا بۆی دەردەکەوێ.


ئەو حاڵەتانەی نیشانەکانیان لەسوڕانی هێلکەی گون دەچن
-هەوکردنی هێلکەی گون و بۆڕی بوڕبوخ.
-سوڕانی پاشکۆی هێلکەگون.
-هۆکارەکانی ئازاری توندی کەلەکە کەدرێژدەبێتەوە بۆناوچەی ئەشکنج و گون(بۆنمونە دابەزینی بەردی گورچیلە بۆناو بۆڕی حالب).


پشکنین
بینین و وەرگرتنی مێژووی حاڵەتەکە لەگەڵ پشکنینی دەستی لەلایەن پزیشکی تایبەتمەندەوە گرنگترین دەسپێکن بۆگەیشتنەئەنجام و ناسینەوەی حاڵەتەکە، ئەنجامدانی سۆناری ملەوەن بۆ دوپاتکردنەوەی حاڵەتەکە لەگەڵ هەندێ پشکنینی تاقیگەیی تر...


چارەسەر
زۆر جار هێلکەگونی سوڕاو لەڕێگای پشکنینی دەستی پزیشکەکەو پێدانی دەرمانی ئازارشکێن دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی، بەڵام ڕێگای چارەسەری سەرەکی بریتی لەکردنەوەی تورەکەی گون بەڕێگای نەشتەرگەری و گێڕانەوەی هێلکەگونەکە بۆباری ئاسایی خۆی لەکەمترین مەودای توشبوون بەئازارەکە(باشترین کات شەش کاتژمێری سەرەتای پەیدابوونی ئازارەکەیە) کەهێلکە گونەکە دەتوانرێ خوێنی بۆ بگەڕێتەوەو بەزیندوویی و چالاکی بمێنێتەوە، بەڵام تێپەڕبوونی کات و دواخستنی حاڵەتەکە (بۆ زیاتر لە ۱۲ کاتژمێر یان زیاتر) هەلی گەڕانەوەی هێلکە گونەکە بۆباری چالاکی و زیندوێتی کەم دەبێتەوەو بەهۆی نەڕۆیشتنی خوێن و نەمانی ئۆکسجین و خۆراکی پێویست بۆی تووشی ڕەشبوون و لەناوچون دەبێت، کەلەو حاڵەتەدا پزیشک ناچاردەبێت بەفڕێدانی هێلکە گونەکە بۆئەوەی کاریگەری خراپ لەسەر لایەکەی تر بەجێ نەهێڵێت..


➖ ➖ ➖ ➖ ➖ ➖ ➖ ➖ ➖ ➖

وێنەی یەکەم هێلکەگونی منداڵێکی ۱۰ ساڵانە کەبەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر تووشی سوڕان بووەبەڵام بەهۆی ئەوەی لەنزیکترین کاتداو دوای چوار کاتژمێر سەردانی نەخۆشخانەی کرد بەشێوەیەکی سەرکەوتوو نەشتەرگەری بۆکراو گەڕایەوە باری ئاسایی خۆی.


وێنەی دووەم منداڵێکی تەمەن ۱۳ ساڵانە کەلەماوەیەکی درەنگ و دوای ۲٤ کاتژمێر سەردانی نەخۆشخانەی کرد، بەداخەوە هێلکەگونی تووشی ڕەشبون و لەناوچوون(گانگرین) هاتبوو و ناچار بووین بەلابردنی،،
وەلەهەردوو منداڵەکە هێلکەگونە ساغەکەمان بەتەقەڵ جێگیر کرد بۆئەوەی لەداهاتوودا تووشی سوڕان نەبێت کەزۆرجار ئەگەری سوڕانی لایەکەی تریش لەئارادایە.


بەهیوای تەندروستی باش بۆهەموو لایەک.
د.محمد عیسی
پزیشکی نەشتەرگەری گورچیلەو میزەڕۆ.