لە وولاتى من خەونیش یاساغە

2021-01-05

سەردار قادر


خەون ، خۆزگە ، لە دایك بوونمانەوە لەگەڵمان لە دایك ئەبێت ، كێ هەیە شەوێك لە سەربان بە دیار ئە ستێرەكانەوە خەونێك ، خۆزگەیەك نەیگایەنبێتە ئەوپەرى جوانى ؟؟
كێمان هەیە خەونى بە ئازادیەوە نەبینى بێت ، كێمان هەیە خەونى بە گەیشتنى بە كەنارێكى هێمن نەبینى بێت .
خەونى فەرمانبەرێك وەرگرتنى موچەكەیەتى تا خوانێكى گەرم و گور بخاتە بەردەم مناڵەكانى .
خەونى ئەو دەرچووەى زانكۆ ، دامەزراندنێتى و لە یەكەم موچەى خزمەتێك بگەیەنێتە دایە و باوەى .
خەونى پێشمەرگەیەك كە سەربەرزانە بەو شەقامەدا بروات و خەمى گیرفانى نەبێت.


خەونەكان زۆرن كامیان هاتە دى ؟؟
خەیاڵ و خەون بۆتە شەرم بۆ تاكەكان ، بۆ ئەو كەسانەى تا ئێستا ویژدان لایان زیندووە ؟؟

خەون چۆن هیجرەت ناكات كاتێك ژیان بۆتە سەربووردەى خەم و ئازار .
هەواڵى رۆژ كۆى خەونەكان وێران ئەكات
لەم ووڵاتەى مندا بێ ئومێدى بۆتە هەستى ڕۆژانەمان .
ئەمە رووخان نیە ، ئەمە كاڵ بوونەوەى چەمكەكان نیە بەس گێرانەوەى رووداوەكانى رۆژە!!!


ئەو گەنجە چۆن ئیوارە وەختێك دیاریەك بباتە یەكەم ژوانى خۆشەویستەكەى ، كە كارى نیە و بابەى خانە نشینى چاوەرێ ى موچەكەیەتى ؟؟
خەون چۆن ئەمێنێت ؟؟
ئەو میدیایە بۆتە مەنزڵگاى ناشرین كردنى ئەو سەركردە گەنجە كە باوەرى بە دەربارى سوڵتان نیە و ئامۆزاكان بوونەتە میرەكانى بابانى شارم رۆژێك عەجەم و رۆژێك ڕۆم ؟؟؟
خەونى سیاسیە گەنجەكان چۆن ئەمێنێ ؟؟؟
ئەو خۆپیشاندانە قوربانى ئەبێت و دوا وێستگەى تەنها ئەم ناوچەیەو نارواتە ئەوبەرى ووڵات ، ئیتر وەهمى گۆران و هاوار كردن ئەبێتە پرسیار لاى هەموان ؟؟
خەونى گەنجەكان چى لێ دێت ؟؟
ئەو بزاوتە بە كۆمەڵێك پاكێجەوە دێتە مەیدان و بانگەشەى گۆران لە ژیانى هەموان ئەكات و كاریزماى سەركردەیەك ئەى لاوێنێ ؟؟دواى كۆچى سەركردە و بەشدارى لە دەسەڵاتدا زۆرێك لە خەونەكان كاڵ ئەبێتەوە و پرسیار دروست ئەبێت لە سەر كۆى هەنگاوەكان .
خەون وێڵ ئەبێت ؟؟؟

ئەو رێكخراوە سیمینارێك ئەكات لە سەر مافەكانى مرۆڤ ، لە هەمان كاتدا دەنگى تەقە ئەبیسترێت و گەنجى هەژارى شارم ئەبنە قوربانى ؟؟
خەونى ئازاد بوون چى بەسەر دێت ؟


هەر خەونە هەڵئەوەرێ ، هەر ترسە لە رووى هەموان ئەبینرێت ، هەر قەڵەمەو ئەبنە خزمەتكارى دەربارى سوڵتانە گەنجەكان ، هەر سەفەرە بەرەو غەریبى ئەبێتە خەونى پرتەقاڵى ....
گەر خەونەكان بنێژرێن سەراپاى ووڵاتم ئەبێتە گۆرستان
گۆرستانى ووڵاتى من جەستەى تێدا نیە ، كۆى رەنگە جیاوازەكانى خەونە .
دارى ووڵاتى من وەك خەونى مرۆڤەكانى ووڵاتم زوو بە پاییز ئەگەن . لە بەهاهاریشدا ئەوان بێ گەشەن ؟؟
ئاوى ووڵاتى من لە هاوینیشدا ئەیبەستێت ، بە بارتەقاى خەونەكان بەستوویەتى ؟؟
لە ووڵاتى مندا ، جوانیەكان وەك خەونى مناڵیمان وایە ، كەمى دێتە دى
هەڵسانەوە بە چى ئەكرێت ؟؟