چیای ئەفسوناوی پیرەمەگرون

2020-12-24

شارا مستەفا


شاخى پیره‌مه‌گرون ده‌که‌وێته‌ نێوان هه‌ردوو بازنه‌ى پانى (35 34) و (35 51) له‌باکور و هه‌ردوو هێڵى درێژى (45 04) و ( 45 28) له‌ رۆژهه‌ڵات. ده‌که‌وێته‌ باکورى رۆژئاواى شارى سلێمانییه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک گوند له‌دامێنى شاخى پیره‌مه‌گرون به‌ده‌وریدا هه‌یه‌ وه‌ک گونده‌کانى کانى به‌ردینه‌، چه‌قچه‌ق، فه‌یاڵ‌، هه‌نارانى خوار و هه‌نارانى سه‌رو و قزله‌ر و شه‌ده‌ڵه‌ى سه‌ر و شه‌ده‌ڵه‌ى خوار له‌دامێنى سه‌روو.


له‌ دامێنى خوارووى سۆتکه‌، سورگاى سه‌روو، سورگاى خواروو، قه‌مه‌رتلى، دارتو، پیسکنى و داربڕو، یاڵانقۆز، گرده‌بۆر، زێوێ‌، قه‌ره‌چه‌تان، سوسێ‌، حاجى تان، سابوراوە، چاڵاخ، حاجى ئاوا، کانى شۆک.

،،

چه‌ماوه‌ى قۆقزى پیره‌مه‌گرون : له‌باکورى رۆژئاواوه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ به‌ره‌و باشورى رۆژهه‌ڵات رێژه‌ى لێژى زۆر زۆره‌ به‌تایبه‌تى به‌رووکارى سه‌رووى که‌ ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر مێرگه‌پاندا، درێژى ئه‌م چه‌ماوه‌ قۆقزه‌ ده‌گاته‌ (25کم) ئه‌مه‌ سێیه‌مین به‌رزترین شاخه‌ له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى دواى چیاى (قه‌ندیل و کونه‌کۆتر)، که‌به‌رزی لوتکه‌که‌ى ده‌گاته‌ (2616م)،.

لە ڕابردووشدا ئەو چیایە ئەفسوناوی تر بۆ خەڵکی ناوچەکە دەرکەوتووە، بە تایبه‌ت لە سەردەمی دێریندا کە هەموو شتێک بەرگی ئاینی لەبەردابووە و زۆربەی جار چیا بەرزەکان پیرۆز سەیرکراون و خەڵک قوربانی بۆ کردوون. ناوچەکە لە سەردەمێکی دێرینەوە ئاوەدان بووە و دەوروبەری چیاکە چەنین شوێنەواری تێدایە لەوانە دوو پەیەکەرە هەڵکەندراوەکەی دامێنی ئەو چیایە، کە بریتین لە میرقوڵی و ڕەبەنە کە وا دەردەکەوێت وێنەی دوو پادشای ناوچەیی سەدەکانی یەکەمی زاینی بووبێتن و لەوێدا ‌هەڵکۆڵرابن

کۆنترین ناوی ئەو چیایە بریتیە لە کینیبە/کینپا ئەو شاخە لە بنەچەدا لولوبیەکان کە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بوون، ئەو ناوەیان بۆ داناوە. چیاکە لە داستانی گەلگامێشدا ئاماژەی پێکراوە بەوەی کە لە کاتی لافاوەکەدا کەشتیەکە بەو چیایەوە گیرساوەتەوە و ئەوان بە چیای (نیموش) ناویان هێناوە.
ناوی نیموش ئەو ناوەیە کە لە بابلی سامیدا بۆ ناوە ڕەسەنەکەی کە بریتی بووە لە کینیبە، دانراوە. لەسەرچاوە دێرینەکانیشدا ئەو بۆچوونەی مێسۆپۆتامیا ڕوونکراوەتەوە کاتێک کە زیاتر لە دوو هەزار و نۆ سەد ساڵ لەمەوبەر پاشای ئاشوری، ئاشورناسیرپاڵ هێرش دەکات بۆ ناوچەی شارەزوور و ئاماژە بە شاخی پیرەمەگروون دەکات و دەڵێت

"چیای نیموش ئەو چیایەی کە لۆلۆبیەکان پێی دەڵێن کینیبە". بینینی شاخی پیرەمەگرون بۆ ئاشور بانیپاڵ گرنگ بووە بۆ سەلماندنی فراوانکردنی دەسەڵاتی و ڕۆڵی ئاینی ئەو چیایە لە سەردەمی دێریندا، بۆیە لە تێکستێکدا دەڵێت "من یەکەم پاشای ئاشوریم کە چیای ڕزگاری نوحی بابل ببینم کە کەشتیەکە دوای لافاوەکە لێی جێگیر بوو".

