خراپ ئیدارەدانی پەتای کۆرۆنایە لە کوردستان

2020-11-06

ڕەزوان یاڵانپێی


ئایا ئەم پەتایە سروشتییە یا خود دەستکرد، ئایا تەشەنە سەندن و بڵاوبونەوەی دەستی کۆمەڵێک دەوڵەتی لە پشت بوو بۆ ڕوخاندن و داتەپینی ژێرخانی ئابوری کۆمەڵێک دەوڵەتی تر، دەیانویست ڕێژەی دانیشتوان کەمبکەنەوە یا خود نا، بەم زوانە ئەم پەتایە بنبڕ دەبێت یا خود چەند ساڵێکی دیکە دەخاێنێت، ئەمانە هێشتا بەناڕونی و لێڵی ماونەتەوە و بابەتێکی دیکەیە، کرۆکی باسەکەمان لە سەر خراپ ئیدارەدانی پەتای کۆرۆنایە لە کوردستان.


درۆ کردن:

کاربەدەستانی کابینە یەک لە دوای یەکەکان و سیاسیەکان هەمیشە بۆ مانەوەی خۆیان لەدەسەڵات و لە ترسی شەپۆلی ناڕەزایی خەڵکی شەو و ڕۆژ خەریکی درۆ کردن بوون، بیست ساڵە کارەبا چاک دەکەن، کارەبا تەنها بۆ شەحن کردنەوەی مۆبایل هەیە، کە خواستی خەڵکی بۆ کارەبا هەبوو، ئیتر دەبێ فاتیحە بخوێنیت. درۆی چاککردنی ڕێگاوبان و ئاوەدان کردنەوەی دێهاتەکان و ئیسڵاحکردنی زەوی کشتوکاڵی و دامەزراندنی گەنجان و ڕەخساندنی هەلی کار و کار بۆ کوردستانێکی پتەو بەهێز تەنها درۆی شاشە و تیڤیەکانە.

هەژاری:

هەژاری بەتەواوی باڵی کێشاوە بە سەر خەڵکی کوردستاندا، ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی دەناڵێنن بە دەست نەبونیەوە، کرێکاری بێ کارو و خاوەن پێداویستی گیرفان خاڵی، ڕێژەیەکی زۆری گەنجان بێکار و نەدارن، جوتیارێک بە درێژایی ساڵ ڕەنجدەکێشێت کۆتاییەکەی بەبەلاش و قیمەتێکی کەم دەیفرۆشێتەوە، زۆربەی چینەکانی کۆمەڵگە بەدەست نەبونیەوە دەناڵێنن، لە سایەی خانەدانە سیاسیەکانەوە سات بە سات ڕێژەی هەژاری لە کوردستاندا بەرز دەبێتەوە.

جیاوازی چینایەتی:

بەئاشکراو بە ڕوونی چینێک هەن لە کوردستاندا خاوەنی کۆمپانیا وکارخانەکانن، ئەم توێژە خەریکی لوش دانی سەروەت و سامانی خەڵکن، سامانی نەتەوەیی بە ناوی حزبەوە بۆ خۆی قۆرخ دەکات و حەپەلوشی دەکات، ئەم چینە سیاسیە فەرمانڕەواکانن.
چینێکی دیکەی دەربار هەیە نزیک لە چینی خاوەن دەسەڵات ئەوانیش بەهۆکاری نزیکیان و بەردەبونیان، کۆیلە و ماستاوچیەتیان چینێکی خۆش بژێون، چونکە لەسایەی چینی دسەڵاتەوە خۆیان پەنا داوە.
توێژی فەقیر و هەژار کە دورن لە دەسەڵات و حزبەوە چینکی زۆرن، دەست کورت و کەم دەرامەت.

نەبونی پلان:

ئەوەی وجودیەتی نەبێت چ لەناو حزب بێت، چ لەناو حکومەت پلانە، ئاخر پلاندانان بۆ سیستم و بەڕێوەبردنی حوکمڕانی خەڵکی پێویستی بە بیر و فکر و هزرە بۆ گەشەسەندن و پتەوکردنی ژێرخانی ئابوری، ئەمانەش کە بە هەموو شێوازێک خەریکی پڕ کردنی گیرفانی خۆیانن کەی بیریان لای من و تۆیەکی فەقیر و داماو هەیە، ژێرخانی خۆیان و بنەماڵەکانیان پڕ و زۆر بێت، چ باکیان هەیە بەسەر منداڵێکی شەهیدەوە.
پلان چۆن دادەنێن بۆ بنبڕکردنی پەتای کۆرۆنا، کەخۆیان لەمەرزی ڕەسمی و لاوەکی و قاچاخیەکانەوە خەریکی هاوردەکردنی کاڵا خراپەکانن، پلان کەسێک دایدەنێت خۆی بە بچوکتر لە قانون و یاسا و دەستور دەزانێت، ئەمانە خۆیان بە گەورەتر لە یاسا دەزانن، چاوەڕێ دەکەی پلان بۆ باش کردنی بژێوی تۆ دابنێن.


