ئەردۆغان وەک هیتلەری نوێ

2021-02-04

فاشیزم چییە و چۆن بیناسینەوە؟

ماوەیەک پێش ئێستا وەک ڕاپرسییەک، پۆستێکی بچووکم لە فەیسبووک کرد و سێ خەسڵەتی بنچینەیی فاشیزمم دیاریکرد و پرسیم ئایا دەکرێت لەکوێدا بەگوێرەی ئەم سێ خەسڵەتە ئەردۆغان بە فاشیست یان هیتلەری نوێ لەقەڵەم بدەین؟ ئەوەی لای کۆی هاوڕێیان و بەشداربوان هاوبەش بوو، سەرەڕای تێڕوانینی جیاوازیان، بریتی بوو لە بەکارهێنانی ئیسلام وەک چەکێکی نوێی فاشیزم. بێگومان ئایین ئامرازێکی سەرەکییە لە دەستی فاشیزمدا، ئەمە بە تەنها خەسڵەتی ئەردۆغان نییە، بۆ نموونە، دامەزرێنەری ڕێبازی فاشیزم و داهێنانی ناوەکەی، بینیتۆ موسۆلینی، هەم ئەتایست و هەم بە گەنجیی، سۆسیالیست بووە و دەشڵێت بەهۆی ئەوەی نیچەی خوێندۆتەوە لە «ڤایرۆسی سۆسیالیزم» ڕزگاری بووە، بەڵام بۆ نموونە بەهۆی مەسیحییەکەوە نەبووە و سەرەڕای ئەمانەش، لەگەڵ ئەتاییزمە توندەکەیدا، هاوپەیمانی سەرسەختی مەسیحییەت بووە. هیتلەر بە شەخس وەک پاگانیستێک (بتپەرست) و کاریگەر بە پاگانیزمی نیچە، بەڵام دواجار بە دەنگی کاتۆلیکەکان لە ١٩٣٣دا دەسەڵاتی بردەوە و هەرگیز دژی دین نەوەستایەوە. لەم ڕووەوە، ئایین و بەکارهێنانی، خەسڵەتێکی دانەبڕاوی ڕژێمە فاشیستییەکان بووە. لەم ڕووەوە ئەردۆغان هێندەی لە ژەنەڕال فرانکۆی ئیسپانیی دەچێت هێندە لە موسۆلینی ناچێت، هەردوکیان دوو دینداری فەناتیک بوون، بەڵام فرانکۆ کەمتر خەونی ئیمپراتۆریەتی مەسیحیی دەبینیی، جیاواز لە ئەردۆغان، کە خەونی خەلافەتی ئیسلامیی دەبینێت. ناسینەوەی فاشیزمی تورکیی، بۆ ئێمە لە ئاستی جیهانییدا وەک چەپ و وەک کوردیش لە ناوچەکە، کە مامەڵە لەگەڵ ئەم فاشیزمەدا دەکەین و کورد هەمیشە یەکێک بووە لە قۆچەکانی قوربانیی فاشیزم لەم وڵاتەدا، کارێکی زۆر گرنگ و ژیانییە لە خەباتدا دژی ئەم ڕژێمە پەلاماردەرەی ناوچەکە. بەبێ ئەم دەستنیشانکردنە، خەباتکردن دژی فاشیزمی ئەردۆغان ئاسان نییە. پێش هەموو شتێک، پێویستە ئەم نووسراوەیە وەک نەک فاکتێک و وردەکارییەکانی ناو کۆمەڵگا، بەڵکو وەک تێزێکی تیۆریی سەیربکرێت، دەکرێت لە داهاتوودا فراوانتر بکرێت و کۆی جومگەکان بگرێتەوە.


