دەربارەی دەستکێشە بێپەنجەییەکان

2021-01-31

نائۆمی کلاین

و: هێرۆ خوسرەوی

بەزەییم بە بەڕێوەبەرانی هونەر، ستایلیستەکان و ڕێکخەرانی سەکۆدا دێتەوە. دونیایەک هەوڵ، چێژ، ستراتیژیی و پارە بۆ بەرنامەڕێژیی ماناناسییەکانی سوێندخواردنی جۆ بایدن تەرخانکرا. سێبەری دەقیقی ئەرخەوانییە شاهانەکەی کامەلا هاریس. هەڵبژاردنی مارکەیەکی بچووکی دروستکراو لە نیویۆرک وەک پۆشاکی جیل بایدن بە ڕەنگی شینی دەریایی (وەک ڕێگایەک بۆ پشتوانییکردنی کەسابەتە بچووکەکان لە سەردەمی پەتادا!). عەزیزییە درێژ و پان و پۆڕەکەی بەکۆتری ئاڵتوونی یەخەبەندکراوی لەدی گاگا (چێژ و خۆشیی «هەنگەر گەیم»!).


و کەچی هەموو ئەمانە هیچ نەبوون. لەبەرئەوەی لەنێو دەموچاوە تەواو بەماسک داپۆشراوەکاندا، دەستکێشە کۆنە مشکئاساکانی بێرنی ساندەرس لەهەموویانی بردەوە، بە فراوانیی بووە بابەتی مشتومڕ، چێژ و خۆشیی، و ناردنی پەیامی وێنەیی ساتێکی مێژوویی. ئێمە دەبێت چی لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا بکەین؟ بۆچی ملیۆنان کەس پەیوەندیی بە هەر زمانێکەوە بێت پەیوەندیی بە دەستکێشەکانەوە دەکەن؟ ئایا فشاری پەتاکە بووە – هەموومان گۆشەگیریی کۆمەڵایەتییمان بە گۆشەگیرترین کەسی ناو قەرەباڵغییەکەوە هەڵدەواسین؟ ئەوە سێکسیزم و ڕاسیزم بوو، کە بێرنی برۆس (تیمی لایەنگرانی هەڵبژاردنی بێرنی لە ٢٠١٦) دووبارە شکستی لە ناسینەوەی ئەو پەیامە لادەرانە هێنا کە لە هەڵبژاردنە فاشنەکانی شکاندنی ژنانی سەقف-شوشەیی [دەربڕینێکە ئاماژەیە بە بەربەستەکانی ژنان و کەمینەکانی ناو دەوڵەتە پیشەسازییە گەورەکان، وەک ئەمریکا] هێنا؟ ئایا، وەک هاوڕێیەک لە کاتی نووسینی ئەم وشانەدا پێیگوتم، ئەمە «ئارەزووی شاراوەی جیهان بووە کە بێرنی سەرۆکمانە؟».


کەواتە، مانای میتێنۆلۆژیی (دەستکێشناسیی) هەموو ئەمانە چییە؟


وەک خەڵکانێکی دیکەی زۆر پەیوەندییان بەم ڕێکخستنە تازەیەوە کردووە، و باسیان کردووە، هێشتا زووە شتێکی لەسەر بڵێین. ئەوەی لەم نووسراوەیەدا دێن، پێنج ئەگەرن:

