له‌ نێوان " نالی" و "سالم" دا

2018-04-19

ناو
نالی ناوی خدری كوڕی ئه‌حمه‌دی شاوه‌یسه‌.
سالم ناوی عه‌بدوره‌حمان به‌گی كوڕی محه‌مه‌د به‌گی قه‌ره‌جه‌هه‌نه‌م، كوڕی ئه‌حمه‌د به‌گی ساحێبقرانه‌.

بنه‌ماڵه‌
- بنه‌ماڵه‌ی نالی له‌تیره‌ی (میكایڵه‌) كه‌یه‌كێكه‌ له‌تیره‌كانی عه‌شیره‌تی جاف.
- بنه‌ماڵه‌ی سالم به‌(ساحێبقران) به‌ناوبانگن واته‌ (خاوه‌نی به‌ختی باش). له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی سلێمانی هاتونه‌ته‌ شار و بنه‌ماڵه‌یه‌كی زه‌نگین بون و هاوكاری بابانییه‌كان بون.

نازناو
نالی نازناوی شیعری مه‌لا خدره‌.
سالم پێش ئه‌م نازناوه‌ نازناوی (بیمار) بوه‌.
شوێنی له‌دایكبون
- نالی له‌گوندی (خاك و خۆڵ)ی سه‌ر به‌شارۆچكه‌ی (سیروان)ی سه‌ر به‌پارێزگای (هه‌ڵه‌بجه‌) له‌دایكبووه‌.
سالم له‌شاری (سلێمانی) له‌دایك بووه‌.

ساڵی له‌دایكبوون
نالی له‌ساڵی (1800ز) له‌دایكبوه‌.
. سالم له‌ساڵی (1805ز) له‌دایك بووه‌

باوك
باوكی نالی ره‌نجبه‌ر بووه‌و له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئاسایی له‌دایك بووه‌.
باوكی سالم به‌گ بووه‌.

حوجره‌
هه‌ردوو حه‌زره‌ت له‌سه‌ره‌تای لاوی خراونه‌ته‌ حوجره‌.

ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی
نالی ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌لاعه‌بدوڵای ره‌ش له‌مزگه‌وتی سه‌ید حه‌سه‌ن له‌گه‌ره‌كی سابونكه‌ران له‌شاری سلێمانی وه‌رگرتوه‌.
سالم ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رنه‌گرتوه‌.

،،

بنه‌ماڵه‌ی نالی له‌تیره‌ی (میكایڵه‌) كه‌یه‌كێكه‌ له‌تیره‌كانی عه‌شیره‌تی جاف، بنه‌ماڵه‌ی سالم به‌(ساحێبقران) به‌ناوبانگن واته‌ (خاوه‌نی به‌ختی باش). له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی سلێمانی هاتونه‌ته‌ شار و بنه‌ماڵه‌یه‌كی زه‌نگین بون و هاوكاری بابانییه‌كان بوون.

گه‌شت
- نالی چه‌ندین شاری كردوه‌ له‌وانه‌ (قه‌ره‌داغ، سلێمانی، سنه‌، مه‌ككه‌، شام، ئه‌سته‌نبول).
سالم چه‌ندین شاری كردووه‌ له‌وانه‌ (سنه‌، حلله‌، تاران)

قوتابخانه‌ی شیعری كوردی
به‌نالی و سالم و كوردی ده‌وترێ سێ كوچكه‌ی بابان و دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی كلاسیكی شیعری كوردین.

