لەتەنیشتی ڕەفیق حیلمییەوە تا تەنیشتی سامی عەبدولڕەحمان

2021-01-27

هەرچەندە ئەو لەناو سەركردەكانی باڵی مەكتەبی سیاسیدا لە هەموویان توندتر بووە بەرانبەر مەلا مستەفا، بەڵام هەر زوو باڵی مەكتەبی سیاسی جێدەهێڵێت‌و دەگەڕێتەوە بۆلای مەلا مستەفا.


- خۆی‌و هاوسەرەكەی‌و دوو كوڕی چوونەتە سەركردایەتی پارتییەوە.
- لە تەمەنی حەڤدە ساڵییەوە دەچێتە ناو دنیای سیاسەت‌و كاری ڕێكخراوەییەوە.
- یەكێك دەبێت لە دامەزرێنەرانی، " كۆمەڵەی ئازادی" كە ساڵی 1935 لە سلێمانی بەنهێنی دامەزراوە.
- كۆمەڵەی ئازادی، لەپاڵ كاركردن بۆ مافە نەتەوەییەكانی كورد داوای مافە كلتورییەكانی كوردیشی كردووەو چالاكییەكانی كۆمەڵەكە زیاتر زۆرتر هونەری‌و ڕۆشنبیری بووە.
- " سدیق شاوەیس"ی باوكی نوری شاوەیس ئەندامێكی دیارو دەستەی دامەزرێنەری " كۆمەڵەی برایەتی" بووە، ئەو كۆمەڵەیەی كە لەساڵی 1937 لە سلێمانی دامەزراوەو " شێخ لەتیفی حەفیدو مەلا ئەسعەدی مەحوی‌و محەمەد قودسی" لە ئەندامە دیارەكانی بوون
هاوكات " ئیسماعیل حەقی شاوەیس"ی مامەی نوری شاوەیسیش ئەندامی دیارو دەستەی دامەزرێنەری ئەو كۆمەڵەیە بووە.
- بە وتەی كریس كۆچێرا، مەلا مستەفای بارزانیش ئەوكاتەی كە لەژێر چاودێری حكومەتدا لە سلێمانی بووە، لە كۆبوونەوەكانی ئەواندا بەشداری كردووە.
- بەرلەوەی " كۆمەڵەی برایەتی" خانەقای مەحوی بكاتە بارەگای فەرمی كۆمەڵەكە، كۆبوونەوەكانی لەماڵی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەراندا ئەنجام دەدا‌و یەكێك لە كۆبوونەوە سەرەتاییەكانی كۆمەڵەكە لەماڵی " سدیق شاوەیس"ی باوكی نووری شاوەیسدا ئەنجامدراوە.
- نوری شاوەیس، ساڵی 1922 لە بنەماڵەیەكی ناوداری شاری سلێمانی لەدایكبووەو قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو كردووە.
- ساڵی 1941 لەكۆلێژی ئەندازیاری بەغداد وەرگیراوە.
لە دامەزراندنی " كۆمەڵەی داركەر"دا بەشداری كردووە، كاتێكیش كە كۆمەڵەكە ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ " حیزبی هیوا"‌و ڕەفیق حیلمی بووەتە سەرۆكی، نوری شاوەیس بووەتە جێگری سەرۆكی حیزب‌و یوونس دڵداری شاعیریش سكرتێر بووە.
- نوری شاوەیس لە یاداشتەكانیدا دەڵێت لە مانگی مایسی ساڵی 1939 كۆبوونەوەیەكی فراوان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی كەركووك، بەغداد، سلێمانی، هەولێر، لە كەركووك بەستراو بڕیار درا ناوی " كۆمەڵەی داركەر" بگۆڕدرێت بۆ حیزبی هیوا.
- بە وتەی موكەڕەم تاڵەبانی، كە یەكێك لە ئەندامە دیارەكانی حیزبەكە بووە، حیزبی هیوا داوای مافی چارەی خۆنووسین‌و دامەزراندنی دەوڵەتێكی بۆ كورد كردووە.
- جیا لەوەی كە خۆی لە حیزبی هیوادا جێگری سەرۆك بووە، هاوكات باوكی‌و ئیسماعیل حەقی شاوەیسی مامیشی ئەندامی ئەو حیزبە بوون‌و جیا لەوەش " ناهیدەی شێخ سەلام" كە لە ساڵی 1946دا دەبێتە هاوسەری، ئەندامێكی چالاكی لقی سلێمانی حیزبی هیوا بووە.
- دەربارەی جوڵانەوەی ساڵی 1941‌و ڕاپەڕینی شێخ مەحمود لەوكاتەدا، وەفدی حیزبی هیوا، كە پێكهاتوون لە "ڕەفیق حیلمی سكرتێرو نوری شاوەیس‌و مستەفا عوزێری" نوێنەری هەولێری حیزب، دەچنە لای شێخ مەحمودی حەفید لە سیتەك‌و داوای لێدەكەن كە واز لە جوڵانەوەی چەكداری بێنێت، چونكە پێیانوابووە كە جوڵانەوەی چەكداری توانای بەردەوامبوونی نابێت