یەک: دەستکێشەکان وەک بڕیاری هەڵگیراو
زۆربەی تەرکیزی میدیا لەسەر خودی میتێنەکان بووە: دژەستایلە هەڵکشانەکەی دەیەی ١٩٧٠ی سەرتاپای وڵاتەکە. دەستکێشێکی بەدەست چنراو لە جیهانێکی بەرهەمهێنانی کارگەیی فراواندا. ناڕێکییەکەیان و ئەو ڕاستییەی کە بێرنی هیچ زەحمەتی بە خۆی نەداوە بڕیار لەسەر ئەوە بدات لەدویوی «جەوەکە ساردە. ئەم میتێنانە گەرمن» لەدەست بکات.
بەڵام ئەوەی کتومت گرنگە بار و چۆنایەتیی دەستکێش پۆشەکەیە: دەست لەسەر دەستدانانی تەمەڵانە، گۆشەگیریی فیزیکییانە لە قەرەباڵغییەکە. کاریگەرییەکە ئەوە نییە کە کەسێک لە ئاهەنگەکە بەجێماوە، بەڵکو، با ڕاستگۆ بین، کاریگەریی کەسێکە هیچ گرنگییەک بە چوونە ناو ئاهەنگەکە نادات.
لە ڕووداو و بەرنامەیەکدا، کە پێش هەموو شتێک، نمایشێکی یەکەی فراوانی حزبیی بوو، دەستکێشەکانی بێرنی نیشانەیەکی وەستانەوە بوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی هەرگیز لەنێو ئەم کۆدەنگییە نوخبە-کارگەییە بەرهەمهێنراوەدا جێگەیان نەبووەتەوە.
ئەوە بایکۆتکردنی خودی بۆنەکە نەبوو؛ هیچ کەس هێندەی بێرنی حەزی بە وەدەرنان و دۆڕانی ترەمپ نەدەکرد. بەڵام پاراستنێکی ڕێکوڕەوانی بڕیار بوو دەربارەی ئەوەی ڕوودەدات. ئەوانەی دەستیان خستبووە سەردەستەکانیان دەستکێشەکان بوون کە دەیانگوت: «با بزانین لەڕاستیدا چی دەکەن و پاشان دەتوانین دەربارەی یەکگرتوویی قسە بکەین».


دوو: دەستکێشەکان وەک ئاگادارکردنەوە
بەڵام شتەکە لەوەش زیاتر بوو. ئەگەر لە نزیکەوە بڕوانن، ئاگادارکردنەوەیەکی خوورییانەش هەبوو. جیهان تووشی سەرسامیی بوو لە ڕەفتاری بێرنی لە بۆنەی سوێندخواردنەکەدا، چونکە بینیان ئەو هیوایەی بەزیندوویی هێشتووەتەوە کە هێشتا ڕەتکردنەوە و دژایەتیی ئەخلاقیی بەرانبەر بە دەسەڵات و پارەی سەنتراڵیزەکراو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە – [هیوایەک] لە ساتێکدا کە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان پێیەتی.
لەو ساتەدا، کە دەستە کۆکراوەکانی بێرنی و جلوبەرگە نەگونجاو و ناڕێکەکانی پێدەچوو بڵێت: «تووڕەمان مەکەن». ئەگەر، دوای ئەو هەموو هەراوهوریا خۆشییە، کابینەکەی بایدن-هاریس هیچ هەنگاوێک بۆ گۆڕانکاریی و وەرچەرخان خەڵکەکە و بۆ جیهانێکی پڕ لە ئازار، نەنێن، ئەوا دەرەنجامی زۆری لێدەکەوێتەوە. و بەپێچەوانەی ساڵانی ئۆباما، ئەو دەرەنجامانە لە چاوەڕوانیی ساڵانێکی زۆردا نامێننەوە – چونکە ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕیی هەر لەسەرەتاوە لەناوەوەدا ئامادەیە و دەستکێشەکان لەدەست دەکات.