ده‌ستنووس
ده‌ستنوسه‌كانی شیعری نالی بریتین له‌:
أ‌- ده‌ستنوسی به‌رلین له‌ساڵی (1880ز) نوسراوه‌ته‌وه‌.
ب‌- ده‌ستنوسێكی دیوانی نالی له‌لایه‌ن مه‌لا عه‌بدوڵا له‌ساڵی (1898ز) روونووس كراوه‌.
ت‌- ده‌ستنوسێكی دیوانی نالی له‌ساڵی (1899ز) مینۆرۆسكی له‌گه‌شته‌كانیدا ده‌ستی كه‌وتووه‌.
پ‌- ده‌ستنوسێكی دیوانی نالی ته‌نها (59) لاپه‌ره‌یه‌.
ج‌- ده‌ستنوسێكی دیوانی نالی له‌لایه‌ن ئه‌مین زه‌كی به‌گ روونوس كراوه‌ له‌ساڵی (1903)ز.
ح‌- ده‌ستنوسێكی دیوانی نالی له‌ساڵی (1903ز) رونوس كراوه‌ له‌ئه‌رشیفی شێخی خاڵ پارێزراوه‌.
خ‌- ده‌ستنوسێكی دیوانی نالی له‌لایه‌ن (شێخ حوسێنی قه‌ره‌داغی) له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م رونوس كراوه‌.
د‌- ده‌ستنوسێكی دیوانی نالی له‌لایه‌ن (جه‌مال محه‌مه‌د محه‌مه‌د ئه‌مین) پێشكه‌س به‌ د.مارف خه‌زنه‌دار كراوه‌.
ژ‌- ده‌ستنوسێكی دیوانی نالی له‌لایه‌ن جه‌مالی حاجی ئه‌حمه‌د له‌ساڵی (1913ز) نوسراوه‌ته‌وه‌.
ر‌- ده‌ستنوسێكی دیوانی نالی له‌لایه‌ن مینۆرۆسكی له‌ساڵی (1913ز) نوسراوه‌ته‌وه‌.
ز‌- له‌نێو كه‌شكۆڵێكی (500 لاپه‌ره‌یی) كه‌له‌ساڵی (1919ز) نوسراوه‌ به‌شێكی دیاری شیعری نالی تێدایه‌.
س‌- ده‌ستنوسێكی دیوانی نالی كه‌له‌لایه‌ن نه‌جمه‌دین مه‌لاوه‌ نوسراوه‌ له‌ساڵی (1945ز) و شیعری نالی تێدایه‌.

- ده‌ستنووسه‌كانی دیوانی سالم
أ‌- ده‌ستنوسی یه‌كه‌می به‌رلین كه‌له‌ساڵی (1862ز) نوسراوه‌ واته‌ ئه‌و ده‌مه‌ی سالم له‌ژیاندا بوه‌.
ب‌- ده‌ستنوسی دوه‌می به‌رلین له‌ساڵی (1903ز) نوسراوه‌.
ت‌- نوسخه‌ی (نافیع مه‌زهه‌ر) 95 لاپه‌ره‌یه‌.
پ‌- نوسخه‌ی كه‌شكۆڵی حاجی مه‌حمودی یاروه‌یس 297 لاپه‌ره‌یه‌.
ج‌- نوسخه‌ی سه‌ید محه‌مه‌د سادقی حوسه‌ینی (30) لاپه‌ره‌یه‌.
ح‌- نوسخه‌ی كه‌شكۆڵی مه‌لا فه‌تاحی كاگرده‌ڵی (23) لاپه‌ره‌یه‌.
خ‌- نوسخه‌ی مه‌لا عه‌بدوڵای قزڵجی (163) لاپه‌ره‌یه‌.
د‌- نوسخه‌ی ئه‌حمه‌د ئاغا (151) لاپه‌ره‌یه‌.
ژ‌- نوسخه‌ی كتێبخانه‌ی مه‌جلیسی شورای ئیسلامی ئێران (83) لاپه‌ره‌یه‌.
ر‌- نوسخه‌ی ره‌فیق ساڵح له‌بنكه‌ی ژین.
ز‌- نوسخه‌ی پیره‌مێرد.

كتێب
- جگه‌ له‌شیعر نالی دانراوی ئاینی هه‌یه‌ (د.سه‌باح به‌رزنجی خه‌ریكی تحقیق كردنی یه‌كێكیانه‌.
سالم هیچ چه‌شنه‌ نوسراوێكی ئاینی نییه‌.

،،

 جگه‌ له‌شیعر نالی دانراوی ئاینی هه‌یه‌ (د.سه‌باح به‌رزنجی خه‌ریكی تحقیق كردنی یه‌كێكیانه‌، سالمی شاعیر هیچ چه‌شنه‌ نوسراوێكی ئاینی نییه‌.