- نوری شاوەیس یەكێك لە ڕێبەرانی باڵی چەپی ناو " حیزبی هیوا" بووەو بە پێچەوانەی ڕەفیق حیلمی‌و باڵی ڕاستڕەوی ناو حیزبەوە بڕوایانوابووە كە دەبێت حیزب پەیوەندی لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتدا پتەو بكات.
- نوری شاوەیس‌و باڵی چەپی ناو حیزبی هیوا، پێیانوابووە، كە دەبێت حیزب لە ڕەفیق حیلمی‌و ماجید مستەفا ڕزگار بكرێت، ئەگەرنا حیزبەكە دەخەنە ژێر كاریگەری حكومەت‌و سیاسەتی ئینگلیزەوە.
- هەر ئەو تێڕوانینەش فاكتەری گەورەو بەهێزی لەتبوونی حیزبی هیوا بووە لە ساڵی 1945دا.
- دوای ئەوەی ناكۆكییەكانی ناو حیزبی هیوا دەگەنە لوتكەو لە ساڵی 1945 حیزب لەت دەبێت، سەركردەكانی باڵی چەپ " نوری شاوەیس‌و عەلی عەبدوڵاو جەمال حەیدەری‌و ساڵح حەیدەری" ڕێكخراوی شۆڕش دروستدەكەن، ئەو ڕێكخراوەی كە دەكرێت لەوكاتەدا بە " حیزبی شیوعی لە كوردستانی عێراق" ناو ببرێ.
- ڕێكخراوی شۆڕش، ئەوبەشەی كەچەپخوازەكانی حیزبی هیوا، نوری شاوەیس‌و هاوڕێكانی خۆیان تێدا ڕێكخست، خۆی بە حیزبێكی ماركسی – لینینی داناوەو لە ڕێكخستنیشدا پەیڕەوی بنەماكانی لینینی كردووە.

- پاش هەڵوەشاندنەوەو لەتبوونی حیزبی هیوا، "سدیق شاوەیس"ی باوكی نوری شاوەیس‌و " ئیسماعیل حەقی شاوەیس"ی مامەی كە ئەندامی حیزبی هیوا بوون،دەچێنە ناو كۆمەڵەی " ژێكاف"ەوە.
- لە 16ی ئابی ساڵی 1946 لەگەڵ سدیق شاوەیسی باوكیدا بەشداری كۆنگرەی دامەزراندنی پارتی كردووە.
- لە كۆنگرەی دووەمی پارتییەوە دەبێتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی‌و دواتر مەكتەبی سیاسی.
- لە ئازاری ساڵی 1951 بەرلەوەی كۆنگرەی دووەمی پارتی ببەسترێت، بڕیار دەدرێت كە بەرپرسیارێتی نەدرێتە هەمزە عەبدوڵای سكرتێرو ئەندامانی پێشووی سەركردایەتی پارتی‌و بڕیار دەدرێت كە لیژنەیەك بۆ بەڕێوەبردنی حیزب پێكبهێنرێت.
- نوری شاوەیس لەگەڵ هەریەكە لە ئیبراهیم ئەحمەدو عومەر دەبابەو جەلیل هۆشیارو بەكر ئیسماعیل، ئەندامی ئەو لیژنەیە دەبن.
- لە كۆنگرەی سێیەمی پارتیشدا كە ساڵی 1953 لە شاری كەركووك بەستراوە، بە ئەندامی سەركردایەتی پارتی هەڵبژێردراوە.
- پاش شۆڕشی 14ی تەمموزی ساڵی 1958 دەبێتە جێگری سەرۆكی سەندیكای ئەندازیارانی عێراق.
- لە كۆنگرەی پێنجەمی پارتیدا لەپاڵ ئەوەی كە نوری شاوەیس بۆ ئەندامی سەركردایەتی‌و دواتر بۆ مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێت، هاوكات " ناهیدەی شێخ سەلام"ی هاوسەریشی بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵدەژێردرێت‌و دەبێتە یەكەمین ئافرەت لەمێژووی پارتیدا كە دەچێتە سەركردایەتی ئەو حیزبەوە.

