مەلای گەورەی کۆیە

2021-01-05

ئەحمەد قادر

مەلای گەورەی کۆیە، زاناو کەڵە نوسەر و یەکێک لەپیاوە ئاقڵمەندە گەورەکانی کورد، ئەگەر چی لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی وەک کۆمەڵگەی کوردی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست ژیاوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر پێش سەردەمەکەی خۆی کەوتووە.

مامۆستا لەکاتێکدا شەرعزان ودادوەر و موفتییەکی گەورەی سەردەمەکەی خۆی بووە، لەهەمان کاتدا ڕەخنەگرێکی جدی بووە. دژی بەشێک لەو مەلا و شێخ و سەییدانەش بووە، کە دینیان کردۆتە هۆکارێک بۆ بازرگانی وخۆ دەوڵەمەند کردن و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی. ئەم زانا بەڕێز و پایە بەرزە بەشێکی زۆری شیعرەکانیشی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە و هێرشی زۆری کردووەتە سەر ئەو فێڵبازانەی بەناوی خوا و دینەوە ڕێ لەخەڵکی دەگۆڕن و چاوبەسیان ئەکەن.


ئەوەندە لێیان توڕیە کەنەفرینیان لێ ئەکا و ئەڵێ :

من یەخەی خۆم بۆیە دادەدڕم
ئێوە نابن بەهیچ و من دەمرم
ئەوەی ڕێگای لەکوردەکان گۆڕی
لەعنەتی خوا لەئەلحەد و گۆڕی

مامۆستا لەنوسین و گوفتارەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە دەبێت مرۆڤ ئەقڵ وەک پێدراوێکی خودایی بەکار بێنێت، لەبەر ئەوە ڕقێکی زۆری لەگەوجی و ناعەقڵانی بوون بووە. پشتی بەفیترەت و سروشتی پاکی منداڵان بەستووە بۆ بە درۆخستنەوەی خورافیات و شتانی نامەعقول.

(مەسعود محمەد) بیرمەندی گەورەی کورد و کوڕی (مەلای گەورە)لەبارەی ئەو تایبەتمەندییەی باوکیەوە دەڵێت:"زۆرجار بووە لە کۆڕ و کۆبونەوەکانی بابم، کە من تەمەنم ٤ - ٥ ساڵان بووە. قسەی مەیلە و کامڵانەی لێ گێڕاومەتەوە لەسەرشکێن کردنی ئەو کەسانەی بەخورافات هەڵدەخەڵەتێن" و دەڵێت :

،،

" ئێوارەیەک لە ئێوارانی مانگی ڕەمەزان و لەکاتی وتارداندا. قسەیەکی منی باس کردبوو بۆ ئاپۆڕای گوێگرانی، کە گوایە گوێ بیستی ئەوە بووم. کە کەری دەجال هێند گەورەیە لەبن هەر گوێیەکی جێگەی حەفتاهەزار جولەکە دەبێتەوە.! منیش گوتوومە : " کۆڵانی کۆیە تەسکن، ئەو کەرەیان پێدا نایەت لێ مەترسن ! باوکیشم قسەکەی کردبوو بەشایەت بۆ زێدە گەمژەیی کەسێک، کە بڕوا بەدرۆیەک بکات. کە منداڵێکیش پێ ڕازی نەبێ".

مامۆستا پیاوێکی بەغیرەت و حەق بێژ و قسە لەڕوو بووە، بۆیە لەژیانی سڵی لەدەربڕین هیچ هەڵوێستێک نەکردۆتەوە. مامۆستا مەسعود محەمەد باسێکمان بۆ دەگێڕێتەوە،دەڵێت:

" مەلیک لەهەولێر پێشوازی لێ کرا. ئێوارە بەلەدیە لەیانەی فەرمانبەران‌ داوەتێکی گێڕا لەسەر شەرەفی مەلیک. مەلا ئەفەندی و بابم بۆ داوەتەکە لە(باداوە)وە هاتن بۆ هەولێر. منیش منداڵێکی ۱۰- ۱۲ ساڵی بووم. لەخزمەتیاندا هاتم.
لەبەر دەرگای نادی ئوتۆمبیلەکەی مەلائەفەندی و ئۆتۆمبیلی موتەسەڕریفی (هەولێر) لەیەک کاتدا وەستان. موتەسەڕریف سڵاوێکی کرد و پێشی بابم و مەلا ئەفەندی کەوت. بابیشم هەنگاوی هەڵێنا و دەستی گرت و پێی گوت : " جارێ نۆرەی ئێمەیە" موتەسەڕریف، ماڵم حەقە، بەسەر خۆی نەهێنا و گوتی: " مرازم ئەوە بوو ڕێبەڵەدی بکەم، نەکا ئێوە شارەزای شوێنەکە نەبن" بابم پێی گوت : شارەزاین (نشکرکم).