خزم و شیعر
نالی هیچ خزم یان كه‌سێكی وه‌ك شاعیر ده‌رنه‌كه‌وتوون
- سالم ئامۆزاكه‌ی (مسته‌فا به‌گی كوردی) و برازای (كوردی) كه‌ده‌كاته‌ (حه‌مدی به‌گی ساحێبقران) شاعیر بون.

شیعر و ناوبانگ
له‌روی ژماره‌ی شیعره‌كانه‌وه‌ شیعری سالم زۆرترن به‌ڵام له‌ڕووی ناوبانگه‌وه‌ شیعره‌كانی نالی به‌ناوبانگترن.

یار
له‌نێو شیعره‌كانی نالیدا ناوی (حه‌بیبه‌) به‌زۆری ده‌رده‌كه‌وێت.
- له‌نێو شیعره‌كانی سالم هیچ ناوێكی دیار وه‌ك یاری شاعیر ده‌رناكه‌وێت.

مردن

نالی له‌ساڵی (1877ز) كۆچی دواییكردوه‌
سالم له‌ساڵی (1869ز) كۆچی دواییكردوه‌.

شوێنی مردن
- نالی له‌شارۆچكه‌ی (ئوسكۆدار) له‌ئه‌سته‌نبولی پایته‌ختی توركیا خاكی موباره‌ك كردوه‌.
سالم له‌شاری سلێمانی گۆڕستانی گردی سه‌یوانی گوڵاو كردوه‌.

پوخته‌ی دیوان
- دیوانی نالی له‌لایه‌ن (مه‌لا كه‌ریمی مدرس و فاتیح و محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم) ئاماده‌ كراوه‌ و له‌ساڵی (1976ز) چاپكراوه‌.
- دیوانی سالم له‌لایه‌ن (مه‌لا كه‌ریمی مدرس و فاتیح و محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم و سدیق سالح) ئاماده‌ كراوه‌ و له‌ساڵی (2015ز) چاپكراوه‌.

،،

دیوانی نالی له‌لایه‌ن (مه‌لا كه‌ریمی مدرس و فاتیح و محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم) ئاماده‌ كراوه‌ و له‌ساڵی (1976ز) چاپكراوه‌،  دیوانی سالم له‌لایه‌ن (مه‌لا كه‌ریمی مدرس و فاتیح و محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم و سدیق سالح) ئاماده‌ كراوه‌ و له‌ساڵی (2015ز) چاپكراوه‌.

کات
هه‌ردوو شاعیر له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بابانییه‌كان ژیاون.

. وه‌ته‌ن
نالی
ته‌بعی شه‌ككه‌رباری من، كوردی ئه‌گه‌ر ئینشا ده‌كا،
ئیمتیحانی خۆیه‌ مه‌قسوودی، له‌ عه‌مده‌ن وا ده‌كا
یا له‌ مه‌یدانی فه‌ساحه‌تدا به‌ میسلی شه‌هسه‌وار
بێ ته‌ئه‌ممول به‌و هه‌موو نه‌وعه‌ زوبانی ڕاده‌كا
كه‌س به‌ ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردییه‌ خۆكردییه‌
هه‌ركه‌سێ نادان نه‌بێ خۆی تالیبی مه‌عنا ده‌كا
بێته‌ حوجره‌م، پارچه‌ پارچه‌ی موسوه‌ده‌م بكڕێ به‌ ڕۆح،
هه‌ركه‌سێ كووتاڵ و پارچه‌ی بێ به‌ده‌ڵ سه‌ودا ده‌كا

سالم
الوداع ئه‌ی موڵكی بابان الوداع
الوداع ئه‌ی جایی جانان الوداع
موسته‌عیددم بۆ بیلادی ڕافیزی
الوِداع ئه‌ی ئه‌ھلی ئیمان الوِداع
وه‌ك ئه‌سیری توركمان ده‌مبه‌ن به‌ زۆر
الوِداع ئه‌ی شاھی خووبان الوِداع

دژی سۆفی و مه‌لا
نالی
نالی كه‌ویقاری نیه‌ بێ باكه‌ له‌خه‌ڵقی
سۆفی كه‌سلوكێكی هه‌یه‌ عوجب و ریایه‌
بنواڕه‌ وشكه‌ سۆفی و ڕه‌قسی به‌ هه‌لهه‌له‌
دیسان له‌ به‌حری وشكی هه‌وا كه‌وته‌ پێمه‌له‌