کەواتە فاشیزم چییە؟ دەکرێت ئەردۆغان وەک هیتلەری نوێ سەیربکەین؟ بەبێگومان ئەمە پرسیارێکی زۆر قورسە، نەک ئاراستەی خوێنەران و لێکۆڵەرانی بکەم، پێش هەموان بۆخۆم قورس و هەستیارە، کاتێک سەیری کردەوە ئیمپریالیستییە عوسمانییە تازەییەکانی ئەردۆغان دەکەین، دەبێتە پرسیارێکی جددیی و تیۆریی، هیتلەر لەژێرناوی «Lebensraum»دا (کردنەوەی فەزای ژیانیی لە بەرەی خۆرهەڵاتی ئەوروپا و دەرپەڕاندنی جولەکە و سلاڤەکان و جێگیرکردنی ئەڵمانەکان و ئەڵمانیزەکردنی) خەونی بە دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتێکی نوێوە دەبینی، تا لە مۆسکۆ ستۆپی پێگیرا و خەونەکەی لەگۆڕنرا، ئەردۆغانیش، هەمان خەون دەبینێت، لە لیبیاوە بیگرە تا دەگاتە داگیرکردنی ڕۆژاڤای کوردستان و دەستێوەردانی نەرم لە هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی جوگرافیای کۆنی ئەوەی پێیدەگوترێت «میساقی میللی». بەر لە هەموو شتێک، پێویستە بۆ ساتێک واز لە پێناسەیەکی دیاریکراو و چەقبەستوو بۆ فاشیزم بهێنین و سەیری کردارەکانی ڕابەر و بزووتنەوە فاشیستییەکان بکەین تا وێنەیەکی دروستترمان هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەمیشە خۆم لە بەکارهێنانی چەمکی «فاشیزم» بۆ تورکیا و ئەردۆغان بەدوور گرتووە، چونکە یەکێک لەو بنچینانەی تۆ دەبێت کۆمەڵگا و کولتوور و سیاسەتێک بناسیتەوە کە زمانەکەی بزانیت. نەزانینی زمانی تورکیی بۆ من، هۆکارێک بووە کەمتر هەڵوەستە لەسەر ڕیشەکانی فاشیزمی تورکیی بکەم، یاخود، سەرەڕای شارەزایی و پسپۆڕیم لە فاشیزم، بەڵام خۆم لە بەکارهێنانی بۆ تورکیا بەدوور بگرم، زانینی زمانی تورکیی، مەرجی بنچینەییە بۆ ئەم پرسە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەگوێرەی چاودێرییەکانم لەڕێگای ئەو زمانە زیندوانەی دیکە کە دەیانزانم و هەمیش وەک کوردێک، کە دەستوپەنجە لەگەڵ کێشەکانی تورکیا نەرم دەکەین، لانیکەمی زانیارییم کۆکردووەتەوە پرسیار و بناغەیەکی تیۆریی دابمەزرێنم.
بێگومان، دیارە دەمەوێت خۆم لە پێناسەکردن بەدووربگرم، هەر حکومەت و ڕژێمێک لە لایەن دیکتاتۆرێکەوە دامەزرابێت و خاوەن دەسەڵاتی تەواوەتیی بێت و بەزەبری هێز نەیاران و ڕەخنەگران سەرکوت بکات و یەکەی پیشەسازیی، بازرگانیی و هتد بەدەستەوە بگرێت و جەخت لەسەر ناسیۆنالیزمێکی هێرشبەر و بەگشتیی ڕاسیستیی، بکاتەوە، بەو حکومەت و ڕژێمە دەگوترێت فاشیست. ئەمە کلاسیکترین شێوازی ناسینەوەی فاشیزمە. لەڕووی ئیتیمۆلۆژییشەوە، زاراوەی «فاشیزم» لە «فاشیۆ» (fascio)وە هاتووە کە مانای «سەفتە یان تاقمە شووڵێک» دێت، کە لە وشەی لاتینینیی «فاسێس» (Fasces) وەرگیراوە و بووە بە بناغەی فاشیزمی ئیتاڵیی، دەستە و سەفتە دار و شووڵێک بەیەکەوە بەستراونەتەوە و لە ڕۆمای کۆندا ڕەمزی دەسەڵاتدارێتیی بوو.


