.
لەو كاتەوەی مستەفا كازمی بۆتە سەرۆك وەزیرانی عیراق، وێنەگرەكەی لەناو خەڵكیدا بۆتە باس و خواسی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، چونكە وێنەكانی كازمی بەشێوەیەك دەگرێت كە جارێك توڕەیە و جارێك قسە خۆش و جارێكیش جدی و ڕەخنە گرە، هەمووان دەیانەوێت بزانن ئەو وێنەگرە كێیە؟ كە لە پشتی كازمیەوە بە هێمنی پەیامەكانی سەرۆك وەزیران دەگەیەنێت.؟
بەشێوەی هۆلیو وێنە دەگرێت:
هەر لەیەكەم ڕۆژی دەستبەكاربوونی سەرۆك وەزیران، وێنەگرەكەی كازمی توانی هەست و سۆزی شەقامی عیراقی بۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران ڕابكێشێت، هەروەها لەوەشدا سەركەوتوو بوو كە كازمی بە شكۆو سەرنجڕاكێشی دەربخات، كە هەندێك پێیات وایە ئەو گرتە و جوڵانە " هۆڵیۆدی یان سینەماییە"، هەر ئەمەشە وایكردووە ببێتە جێی سەرنج و تێرامانی گشت لایەك.
،،
وا دیارە وێنەگرەكەی كازمی شارەزای لایەنی سایكۆلۆجی و سروشتی كۆمەڵگەی عیراقە،بۆیە بە بەراورد بە ڕاگەیاندكارەكانی دیكە بە زوویی جێگای خۆی كردەوە، ئەو هەر لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تاكو گەڕانە مەیدانیەكان بەو شێوەیە كاری كردووە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، چالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كازمی-یان بەوە ناوزەند دەكرد، كە دەیەوێت لە ڕێگای وێنە جیاوازەكانی دڵی شەقام بداتەوە، كە وا دەردەكەوێت پەیامێكی بەهێزیش بێت بۆ گەندەڵكاران كە بە سزا گەیاندنیان نزیكە.
وێنەگرەكەی سەرۆك كێیه؟
هەرچەندە چالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەوڵی زۆریان داوە، كە وێنەگرەكەی سەرۆك وەزیران بناسن، هیچیان دەست نەكەوتووە، بەڵام لە كۆتاییدا سەرچاوەیەك زانیاری تەواوی ئەو وێنەگرەی ئاشكرا كرد.
سەرچاوەكە دەڵێت، وێنەگرەكەی كازمی هونەرمەندێكی كوردە و ناوی " جەمال پێنجوێنی"یە، كە توانیویەتی بە وێنەكانی كە زۆرینەیان كارەساتبارن،چەندین خەڵاتی ڕێزلێنان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت.
جهمال پێنجوێنى كێیه؟
جەمال پێنجوێنی لە ساڵی 1981 لە یەكێك لە خێوەتگەكانی ئاوارەكان لە سەر سنوری عیراق- ئێران دوور لە شاری پێنجوێن لە دایك بووە، كە ئەو كاتە گەرمەی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە بوو، بە دەم دەنگی چەكەوە گەورە بو،بەڵام جیاواز بوو لە منداڵەكانی دیكە،چونكە چاودێری ڕۆژنامەنوسان و وێنەگرانی دەكرد، كە دەهاتنە خێوەتگەكان بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرت لەسەر ئاوارەكان و نەهامەتیەكانیان.
پێنجوێنی بۆ یەكێك لە ڕۆژنامەكان دەڵێت:" من وێنەگر و ڕۆژنامەنوسەكانم دەبینی كە دەهاتنە خێوەتگەكان، بە خۆمم دەوت كەی بێت، منیش وەك ئەوان ببمە وێنەگر".
بەهۆی جەنگی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان لە نێوان ساڵانی 1992-1998، جەمال بۆ ماوەی چەند ساڵێك لە خوێندن دادەبڕێت، بەڵام لە ساڵی 1999 پێنجوێنی هاوەڵی مام جەلال سەرۆك كۆماری پێشووتری عیراق و هاوسەرەكەی هێرۆخان دەبێت بۆ سلێمانی، ئەوان زۆر هاوكاری دەكەن و بەهۆیەوە دەست بەخوێندن دەكاتەوە و كامێرەیەكیش بۆ یەكەمجار دەكڕێت، كە ئەو كات تەمەنی 17 ساڵان بوو.
،،
پێنجوێنی دەڵێت:" كاتێك هاتمە سلێمانی، كامێرەیەكم كڕی و دەستم بە وێنەگرتنی پەیكەر و ئەو پەیكەرانە كرد كە خۆم دامدەتاشین،تەمەنم هەشت ساڵان بوو كە خۆم فێری هونەری پەیكەرتاشی كرد".
لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا، جەمال پێنجوێنی بۆ گرتنی وێنە دەچێتە بەغدا و ناوچەكانی دیكە، دەچێتە شەقام و مەیدانەكانی جەنگ و چەندین وێنەی ناوازە دەگرێت، كە ئاژانسەكانی جیهان لەو كاتەدا سودێكی زۆریان لە وێنەكانی دەبینی، پاشانیش وێنەی جەنگ و ڕووداوە گەرمەكانی دەچركاند و لەم كارەش تا ساڵی 2009 بەردەوام بوو.
وێنەكانی ئەم وێنەگرە لێهاتووە،لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا تا دەهات زیاتر لە ئاژانسەكانی جیهان بڵاودەبووەوە، هەروەها جەمال خۆشی وەك وێنەگر لەگەڵ ژمارەیەك ڕۆژنامەی نێودەوڵەتی كاری كردووە، وەك ئاژانسی " رۆیتەرز، ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز و گاردیان، گۆڤاری ناشیۆناڵ جیۆگرافیك ، بی بی سی و واشنتن پۆست، فایننشیناڵ تایمز و چەندین ئاژانسی دیكەی نێودەوڵەتی".
هەوڵ و ماندووبونی هەڵگەڕایەوە:
دواتر هەوڵ و ماندووبونەكانی جەمال پێنجوێنی لێی هەڵگەڕایەوە و هەندێك لە وێنەكانی بوونە جێگای ڕەخنەی خەڵكی و نوسینگەی ڕاگەیاندنی كازمیش، ئەم ڕەخنانەش هاوكات بوو لەگەڵ ڕەخنەگرتن لەكازمی كە هەندێك لایەنی سیاسی بەرپەیان كردبوو.
،،
دوای سەردانێكی كازمی بۆ شاری كەربەلا، وێنەكانی سەرۆك وەزیران بوونە جێگای گاڵتەجاری، چونكە لە وێنەیەكدا زۆر لە نزیكەوە وێنەی كازمی گیراوە، كە لە نزیك گڵكۆیەك لە خودا دەپاڕێتەوە، زۆرینە بە گاڵتەوە دەیانپرسی وێنەگرەكە لە كوێوە وێنەی گرتووە، هەندێكی دیكەش وێنەی وێنەگرەكانیان لەگەڵیدا وەك گاڵتە كردن بەوانەی وێنەیان گرتووە بڵاو دەكردەوە.
لە كۆتایدا وێنەكانی جەمال پێنجوێنی هاوشێوەی فیلمە بەناوبانگەكانی " العراب" و " بیت البگاقات"ن،ئەمە جگە لەوەی لاسایی وێنەكانی ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ڕوسیاش دەكاتەوە.