پەیوەندی نێوان هەسەدە و ڕژێمی سوریا بە بنبەست گەیشتووە؟

2021-01-24

ئاڵۆزی و پێكدادانەكانی نێوان ڕژێمی سوریا و هەسەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان لە هەڵكشانی بەردەوامدایە، ڕۆژی شەممە پێكدادانی " پچڕ پچڕ" لە نێوان هەردوو لایەن لە قامیشلی ڕوویدا،ئەمەش ئاماژەیە كە پەیوەندی نێوانیان گەیشتۆتە بنبەست،كەئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شكستی ڕوسیا لە هێوركردنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو لایەن و پاراستنی هاوسەنگی لە نێوانیان.


ئێوارەی ڕۆژی شەممە، پێكدادانێكی پچڕ پچڕ لە نێوان میلیشیاكانی بەرگری نیشتیمانی سەر بە حكومەتی دیمەشق و هێزێكی ئاسایشی ناوخۆ " ئاسایش" ی سەر بە ئیدارەی خۆسەر لە شاری قامیشلی ڕوویدا، كە بوە هۆی ئەوەی لە هەردوو لایەن بریندار هەبێت.


نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئاسایش لە بەیاننامەیەكیدا ئاشكرای كرد، كە "میلیشیاكانی سەر بە بەرگری نیشتیمانی سەر بە ڕژێمی سوریا، هێرشیان كردۆتە سەر خاڵێكی پشكنینی هێزەكانمان، ئەمەش وای لە هێزەكانمان كردووە، وەڵامی تەقەكردنەكان بدەنەوە و بەرگری لە خاڵەكەیان بكەن".


هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە " هێزەكانی سوریا لەگەڵ نوسینگەی پەیوەندییەكانمان هەماهەنگیان كردووە، بۆ ئەوەی دۆخی شارەكە ئارام ببێتەوە، هەروەها بەڵێنیشیان داوە كە ڕێگا نەدەن میلیشیاكانی بەرگری نیشتیمانی جارێكی دیكە كاری هاوشێوە دووبارە بكەنەوە".


ناكۆكیەكانی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و ڕژێمی سوریا لە سەرانسەری پارێزگای حەسەكە، لەم دوایانەدا پەرەی سەند،دواتریش ئەم ناكۆكیانە هەموو ناوچەكانی سوریای گرتەوە،هەروەها ئەم ناكۆكیە وای كرد، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات گەمارۆی چوار گۆشەی ئەمنی رژێمی سوریا لە شارەكانی قامیشلی و حەسەكە بدەن،چونكە حكومەتی دیمەشق هەوڵی بەرتەسك كردنەوەی چەند گەڕەكێكی دەدا كە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریادا بوون.


هێزەكانی سوریا پارێزگای حەسەكەی دەوڵەمەند بە نەوت-یان كۆنترۆڵ كردووە، جگە لە چوار گۆشەی ئەمنی لە شارەكانی قامیشلی و حەسەكە، هەروەها چەندین گوندی هەردوو شارەكەیان كۆنترۆڵ كردۆتەوە، ئەمە جگە لە فەوجی 123 (فەوجی ئەستێرە)ی نزیك حەسەكە و فەوجی 154ی نزیك قامیشلی و فرۆكەخانەی قامیشلی كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019دا بوو بە بنكەیەكی ڕوسی.


هەروەها بەپێی ڕێكەوتنێك كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 لە نێوان توركیا و ڕوسیا واژۆ كرا، هێزەكانی حكومەتی دیمەشق لە چەند ناوچەیەكی سەر سنوری نێوان سوریا و توركیا جێگیر كراون، ئەم ڕێكەوتنە دوای هێرشێكی داگیركاری حكومەتی ئەنكەرە بوو.


لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت، كە پەیوەندی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و ڕژێمی سوریا بە بنبەست گەیشتووە، ئەمەش وایكردووە، كە داوا لە رژێمی سوریا بكرێت لە حەسەكە بچێتە دەرەوە.


بەڵام ئازاد حەسۆ، چاودێری سیاسی و نزیك لە هەسەدە لە لێدوانێكیدا بۆ " العربی الجدید" ئەو هەواڵانەی ڕەتكردەوە و ئاماژەی بەوە كرد، كە داواكارییەكی لەو جۆرە واتای داواكردنی جیابوونەوە، لەوبارەیەوە وتی:" ئەو كارە پێشنیاز نەكراوە، داوامان لە سوریا نەكردووە بچێتە دەرەوە، چونكە ئێمە بەشێكین لە سوریا".
لە مانگی ڕابردووەوە، پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی دیمەشق و هەسەدە پاشەكشێیەكی زۆری كرد، كە هاوكات بوو لەگەڵ داوایەكی روسیا، كە داوای لە هەسەدە كرد، ناحیەی عەین عیسا بۆ هێزەكانی حكومەتی سوریا چۆڵ بكەن،بەڵام هەسەدە داواكەی ڕەتكردەوە و بەڵێنی بەرگری لە ناحیەكەی دا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە گروپە تیرۆرستیەكانی سەر بە توركیا چەند جارێك هێرش بكەنە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەڵام سەرجەم هێرشەكانیان تێكشكێندرا.


لەلایەكی دیكەوە، ئیبراهیم موسلیم، توێژەری سیاسی و نزیك لە ئیدارەی خۆسەر، ڕایگەیاند" لەوەیە پەیوەندییەكانی نێوان كوردی سوریا و ڕژێم بە بنبەست گەیشتبێت، بەڵام پەیوەندی نێوان قامیشلی و دیمەشق نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە، چونكە كورد بەشێكە لە سوریا، ئەم ڕژێمەش ئەگەری گۆڕینی هەیە".


ئاماژەی بە هۆكاری جوڵەكانی حكومەتی دیمەشق كرد و وتی:" ڕژێمی سوریا دەیەوێت سود لە بوونی هێزەكانی توركیا ببینێت، پێی وایە سنور شكێنیەكانی میلیشیاكانی بەرگری نیشتیمانی دەچێتە سەر".


لە كۆتایشدا ئیبراهیم موسلیم وتی:" دەركردنی ڕژێم واتە ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی هەسەدەدان دەكەونە مەترسیەوە، لەوانە گەڕەكەكانی ناو شاری حەلەب و تەلرەفعەت و شاری مەنبج".