سێ: دەستکێشەکان وەک ویژدانی لیبڕاڵەکان
دەستکێشەکانی بێرنی بەتەنها نەبوونەتە خولیایەک لەنێو بناغە و بنچینەی سیناتۆرەکەدا، بەڵکو هەموومان کە بەحەزەوە هیوامان دەخواست ببینین ئەم جووتە دەستکێشە خورییە بەسەرپێیی ئامادەکراوە لەسەرەتای ئەم حەفتەیەدا بەسەر کتێبی موقەدەسەوە چەسپ بکرێت. ئەو میتێنانە هەروەها بوونەتە نیشانەیەکی سەرسوڕمانی نێو لیبراڵەکانیش – بەشێکی زۆری هەمان ئەو لیبڕاڵانەی بەئاشکرا هەوڵەکانیان بۆ دەمبەستن و داخستنی هەر ئەگەرێکی سەرۆکایەتیی ساندەرس تەرخانکردبوو (بە دەنگیی بەرز، بە ئاشکرا، بە تووڕەییەوە). و کەچی ئێستا ئەوان خەریکی پێشبردن و پیشاندانی مێمی دەستکێشەکان و بە خۆشحاڵیی و چێژەوە چیرۆک گەلێکی زۆر دەربارەی چۆنێتیی دروستکردنی دەستکردی دەستکێشەکان لەلایەن مامۆستایەکی (کارامەوە!) بڵاودەکەنەوە.
ئەوە چییە ڕوودەدات؟ بۆچی بێرنیی سۆسیالیستە ترسناکەکە لەناکاو دەبێتە باپیرە خۆشەویستەکەی هەموان؟ لە ئاستێکدا، زۆر سادە و سانایە: تەنانەت وەک سەرۆکی کۆمیتەی بودجە لە سێنات، ساندەرس ئێستا کەمتر هەڕەشەیە لەسەریان بەراورد بەو کاتەی کاندیدێکی سەرۆکایەتیی بوو و بەڵێنی دووبارە دابەشکردنەوەی سامان و دوورخستنەوەی سەرمایەگوازریی قازانج لەسەر کەرتی تەندروستیی دەدا. با بەجۆرێکی دیکە دەریبڕین، لای نوخبەی پارتی دیموکرات، ئاسانە بێرنیان ئەوکاتە خۆشبوێت کە میتێنە بەدەستدروستکراوەکان دابەشدەکاتەوە – خۆشیانبوێت تا ئەو کاتەی دەستی بە ملیاردێرەکان نەگات.
بەجۆرێکی دیکە، تەنانەت زۆر سوودمەندترە لێبوردەبن بەرانبەر بە باڵێکی جلشڕی حزبەکە کتومت لەبەرئەوەی ڕابەرایەتیی حزب بە تەواویی دوورە لە بناغەی چینی کرێکارەوە. لەم سیاقەدا، بەئاشکرا پێشوازیکردن و لەباوەشگرتنی بێرنی لەم دوایین بەروارەدا، ڕۆڵێکی هاوشێوەی ڕێگرییە وەرزییەکانی چەندین شێوازی پێش هەڵبژاردنی نیمچە پۆپۆلیستیی، وەک بە ئاشکرا خوراردنی ئەو خۆراکە سوورەوەکراوانەی ئێوە ڕقتان لێیەتی یاخود لەبەرکردنی جلوبەرگی خەڵکی ئاسایی.
ئەوەی کە پەیوەندیی ئێمە بە مانای میتێنەکانەوە دروستدەکان.


چوار: دەستکێشەکان وەک لاوانی شەقام
لە دەرچەکانی میدیای لیبراڵدا، حەفتەی سوێندخواردن بە سەرەگێژەیەکی گەڕانەوە بۆ سەردەمی ئۆباما دەناسرایەوە کە یەکەم خێزانی وەک جەژنەکای چینی داڤۆس، دەگواستەوە. ئایا پاسکیلی پیلۆتۆنی بایدن مەترسییەکی ئاساییش پیشان دەدات؟ کێ بوو جیل بایدنی پۆشتەکرد؟ ئایا بلوسە تەنکە فیمینیستییە بەهێزەکەی خوشکەکەی کامەلاتان بینی؟ ئەم مارکەیەی سیاسەتمەدار – وەک – ستایلی ژیان لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپدا بەشێوەیەکی فراوان باڵادەست بوو. بێگومان، کۆشکی سپیی پڕبوو لەو خەڵکە دەوڵەمەندانەی شتگەلێکی گرانبەها و ئارەزووکراویان بەکاردەهێنا و دەپۆشی. بەڵام ئەوان لایەنگرانی فاشیست و کڵاوچییە بێ شەرمەکان بوون، بۆیە زۆر خۆخەریککردن بە کڵاوەکانی میلانیا و خشڵەکانی ئیڤانکا نیگایەکی باش نەبوو.
هەموو ئەمانە ئێستا تەواوبوون. و کەچی خەمەکانی پەیوەندییە گشتییە کوشندەکان دەمێننەوە. سەرەڕای هەموو شتێک، ئێمە لەنێو پەتا و برسییەکی گەردوونیی داین بەردەوام لەبەرزبوونەوە دایە – تەنانەت سۆپەر دەوڵەمەندەکان بە فراوانیی سامانەکەیان لەم سەردەمەی مەرگی بەکۆمەڵدا، زیاتر و زیاتر هەڵکشاندووە. ئەوە ڕوون و ئاشکرایە تەنانەت ئەو خەڵکانەی لە ئاستەکانی سەرەوەی پارتی دیموکراتیشن لەوە تێدەگەن ئەگەر ئەوان دەیانەوێت بەخۆشییەوە بگەڕێنەوە «نۆرمالیتە»ی نیۆلیبراڵیی، هێشتا پێویستیان بەوەیە سەر بۆ واقیع بلەقێنن. ئەو ڕاستییەی کە بێرنی لەوێ بوو، لەنێو باڵتۆ و دەستکێشەکانی و ماسکە سەفەرییەکەیدا، هەر بەخێرایی وەک ئەم دانپیانان بە واقیعەکەدا قبوڵکرا.
بەڵام با نەخڵەتێین. لەبەرئەوەی مانایەکی دیکە و بەهێزتری دەستکێشەکان بوونی هەیە.


