كاك ئەحمەد.. وەك ئەزمونێكی ڕۆحی دەست لێ‌ نەدراو...

2020-11-27
نوعمان محمد ئەڵماس

پاش وەفاتی فەیلەسوفی گەورەی ئێران داریوشی شایگان، چالاكی فیكری زۆر ئەنجامدرا دەربارەی بیر و بەرهەمەكانی بەڕێز شایگان، یەكێك لەو بابەتانەی سەرنجی ڕاكێشام قسە كردنی (مەهدی خەلەجی) بوو لەسەر پەیوەندی شایگان بە فەیلەسوفی گەورەی فەرەنسی (هێنری كۆربان)، دیارە شایگان لە نێو پرۆژەكەی كۆربان دا هەژمار دەكرێت و پەیوەندی ئەوان پەیوەندی مامۆستا و قوتابی بووە، سەرنجڕاكێش لە بابەتەكەدا ئەوەبوو كە كۆربان و چەندین كەسی دیكەش لە رۆژئاوا وەك میرچا ئیلیادە، پاش بێ‌ هیواییان لە مۆدێرنیزم ی رۆژئاوایی، روویان كردۆتە رۆژهەڵات بۆ پەیداكردنی ئەزموونی رۆحی دەست لێ‌ نەدراو، تا بە دیاری پێشكەش بە رۆحی مرۆڤی بێ‌ رۆحی ئەم سەردەمەی بكەن، ئیلیادە چۆتە هیند و كۆربانیش هاتۆتە ئێران و دواجار ونبووەكەی خۆی لە بەرهەمەكانی سوهرەوەردیدا دۆزیوەتەوە، كۆربان بڕوای وابووە فیكری شیعی و ئایینداری شیعە و بەتایبەت شیعەی ئیسماعیلی خەزێنەیەكی دینی و رۆحی دەست لێ‌ نەدراوە و بە تەواوی دوورە لە سیاسەت و خەوشەكانی، لێرەشەوە ئاسارێكی زۆری تەحقیق كردووە و ناساندوونی بە رۆژئاوا

،،

بەڵام شتە سەیرەكە ئەوەیە هەر ساڵێك پاش وەفاتی كۆربان، ئیمام خومەینی شۆرش دەكات و شیعە دەبێتە حاكمی وڵات!


لە لایەكی ترەوە، لە دوو سێ‌ ساڵی رابردووەوە ئاوڕدانەوە لە رابەری گەورەی ڕۆژهەڵات كاك ئەحمەدی موفتی زادە، كەوتۆتە بەر تیشكی توێژینەوەی بیریار و روناكبیرە گەورەكانی خودی ئێران، ساڵی پار (محسن كدیور) و بە تازەییش (سروش دەباغ) بە تەمای توێژینەوەیكی تایبەتە لەسەر كاك ئەحمەد... بەشێكی ئەو گرنگی پێدانە پەیوەستە بەو عەزابی ویژدانەی كە وا هەستدەكەن تا ئێستا بێدەنگیان لە ئاست كەسایەتیەكی گەورەی ئاوا بێوەفایی و غەدرە، بەشێكی دیكەش بۆ رەسەنی و قوڵی و پاكی كاك ئەحمەد دەگەڕێتەوە... ئایا ئەتوانین بڵێین ئەزموونی موفتیزادە ئەو ئەزموونە پاكە دەست لێ‌ نەدراوەیە كە دەتوانین لێیەوە روناكی و گەرمیی لێوەرگرین؟ وەڵامی پرسیارەكە بە كراوەیی بە جێدەهێڵم، بەڵام سەرنجراكێش لەم ڕۆژانەی یادی مەولود دا، ئەو پێشوازییە گەرمەیە كە لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان لە ئەدەبیاتی موفتیزادە دەكرێت دەربارەی خۆشەویستی پێغەمبەر موحەممەد درودی خوای لێبێت. چونكە ڕوانگەی كاك ئەحمەد بۆ پێغەمبەر موحەممەد درودی خوای لێبێت روانگەیەكی ناوازەیە و پاكتر لە پاكە، بێ‌ تەكەللوفە، تێكەڵە بە رۆح و هەست و ویژدانی... یادی ئەو پێغەمبەرە مەزنە لە هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز بێت، ناوی هەر بمێنێت و پەیامەكەی هەتا هەتایە بەرز و شەكاوە بێت، رۆحە پاكەكەی كاك ئەحمەد یش هەر شاد بێت.