سەرنجێک لەمەڕ نیشتمان و خەیاڵ ....

2021-01-04

د.عەلی زەڵمی


هاوڕێکی خۆشەویستم لەمڕۆژانەدا گۆرانیەکەی هۆشمەند عەقیلی 'وەتەن'ی بۆ ناردم لەڕێگەی ماسنجەرەوە منیش لەوەڵامدا سوپاسم کرد و بۆم نوسی کە ئێرانیەکان لە وڵاتی غەریبی روویان هەیە ئەو گۆرانیە بڵێنەوە بەڵام بەداخەوە بۆ ئێمەی کورد تەنانەت ئەو هەستەشیان لا نەهێشتوین.

ئەویش وەڵامێکی زۆرجوانی بۆ نوسیم : ' من لە خەیاڵی خۆمدا نیشتمانێکم دروست کردبوو کاتێ گوێم لە گۆرانیەکە دەگرت'.

هەروا لەمڕۆژانەدا لە شوێنێکدا لەگەڵ کوردێکی دانیشتوی ئەم شارەی کە خۆمی لێ دەژیم هەندێ قسەمان دەکرد سەبارەت بە غەریبی و نیشتمان ، ئەو وتی وەڵا من رۆژ و سەعات دەژمێرم تا رەگەزنامەی بەریتانی وەرگرم و ئیتر بۆ هەتا هەتایە ئەم وێرانە و غەریبیە بجێبهێڵم و بڕۆمەوە بۆ کوردستان.

،،
ئەم دوو بەسەرهاتە یەک شت کۆیان دەکاتەوە ئەویش مەسەلەی ' وێناکردن، خەیاڵکردن'ە ، حاڵەتی یەکەم خەیاڵکردنی هۆشیارییە کە کەسێک لە شوێنێک بێزار دەبێت یان جێگای نابێتەوە ئیتر لە خەیاڵی خۆی مەملەکەتێکی خەیاڵی بۆخۆی ساز دەکات و تێیدا دەژی، ئەم حاڵەتە ئەکرێ تۆ لە وڵاتی خۆت بژی بەڵام هەر غەریب بی. حاڵەتی دووەم تەواو پێچەوانەیە و ژیان کورت کردنەوەیە لە رابردوو و یاداوەریەکانی واتە شیوەن و گرین بۆ رابردووی شیرین. ئەمەیان حاڵەتێکی ناتەندروستە و مرۆڤ وا لێ دەکا هەمیشە لەسەر رابردوودا بژی و نەتوانێ لە ئەمڕۆدا بژی. جا ئەم حاڵەتە لە 'وێناکردن'.

خراپیەکەی ئەوەیە یان هەمیشە لەرابردوودا دەژی یان لە داهاتوودا، ناتوانی لە ئێستادا بژی. خەیاڵ دەکرێ پەناگەی ئارام بێ بۆ مرۆڤ و دەشکرێ وەهمێکی رووت و ژیانکوژ بێ.