سالم
به‌ هه‌یوولا شوتوری نه‌وته‌، مه‌لا
له‌قله‌ق ئاسا له‌ق و به‌د ڕه‌وته‌، مه‌لا
عیززه‌تی هه‌رچی ئوسوولاته‌ نه‌ما
به‌سكی به‌د له‌هجه‌ و به‌د سه‌وته‌، مه‌لا
جامه‌دارانی حه‌مامن شاهید
كونی پشتی وه‌كوو ئه‌شكه‌وته‌، مه‌لا
یه‌ك ته‌ویله‌ كه‌ر، ئه‌گه‌ر هه‌مڕه‌هی بێ
هه‌مه‌جا قایم و به‌ركه‌وته‌، مه‌لا
وه‌ك دره‌ختی ڕه‌شه‌با ڕیشه‌ كه‌نیو،
هه‌ر له‌ سه‌ر تا به‌ قه‌ده‌م چه‌وته‌، مه‌لا
خایه‌یی گزگلییه‌ و نه‌وسی به‌ڕوو
شكه‌می كونده‌یی پڕ جه‌وته‌، مه‌لا

دڵداری
نالی
ده‌ستم له‌ گه‌رده‌نی خۆت هه‌ڵمه‌گره‌ ئه‌ی حه‌بیبه‌
وه‌بزانه‌ خوێنی خۆمه‌، یا میننه‌تی ڕه‌قیبه‌
سه‌ر به‌رده‌بازی ڕێته‌، ته‌ن ته‌خته‌ به‌ندی جێته‌
دڵ مه‌یلی خاكی پێته‌، ڕۆح ماڵی خۆته‌، بیبه‌
تۆ نه‌و شگوفته‌ وه‌ردی، من مایلم به‌ زه‌ردی
تۆ هه‌مسه‌رت نه‌سیمه‌، من هه‌مده‌مم له‌هیبه‌
شاهێنی دیده‌ بازه‌، مه‌ستی شه‌رابی نازه‌
دڵدار و دڵنه‌وازه‌، دڵكێش و دڵفریبه‌

گوتم: قوربانی تۆ من بم، گوتی: قوربانی تۆ سه‌گ بێ
گوتم: شیشه‌ی دڵم ناتوێ؟ گوتی: بۆچیمه‌؟ مه‌كسووره‌
خه‌راباتی دڵی نالی مه‌فه‌رموو: خاڵییه‌، نایه‌م!
به‌ مه‌رگی تۆ قه‌سه‌م، چاوم! به‌ زیكرت به‌یتی مه‌عمووره‌

- سالم
ته‌ریقی عیشقت ئه‌ز به‌رده‌م، خه‌جاڵه‌ت بم له‌ مه‌حشه‌ردا
نه‌نووسرابم له‌ پێتا، گه‌ر ئه‌زه‌ل، حه‌ك بم له‌ ده‌فته‌ردا
قوبووڵ ناكه‌م خه‌یاڵیشت له‌ناو دڵما موقیمی بێ
نه‌وا په‌ژمورده‌ بێ گوڵده‌سته‌یی حوسنت له‌ مه‌جمه‌ردا

،،

هه‌ر یه‌ك له‌نالی و سالم وه‌سفێكی ورد و جوانی دوو ئاژه‌ڵیان كردوه‌، نالی باسی (گوێدرێژ)ه‌كه‌ی و سالمیش باسی ئه‌سپه‌كه‌ی

كه‌ر و ئه‌سپ
هه‌ر یه‌ك له‌نالی و سالم وه‌سفێكی ورد و جوانی دوو ئاژه‌ڵیان كردوه‌، نالی باسی (گوێدرێژ)ه‌كه‌ی و سالمیش باسی ئه‌سپه‌كه‌ی

