ئاوی سنە بۆچی پیسبووە؟

2020-11-18

زانیار عومرانی

ئەم ڕاپۆرتە توێژینەوەییە بەرهەمی گفتوگۆ لەگەڵ چەند پسپۆڕ و چالاکی بواری ژینگە لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە پەردە لەسەر گرفتی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی کەرتی ئاو، واتە گەندەڵی بێ‌ئەوپەڕی ئەو کەرتەی کە دەبێ ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە دابین بکات، هەڵدەداتەوە.


لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، سەرنج و هەستیاریی گشتی سەبارەت بە ژینگەی کوردستان زیاتر بووە کە لە چالاکیی خۆبەخشانەی دەیان ڕێکخراوی ژینگەیی لە شارە جۆراوجۆرەکاندا خۆی پیشان دەدات. تاکوو ئێستا، بەشی زۆری ئەم چالاکییانە سەرنجیان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوە بەرفراوانەکانی زاگرۆس، خاوێنکردنەوەی دەریاچە، گۆماو و ڕووبارەکان، چاندنی دارودرەخت و پێشگرتن لە ڕاوی بێئەژماری ئاژەڵ و باڵندەکان بووە. ئێستە بەڵام گرفتێکی دیکە ڕووبەڕووی چەند شاری کوردستان بووەتەوە: پیسبوونی ئاوی خواردنەوە، بابەتێک کە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵکی لێکەوتۆتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندە پەیوەندیدارەکان نکۆڵی لێ‌دەکەن یاخود دەیخەنە ئەستۆی لایەنی‌تر.


لە چەند مانگی ڕابردوودا لە چەندین شار و لەوانە شاری سنە، گۆڕانی کوالێتی ئاوی خواردنەوەی نێو شار، باس و خواسی زۆری لێ‌بوەتەوە کە وەڕێخستنی کەمپەینێکی ئینتەرنێتی بە زیاتر لە ٢٥ هەزار ئەندام ئەویش لە ماوەی دوو حەوتوودا، یەکێک لە کاردانەوە خۆڕسکەکان بەم بابەتە بووە. کەمپەینەکە بەم شێوەیە خۆی پێناسە کردووە: "ئەم کەمپەینە لە پێوەند بە داخوازی خەڵكی شاری سنە دەربارەی هەبوونی ئاوی خواردنەوەی تەندرووست بەمەبەستی هەناردنی ڕاستەوخۆی ئاوی بەنداوی ئازاد بۆ پاڵاوگەی سنە پێکهاتووە." هاوڵاتیانی شاری سنە لەگەڵ ئەوەدا کە متمانەی پێویستیان بە بەرپرسە پێوەندیدارەکان نییە، بەڵام ڕێگاچارەیەکی‌تریش شک نابەن و بۆیە داخوازییەکەیان ئاراستەی بەرپرسانی پارێزگاکە کردووە تاکوو ئەو کێشەیە هەرچی زووتر چارەسەر بکرێت. دۆخەکە بە شێوەیەکە کە لە ڕاپرسییەکی ئۆنلاینی ئەم کەمپەینەدا، لەسەدا ٩٧ی بەشداربووان (زیاتر لە ٧ هەزار کەس)، ناڕەزایەتی خۆیان لەمەڕ کوالێتی ئاوی خواردنەوەی شاری سنە ڕاگەیاندووە. چوونەسەرەوەی نائاسایی ڕێژەی شێرپەنجە جۆراوجۆرەکان و سستیی گورچیلە، لەبارچوونی کۆرپەلە، تێکچوونە دەمارییەکان و... زیاتر لە هەموو کاتێک ئەوانی نیگەران کردووە. بە بۆچوونی ئەوان، سیستەمی گەیاندنی ئاویی شاری گرفتی تێدایە و ئاوی پیس بابەتێک نییە کە بتوانن چاوپۆشی لێبکەن. بێهۆ نییە کە ھێنری لوفێڤر، باژێڕناسی فەڕەنسی، کۆمەڵگەی شاری بە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی شێوازی نوێی سیاسەتی ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخواز دادەنێت. مەبەستی ئەو لە مانای "ماف بەسەر شاردا" تێگەیشتن لەم پێگە ڕادیکاڵەی چەمکی هاوڵاتیبوونە بوو کە تێیدا ئەگەرچی هاوڵاتیان زۆر چالاکانە بەشدارن لە بنیاتنانی شارەکەیاندا، لێ لە مافەکانیی بێبەشن. لە ئاکامدا ئەوان بە دوای وەرگرتنەوە یانیش داواکردنی سەرەتایی مافی خۆیانەوەن بۆ ژیانێکی بەکۆمەڵی شاری. لە کاردانەوە بە بێ‌مشووری و کەمتەرخەمیی تۆڕێکی بەربڵاو لە ناوەندە حکوومییەکان، شەپۆلێک لە یەکگرتوویی هاوڵاتیان سەریهەڵداوە. خەڵک هەستیان بە زەوتکرانی مافەکانیان کردووە. بە پێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاو بوونەتەوە، ئاستی پیسبوونی ئاوی شاری سنە بە ڕادەیەکە کە بە ئاسانی و بە بێ هیچ ئامرازێکی پێوانەیی تایبەت، دەتوانرێ هەست بە گۆڕانی ڕەنگ، بۆن و تامی ئاوەکە بکرێت. لە ئێستادا خەڵک یان ئاوی دەبە دەکڕن و پاشەکەوتی دەکەن یان خۆ سەردانی سەرچاوە ئاوییەکانی دەورووبەری شار دەکەن بۆ پڕکردنی دەبەکانیان و دواتر بەسەیارەکانیان دەیانهێننەوە بۆ ماڵ و یان ئەوەتا بەر لە بەکارهێنان، کەڵک لە پاڵێوە ماڵییەکان وەردەگرن، کە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نالەباری ئابووری بەشی هەرەزۆری خەڵک، هەر کام لەو سێ ڕێگەیەی باس کران، لە ئاستی گشتییدا، کردەیی نیین.

