عێراق پێویستی بە (660) نەخۆشخانە هەیە

2020-07-23

و: بارام سوبحی


لە ماوەی حەڤدە ساڵی رابردودا (2003 - 2020)، بەهۆی گەندەڵی‌و نەبوونی پلان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، هەروەها بەهۆی كەمی بودجەی تەرخانكراو بۆ كەرتی تەندروستی، سیستمی تەندروستی لە عێراقدا دوچاری شێوان‌و شپرزەیی هاتووەو خزمەتگوزارییە تەندروستیەكان بەخراپی پێشكەش دەكرێن. بۆ ئەوەی عێراق بگاتە ئاستی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، تاوەكو پێنج ساڵی دیكە پێویستی بە (660) نەخۆشخانە دەبێت كە (184) هەزار قەرەوێڵەی هەبێت، لەكاتێكدا بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێستا تەنها (237) نەخۆشخانەو (44527) قەرەوێڵەی هەیە.

،،

بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە ماوەی چوار مانگی رابردودا، دۆخی تەندروستی عێراقی ئاشكراكرد. ئەم كەرتە گرفتاری كەموكورتی‌و كەمی خزمەتگوزاریی‌و سەرچاوەی مرۆیی‌و پاشەكشەی ژێرخان بۆتەوە. بەوتەی شارەزایان، هۆكاری بنەڕەتی دروستبونی ئەو دۆخە كەمی بودجەی تەرخانكراوە بۆ ئەم كەرتە بەدرێژایی حەڤدە ساڵی رابردوو، لەگەڵ نەبونی پلانی ژێرخان لەسەر بنەماو پێوەرە نێودەوڵەتییەكان.


لەئێستادا ژمارەی دانیشتوانی عێراق سی‌و نۆ ملیۆن كەسە، گریمانەی ئەوە دەكرێت تێكڕای گەشەكردنی دانیشتوان لە عێراقدا بە رێژەی (3%) زیاد بكات، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە (2025)دا ژمارەی دانیشتوانی عێراق بگاتە چل‌و چوار ملیۆن كەس. بۆ ئەوەی كەرتی تەندروستی عێراق بگاتە ئاستی ستانداردی جیهانی‌و هاوتای دەوڵەتە خۆشگوزەرانەكانی وەكوئەمەریكاو ئەڵمانیاو فنلەنداو سویدو نەرویج‌و دانیمارك بێت، ئەوا پێویستە لە پێنج ساڵی داهاتوودا زیاتر لە (500) نەخۆشخانە دروست بكرێت. ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و زۆری ژمارەی موچەخۆرانەوە، عێراق دوچاری قەیرانی دارایی بۆتەوە.


یەكەم: نەخۆشخانە

بەپێی ستانداردی جیهانی، بۆ هەر یەك ملیۆن كەس دەبێت پازدە نەخۆشخانە هەبێت. لەئێستادا بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی تەندروستی، عێراق تەنها (273) نەخۆشخانەی هەیە، لەكاتێكدا دەبوو (585) نەخۆشخانەی هەبوایە، واتە لەئێستادا پێویستی بە (313) نەخۆشخانەی دیكە هەیە. ئەگەر دۆخەكە وەكو ئێستا بمێنێتەوە، ئەوا لە (2025)دا پێویستی بە (387) نەخۆشخانە دەبێت.


دووەم: قەرەویڵە

بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەر یەك ملیۆن كەسێك، دەبێت (4200) قەرەوێڵە هەبێت. لەئێستادا عێراق پێویستی بە (165228) قەرەوێڵە هەیە، چونكە حاڵی حازر تەنها (44527) قەرەوێڵەی هەیە. بۆ ئەوەی عێراق بگاتە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی لەئێستادا پێویستی بە (120701) قەرەوێڵە هەیە، ئەگەر دۆخەكە وەكو ئێستا بمێنێتەوە، ئەوا لە ساڵی (2025)دا پێویستی بە (140273) قەرەوێڵە دەبێت.


سێیەم: پزیشك
بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ هەر یەك ملیۆن كەسێك، دەبێت (3700) پزیشك هەبێت. لەسەر ئەو بنەمایە، دەبوو ئێستا عێراق (145558) پزیشكی هەبوایە، وەلێ‌ نها تەنها (36942) پزیشكی هەیە. كەواتە لەئێستادا عێراق پێویستی بە (108616) پزیشك هەیە. ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بمێنێتەوە، لە ساڵی (2025)دا پێویستی بە (125858) پزیشك دەبێت.


چوارەم: پزیشكی ددان
بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ هەر یەك ملیۆن كەسێك، دەبێت (770) پزیشكی ددان هەبێت. كەواتە دەبوو عێراق (30261) پزیشكی ددانی هەبوایە. بەڵام ئێستا تەنها (11) هەزار پزیشكی ددانی هەیە، واتە پێویستی بە (19261) پزیشكی ددان هەیە. ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بمێنێتەوە، لە ساڵی (2025)دا پێویستی بە (22880) پزیشكی ددان دەبێت.


پێنجەم: دەرمانساز
بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ هەر یەك ملیۆن كەسێك، دەبێت (760) دەرمانساز هەبێت. كەواتە عێراق پێویستی بە (29868) دەرمانساز هەیە، چونكە ئێستا تەنها (12969) دەرمانسازی هەیە، واتە پێویستی بە (16899) دەرمانسازی دیكە هەیە. ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بمێنێتەوە، لە ساڵی (2025)دا پێویستی بە (20471) دەرمانساز دەبێت.


شەشەم: پەرستار
بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ هەر یەك ملیۆن كەسێك، دەبێت چواردە هەزار پەرستار هەبێت. كەواتە عێراق پێویستی بە (550200) پەرستار هەیە، چونكە ئێستا تەنها (79779) پەرستاری هەیە، واتە پێویستی بە (470421) پەرستاری دیكە هەیە. ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بمێنێتەوە، عێراق لە ساڵی (2025)دا پێویستی بە (536221) پەرستار دەبێت.


حەوتەم: خاوەن پیشە تەندروستییەكان
بەپێی ستانداری جیهانی بۆ هەر یەك ملیۆن كەسێك، دەبێت دوازدە هەزار خاوەن پیشە تەندروستیەكان هەبێت. كەواتە عێراق پێویستی (471600) خاوەنی پیشە تەندروستیەكان هەیە. چونكە ئێستا تەنها (74760) كەسانی خاوەن پیشەی تەندروستیەكانی هەیە. واتە پێویستی بە (396930) لە كەسانی خاوەن پیشە تەندروستیەكانە. ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بمێنێتەوە لە ساڵی (2025)دا پێویستی بە (45330) لە كەسانی خاوەن پیشە تەندروستیەكان دەبێت.


سەرچاوە: www.makingpolicies.org
مركز صنع السیاسات للدراسات الدولیە والاستراتیجیە