حەپسەخان چی بۆ مەندوبی سامی نووسیوە؟

2020-11-15


لەسەر ڕووداوەکانی شەڕی بەر دەرکی سەرای سلێمانی، لەنامەو بروسکەیەکدا بۆ مەندووبی سامی بەریتانیا، حەپسەخانی نەقیب، بە مەندوبی سامی بەریتانیا دەڵێت:" ئیمڕۆ شاری سلێمانی گەیەنراوەتە دۆخێکی دژواری بەربەری ئەوتۆوە کە بۆی هەیە سەرتاپای مێژووی هەرکەسێکی بەرپرس لەکەدار بکات.

لەبەرانبەر کوژران و بریندارکردنی چەندان کەس و گرتنی دەیان کەس لە خۆپیشاندەرانی ڕۆژی ٦ی ئەیلوولی ساڵی ۱۹۳۰ی بەردەرکی سەرای سلێمانی، حەپسەخانی نەقیب، ژنە ناوداری کوردو هاوسەری شێخ قادری برای شێخ مەحمود، بروسکەیەکی توند بۆ مەندوبی سامی بەریتانیا دەنێرێت.

بروسکەکەی حەپسەخان بۆ مەندوبی سامی، لە کتێبی " کوردو کوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی حکومەتی بەریتانیا"ی مێژوونووس کەمال مەزهەردا، بڵاو کراوەتەوە.

ڕۆژی حەوتی ئەیلوولی ساڵی ۱۹۳۰، واتە ڕۆژێک پاش شەڕی بەردەرکی سەرای سلێمانی و گرتنی شێخ قادری هاوسەری، حەپسەخانی نەقیب بروسکەکەی بۆ مەندوبی سامی نووسیوەو لە دەستپێکی بروسکەکەدا دەڵێت:" هەڵبژاردنەکان بەشێوازێکی دڕندانەی بێزراوی ئەوتۆ ڕاپەڕێنرێت کە هیچ گەلێکی جیهان لە ڕۆژگاری بەربەرییەکاندا لە وێنەیان نەبینیوە، کام یاسا ڕێگە دەدات گەلێک لە کاتی هەڵبژاردندا تیرۆر بکرێت".

،،

بروسکەکەی حەپسەخانی نەقیب، باس لە هەڵبژاردن دەکات، هەڵبەت خۆپیشادان و ڕاپەڕینی بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی لە ڕۆژی ٦ی ئەیلوولی ساڵی ۱۹۳۰ دژ بە شێوازی هەڵبژاردن و نوێنەرەکان بووە لەشاری سلێمانی.

لەبەشێکی دیکەی بروسکەکەدا، حەپسەخانی نەقیب بە مەندوبی سامی دەڵێت:" کێ لە ئێوە یاسا پارێزو کێش لە ئێوە یاسا دەخاتە ژێر پێوە؟ کام یاسا ڕێگەی داوە چەک دژی جەماوەر لەکاتی هەلبژاردندا بەکار بهێنرێت، ئیمڕۆ شاری سلێمانی گەیەنراوەتە دۆخێکی دژواری بەربەری ئەوتۆوە کە بۆی هەیە سەرتاپای مێژووی هەرکەسێکی بەرپرس لەکەدار بکات".

حەپسەخانی نەقیب لە بروسکەکەدا ڕەخنە لە لیژنەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکە دەگرێت کە لەگەڵ کەسانێکدا وتووێژیان کردووە کە لەشاری سلێمانیدا هیچ سەنگێکیان نەبووەو هەر ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی ناڕەزایی دەرببڕن،" لیژنەکەتان کەوتە وتووێژ لەگەڵ کەسانێکدا کە هیچ سەنگێکیان لەم وڵاتەدا نییە، جەماوەر کاتێک بەمەیان زانی، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان کۆبوونەوە، ئەمەیش بێگوومان مافی یاسایی خۆیانە، کاتێک پیاوانی میری دییان زۆربەی هەرە زۆری خەڵکەکە دژیانن، پەنایان بردە بەر سەربازو ڕەشاش و دەستڕێژیان لێکردن، شەست حەفتایەکیان لێ کوشتن و بریندار کرد".

حەپسەخان لە بروسکەکەدا، زۆرترینجار وشەی یاسا بەکاردێنێت و دیسان ڕوو لە مەندوبی سامی دەکات و دەڵێت:" کم یاسا ڕێگەی ڕەفتارێکی وەها دەدات؟ ئەی چۆن ئەوانەی وایان کرد دەتوانن پاکانە بۆ کارەکەیان بکەن؟ ئێمەی کرد بێزاری خۆمان بەرانبەر بەم کارە دڕندانەیە دەردەبڕین و هەتا خوێنی کوردایەتی لە دەمارەکانماندا بجمێت هەرباسی دەکەین و دەکەین، ئێوە یاسا پارێزن، ئەگەر وابێت کێن ئەوانەی یاسایان پێشێل کرد".

،،

حەپسەخانی نەقیب، لە بروسکەکەدا بۆ ماندوبی سامی باسی ئەوەشی کردووە کە هێزە چەکدارەکانی میری، هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵەکەی و بەو هۆیەوە بەشێک لە کەلوپەلە بەنرخەکانی فەوتاون، " هێزە چەکدارەکان بەوەوە نەوەستان کە بە جەماوەرەکەیان کرد، بەڵکو ڕژانە نێو ماڵەکەی منیشەوەو کەوتنە پشکنین و ڕووی چەکەکانیان کردبووە سنگی ئافرەتەکان، ئەم پشکنینە بووە هۆی فەوتان و تاڵانکردنی شتوومەکە بەنرخەکانم، من داوای مافە ڕەواکانی خۆم لەسەرجەمی ئەوکەسانە دەکەم کە یاسایان پێشێلکردو ڕێزی ماڵەکەمیان نەگرت".

لە کۆتایی بروسکەکەیدا بۆ مەندوبی سامی بەریتانیا، حەپسەخان داوا لەو دەکات کە دەقی بروسکەکەی بۆ وەربگێڕنە سەر زمانی ئینگلیزی و وێنەیەکی بدەنە کۆمەڵەی گەلان لە جنێف.