سەرچاوەی پیسبوونەکە لە کوێوە دێت؟

-پیسبوونی ئاوەکانی سەرزەوی لە ئەنجامی بەکارهێنانی ژەهر و مەوادی کیمیاوی لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیک لە بەنداوی قشڵاقدا (ناوە حکومییەکەی: بەنداوی وەحدەت) و ڕانەماڵینی پاشەڕۆکانی چواردەوری بەنداوەکە بە شێوەیەکی تەندرووست و زانستی.
-ڕژانی ئاوەڕۆ نەپاڵێوڕاوەکانی ماڵەکان، ئاژەڵەکان و پیشەسازییەکانی زیاتر لە هەشتا شارۆچکە و گوندی دەورووبەری شاری سنە بۆ نێو بەنداوی قشلاق و لەوانەش شارۆچکەی سەراوقامیش.
- نۆژەن‌ نەکردنەوەی دامەزراوە و ئامێرەکانی تایبەت بە پاڵاوگەکان و سیستەمی بۆری و گەیاندنی ئاوی نێو شار کە لە ئاکامدا نیشتنی لیتاوی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی گەشەی قەوزەکان. لە شاری سنە بە زیاتر لە نیو ملیۆن دانیشتووەوە، تەنیا دوو پاڵاوگە بوونیان هەیە؛ سیستەمی پاڵاوگەی بەنداوی قشڵاق توانای ڕاگرتنی ١٦٠ ملیۆن مەتری چوارگۆشە ئاوی هەیە. ئەم پاڵاوگەیە، کە دابینکردنی بەشی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی شاری سنەی لە ئەستۆیە، لە دەیەی شەستی هەتاویدا درووستکراوە و چیتر وەک پێویست توانایی پاڵاوتن و پاقژکردنەوەی ئاوی نییە و لە ئەنجامدا قەوزەکان دەتوانن لە فیلتەرە لمینەکانی تێپەڕ بن. کۆی ئەم هۆکارانە ئاستی نیترات و فۆسفاتی نێو ئاوی خواردنەوەکە زیاتر دەکات کە بوار بۆ سەرهەڵدان و گەشەی زۆرجۆری جیاوازی قەوزە دەڕەخسێنێ و لەگەڵ ئەوەشدا چوونەسەرەوەی ئاستی نایترۆجینی نێو بەنداوەکە کە وەک سەرچاوەیەکی خۆراکی وایە هێندەی‌تر گەشەی قەوزەکان ئاسان دەکاتەوە. بە دانپێدانانی تۆڕی دابەشکردنی ئاویی شاری سنە، لەو نموونانەدا کە لە لایەن پسپۆڕانەوە توێژینەوەیان لەسەر کراوە، زیاتر لە ١٠٠ جۆر قەوزە دۆزراونەتەوە. زۆرینەی ناوەندە پەیوەندیدارەکان، نکۆڵی لە بوونی قەوزەکان دەکەن و نیگەرانی خەڵک بە دەنگۆیەکی نازانستی ناوزەد دەکەن. ئەوان باس لەوە دەکەن کە تێکەڵبوونی قەوزەکان بە سیستمی گەیاندنی ئاوی خواردنەوەی سنە دوورە لە ڕاستییەوە و ئەگەریش نموونەگەلێک بینرابێتن، ئەوا لەو جۆرانە بوونە کە ژەهراوی نین.


کاردانەوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان

- بەر لە هەر شتێک پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە جۆرێک لە پسپۆڕایەتی درۆیین لە بابەتی بەڕێوەبەرێتی کەرتی ئاودا بوونی هەیە. سەرنج بدەنە ناوە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئەم ناوەندانە: جیهادی کشتوکاڵی، ڕێکخراوەی ئاوی ناوچەیی، کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی گوندی، ناوەندی تەندرووستی سنە، بنکەی تەندرووستی ژینگە، ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە... مرۆڤ لەم هەموو ناوە سەری گێژ دەخوات و وەک بڵێیت تەنیا کەڵکێکی کە هەیانە ئەوەیە بتوانن ئەرکەکانیان لەمل خۆیان بکەنەوە و حەواڵەی یەکتری بکەن، نەک وردبوونەوە و شارەزایی لە ئەنجامدانی ئەرکەکاندا. «شارەکان لەسەر بناغەی گرێدراو بە دوانەی تەکنۆکراسی و بوروکراسی و بەکورتی لەسەر بناغەی ناوەندەکان پێکهاتوون. لەڕاستیدا، خاڵی بنەڕەتی کە ژیاری شار دژوار دەکاتەوە، دوژمنی ژیانی شارییە. لە شارۆچکە نوێیەکاندا، نیشانەکانی تەکنۆکراسی بەتەواوی هەستیان پێ‌دەکرێ؛ ئەو پەڵە زەقانە وا ئاماژەن بۆ ناکارامەیی ئەو هەوڵانەی کە لە پێناو ورووژاندنی کاروباری باژێر ئەدرێن

- چ لە ڕێگەی نوێگەریی بیناسازی و [بە پشتبەستن بە] زانیاری و داهێنانە کولتوورییەکان و چ لە ڕێگای ژیانی هەرەوەزیی و هاوکارانەوە. هەموان دەزانن کە شارەدارییەکان چوارچێوەیەکی دەوڵەتیان هەیە-لەڕاستییدا ئەوان لە ئاستی بچووکتردا هەمان کولتووری بەڕێوەبەرێتی و دەسەڵاتدارێتی بەرهەم دەهێننەوە کە گرێدراوی ڕیزبەندییە بوروکراتیکیییەکانی دەوڵەتە. دانیشتوانی شار دەبینن کە مافە فەرمییەکانیان و هاوکات ئەو دەرفەتانەش کە بۆ بەهرەمەندبوون لەو مافانە بوویانە، ڕوو لە کەم بوونەوەیە. بەردەوام لەمەڕ بڕیارەکان و توانای بڕیاردان قسەی زۆر دەکرێت، لێ لەڕاستیدا ئەم بابەتانە لە دەستی دەسەڵاتدارەکاندا دەمێنێتەوە. لە ئاستی شارەدارییەکانیشدا ئەم قسانە لەبارەی "هێزی" زانیاری و تەکنۆلۆژیاکانی زانیارییەوە زۆر دەکردرێت.» (گۆڕانی هەسارەیی شار و لەناوچوونیی، ھێنری لوفێڤر)