نالی له‌باره‌ی گوێدرێژه‌كه‌ی ده‌نووسێت
هه‌ی كه‌رێكم بوو، چ په‌یكه‌ر؟ ته‌یكه‌ری هه‌وراز و لێژ
سینه‌ پان و، مووچه‌ كورت و، شانه‌ به‌رز و، گوێ درێژ
بن زك و جه‌بهه‌ت سپی، كلك ئێستر و دامه‌ن سیا
یه‌ككه‌ تاز و، سێ بڕو، دوو باد و، شه‌ش دانگ و درێژ
كه‌له‌ وه‌ك جه‌ڕڕه‌ی شه‌رابی پر نیشات و ته‌ڕ ده‌ماغ
شێری نه‌ڕ، ئاهوویی به‌ڕ، گورگی سه‌فه‌ر، قه‌مچی نه‌چێژ
مل عه‌له‌م، شیرین قه‌له‌م، ئاھوو شكه‌م، مه‌یموون قه‌ده‌م
سم خڕ و كلك ئێستر و، مه‌نزل بڕ و، عاره‌ق نه‌ڕیژ
چه‌نده‌ پێم خۆش بوو، زوبانی حاڵی ده‌یوت نالیا
هه‌ردوو حه‌یوانین، ئه‌تۆ گوێ كورت و ئه‌منیش گوێ درێژ

سالم له‌باره‌ی ئه‌سپه‌كه‌ی ده‌نوسێت
ئه‌سپه‌كی بۆز و ترووسك و سه‌ركه‌ش و توندشیڕه‌ته‌
وا سڵه‌ گه‌ر خشپه‌ بێ جووته‌ له‌ كلكی خۆی ده‌دا
سپیه‌ سه‌رپاك موو و بژانگ و ژێرقه‌پۆز و یاڵ و دووی
گه‌نده‌ باخه‌ڵ جووته‌ پێشانی چه‌پ و ڕاست ده‌ست و پا
گه‌ر زڕنگه‌ی پڵپڵه‌ و زه‌نگی جه‌ره‌س بگھێته‌ گوێی
جووت له‌سه‌ر پاشوو ده‌وه‌ستێ میسلی ورچ دێته‌ سه‌ما
ده‌ست ئه‌به‌م زینی بكه‌م چوونكه‌ له‌ سواری عاجزه‌
بۆ له‌قه‌ خۆی خۆش ئه‌كات و مۆڕ ئه‌بێ لێم لابه‌لا
گه‌ر له‌لایێ دابه‌زم باز نییه‌تم بێ سواری بم
ئاوزه‌نگ نادا له‌ ده‌ورم دێته‌ خول وه‌ك ئاشی با
گه‌ی له‌ گوێی جۆگه‌ كه‌ بگرێ دێم به‌ توندی لێی خوڕم
تاق و جووت، جووته‌ ئه‌وه‌ند داوێژێ، پاڵوو ھه‌ڵده‌كا
كا و جۆی گه‌ر بێنمه‌ پێش وه‌ك كه‌ر ده‌لووشكێ و هێدییه‌
گه‌ر له‌غاوی بۆ به‌رم بۆ جووته‌ پاشووم تێده‌كا
وه‌ختی ئالیك ڕووبه‌ڕووی ماڵ وه‌ك شه‌ماڵ شیرینده‌وه‌
بۆ ڕێگه‌ی ته‌عجیل ئه‌وه‌ند سسته‌ ده‌ڵێی وا داوه‌شا

مه‌ی
نالی
ساقی! وه‌ره‌ ڕه‌نگین كه‌ به‌ په‌نجه‌ له‌بی ئه‌قداح
به‌م ڕاحه‌، له‌سه‌ر ڕاحه‌، ده‌ڵێن: ڕاحه‌تی ئه‌رواح

سالم
چاوه‌كه‌ت وه‌ختێ به‌ ئیما مه‌یلی جامی مه‌ی ده‌كا
ھه‌رچی مه‌ی ده‌یكا له‌گه‌ڵ ئه‌و، ئه‌و له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی ده‌كا

سنگی مێینه‌
نالی
له‌ دوگمه‌ی سوخمه‌ دوێنێ نوێژی شێوان
به‌یانی دا سفیده‌ی باخی سێوان
له‌ خه‌وفی ته‌لعه‌تی ڕۆژ هه‌روه‌كوو شێت
به‌ ڕووزه‌ردی هه‌ڵات و كه‌وته‌ كێوان