لە كۆنگرەی شەشی پارتیداو لە ساڵی 1964 دا، پاش توندبوونەوەی كێشەكانی نێوان مەلا مستەفاو باڵی مەكتەبی سیاسی، بەفەرمانی مەلا مستەفا بڕیاردەدرێك بە دەركردنی هەریەكە لە " ئیبراهیم ئەحمەدو نوری شاوەیس‌و مام جەلال‌و عەلی عەسكەری‌و عومەر دەبابەو حیلمی عەلی شەریف‌و نوری ئەحمەد تەهاو عەبدولڕەحمانی زەبیحی‌و عەلی عەبدوڵاو مەلا ماتۆڕ" لە حیزب.
- بەوتەی مام جەلال، برایم ئەحمەدو نوری شاوەیس‌و عەلی عەبدوڵاو نوری ئەحمەد تەها" لەناو سەركردەكانی باڵی مەكتەبی سیاسیدا، لەو كەسان بوون كە زۆر توندبوون بەرانبەر مەلا مستەفا.
- وەكو مام جەلال دەڵێ، تەنانەت نوری شاوەیس لەزۆر جێگەدا جنێو و قسەی ناشیرینی بە مەلا مستەفا دەگووت‌و عەلی عەبدوڵاو نوری شاوەیس پێیانوابووە كە دەبێت سنورێك بۆمەلا مستەفا دابنرێت‌و فێری دیسپلین بكرێت.
مام جەلال باسلەوەش دەكات نوری شاوەس ڕازی نەبووە بەوەی كە كۆمیتەیەكی بێلایەن درووست بكرێت بۆ چارەسەری كێشەكانی باڵی مەكتەبی سیاسی لەگەڵ مەلا مستەفاداو ئامادەسازی بكرێت بۆ بەستنی كۆنگرە.

- لەودەمەدا كە ناكۆكییەكان هێشتا نەگەشتوونەتە ئاستی بەرپابوونی شەڕ، بەیانێك بەمەبەستی ڕێكەوتنی باڵی مەكتەبی سیاسی لەگەڵ مەلا مستەفادا دەنووسرێت‌و مەلا مستەفا بەیانەكە ئیمزا دەكات‌و برایم ئەحمەدیش لەبری باڵی مەكتەی سیاسی ئیمزای دەكات.
- مام جەلال دەڵێت كاتێك بەیانەكەمان بە " حەبیب محەمەد كەریم‌و یەدوڵا فەیلی" دا ناردووە بۆ لای نوری شاوەیس كە ئەو كاتە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی بووە لە ماوەت تا بەیانەكە چاپ بكرێت‌و بڵاو بكرێتەوە، لەوێ لەو دوو كەسە توڕەبووەو بەیانەكەی لێوەرگرتوون‌و‌و دڕاندوویەتی‌و پارچە پارچەی كردووە.
- وەكو مام جەلال ئاماژەی پێدەدات، ڕەفتارەكەی نوری شاوەیس دەبێتە هۆی ئەوەی كە مەلا مستەفا بڵێت كە باڵی مەكتەبی سیاسی كۆنگرەو ڕێكەوتنیان ناوێت.
- هەر لەمیانی ناكۆكییەكانی نێوان باڵی مەكتەبی سیاسی‌و مەلا مستەفادا، مام جەلال لەكتێبی " دیداری تەمەن"دا باسلەوە دەكات كە نووری شاوەیس عیبارەتێكی مەشهوری هەبووە كە وتوویەتی:" ڕەشاشێك لەسەر پردەكەی ماوەت دادەنێم، یان لاشەم هەڵدەگرن، یان نایەڵم بپەڕنەوە، دەیان‌و سەدانیان لێدەخەمە خوارێ".
- سەرباری هەڵووێستی تووندی بەرانبەر مەلا مستەفا، بەڵام لەو دەمەی ناكۆكییەكانی نێوان باڵی مەكتەبی سیاسی‌و مەلا مستەفا دەگاتە ئاستی شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری، نوری شاوەیس ڕیزی مەكتەبی سیاسی جێدەهێڵێت‌و دەگەڕێتەوە بۆلای مەلا مستەفا.
- لە كۆنگرەی حەوتەمی پارتیشدا لە ساڵی 1966 بڕیار دەدرێت كە هەردوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێشوو "نوری شاوەیس‌و عەلی عەبدوڵا" بگەڕێنرێنەوە بۆ سەركردایەتی پارتی.
- لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا، نوری شاوەیس یەكێك لەو بەرپرسانە بووە كە بەردەوام دژی ئەوە بووە كە پارتی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا هەبێت.
- لەو ماوەیەشی لەگەڵ باڵی مەكتەبی سیاسیدا بووە، بەهەمانجۆر دژی ئەوە بووە كە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا ببەستن، كاتێكیش بەرپرسانی ئێران داوای ئەوەیان كردووە كە برایم ئەحمەد سەردانی شای ئێران بكات، نوری شاوەیس ناڕازایی توند لەوبارەیەوە دەردەبڕێت.
- لە ڕێكەوتننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970ی نێوان حكومەتی عێراق‌و مەلا مستەفادا، نوری شاوەیس یەكێك بووە لە ئەندامانی لیژنەی دانووستانكاری كورد.
- نوری شاوەیس یەكێك دەبێت لەو پێنج وەزیرەی كە بەپێی ڕێكەوتنی 11ی ئازار لە حكومەتی عێراقدا وەری دەگرێت‌و دەبێتە وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق.