- ئەم ناوەندانە، بابەتەکەیان بە هەڵپەسێردراوی لە ئاستی "مشتومڕ لەسەر پیسبوون یا نەبوونی ئاوی خواردنەوە" ڕاگرتووە. ئەوان دەڵێن: "کوالێتی ئاوی خواردنەوەی ئەم پارێزگایە لە ئاستی ناوەندی وڵات لەسەرترە، گۆڕانی گریمانەیی کوالێتی ئاوەکە پەیوەستە بە گۆڕانی وەرز و ئاو و هەوا و جێگیرنەبوونی پلەی گەرماوە، تام و بۆنی ناخۆشی ئاوەکە سەلمێنەری ناتەندرووستی و نەشیانی ئاوەکە بۆ خواردنەوە نییە..." سەرجەمی ئەم ناوەندانە بەم قسە گشتیی و دووپاتەبووانە پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی کە خەڵک مافی خۆیەتی لە ئاوی سازگار و تەندروووست بەهرەمەند بێت و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پیرۆزەش، خۆیان وەک کۆمەڵێک خەباتکاری ماندوونەناس دەناسێنن کە بە ڕۆژ و شەو خەریکی کۆنتڕۆڵکردنی کوالێتی ئاوی خەڵکن. هەوڵ بۆ کەمبایەخ نیشاندانی ئەم گرفتە و پاساودانەوە بە ڕووکەشە زانستییەکان هێشتاکەش بەردەوامە. بۆ نموونە دەگوترێت "ئاوی ئاوەڕۆکان، توانای خۆپاڵێوی هەیە، (لە حاڵێکدا کە لە ڕێگەی بۆرییە سەرەکییەکانەوە، ئاوەڕۆی ئەم گوندانە ڕاستەوخۆ دەڕژێتە نێو بەنداوی قشڵاقەوە و دەرفەتی نووسان و تێکەڵبوون بە خاکی نابێت هەتا بەشێوەی سرووشتی بپاڵێورێت). گوندەکان لە بەنداوەکە دوورن، دانیشتوانیان کەمە، نموونەکانی ئێمە دەریدەخن کە کوالێتی ئاوەکە جێگەی ڕەزامەندییە..." تەنانەت سەرەڕای دانپێدانانی درەنگوەختی هەندێک لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە تۆڕی ئاوی شاری سنەوە، هێشتاکەش مۆحسێن فەتحی نوێنەری ئەو شارە لە پەرلەمانی ئێران، نکۆڵی لە پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی سنە دەکات و هاوڵاتیان لەم نێوەندەدا ماونەتەوە هانا بۆ کێ بەرن.


- هەوڵ بۆ بەرجەستە کردنەوەی کەمتەرخەمی هاوڵاتیان بە پێداگرتن لەسەر بەکارهێنانی زێدەڕۆیانەی ئاو و بە تاوانبار زانینی خودی خەڵک. لە زۆر نموونەدا بە شێوازێکی منەتبارانە ڕایدەگەیەنن کە ئەوان "کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری زیانهێنن نەک بەهرەدەر". سەرپەرشتکارانی ئەم بەشە لە زۆر حاڵەتدا باسیان لە ڕۆڵی زیانباری دەواجین، کێڵگەکانی بەخێوکردنی مانگا، ناوەندەکانی بەخێوکردنی قەلەموون و بنکەکانی‌تری بەخێوکردنی باڵندە و لمشۆرییەکان و... کردووە و بەرپرسیارێتی ئەم کارەساتەیان خستۆتە ئەستۆی ناوەندە بچووکە نادەوڵەتییەکان.

