گەڕان بە دوای هێلانەدا بۆچی هێلانە ماڵ نیە؟

2020-09-27


ئیوارەبوو ڕۆشتم. کە دیم حەزمکرد وێنەی بگرم. پیش ئەوەی نزیک ببمەوە کۆترە کێویەکە هەڵفڕی. هێلانە ئەندازەیەکی تایبەت، ماڵێکی ئێجگار تایبەت و سیمبولێکی هەستبزوێنی بێئەندازە شاعیرانەیە. مرۆڤەکان لە هەندێک کەلتوری تردا لە پرۆسەی خۆشەویستیدا بەرەو دروستکردنی هێلانە دەڕۆن. بەڵام لە کەلتوری بێجوانی ئێمەدا بەرەو قەفەس دەڕۆن، قەفەسێک لە ڕەنگی پیسایی یان زێر. هێلانە ئەو میتافۆرەیە، کە هەرگیز بۆ مرۆڤ نابێتە واقیع، هەمیشە وەک خواستێک و ئاواتێک دەمێنێتەوە. من لە میانەی تەیکردنی دونیادا زۆر لە هێلانەکان ڕادەمێنم. هەمیشە جاستۆن باشلارم بیردەکەوێتەوە. ئەو لادێیەی کە لە ماڵێکی بچکۆلەی شارێکی دۆزەخاوی وەک پاریس دەژیا. لە کۆتایی تەمەنیدا ناچاربوو بگەڕێتەوە بۆ شیعر و سروشت، هەتا بە هێمنی ماڵئاوایی بکات. لە کتێبی شیعریەتی پانتایی لە لاپەڕە ٩٠ هەتا ١٠٥ بە درێژایی پانزە لاپەڕە زۆر چڕ و شاعیرانە باسی هێلانە دەکات. بەڵام وەبیرکەوتنەوەی دەق لە بەرامبەر جوانی سروشتدا یەکێکە لە تاوانە گەورەکان. ئەمە کرۆکی دیدی ڕۆژهەڵاتناسیە.

،،

ڕەهەندێکی تر کە دەبێت خۆمی لێ بە دوور بگرم کە بە هێلانەکان دەگەم، ئاسایش و سیاسەتە.

بێگومان باڵندەکان کە هێلانە دروست دەکەن، بیر لە مانەوە دەکەنەوە، بیر لە جێگایەک دەکەنەوە بۆ خۆ پاراستن، حەوانەوە، هاتنە دونیای بێچوەکانیان. بۆیە هێلانەکان لە جێگا بەرزەکانن. لە حەوشەکەماندا لە بەر بونی پشیلەی چاوچنۆک، باڵندەکان لە بەرزاییەکی وەهاوە هێلانە دەکەن ، هەتا پشیلەکان نەتوانن خۆیان لە سەر چڵە باریکەکانی بگرن و بەربنەوە. حەزناکەم سیاسیانە بیر لە هێلانە بکەمەوە.


ناشمەوێت دەست بە هێلانەدا بکەم وەک مناڵە چاوچنۆکەکانی سەردەمەکانی ئەوسا.

هێلانە جوانی و ئارامییەکم پێدەبەخشێت، دوو خەسڵەت، کە هەست دەکەم لە دونیادا بەرەو نەمان دەچن. ئێمەی مرۆڤ هێندە زۆربوین، هێندە بە توانا بوین، هێندە چاوچنۆک بوین، تەنگمان بە هەموو زیندەوەرێکی تری ئەم دونیایە هەڵچنیوە.

،،

هێلانە باڵاترین ئاستی نیشتەجێبونە، لە میتافۆری مرۆڤدا. گەر ماڵێک ببێتە هێلانە ئەوا ماڵێکی گەرم و جوان و ئاسودەیە. هێلانە سیمبولی پشودرێژی و جواندۆستی و سەلیقەیەکی ئەندازیاری گەورەیە. گەر باوەڕداربیت یەکێکە لە دەرکەوتە جوانەکانی خودا.

ئەگەر وەهاش نەبێت ئەوا دەبێت بە دوای بەهانەیەکی ئاڵۆزتردا بگەڕێیت. ئەگەر هێلانە ماڵ بێت، ئەوا ماڵ هێلانە نیە. هێنری لێفێبڤغ گلەیی لە باشەلارد دەکات. ماڵ ناوەندێکی بێلایەن نیە کە ئێمە تیایدا نیشتەجێبین لە پێناوی نیشتەجێبون. ماڵ پانتاییەکی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتیی و دەرونی و ئیگۆیی و زۆرجار پڕ لە دەرکەوتەی نەخۆشە. ماڵەکان لە ڕێگای شوێن و ئەندازە و مەتریاڵ و ناو و ڕەنگەوە هەموو پێکەوە خیتابێک دروست دەکەن، کە زۆرجار لە سەر بنەمای جیاکاریی و جودایی و دابران و دژایەتی و دەسەڵاتخوازی و قەباحەت بونیادنراوە. بە جۆڕیک دەتوانین بڵێین ڕوکەشی دەرەوەی ماڵەکان، دەرخەری ناخ و ناوەوەی نیشتەجێبوانیەتیەتی.


گەر ماڵ وەک کردەیەکی مرۆیی قێزەوەنە، ئەوا هێلانە وەهانیە. ئێمە لە ڕێگای میتافۆری هێلانەوە هێلانە لە جوانی بەتاڵ دەکەینەوە و دەیکەینە بەشێک لە کردەی مرۆییمان.


با بگەڕێینەوە سەر هێلانەکان. مەتریاڵی هێلانە جۆری هێلانە دەگۆرێت. هێلانەی چیلکە، تەواو تەواو جودایە لە هێلانەی پوش. ساڵانێکی زۆر بە دیداری هێلانەی فشەکڵاونە لە جاڕە گەنمێکدا شاد نەبووووم. بیری ووردە پوشی چەماوە دەکەم. چەماوە نەرمە، وەک گۆشەنیە. گۆشە ئەندازەیەکی بەدفەڕە، تیژ و پڕ لە توندوتیژییە. گەرچی بازنە وەها لە خیتابی مرۆییدا دەردەکەوێت کە نێگەتیف بێت، بەڵام بازنەیی هێلانە هەڵگری جوانییەکی گەورەیە.

،،

بازنەیی هێلانە کشانەوەیە لە دونیا. دروستکردنی دونیایەکە لە هەناو دونیادا. تەنها لە هەبونی پنتێک لە دونیادا دەتوانێت لە دونیا بگەیت.

ئەمە لیڤیناس وەها دەڵێت. ماڵ پرسێکی ئاڵۆزی فیکریی و فەلسەفیی و ئایدەلۆژییە لە نێوان فەیلەسوفە نیشتەجێخوازە کاتۆلۆیکەکانی وەک هایدگەر و نازیەکانی تر، لە بەرامبەر بێماڵ دونیانیشینەکانە جوەکانی وەک لیڤیناس و ئەوانیتر.