- یەكێك دەبێت لەوانەی كە پاش ساڵێك لە هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول‌و لە بەهاری 1976 لە ئەوروپاوە سەركردایەتی كاتی پارتی " قادە موەقەتە" دروستدەكەنەوە.
لە مانگی چواری ساڵی 1976 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، سەرۆكایەتی ئەو كۆنفرانسە دەكات كە تیایدا كۆمیتەیەكی 13 كەسی بۆ بەڕێوەبردنی سەركردایەتی كاتی پارتی " قیادە موەقەتە" پێكدەهێنرێت.

- لە كۆنگرەی نۆیەمدا كە ساڵی 1979 لە ئۆردوگای زێوێ بەسترا بە ئەندامی سەركردایەتی پارتی هەڵبژێردرایەوەو هاوكات "ڕۆژ"ی كوڕیشی لەو كۆنگرەیەدا بە ئەندامی سەركرایەتی پارتی هەڵدەبژێردرێت.
- هەرچەندە لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتیدا بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت، بەڵام دووساڵ دوای كۆنگرەو لە ساڵی لەگەڵ هەریەكە لە " سامی عەبدولڕەحمان‌و عارف تەیفورو كەریم سنجاری‌و جەوهەر نامیقدا" لە پارتی جیا دەبنەوەو حیزبێك بەناوی " پارتی گەلی كوردستان" ڕادەگەیەنن‌و پاش دوو ساڵ لە ڕاگەیاندنی ئەو حیزبە لە ساڵی 1983 لە لەندەن كۆچی دوایی دەكات.
- وەكو " كرمانج گوندی" لە كتێبی " سی ساڵ خەبات‌و وڵاتێكی وێران"دا باسیدەكات، جیابوونەوەی نوری شاوەیس‌وسامی عەبدولڕەحمان لە پارتی، پەیوەندی بەو ناكۆكییانەوە هەبووە كە لەگەڵ ئیدریس بارزانیدا هەیان بووە.
- لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتییەوە لە ساڵی 1979 تا ئێستا ڕۆژ نوری شاوەیسی كوڕی نوری شاوەیس، لە سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسیی پارتیدایەو لە كۆنگرەی یازدەی پارتیشدا لە ساڵی 1993، " بروسك"ی كوڕی نوری شاوەیسیش دەبێتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی‌و ئیدی نوری شاوەیس ئەو تایبەتمەندییە وەردەگرێت كە لەژیانی سیاسی كۆمەڵگەی كوردیدا لە هیچ سیاسییەكی كۆن‌و نوێدا نەبینراوەو ڕووینەداوە كە باوك‌و دایك‌و دوو كوڕ بچنە سەركردایەتی حیزبێكی كوردییەوە.


سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

ــ دیداری تەمەن ــ مام جەلال.
ــ بزوتنەوەی نەوەیی کوردو ویستی سەربەخۆیی ــ کریس کۆچێرا ـ وەرگێڕانی ــ حەسەن ڕەستگار.
ــ پەرەسەندنی ژیانی حیزبایەتی لەکوردستانی باشوردا ــ محەمەد فاتیح.
ــ بزافی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە کوردستانی عێراق لەساڵەکانی جەنگی عێراق و ئێراندا ــ د. عەلی تەتەر..
سالار sent Today at 19:52
نوری شاوەیس، لەناو باڵی مەکتەبی سیاسیدا لە هەموویان توندتر بوو بەرانبەر مەلا مستەفا