- سازدانی سەردانکردن بۆ میدیا و میدیاکاران (بەتایبەت سەردانە درێژماوەکان لە پاڵاوگەی سنە) و بەکارهێنانی سیاسەتی سزادان-خستنەتەماحی هەواڵنێرە پەیجۆرەکان. حاڵەتی وا ڕوویداوە کە ئەو بەرپرسەی وا چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە، پەرداخێک لە ئاوی بەنداوەکەی خواردووەتەوە و ڕووی لە هەواڵنێرەکان کردووە و وتوویەتی ئەگەر ئەم ئاوە پیس بوایە، ئایا من ئەمخواردەوە؟ فەرید کەریمی هەواڵنێری پێشووی تابناک، یەکێک لەو یەکەمین هەواڵنێرانە بوو کە لەسەر ئەم گرفتە دەستی بە بەدواداچوون و ئامادەکردنی کۆمەڵێک ڕاپۆرتی یەک لەدوای یەک کرد. ئەو بەشێک لە ساتوسەودا ڕێگەپێنەدراوەکان لە دامەزراوەی ئاوی پارێزگای سنەی لەقاو دا. دامەزراوەی ئاو بە پێدانی بەرتیل بە ماڵپەڕی تابناک لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕیکلامەوە (زیاتر لە ٥٠ هێندەی نرخی ئاسایی) بووە هۆی دەرکردنی فەرید کەریمی لە لایەن ئەم ماڵپەڕە هەواڵییەوە. دوو ساڵ لەمەوبەر، پۆلیسی تایبەت بە پشکنینی فەزای ڤیرچواڵ کە سەر بە بنکەی فەرمانداریی هێزەکانی ئاسایشی پارێزگای سنەیە، فەرید کەریمی، بەڕێوەبەری سایتی تابناکی کوردستانی بۆ ڕوونکردنەوەی هەندێ بابەت، بانگ کرد و لە ئەنجامدا لەسەر کار لایان‌برد. تەنیا بەوەش نەوەستان و لە ڕێگەی چەند پارێزەرەوە، سکاڵایان لەسەر فەرید و هەر کەسێکی دیکە کە بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کردبوو، تۆمار کرد و هێشتاکەش هەر بەردەوامن. میدیاکانی‌تریش دەبێ بە ئاگادارییەوە بجووڵێنەوە و بەر لە بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە هەواڵ و ڕاپۆرتێک، لەگەڵ ڕاوێژکارێکی یاسایی ڕاوێژ بکەن. ئەنجامی ئەم دۆخەش بووە بە خۆسانسۆرییەکی نەخوازراو. جێپێیەکانی ئەم خۆسانسۆرییە دەتوانرێ لە دۆسیەی "گڵۆڵەی ئاڵۆزکاوی ئاوی خواردنەوە"ی بڵاڤۆکی ئاگرینی ڕۆژ لە ڕێکەوتی بەفرانباری ١٣٩٨ دا، ببینرێت کە زانیارییە زانستییەکانیی، یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەم ڕاپۆرتەی من پێک دێنن. هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا، تەنانەت داوێنی ڕێکخراوەی زانستیی پزیشکیشی گرتووەتەوە. دەنگ و ڕەنگی پارێزگای سنە (میدیای حکوومی) کە ڕاپۆرتێکی ڕەخنەیی لەسەر ئەم گرفتە ئامادە و بڵاو کردبوویەوە، بێدەنگ کرا. بەم شێوەیە کە ڕێکخراوەی ئاو، ئارمان مێهرپەناهی، ناسراوترین پێشکەشکاری پارێزگای سنەی وێڕای پاراستنی پێگەکەی، هاوکات وەک یەکێک لە کارمەندانی ڕەسمی پەیوەندییە گشتییەکانی ئاو و ئاوەڕۆی شاری سنە دامەزراند. ئەم ڕێکخراوەیە لە درێژەدا، بوو بە سپۆنسەری سەرەکی بەرنامەی "چریکەی شەو". لە ئەنجامدا لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی ڕخنەیی لەم کەناڵەوە سەبارەت بە ئاوی خواردنەوەی شاری بڵاو نەکراوەتەوە. ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە لێدوانە یەک لە دوای یەکەکاندا بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە: "ئەوەی کە میدیاکان دەبێ بیگەیەنن، قسەکانی ئێمەیە نەک هەواڵی ناڕاست و بێ بەڵگە".

