دانانی بریت ماكگۆرك بەلای توركیاوە چ واتایەك دەگەیەنێت؟

2021-01-15

ئەنكەرە پێشوازی لە دانانی بریت ماكگۆرك كە وەك هەماهەنگكاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئیدارەی بایدن نەكرد،بۆیە دەكرێت ئەو بژاردەیە لێكەوتەی گەورە لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا بەدوای خۆیدا بهێنێت.


ماكگۆرك پێشتر نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بوو لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی ئەو هاوپەیمانێتیەی لە ئیدارەكانی ئۆباما و ترامپدا دەكرد،هەروەها مامەڵەی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكرد و بەرگری لێدەكردن، هێزەكانی سوریا، یەكێنەكانی پاراستنی گەل لە خۆ دەگرێت، كە باڵی سەربازی پارتی یەكێتی دیموكراتی كوردیە، كە هاوپەیمانی پارتی كرێكارانی كوردستانە، ئەو پارتەی دوژمنی توركیایە.

،،
هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل بە هاوپەیمانی سەرەكی ئەمریكا دژی داعش مانەوە، ئەو هێزە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا هەموو هەوڵێكی بۆ لەناوبردنی داعش خستە گەڕ، هەر بەو هۆیەوە بەلانی كەمەوە 11 هەزار شەڕڤانی لە شەڕەكانی دژی داعش گیانیان لەدەستداوە.


ماكگۆرك لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2018دەستی لەكاركێشایەوە،كە ئەمەش وەك ناڕەزایەتیەك بوو لەدژی بریاری دۆناڵد ترامپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا،كاتێك ترامپ لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2019 ، دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا،تاك لایەنە فەرمانی بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سنورەكانی توركیا و سوریا كرد،دوای ئەم بڕیارەی ترامپ توركیا دەستی بە ئۆپراسیۆنی داگیركاری لە رۆژئاوای كوردستان كرد،ماكگۆرك رەخنەی توندی لەو هێرشانە گرت، كە ئەو كات وازی لە پۆستەكەشی هێنابوو، هەروەها كاتێك لەو ئۆپراسیۆنەدا سوپای توركیا تەقەیان لە هێزەكانی ئەمریكا كرد،ماكگۆرك لە تویتێكدا رایگەیاند كە ئەوە " بەهەڵە نەبووە".


هەروەها كاتێك ئەمریكا لە ئۆپراسیۆنێكی تایبەتدا، ئەبو بەكر بەغدادی لە پارێزگای ئیدلب لە باكوری خۆرئاوای سوریا كوشت، ماكگۆرك لە وتارێكی رۆژنامەی واشنتن پۆستدا ئاماژەی بەوە كرد، كە شوێنی خۆحەشاردانی بەغدادی نزیك بوو لە هێزەكانی توركیا، بۆیە پێویستە ئەنكەرە ڕوونكردنەوە لەسەر ئەو بابەتە بدات.
ماكگۆرك لەكاتی بەڕێوە بردنی پۆستە گرنگەكانی ئەمریكا، زۆرینەی كات رەخنەی لە توركیا دەگرت، لەبەرامبەریشدا توركیا ماكگۆركی بە هاوكاری كردنی پارتی كرێكارانی كوردستان تۆمەتبار دەكرد، هەروەها كاتێكیش كە پۆستی نوێی لە ئیدارەكەی بایدن پێدرا، بەرپرسێكی توركیا كە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێت، بە ماڵپەڕی " میدڵ ئێست ئای"ی وتوە كە" بەبێ هیچ گومانێك، ماكگۆرك زیان لەپەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا دەدات".


هەروەها لەسەر داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنكەرە و واشنت دوای دانانی بریت ماكگۆرك،نیكۆلاس دانفۆرس توێژەری ئەڵمانی دەڵێت:" لەكاتێكدا هۆشداری لەسەر ئەوە دەدەم كە زۆر نەچینە ناو دانانی هیچ كەسێك،بەڵام ئەوە بەڵگەیەكی دیكەیە لەسەر ئەوەی كە ئەردۆگان دۆخێكی قورس لەگەڵ ئیدارەكەی بایدن بەسەر دەبات،هەروەها بە چاوپۆشین لە ماكگۆرك، كێشە گەورەكە ئەوەیە كە زۆرینەی ئەوانەی لە حكومەتی نوێی ئەمریكادا دەست بەكاردەبن، تێڕوانینیان بەرامبەر بە توركیا هەیە".

