‎وێنایەكی وەهمی لە سەر مرۆڤ

2020-11-13

ئەبوبەکر حەسەن

‎مرۆڤ بوونێكە لە پەیوەندیداو ملكەچی ئەو پەیوەندییانەیە. مرۆڤ بوونێكە لە ناو پەیوەندییەكانی خێزان، هاوڕێیەتی، پەیوەندییەكانی كۆمەڵگەو پەیوەندییە جڤاكییەكان، مرۆڤ بوونێكە لە پەیوەندیداو لە ناو پەیوەندیدا بە هەموو شتێكەوە. مرۆڤ پڕە لەو ماناو دەلالەتانەی پەیوەندییەكانی بەرهەمی هێناوە. لێرەوە لەوە تێدەگەین مرۆڤێك بە ڕوت و قوتی و لە دەرەوەی پەیوەندییەكان بوونی نییە. مرۆڤ لە ناو پەیوەندییەكاندا بڕێكی زۆر سەرقاڵی ڕۆڵگێڕان و نواندنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانە. مرۆڤ نواندنەوەی خەیاڵدانێكی كۆمەلایەتییە كە پێشوەخت بیناكراوە. لێرەوە باشتر لە مرۆڤ تێدەگەین وەك بیناكراوێك نەك بونیادنەرێك.بە واتایەكی تر مرۆڤ كەڵەكەبوو و كەڵەكەكراوێكە لە پەیوەندییەكان و ئەو هێزو ململانێی هێزەی كە پەیوەندییەكانی ڕاگرتووەو بەرهەمی دێنێت و بەرهەمی دێنێتەوە. مرۆڤ هەمیشە بەرهەمهێنراوێكە، لەو جێگەیەش كە بەرهەمهێنەرە چ نییە جگە لە بەرهەمهێنانەوەی بەرهەمهێنراوە پێشوەخت و پێش دەستەكان. مرۆڤ خێزان وزۆرێك لە دەزگا كۆمەلایەتییەكان بەرهەم دێنێتەوە، خۆ درێژبوونەوەو ێامادەكردنەوەو لێرەبوونی دام و دەزگا كۆمەڵایەتییەكان بە بۆشایی و ئاسماندا تێناپەڕن، بەڵكو بە سەر جەستەی مرۆڤدا تێدەپەڕن و خۆیان بەرهەم دەهێننەوە. بە سەر جەستەو ڕۆحی ئێمەدابە دەیان ئاست خۆیان بەرهەم دێننەوە. دەرچوون و سەركێشیی و تێپەڕاندن و سەركەوتن بە سەر ئەم پەیوەندیانەدا كردەیەكی ڕەخنەیی و هەڵتەكانە، هوشیاری و ئاگاییەكی ڕادیكاڵ و ڕەخنەییە بە هەلومەرج و بونیادەكان، ئەو هەلومەرج و بونیادانەی ئەم سوژەیان بیناكردووە.

،،

‎هەرچی گەشەپێدانی مرۆییە، هەرچی دەروونناسی ئەرێنییە ئەم هەلومەرج و بونیادە نابینێت، بەڵكو كاڵفامانە لە سەر سەتحگەرایی دەوەستێت و وا دەزنێت مرۆڤ ئامێرێكی میكانیكی ڕوتەو بە ئیعاز دەتوانین چۆن بمانەوێت ئاراستەی بكەین. ئیعازو ئامۆژگاری و ختوكەدانی وزەو توانای مرۆڤ لەوێدا كە دەتوانێت سەركەوێت، دەتوانێت بفڕێت، دەتوانێت موعجیزە بخولقێنێت، دەتوانێت بەردروام داهێنەر بێت...

تەواوی ئەم ئامۆژگارییانە بێ ئاگاو كڵۆڵە لە بینینی ئەو خەیاڵدان و كولتورەی كە ڕێگرو بەربەست و ئاستەنگە لە بەردەم فڕینەكانیدا. گاڵتەجاڕییەكەی گەشەپێدان و پەرەپێدانی مرۆیی لە دونیای ئێمەو ڕۆژهەلاتدا لەوێدا كارەساتبارە كاتێك بتەوێت لە دونیایەكدا سەروالی كردەی بەرهەمهێنانەوەی مرۆڤ بیت كە ستەمكارترین نەزمێ كۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابووری و ڕۆحی و دەروونی سەقالی كردەی بەرهەمهێنانەوەی خۆیان و مرۆڤن. دەكرێت بۆ كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن بڕێك گونجاو بێت كە پەڕاوێزو درزو كەلێن هەن، بڕێكی زیاتر كۆمەڵگە كراوەیە بە سەر تاك و ئازادییە فەردییەكاندا، لێرەوە باس لە خۆتێپەڕاندن و سەركەوتن و داهێنان بكرێت و لەو درزو كەلێن و لەو هێلانەوە بڕێك سەرقاڵی كردەی بەرهەمهێنانی خۆمان بین لە ناو كردەو سوبژێكتیڤاسیۆنێك جیاواز لە سوژەسازیی ئامادەكراوی پێشوەختەی كۆمەڵگە. بەڵام گەمەو ستراتیژو دیسپۆزیتیڤەكانی دەسەلات، سیستەمێكی گەمەكەرو كۆد دانەر دەسبەرداری ئەوە نابێت كە ئەم بەرهەمهێنانەوەو سوژەسازییە بە قازانج و سودی خۆی بەرهەم نەهێنێتەوە. كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن كە تەواو كۆمەڵگەی كارە، ترس لە كارنەكردن و دانیشتن و بێكاری هەمیشە ئامادەیە، بۆیە زانستگەلێك لەوانەش گەشەپێدانی مرۆیی و دەروونناسی ێەرێنی و تەنانەت دەروونشیكاری و دەروونپزیشكی و كلینیكە دەروونییەكانیش سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەی مرۆڤێكن كە خەمی كارو جوڵەی هەبێت و ماڵییبكەنەوە لە گەڵ سیستەم. لەوێ، لە كۆمەڵگەیەكی مۆدێرندا، ئامادەیی هوشیاری و ئاگایی ڕەخنەیی لە پاشەكشەكردن بە ویست و ئیرادەی دەسەڵات و سیستەم، لە دیسپۆزیتیڤەكانی خۆبەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات،هاوكارێكی باشە لە هێشتنەوەی درزو كەلێنەكان.