- داواکردن لە خەڵک بۆ هێوربوونەوە و پێداگری کردن لەسەر بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی کارناسانە: "ئەگەر کەموکوڕییەک بوونی هەبێت، ئەوا ئێمە خۆمان رایدەگەیەنین و لە زووترین کاتدا هەنگاوە یاساییە پێویستەکان هەڵدەگرین". ئەوان بەردەوام ئاماژە دەکەن بە بەڵگەنامەی ڕێکاری نەتەوەیی بۆ باشترکردنی کوالێتی ئاوی خواردنەوە و پێبەندییان پێی و دووپاتی دەکەنەوە کە "خەڵکی دلێر و خەباتکاری ئێمە مافی خۆیانە ئاوی سازگار و تەندرووست بخۆنەوە". هەڵبەت ئەم بەدواداچوونانە تەنیا بۆ کڕینەوەی کات بووە و تا ئەم ساتە هیچ ئەنجامێکی هەستپێکراوی لێنەکەوتووەتەوە و بگرە خراپ‌تریش بووە.

- خۆدزینەوەی ناوەندەکان لە بەرپرسیارێتی و خستنەئەستۆی ئەوی دی (لەمل خۆداماڵین). بۆ نموونە هەندێک کەس و لایەن، بەڕێوەبەرایەتی شەپۆل و بەنداوی قشڵاق تاوانبار دەکەن و دەڵێن کە هیچ کۆنتڕۆڵێک بەسەر بەرزاییەکانی پشتەوەی بەنداوەکەوە بوونی نییە. بەڕێوەبەری بەنداوەکە ئەمەی قەبووڵ نییە و دەڵێ کە لە ڕۆژدا ٣ بۆ ٤ جار پاڵاوگەکە خاوێن دەکرێتەوە. هەندێکی‌تریش، پەنجەی تۆمەت ئاراستەی جیهادی کشتوکاڵی و کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی گوندیی دەکەن. ئەوانیش لە وڵامدا باسیان لەوە کردووە کە تێچووی پێویستیان بۆ پێڕاگەیشتن بە ئاوەڕۆی گوندەکان پێنەدراوە و لە ئێستادا زیاتر لە ٥٠٠ گوندی پارێزگای سنە لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی گوندیی (ئابفا) بەتەواوی بێبەشن. کۆمپانیای ئابفای پارێزگای سنە لە وەڵامی سکاڵا و گازندەکان، وێڕای ڕەتکردنەوەی ناتەندرووست بوونی ئاوی خواردنەوەی سنە، ڕایگەیاندووە کە ئەوان ئەرکەکانی خۆیان بەجێگەیاندووە و چارەسەری ئەم گرفتە پێویستی بە هەوڵی تێروتەسەلی ناوەندەکانی دیکە هەیە. بەڵام لە هەموو ئەوانە گاڵتەجاڕتر ئەوەیە کە زۆرجار روویداوە ئەم ناوەندانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەردەوام لە ئاڵوگۆڕ کردنی نامەدا بن لەگەڵ یەکتری و تەنانەت دواموڵەتیان بۆ یەکدی دیاری کردووە. ئەم ناوەندانە گەلێکجار دەڵێن: "ئێمە دامەزراوەیەکی چاوەدێریکارین نەک جێبەجێکاری ئەم پڕۆژانە و چارەسەری ئەم کێشانە ناکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئێمەوە". ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەنجۆمەنە ژینگەییە خۆبەخشەکان، بە کردەوە قورسایی تەواوی ناکارامەییەکانی دەوڵەتیان لەکۆڵی خۆیان ناوە. لە بەرامبەردا وەڵامی ناوەندە حکوومییەکان چی بووە؟ هەڕەشە، قۆڵبەست‌کردن و ڕاپێچ‌کردن بەرەو زیندان! ئەوان (بۆ نموونە لە ئاگرکەوتنەوەکانی زاگرۆسدا) نەک هەر کەرەسەی پێویستی ئاگرکوژێنەوە و جلوبەرگی خۆپارێزی دژەسووتانیان نەداوە بەو چالاکە خۆبەخشانە، بەڵکوو دۆسیەی یاسایی قوورسیشیان بۆ سازداون!