دەشڵێت:" لە ئیدارەكەی بایدندا ئارام گرتن كەمتر دەبێت، لەسەر هەڵسوكەوتە هەمەجۆرەكانی توركیا، وەك پرسەكانی كرینی سیستەمی بەرگری روسی و دۆخی سوریا".
هەروەها سلێمان ئاوزیرین، شارەزای كاروباری توركیا لە زانكۆی جۆرج میسۆن، پێی وایە كە دانانەكە زۆر گرنگ بێت، چونكە رۆڵی بریت ماكگۆرك لە عیراق و سوریا،بەبەراورد بە بەرپرسیارێتیەكەی پێشووتری فراوانتر دەكات، هەروەها پێشبینی ئەوەش دەكات، كە ئیدارەكەی بایدن چەندین بژاردەی لەگەڵ كێشەكانی ئەردۆگان پەیرەو بكات، كە سەرەتا هەوڵی گفتوگۆ دەدات، بەڵام بە وتەی ئەو شارەزایە " كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، وەك پرسی كورد لە سوریا و ئێس 400 ، وا لە ئیدارەكەی بایدن دەكات كە ئارامگرتنی زۆر بە خێرایی كۆتایی پێبێت".


بریت ماكگۆرك، تاكە كەس نیە كە ڕەخنەی لە ئەردۆگان گرتبێت، بەڵكو سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكاش، كێشەی گەورەی لەگەڵ ئەردۆگان هەیە، تەنانەت پێشتر ئەردۆگانی بە " داپڵۆسێنەر" ناوزەند كردووە، هەروەها دەشڵێت:" كاری لە پێشینەی ئیدارەكەم بەرگری كردن لە دیموكراسی و سەروەری یاسا دەبێت".
سلێمان ئاوزیرین باس لەوەش دەكات، كە هەر مامەڵەیەكی گونجاوی ئەردۆگان هەر دەبێتە مایەی كۆتایی هاتنی و لەو بارەیەوە دەڵێت:" كێشەی ئەردۆگان لەوەدایە، ئەگرە بێت و بەڕاستی دیموكراتی پەیڕەو بكات، ئەوا واتای كۆتاییەتی".


دەشڵێت:" لەو باوەڕەدام سیاسەتی داپڵۆسینەری ئەردۆگان و سیاسەتەكانی پاڵنەری سەرەكین بۆ دروستبوونی ناكۆی لە نێوان واشنتن و ئەنكەرەدا،بەواتایەكی دیكە پێویستە ئەردۆگان بۆمانەوەی لە دەسەڵات كۆنترۆڵی گرژییەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئەمریكا بكات، هەروەها زۆر نزیكە سیاسەتی بایدن لە سوریا درێژە پێدەری سیاسەتی ئۆباما بێت، لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، وەك سەرچاوەی ئاڵۆزییەكانیان".

،،

هەروەها عەلی بەكیر، چاودێری سیاسی لە ئەنكەرە، پێی وایە كە ئیدارەكەی بایدن هەمان سیاسەتی ئۆباما جێبەجێ دەكات و دەڵێت:" ئیدارەكەی بایدن پڕ بووە لە پیاوەكانی ئۆباما، كە ئەمەش ئاڵۆزی لە رۆژهەلاتی ناوەراست دروست دەكات، هەر وەك چۆن لە ویلایەتی دووەمی ئۆبامادا ڕوویدا".


كاتێك ترامپ هاتە سەر دەسەڵات، توركیا چەندین ئۆپراسیۆنی بۆ داگیر كردنی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدا، لە ئەنجامدالە مانگی كانوونی دووەمی 2018دا شاری عەفرینی داگیر كرد، هەروەها ناوچەیەكی فراوانی دیكەشی لە ئۆكتۆبەری 2019داداگیر كرد،توركەكان دەڵێن ئەو ئۆپراسیۆنانە واقیعێكی نوێی لە سوریا هێناوەتە كایەوە، كە ماكگۆرك و ئیدارەی بایدن، ناوچەیەكی كەمیان لەبەردەستدا دەبێت بۆ مانۆڕكردن، بەكیر لەو بارەیەوە دەڵێت:" دەمەوێت بڵێم كە دانانی ماكگۆرك دەبێتە ژەهر بۆ پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا، ئەو بەردەوامە لە قوڵ كردنەوەی ناكۆكیەكانی نێوان هەردوو وڵات، هۆكارەكەشی بۆ تێروانینی تەسكی خۆی و هەڵە خوێندنەوەكانی ماكگۆرك بۆ ناوچەكە دەگەڕێتەوە.