‎ئەگەر لە كۆمەڵگەی ئێمەو دەوروبەرماندا، زیاتر لە هەرشوێنیك مرۆڤ بەرهەمهێنەرەوەی هەموو شتێك بێت خۆی نەبێت، بەرهەمهینەرەوەو پردی بەرهەمهێنانەوەی ئەویتری خێزان، مزگەوت، باوك، سەركردە و سەرۆك، حزب،بەرهەمهێنانەوەی تەواوی شتەكان جگە لە خۆی، ئیتر گاڵتەجاڕی تەقاندنەوەی (وزە شاراوەو ناوەكییەكانی) مرۆڤ واتای چی ؟جارێ دەبێت تێبگەین ئەوەی هەناو و ناوەوەی ئێمەی بیناكردووەو بەردەوام بەرهەمی دێنێتەوە دەرەوەیە ناوەوە و هەناوی ئێمە چی تێدایە جگە لە دەرەوە،؟ بەرهەمهێنان و خوقاندنی تاكێكی تاقانەو دانسقەو داهێنەر پێش هەر شتێك ئاگایی و هوشیارییەكی ڕەخنەیی دەوێت كە بزانێت ناوەوەی خۆی هیچ نییە جگە لە دەرەوە، واتە خۆبوونێك یان نییە یان وەهمێكی كۆمەڵایەتی و سیاسییە، ئیتر گەشەپێدانی مرۆیی بە ئاستێكی گەورە داوامان لێدەكات ئەویترو خواست و ویستەكانی ئەویتر بەرهەم بهێنینەوە، گەشەپێدانی مرۆیی فێڵ و گەمەو ستراتیژی دەرەوەیە تا بمانهێننە دەرەوەو، بڕێكی زۆریش ترسە لە ناوەوەو هەناوێك كە دژو یاخی بكەوێتەوە، كەواتە بۆ كۆنترۆڵكردن و دیسپلینكردن و (كۆدكردن و كۆد لە سەر دادان) دەبێت بیهێنینە دەرەوە و بیگرین و ترس و نیگەرانییەك بۆ دەرچوون لە سیستەم لە ئارادا نەبێت.

،،

لێرەوە لە ڕۆڵی ترسناكی دەروونناسی و دەرونشیكاری و سۆسیۆلۆژیاو زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكانی دیكەش تێدەگەین كە لە ناو مەعریفە/دەسەڵاتدا چۆنچۆنی سەرقاڵی كردەی (بەرهەمهێنانەوەی ناوەوەین بۆ دەرەوەو كردەی بە هەناویكردن و بە ناوەوەكردنی دەرەوە) تا هەمیشە دیارو دەركەوتو بەرچاو بێت


‎ئەوەی مرۆڤی ئێمە پێویستێتی: مەعریفەو پێرسپێكتیڤێكی ڕەخنەیی ڕادیكالە بە خۆی كە چۆن پڕو لێوانلێوە لە دەرەوە، وە ئاگایی و هوشیارییەكی ڕادیكاڵ كە چۆن دەرەوە لە ئێمەدا خۆی بەرهەم دێنێتەوە، وە هوشیارییەكی ڕادیكاڵ و ڕەخنەیی بە وێناو وێنە ساختەكان كە دەرەوە بە ناوی خۆمانەوە دەمانداتێ و هاندەریشە لە بەرهەمهێنانەوەو مەسرەفكردنی كاتێك بە هەردەستەیەك دەڵێیت ئەو وەزعییەتە قەبوڵ مەكە، ئەمە نوكتەو گالتەجاڕییە تا ئەو جێگەیەی كە ئاشنای نەكەیت بەو هەلومەرجەی سەردەستەو ژێردەستە بەرهەم دێنێت و بەرهەمی دێنێتەوە. ئاشناكردنی بەو هەلومەرجە هوشیارییەكی ڕادیكاڵی دەوێت بە هەلومەرجەكەو ستراتیژو یاساكانی بەرهەمهێنانەوەی هەلومەرجەكە