غیرەی خودا و عیشق و دابڕان.

2020-12-02
عەلی عبدالصمد


گەر لەو چیرۆکە خۆشەویستیانە بڕوانین کە ڕەهەندێکی مێژوویی و ئایینیان هەیە، یاسایەکی سەیر دەبینین بۆ فیراق و ویساڵی دوو خۆشەویست، کە بەشێك لە عارفانی ئیسلامی ئەمەیان ناو ناوە غیرەی خودایی، یاسایەک بەوەی کە (قوربانی بدە بەو عیشقەی لە دڵتایە بۆ ئەوینی خودا، هەتا بەدەستی بهێنیت و پێی بگەیت)

،،
گەر بڕوانین لەنێوان خۆشەویستی ئیبراهیم و یەعقوبدا بۆ کوڕەکانیان ڕوداوێکی پێچەوانەی یەکتر ڕوو دەدات، ئیبراهیم ئازاری دابڕانی کوڕەکەی نابینێت و یەعقوبیش دەیان ساڵ بە حەسرەتی فیراقی کوڕەکەی و دیداری ئەو دەتلێتەوە.


لێرەدا ئەو یاسایە دێتە پێش کە خودا تاقیرکردنەوەیەک دەکات لەنێوان ئەم دوو پەیامبەرەیدا، بەوەی کە دەیەوێت نیشانی بدات کە کام لەم دوانە ئامادەن، ئەو عیشقەی نێو دڵیان بکەنە قوربانی لە پێناو ئەوینی خودا دا، هەتا خودا هەر زوو پەیامبەرەکانی بگەیەنێتەوە بە ئیشقەکانیان، چونکە خودا نایەوێت جگە لە ئەوینی خۆی لەنێو دڵی بەندەکانی ئەوینێکی گەورە هەبێت کە نزیک بێتەوە لە ئەوینی ئەو.


لێرەدا خودا مەبەستی ئازاردانی پەیامبەرەکانی خۆی نیە، بەڵکو دەیەوێت بە پەیامبەرەکانی بڵێت گەر من یەکەم خۆشەویست و ئەوینی بئ هاوتای ئێوە نەبم، دەبێت بە ئازاری گەیشتن بە ئەوین و عیشقێکی دیکە بتلێنەوە.

خودا داوا دەکات ئیبراهیم کوڕەکەی بکاتە قوربانی، لێرەدا وەک دکتۆر عەلی شەریعەتی دەڵێت: خودا مەبەستی کوشتنی ئیسماعیل نیە وەک ئەوەی سەدان ساڵە لەنێو کەلەپور و مێژووی ئێمەدا وا وێنە دەکرێت، بەڵکو خودا دەیەوێت ئەوە نیشان بدات ئایا ئیبراهیم ئامادەیە ئەوینی باوکێک کە ١٠٠ ساڵ لە چاوەڕوانی منداڵێکدایە بکاتە قوربانی لە پێناو خودا دا؟

،،

ئەوەبوو ئیبراهیم هەر زوو ئامادەی ئەو قوربانیدانە بوو، خوداش دوبارە بە ئەوینەکەی گەیاندەوە.

بەڵام یەعقوب لەدوای یوسف ئەم کارەی نەکردو بەردەوام دەگریا و ناڕازی بوو لەوەی کە بەسەریدا هاتبوو، قوربانی نەدا بەو ئەوینە، هێندە هۆگری یوسف ببوو لەیادی چووبوو کە خودا ئارەزووی ئەوەناکا پەیامبەرێکی بەو جۆرە هۆگری کەسێك بێت کە لەکاتێکدا خودایەکی بەو گەورەییە هەیە.

ئەوە بوو دوای دەیان ساڵ، پاشان ئەوەی بیرکەوتەوە کە هەڵەبووە کە ساڵانێك بەو جۆرە ناڕازی و خەمباربووە و ئەوینی یوسفی نەکردۆتەوە قوربانی ئەوین و خۆشەویستی خودا.

هەر بۆیە بڕیاری ئەو قوربانیەدەدا بە ئەوینی بۆ یوسف بۆ خودا و لەدوای ئەوە کارەش بە یوسف شاد دەبێتەوە.