10 زانای نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە دەکەن

2020-12-17

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، مانگی داهاتوو تیمێك کە لە 10 زانای نێودەوڵەتی پێکهاتووە گەشت بۆ شاری وهان لە وڵاتی چین دەکات بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕەگ و ڕیشەی ڤایرۆسی کۆڤید-19 بکۆڵێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، وڵاتی چین دژی لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە نەبووە، هەرچەندە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ دەستگەیشتن بە شاری وهان چەند مانگێك لە گفتوگۆدا بووە.

وا لێکدەدرێتەوە ڤایرۆسەکە لە بازاڕێکی فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵانەوە سەری هەڵدابێت. بەڵام بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی ڤایرۆسەکە بۆتە هۆی گرژی، بەتایبەتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ وڵاتی چینی بە هەوڵدان بۆ شاردنەوەی بنەڕەتی بڵاوبوونەوەی سەرەتای ڤایرۆسی کۆڤید-19 تۆمەتبار دەکات.

پسپۆڕێکی بایۆلۆژی لە تیمەکە ئاژانسی هەواڵی "Associated Press"ـی ڕاگەیاندووە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەوڵی بەشینەوەی تۆمەت نادات، بەڵکو هەوڵی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە داهاتوودا دەدات.

دکتۆر فابیان لیندێرتز ڕایگەیاند، "مەبەستی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە بە تاوانبار دانانی وڵاتێك نیە. بەڵکو مەبەست لە لێی هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەوەی چی ڕوویدا و دواتر لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە، بزانین دەتوانین لە داهاتوودا مەترسییەکە کەم بکەینەوە یان نا".

ئەوەشی خستەڕوو کە پێشبینیی دەکرێت شاندەکە ماوەی چوار یان پێنج مانگ بمێنێتەوە.

لە ڕۆژە سەرەتاکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، هۆکارەکەی بۆ "بازاڕێکی ئاژەڵی زیندوو" دەگەڕێنرایەوە و، ئاماژە بەوەش کرا کە ڤایرۆسەکە لەم بازاڕەوە لە ئاژەڵانەوە بۆ مرۆڤ گوازرابێتەوە. بەڵام لە ئێستادا شارەزایان بڕوایان وایە دەکرێت ڤایرۆسەکە لە بازاڕەکە تەنیا گەورە کرابێت.

ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییانەی میدیای وڵاتی چین ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەگەر هەیە کۆڤید-19 لە دەرەوەی چینەوە سەری هەڵدابێت.

بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن کە ڕاپۆرتەکان بێبنەمان و، ڕەنگدانەوەی نیگەرانیی نێو سەرکردایەتیی پەکینن لەبارەی ناوزڕانی وڵاتەکە لەسەر ئاستی جیهاندا بەهۆی پەتاکەوە.

و. محەمەد ڕەحمان