سالم
ده‌ڵێم وه‌ك قامه‌تت دڵگیره‌ سه‌رویش
ئه‌گه‌ر سیب و گوڵ و سونبول سه‌مه‌ر دا

برۆ
نالی
چاوت له‌ برۆ یه‌عنی له‌ژێر تاقی نه‌زاره‌ت
بێپه‌رده‌ عه‌یان دێته‌ ته‌كه‌للوم به‌ ئیشاره‌ت

سالم
له‌ قیبله‌ی ڕوو برۆت میحرابه‌ بۆ دڵ
به‌ له‌ب قوبله‌ت وه‌كوو جوللابه‌ بۆ دڵ

زوڵف
- نالی
خاڵی نییه‌ ڕه‌شماری دوو زوڵفت له‌ به‌ڵایێ
حه‌ڵقه‌ی شه‌ڕییان به‌ستووه‌ ھه‌ر یه‌كه‌ له‌لایێ

- سالم:
شانه‌ له‌ زوڵفت مه‌ده‌ جێی دڵی ئاواره‌یه‌
حه‌یفه‌ بڵا تێك نه‌چێ، مه‌سكه‌نی مسكین غه‌ریب

چاو
نالی
چاوه‌كه‌ت ئاگر له‌ سینه‌ی عاشقی مسكین ده‌كا
مه‌سته‌، مه‌یلی چه‌ن كه‌بابێكی دڵی خوێنین ده‌كا

سالم
تاڵانی سه‌ر و ماڵم چاوی ڕه‌شی فه‌تتانت
پابه‌ندی دڵ و دینم گێسوویی په‌رێشانت

لێو
قووتی ڕۆحه‌ لێوه‌كه‌ت یاقووت وه‌ھا ئاودار نییه‌
مه‌نعی بازاڕی عه‌قیق و له‌علی ڕوممانی ده‌كا

نالی
ماچی ده‌مه‌كه‌ی دامێ كه‌ دامێ سه‌ر و ماڵم
بنواڕه‌ چ سه‌ییاده‌، چ جه‌للاده‌ به‌ حاڵم!

سالم
له‌ب تیشنه‌یی ماچێكه‌ له‌و دامه‌نی پاكی تۆ
مانیع مه‌به‌ له‌م خێره‌، ده‌ستی من و دامانت

ده‌ست
نالی
ده‌ستم له‌ گه‌رده‌نی خۆت ھه‌ڵمه‌گره‌ ئه‌ی حه‌بیبه‌
وه‌ بزانه‌ خوێنی خۆمه‌، یا میننه‌تی ڕه‌قیبه‌

سالم
ده‌ستی من ته‌عویزه‌ بۆ ڕه‌ددی به‌ڵا
با حه‌مایل بێ له‌ ملتا، بێڵه‌ سا

په‌نجه‌
نالی
حه‌نایی كردووه‌ په‌نجه‌ی به‌ خوێناوی دڵی زارم
ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ شه‌هاده‌ت بێ كه‌ كوشته‌ی ده‌ستی دڵدارم

سالم
په‌نجه‌ بۆ ته‌سویری ئه‌برووت په‌یڕه‌ویی مانی ده‌كا
خامه‌ بۆ زه‌نجیری گێسووت عه‌نبه‌ره‌فشانی ده‌كا

،،

یه‌كێك له‌هه‌ره‌ شیعره‌ به‌ناوبانگه‌كانی نالی بریتیه‌ له‌شیعری (مه‌ستوره‌) كه‌بریتیه‌ له‌ (48) به‌یت بۆ مه‌ستوره‌ خانمی ئه‌رده‌ڵانی نوسیوه‌ و بریتیه‌ له‌وه‌سفی ته‌واوی ئه‌ندامه‌ نهێنی و شاره‌وه‌كانی و به‌م دێره‌ ده‌ست پێ ده‌كات: مه‌ستوره‌ كه‌حه‌سنا و ئه‌دیبه‌ به‌حیسابێ  هاته‌ خه‌ووم ئه‌مشه‌و به‌چ نازێك و عیتابێ