-پێکهێنانی کارگرووپی نوێ بۆ چاوەدێری بەسەر ئاوی شاری سنەدا و بەداواچوون بۆ داخوازییەکانی هاوڵاتیان و ناردنی بڕیارنامەی زۆروبۆر بۆ باقی ناوەندەکان. ئەوان بۆ ئەم گرووپە نوێیانەش داوای بودجە دەکەن. لە ڕاستیدا ناڕەزایەتی خەڵک دەبێتە بیانوویەک بۆ وەرگرتنی بودجەی زیاتر، تاکوو بە ڕواڵەت لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت کە سەرلەنوێ، ئەنجامەکەی دەبێتەوە نکۆڵی کردن لەو گرفتەی لێی دەکۆڵرێتەوە. لەڕاستیدا تەواوی ئەو نموونانەی کە ئەوان ڕەتی دەکەنەوە و حاشای لێدەکەن، دەبنە بیانوویەک بۆ وەدەستخستنی بودجەی زیاتر لە ناوەندەکانی سەرەوەتر.

- ئاماژەدان بە نەبوونی پێگە و بودجەی یاسایی پێویست بۆ ئەنجامدان و تەواوکردنی پڕۆژە گەورەکان. لەو حاڵەتانەدا کە هەواڵنێرەکە توانیبێتی بەرپرسەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەرپرسەکان ئاماژەیان بە نەبوونی پێگە و سەرمایەی پێویست و ئابڵۆقە نێونەتەوەییەکان کردووە و بڕوبیانوویان داتاشیوە لەهەمبەر خەمساردییان لە شێوازی بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی تۆکمەی پرسی ئاو و ئاوەڕۆدا.


ئەو ڕێکارانەی کە لە لایەن پسپۆڕە سەربەخۆکانەوە پێشنیار دەکرێن، کامانەن؟

-کۆنترۆڵ و نەهێشتنی هۆکارە ئالوودەکەرەکان و جێگۆڕکێی سەرچاوەی ئاوەکە لە ڕێگەی گواستنەوەی ڕاستەوخۆی ئاوی بەنداوی ئازاد بۆ پاڵاوگەکە، کە تێچووەکەی بە بودجەیەکی بگۆڕ لە نێوان ٣٠٠ تا هەزارد میلیارد تمەن دەخەمڵێنرێت. ئەم هێڵە ڕاگوێزەرە کەمتر لە ٣٠ کم لە ڕێبڕکی سەرەتای تێڕژانی ئاوەکە لە نزیک گوندی "چلگەزی" دوورە و لەوێوە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو پاڵاوگەی سنەوە. ئامادەکردنی لانیکەم نزیک بە دوو ساڵ دەخایەنێت. لە حاڵەتێکدا کە ئەم پڕۆژەیە کردەیی بکرێتەوە، بەنداوی قشڵاق ڕۆڵی لاوەکی و پاشەکەوتی دەبێت نەک سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاو. بەنداوی قشڵاق بەنداوێکی کۆنە و پێویستە تەنیا بۆ کشتوکاڵ و پێویستییەکانی‌تری جگە لە خواردنەوە بەکاربهێنرێت. بەنداوی ئازاد، جێگرەوەی بەنداوی قشڵاق لە ئێستادا تایبەت کراوە بە بەشی کشتوکاڵی پارێزگای هەمەدان. لەگەڵ چوونەسەرەوەی ناڕەزاییەکان، پارێزگاری سنە ڕایگەیاند کە بە تەگبیر و ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی سەرەوەی دەوڵەت، بەڵێنی ئەوەی وەرگرتووە کە ٢٠ لە سەدی ئاوی بەنداوی ئازاد بە ئاوی شاری سنە زیاد بکرێت.