مامۆستای گەورە کەسێکی بەقەناعەت و نەفس بەرز بووە، لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی ئابوری باش نەبووە و بەردەوامی فەقێ و میوانی زۆری هەبووە، بەڵام وەک مەسعود محەمەد باسی دەکات و دەڵێت : " جارێکیان خزمان لەمەلای گەورە کۆبوونەوە بۆ ئەوەی هانی بابم بدەن بچێتە بەغدا و داوای یارمەتی لەحکومەت و مەلیک بکات".
بابم لەوەڵامدا پێی گوتنەوە : " واللە، وباللە، وتاللە، بەنوکی دار عەساکەم ئاو ڕادەکێشم بۆ بن درەختێکی تینوو. هەزار جار بەلامەوە بەشەرەفترە، لەوەی لەبەر دەرگەی مەلیک یا (ڕئیس الوزراء) داوای ڕوخسەتی چوونە ژوورەوە بکەم"


دواتر بە پێکەنینەوە ئەم بەیتەی خوێندەوە :

‌ شاهی ، کە نەبێ ڕادەبوێرین بە فەقیری
بەئەهلی قەناعەت لەپڵاو خۆشترە داندووک

مامۆستا دژی خورافەی ئاینی و بابەت گەلی، وەک کەراماتی شێخ و مەشایخ و گۆڕ پەرستی و هەموو ئەو گێڕانەوە لاواز و بێ سەنەدانەش بووە، کە خزێنراوەتە ناو ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە، لەوەڵامی ئەوانەشدا، کەباوەڕیان بەفڕینی شێخ هەیە، لەبەرئەوەی خۆشەویستی خوایە دەفەرموێت :
" برام لازم نیە ئەوەی خۆشەویستی خودا بێ بفڕێ، فڕین قاعیدەی هەیە، پێغەمبەر ( د.خ )، ئەبوبەکر، عومە، عوسمان، عەلی،خۆشەویستی خودا بون نەفڕین،بەڵام"پێشکە"چۆلەکە دەفڕێ و خۆشەویستی خوداش نیە".!

مامۆستا بڕواشی وابووە،وەک چۆن ئەو دونیا گرنگەو دەبێت کاری بۆ بکەین.مرۆڤ دەبێت بۆ ژیانی دونیاش کۆشش بکات تا نەبێتە بار بەسەر کەسانی دیکەوە، لەو سۆنگەشەوە دژی هەندێک لەسۆفی و دەروێشەکان وەستاوەتەوە.

شێخ محەمەدی خاڵیش لەو بارەوە باسی نوکتەیەکی خۆش دەکات، کە لەنێوان مەلای گەورەو دەروێشێکی خۆبەعارفزان
ڕویداوە ودەنوسێت :" ڕۆژێک دەروێشێک دەچێتە سەردانی. مەلا موحەمەدیش بەخێرهاتنی دەکات و پێی دەڵێت : ماڵت لەکوێییە؟ دەروێش : " قوربان ماڵی دونیاییم ئەفەرمووی یاماڵی قیامەتیم" ؟! مەلا موحەمەدیش ئەڵێ: " کەرە ! ماڵی قیامەتیت بێ گومان جەهەننەمە. پرسیارت لێ ئەکەم لەچ دێیەک دادەنیشی؟!

ئەو بۆچونانەی مامۆستا بەمانای ئەوە نیە کەدژی هەموو شێخ و مەلاو پیاو چاکێک بوو بێت، بەڵکو تەنها مەبەستی ئەوانە بووە، کە ئاینیان بۆ مەبەستی کەسی بەکار هێناوە، ئەگەرنا ڕێزێکی زۆری هەبووە بۆ شێخان و پیاو چاکانی وەک (مەولانا خالدی نەقشبەندی و کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ ظیاء آلدین )ی نەقشبەندی. پەیوەندیشی لەگەڵ چەندین شێخی زەمانی خۆی هەبووە.

سەرچاوەکانی ئەم باسە:
٭ فڕی فڕی قەل فڕی، مەلای گەورە، ڕێکخستنەوە و پێشەکی نوسین ، م. قانع خۆرشید
٭٭ گەشتی ژیانم ، مەسعود محەمەد
٭٭٭ لەسەرگوزشتەی ژیان، شێخ موحەممەدی خاڵ