وەک ڕوون دەبێتەوە لە ڕابردووی دێریندا پیرەمەگرون بە شوێنی گیرسانەوەی کەشتیەکە دانراوە و شوێنێکی پیرۆز بووە. هەر چەندە سەرچاوەکانی دواتر هەموویان ئاماژە بە شاخی جودی باکوری کوردستان دەکەن کە زیاتر بەو ئەفسانەیەوە بەستراوەتەوە.

ئەوەی کە ڕوونە چیای پیرەمەگرون لە سەرەتای شارستانیەتەوە لە ناو خەڵکی ناوچەکە و خەڵکانی دەرەوەی ناوچەکەش شوێنیکی تایبەتی هەبووە. ئەم شاخە دواتر کە کەس نازانرێت بە تەواوی لە چ مێژوویەکدا، ناوەکەی گۆڕاوە بۆ پیرەمەگرون. زۆربەی سەرچاوەکان لەسەر ئەو بۆچوونەن کە ناوە نوێکە لە بنەچەدا بریتی بووە لە (پیر عومەر گودرون).
لە زمانی کوردیدا ناوەکە کورتکراوەتەوە و کراوە بە (پیرە مەگرون) کە پیرێکی یارسانی بووە و هەتاوەکو سەرەتای سەدەی بیستەم لە ناو کورد دا بە پیرێکی یارسانی ناسراو بووە. دوای ئەوەی کە ئەو پیرە لە دامێنیدا نێژراوەوە، ناوی شاخەکە لە مێژوویەکی نەزانراودا گۆڕاوە بۆ پیرەمەگروون.

لوتکەی (p2)
لە ڕوانگەی شاخەوانیەوە بە دووەم لوتکە شاخی پیرەمەگرون دیاری کراوە کە بەرزییەکەی (٢٥٦٨)مەتر لە ئاستی ڕوی دەریاوە ، ئەم لوتکەیە لە ناوچەی زێوێ پێ دەڵێن پاشکێل و لە ناوچەی مێرگەپان پێی دەڵێن گەڕی کڵاو، نزکترین ڕێگا بۆ سەرکەوتن لە ڕێگای گوندی زێوێ یە، بۆ گەیشتن بەلوتکەی (p2) پێویستی بەشارەزای و ئەزمون هەیە لەبواری بەردەوانیدا لە زستاندا سەرکەوتنی سەخترە، ئەم لوتکەیە یە لەلایەن دەستەی شاخەوانی لوتکەوە چەند جارێک بەسەر کراوەتەوە لە کەش و هەوا جیاوازەکاندا.

هاورێیانی ده‌سته‌ی لوتكه‌
كۆمه‌ڵێ شاخه‌وان، نمونه‌ی ئازایه‌تی وبوێری كۆلنه‌دان و داهێنان وبره‌ودان به‌سه‌رجه‌م وه‌رزشه‌كانی شاخه‌وانی
هاورێیه‌تیان پر به‌خشنده‌یی وجوانیه‌و هێزێكی پته‌وو رێبه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م شاخه‌وانه‌كانن
له‌ دوو كاتی جیاوازو به‌ دووچالاكی له‌كه‌ش وهه‌وای سه‌خت ودژواروپر مه‌ترسی وسه‌ركێشی دا
توانیان تابلۆی زانیاری له‌سه‌ر هه‌ردوو لوتكه‌ جێگیربكه‌ن بۆزیاتر ناساندنی پیره‌مه‌گرونی سه‌ركه‌ش
‎بۆنوسینی ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ندێ له‌‌سه‌رچاوه‌كانم له‌به‌رێز
‎سۆران حمه‌ره‌ش وه‌رگرتووه‌