پێنج: دەستکێشەکان وەک چەمانەوەی جوڵە
میتێنەکان وەک دەستکێشەکان هەن. بەڵام هەروەها میتێنەکان وەک مێمیش هەن، واتا دەسەڵات بەخشینێکی سەروئاسایی بە ڕەمزگەرایی دەستکێشەکان کە پێدەچێت لەناو چەند ساتێکی گەیشتنیان بە دیمەنەکەدا، ڕووبدەن. پێش ئەوەی لەیدی گاگا سرودی نیشتمانیی بچڕێت و پێش ئەوەی بایدن نۆ جار وشەی «یەکێتیی» بەکاربهێنێت، و سێ جاری دیکەی ئیزافی وشەی «یەکخستنەوە» بەکاربهێنێت، دەستکێشەکانی بێرنی سەرتاپای ئینتەرنێتیان تەنییەوە. تەنها لەماوەی چەند سەعاتدا، بێرنی خرایە نێو هەزاران وێنەی ئایکۆنییەوە، لەسەر شێوازی شریتی فیلمەکان بەیەک دەگەیەنرایەوە و دەچووە هەر شوێنێکەوە کە دەکرا شتەکانیان پێبگات.
زۆر گرنگە لەوە تێبگەین کە ئەم جوڵەیە هیچ پەیوەندییەکی بەو شتانەوە نەبوو بێرنی ئەنجامی دان – جگە لەوەی بێرنی بێت بەو شێوەیەی دەیزانی چۆن بێت. هاوشێوەی زۆرێک لە کەمپینی هەڵبژاردنی مێژوویی خۆی لە ٢٠٢٠دا، دەسەڵاتی ڕەمزیی میتێنەکان بۆ «ئەمە» لە «نەک من، ئێمە»دا کاری دەکرد و دەجوڵایەوە، بزووتنەوە و جوڵەیەکی لەسەنتەرخستنی بزووتنەوەکان کە هەزاران ڕێکخراوی جەماوەریی و دەیان ملیۆن دەنگدەر پیشان دەدات، و هەروەها نوێنەرایەتیی ئەو سیاسەتانە دەکات کە لەلایەن زۆرینەی دەنگدەرانی دیموکراتەکانەوە پشتیوانیی کراوە – بەگوێرەی زۆربەی سەرژمێرییەکان، بەڵام هێشتا لەلایەن نوخبەی حزبەکەوە ڕەتدەکرێنەوە. [سیاسەتەکانی وەک] بیمەی تەندروستیی بۆ هەموان، بەرنامەیەکی نوێی سەوز، ڕەتکردنەوە و لێخۆشبوون لە قەرزی خوێندکاران، خوێندنی خۆڕایی، باجی سەر دەوڵەمەندان و سەدان شتی دیکە.
لە ڕۆژە گەورەکەی بایدندا، ئەو بزووتنەوەیەی نوێنەرایەتیی ئەو سیاسەتانە و ئەو بەهایانە دەکات وایکرد مانایەکی جیهانیی بەو جووتە میتێنە کۆنانە ببەخشێت. ئەمەی کرد چونکە دەیتوانی ئەمە بکات. ئەمە چەمانەوەیەکی چکۆلەی هاوڕێیانە بوو بە تەوژمێکی نەک-زۆر-هاوڕێیانە. دەڵێت ئێمە هێشتا لێرەین. ئەگەر پشتگوێمان خەن و جاری داهاتوو چیتر وەها بە ئارامیی و بێدەنگیی دانانیشین.

سەرچاوەی وەرگێڕان:

The Meaning of the Mittens (theintercept.com) https://theintercept.com/2021/01/21/inauguration-bernie-sanders-mittens/?fbclid=IwAR0quccBdIQLuhRtrb-gauRPwITI_YeIEoMOrQvlml-L-xXK47cOy-vxUm8