هه‌جوو
- یه‌كێك له‌هه‌ره‌ شیعره‌ به‌ناوبانگه‌كانی نالی بریتیه‌ له‌شیعری (مه‌ستوره‌) كه‌بریتیه‌ له‌ (48) به‌یت بۆ مه‌ستوره‌ خانمی ئه‌رده‌ڵانی نوسیوه‌ و بریتیه‌ له‌وه‌سفی ته‌واوی ئه‌ندامه‌ نهێنی و شاره‌وه‌كانی و به‌م دێره‌ ده‌ست پێ ده‌كات
مه‌ستوره‌ كه‌حه‌سنا و ئه‌دیبه‌ به‌حیسابێ
هاته‌ خه‌ووم ئه‌مشه‌و به‌چ نازێك و عیتابێ

- سالمیش شیعری هه‌جوی هه‌یه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ بریتیه‌ له‌(ره‌شه‌) كه‌مه‌به‌ستی سمته‌، یه‌كێكی دیكه‌ی بۆ وه‌ستا ئه‌حمه‌دی سه‌نگشكێن نوسیوه‌ و تیایدا هاتوه‌
كه‌س نه‌ڵێ پێم: ئه‌ی فڵانی! هه‌جوی سه‌نگ هه‌ڵكێش مه‌كه‌
ئاشپه‌زی هه‌جوم، به‌وه‌ڵڵاه ده‌یجنم وه‌ك كووله‌كه‌

چامه‌كان
- هه‌ردوو شاعیر دوو شاكاریان نوسیوه‌ كه‌به‌چامه‌كه‌ی (نالی و سالم) به‌ناوبانگه‌، ناوه‌رۆكی شاكاره‌كه‌ی نالی بریتیه‌ له‌پرسیار و ئه‌وه‌ی سالم بریتیه‌ له‌وه‌ڵام. پرسیار و وه‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ شار و گه‌ره‌ك و كه‌سایه‌تی دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كاته‌.
- شاكاره‌كه‌ی نالی بریتیه‌ له‌ (43) به‌یت و ئه‌وه‌ی سالم بریتیه‌ له‌ (36) به‌یت.
- له‌شاكاره‌كه‌ی نالی ناوی ئه‌م شوێنانه‌ هاتوه‌ (شاره‌زور، شیوه‌سور، سه‌رچنار، به‌كره‌جۆ، خاكو خۆڵ، سوله‌یمانی، پردی سه‌رشه‌قام، داری پیرمه‌سوور، شێخ هه‌باس، كانی با، سه‌یوان، كانێسكان، شیوی ئاودار، تانجه‌رۆ، خانه‌قا).
له‌شاكاره‌كه‌ی سالمیش ناوی هه‌مان شوێن هاتوه‌ته‌وه‌.

،،

هه‌ردوو شاعیر دوو شاكاریان نوسیوه‌ كه‌به‌چامه‌كه‌ی (نالی و سالم) به‌ناوبانگه‌، ناوه‌رۆكی شاكاره‌كه‌ی نالی بریتیه‌ له‌پرسیار و ئه‌وه‌ی سالم بریتیه‌ له‌وه‌ڵام. پرسیار و وه‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ شار و گه‌ره‌ك و كه‌سایه‌تی دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كاته‌.

وه‌سفی خۆی
نالی
به‌حری غه‌زه‌لم پڕ له‌ دوڕ و گه‌وهه‌ره‌، ئه‌مما
غه‌وواسی ده‌وێ یه‌عنی به‌ ته‌عمیقی بزانه‌
پڕدانه‌یه‌، ئه‌مما نه‌وه‌كوو دانه‌یی چه‌ڵتووك
به‌حرم وتووه‌، نه‌ك وه‌كوو گۆلی مه‌ره‌زانه‌

سالم
له‌ عیشقا هه‌ر منم هه‌مده‌رسی مه‌جنوون
له‌ سه‌برا هه‌ر منم ئوستادی ئه‌ییووب

قه‌ڵه‌م سه‌رخۆشه‌ سالم بۆ ته‌ره‌ددود
له‌ ته‌علیمی به‌لاغه‌ت میسلی مه‌ركه‌ب