کەوتنی بازاڕ:

لەسایەی دزی و جەردەیی ئەمانەوە خەڵک گیرفانی خاڵیە،کە گیرفان خاڵی بێت بازاڕ دەکەوێت، نەوت هەرزان فرۆش دەکەن بازاڕیان خستوە، ڕەقابەی بازاڕت نیە، بازاڕی ساغ چۆن دروست دەبێت، هەرکەسە و بە ئازادی خۆی نزخ لە سەر کاڵا دادەنێت بازاڕ چۆن ناتەپێت، بازرگانێک بۆ هێنانی کاڵاو کەل وپەلێک هەزار فێڵی و درۆ وخراپە لێ دەدات و کەسیش نیە پێی بڵێ بەری چاوت کلی پێوەیە بازاڕ چۆن دەمێنێت، هەر شرکەت و کۆمپانیایەک دێتە کوردستان دزێک لە پشتیەوەیەتی و خاوەیەتی، تۆ بازاڕی ساغت دەوێت!

نەبونی متمانە:

درۆی سیاسیەکان وای کردوە متمانە وجودیەتی نەمێنێت، ئەوە هیچ متمانە لە نێوان خەڵکی و دەسەڵاتدا نیە، بەڵکو کاری خراپیشی کردۆتە سەر متمانەی نێوان خەڵکیش بە گشتی، کەس قەرز ناداتە ئەوی تر، ناحەقیشی نیە، چون خەڵکی لە کەوتنی بازاڕ دەترسێت، لە نەهاتنی موچە دەترسێت، لە بەڵێنی درۆینەی سیاسیەکان دەترسێت، ئەوەی بەرەو لەناوچون دەچێت متمانەیە.


دوری خەڵک و دەسەڵات:

دەسەڵات بەدەستەکان هێندە دورن لەخەڵکەوە، کە باس لە بەرپرسێک یاخود وەزیرێک دەکەی زۆربەی خەڵکی لای وایە باس لە کەسێک دەکەی هێندە گرنگە بە هەزار تەکلیف و دەست ماچ کردن بۆ دو دەقیقە بینینی دەتوانی بیانبینیت، لە بنەڕەتدا بەرپرسێک و کاربەدەستێک خزمەتکاری خەڵکن، ئەمانەن خەڵکی بە خزمەتکاری خۆیان دەزانن، خۆیان بەخوا و خەڵکیش بەبەردە.
بێ باکی ئەمانە وای کردوە فەراغێکی گەورە دروست ببێت لە نێوان خەڵکی و دەسەڵاتدا، بۆ ئەوەی خۆیان بە ئازادی و بێ لێپێچینەوە تەخشان و پەخشانی سەروەتی و سامانی خەڵکی بکەن، خەڵکیش لە خوارەوە هاوار و ناڵەی بێت.


خراپی سیستم:

سیستمی سیاسی و تەندروستی هێندە خراپە ناتوانن ڕێگە لە بچوکترین حاڵەت بگرن کە بەرۆکی خەڵکی بگرێت، زۆربەی سیاسیەکان و پزیشکان سەرقاڵن بە هاوردە کردنی دەرمانی قاچاخەوە، کێ هەیە دادگاییان بکات، هەندێک کەسیان کوێر کرد ئەسڵەن کەس زاتی ئەوەی نەبوو باسیشی بکات، سیستمی سیاسی و تەندروستی بۆنی کردوە و گەنیوە چۆن دەتوانێ زاڵ بێت و ڕێگر بێت لە بڵاوبونەوەی جۆرەها نەخۆشی لەناویشیاندا پەتای کۆرۆنا.

سزادانی خەڵکی:

کارخانەی وەبەرهێنان و دروستکردنی دەمامک (ماسک)یان هێناوەتە کوردستان بۆ قازانج و سودی زیاتر، دەیانەوێت بە دیاری کردنی ڕێژە سزایەک خەڵکی ناچار بە کڕینی دەماکەکانیان بکەن، ناگونجێت ماسکێک قیمەتی دوسەد و پەنجا دیناری عێراقی بێت نەیبەستێت سزاکەی دوسەد هەزار دینار بێت، بە چ یاسا و قانونێک ئەم نرخانە دادەنرێن.


سەرجەمی هۆکارەکان:

ئەم گرفت و هۆکارانە وای کردوە ئیدارە دانی پەتای کۆرۆنا لە کوردستان لە لایەن حکومەتەوە خراپ مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت، وای کرد زیاتر تەشەنە بسێنێت و بڵاو ببێتەوە و خەڵکی نەچنە ژێر باری فەرمانەکانیان، ئێوە سیستمی بەڕێوەبردنتان بۆنی دێت، گڵاوبونیشتان بەدوایدا دێت و خەڵکی فڕێتان دەدات.

لەسایەی بێپلانی و درۆو دەوڵەمەندبوونی ئێوەو هەژاری خەڵکەوە، لەسەر جادەو شەقام و ماڵەکاندا کەسانی زۆر بە کۆرۆنا دەمرن، کەچی هێشتا زۆربەی خەڵکی کوردستان باوەڕی بە پەتایەک نیە بەناوی کۆرۆنا. ئەمانە وایان کرد کە ئەم پەتایە بڵاو ببێتەوەو بە چاوسورکردنەوە لە خەڵکی شکستی خۆیان داپۆشن.

ڕەزوان یاڵانپێی
مامۆستای زانکۆ