کێشەکە لەوەدایە کە لە جیاتی ئەوەی ئەم ئاوە ڕەوانەی پاڵاوگەکە بکرێت، دیسانەوە دەڕژێتە نێو بەنداوی قشڵاقەوە کە خۆی ژەهراوییە، ئاکامەکەی دەبێتەوە هۆی ئەوەی کە ئەم ڕاگواستنە هیچ شتێک لە کرۆکی کێشەکە کەم ناکاتەوە.


-پارێزگاری کردن لە بەنداو و دامەزراوە هەنووکەییەکان، پاقژکردنەوەی بەردەوام، نۆژەنکردنەوەی بەشەکانی ناوەوەی بیناکان، پۆمپاژ و مەخزەنی بەنداوەکان.
-درووستکردنی گۆماوی تایبەت بۆ پێشگرتن لە ئاراستەکردنی ڕاستەوخۆی ئاوەڕۆکان، درووستکردنی چاڵاوی تایبەت بۆ لەناوبردنی تەندرووستیی ئاوەڕۆ و کۆکردنەوەیان و هەناردەکردنی پاشەڕۆی ئاژەڵان بۆ ناوەندە فەرمییەکانی بەرهەمهێنانی کود لەکاتی خۆیدا.

لەپاڵ ئەم کارەساتەدا، خەڵکی شاری سنە هاوکات گیرۆدەی ئالوودەبوونی بێ‌ئەوپەڕی هەوا و نەخۆشییەکانی تایبەت بە سین. چاوەدێری نەکردنی شارەوانی بەسەر ئۆتۆمبێلە کۆنەکان و ویستی خەڵک بۆ کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ستاندارد نین (لە ئاکامی دۆخی کارەساتباری ئابووریدا)، سنەی کردووەتە ناوەندێک بۆ ترۆمبێلە کۆنەکان لە ئاستی ئێراندا، کە بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی شارەکەوە و گەمارۆدرانی لەلایەن کێوەکانەوە و لەپاڵ درووستکردنی بەنداوی زۆردا، هەمووی ئەمانە بوونەتە هۆی شێداربوونی ئاو و هەوای شارەکە. زۆربەی هەرەزۆری بەنزینخانەکانی ئەم شارە، بەنزینی کوالێتی نزم دەفرۆشن کە ئەمیش لەگەڵ هۆکارەکانی‌تردا بوونەتە هۆی ئەوەی ئاو و هەوای ئێستاکەی شاری سنە کە هێندەی پەنجەکانی دەست، کارگە و ناوەندی بەرهەمهێنان و پیشەسازی تێدا نییە، ببێتە هاوتای هەوای شارێکی دە ملیۆن کەسی وەکوو تاران کە ئەم مژارە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتی‌تری دەوێت.

گەشەی جوگرافیای شاری سنە بە پێی پلانە سەردەمییەکانی شارسازی و باژێڕڤانی نییە و بۆ ناوەندە سەرپەرشتکارەکانی پلانداڕێژەری باژێر، هەر پڕۆژەیەک کە بایەخی ئاڵوگۆڕ و قازانجهێنیی پێشبینیکراوی نەبێت و پارەی ختوخۆڕایی لێ دەست نەکەوێت، هیچ بەهایەکی نییە؛ تەنانەت ئەگەر بەشێک بێت لە داخوازییە هەرەسەرەتاییەکانی هاوڵاتیانیش. لەڕاستیدا گەشەی شار لە خزمەت بە پاراستنی باڵادەستی، پەراوێزخستن و چەوساندنەوەدایە. "لەوە خراپتر بەڵام ئەوەیە کە باژێرڤانی تا ئەو ڕادەیە دواکەوتنی بە خۆیەوە دیتووە کە بووە بە جۆرێک لە کتێبی پیرۆز لەناو دەسی تەکنۆکراتەکاندا".