دەتوانین سێ خەسڵەت بۆ ناسینەوەی فاشیزم و سەرکردەی فاشیستیی دیاریبکەین کە خاڵی هاوبەشی سەرجەمی بزووتنەوە فاشیستییەکانی سەدەی بیست بوون و لە نوسخە ئیتاڵیی و ئەڵمانییەکەیدا، بەهێزترین و براوەترینیان بوون:
١. «ئەو شتانەی فاشیزم ڕەتیاندەکاتەوە»: فاشیزم دژە-لیبراڵیزم، دژە-کۆمۆنیزم، دژە-ڕۆشنگەریی و دژەگەردوونگەراییە.
٢. «ئامانجە فاشیستییەکان»: دروستکردن و دامەزراندنی دیکتاتۆرییەتێکی ناسیۆنالیستیی بۆ ڕێکخستنی پێکهاتەی ئابووریی و گۆڕینی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوەوەی کولتوورێکی مۆدێرنی خۆ-دیاریکەردا و فراوانکردنی نەتەوە بۆ نێو ئیمپراتۆریەت.
٣. «ستایلی فاشیستیی»: بریتییە لە جوانیناسیی (ئێستاتیکا)یەکی سیاسیی ڕەمزگەرایی ڕۆمانتیکیی، ئەرێنیانە ڕوانین لە توندوتیژیی، و بانگەوازکردن بۆ پیاوەتیی (نێرایەتیی)، لاوێتیی و ڕابەرایەتیی دەسەڵاتخوازی کاریزمایی[١]
لەناو هەلومەرجە هەنوکەییەکانی سەردەمی پەتا و ناڕەزایەتییەکاندا، جارێکی دیکە فاشیزم دەموچاوی خۆی پیشان دەداتەوە و دەنگی سیاسەتەکانی لە ئاستی جیهانییدا دەبیستینەوە. جاسۆن ستانلی، لە کتێبەکەیدا بەناوی «فاشیزم چۆن کاردەکات: سیاسەتی ئێمە و ئەوان» باس لەوە دەکات کە «ڕابەر دەڵێت تەنها ئەو دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و سەرجەمی نەیارە سیاسییەکانی دوژمن یان خائینن». زۆربەی لێکۆڵەران ئەوە قبوڵدەکەن فاشیزم ئایدیۆلۆژیایەکی پۆپۆلیستییە، پۆپۆلیزم، دەسەڵاتخوازیی، ناسیۆنالیزمی پەڕگیر و هتد ئاوێتە دەکات و گەز گەز بە ڕابەر، ڕەگەز و دەوڵەت باڵا دەکات و بێتمانەیی بە جەماوەر (Mass) بڵاودەکاتەوە و لەبەرانبەردا، پۆپۆلیستانە بانگەشە بۆ یەکە و یەکگرتوویی خەڵک (People) دەکات[٢].
ڕۆبەرت پاکستن، مێژوونووسی ئەمریکیی و لێکۆڵەری سیاسیی، لە کتێبە کاریگەر و ناودارەکەیدا بەناوی «توێکاریی فاشیزم» زنجیرە خەسڵەتێک بۆ سەرهەڵدانی فاشیزم ڕیزدەکات کە لەوانە بەردەوام بە نۆستالژییەوە باس لە داڕمانی کۆمەڵ، سوکایەتییکردن بە نەتەوە لەلایەن نەتەوەکانی دیکەوە، خۆقوربانیی نیشاندان دەکات و بانگەواز بۆ ڕێوڕەسمێکی ئایینییانەی یەکێتیی، وزە، و پاکێتیی دەکات و حزبێک دادەمەزرێنێت پێکهاتبێت لە میلیتاریزەکردنی خەڵک و ناسیۆنالیزەکردنی سەرجەمی جومگەکانی کۆمەڵگا، بەڵام باس لەوەش دەکات، ئەوەی دەبێتە بڕغوو و بڕبڕەی فاشیزم و ڕابەرەکەی، نوخبە نەریتییەکان و پیشەسازەکان و خاوەن بانک و سەرمایە گەورەکان و کۆنزەرڤاتیڤەکانن، هەرکاتێک ترس لە بەدەستەوەگرتن و سەرهەڵدانی دەسەڵاتی چەپ و بەهێزبوونی چینی کرێکار دروستبوو، فاشیزم سەرهەڵدەدات و ڕابەران هەمیشە خۆیان وەک دژە بەرەی چەپ دەبینن و لە لیبراڵیزمیش دەدەن، بەوەدا لاوازە و شەڕی چەپی پێناکرێت و توانای فراوانخوازیی نەماوە[٣].


هەموان دەزانن سەدەی بیستەم بە دوو گەورەترین بزووتنەوەی فاشیستیی هەژێنرا، فاشیزمی ئیتاڵیی و نازیزمی ئەڵمانیی، کە بەنزیکەیی تێکڕای ئەوروپایان خاپوور کرد و جەنگ و وێرانکارییەکانیان بە ئایدیۆلۆژیای ڕاسیستیی و بەڕێوەبردنی جینۆساید (بەتایبەت لە حاڵەتی ئەڵمانیادا) دەناسرێتەوە. لە جیهانی هاوچەرخ و سەدەی بیستویەکدا، زاراوەی فاشیزم بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، بۆ ئەمڕۆی بزووتنەوە سیاسییە ڕاستڕەوە پەڕگیرەکان بەکاردەهێنرێت. جۆرج ئۆروێل لە ١٩٤٤دا دەڵێت «زاراوەی فاشیزم بەگشتیی تەواو بێمانایە... بەگشتیی هەر کەسێکی ئینگلیز کەسێکی 'شەلاتیی و سەرسەریی وەک هاومانا بۆ فاشیست' قبوڵدەکات»[٤].
ئەوە ڕوونە یەکێک لە بناغەکانی فاشیزم بریتییە لەو ناسیۆنالیزمە پەڕگیرەی بانگەواز بۆ لەدایکبوونەوەی نەتەوەیەک تێکەڵ بە ئەفسانە، دەکات. وەک پاکستن باسی دەکات «ناسیۆنالیزمێکی حەماسیی بناغەی فاشیزمە، تێکەڵ و ئاوێتەیە بە ڕوانینی پیلانگێڕانە بۆ مێژوو» لەو شوێنەدا «خەڵکی هەڵبژێردراو بەهۆی پارتە سیاسییەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان، کەمایەتییە نەتواوەکان، بیرمەندە عەقڵانییەکان و ڕۆشنبیر و هونەرمەندانی سیاسییەوە، لاوازکراون»، فاشیزم خۆی وەک چارەسەر بۆ ئەم لاوازبوونە دەبینێت[٥]. ئەگەر ئەوەی تائێرە باسکرا، فاشیزم بێت، پرسیارەکە ئەوەیە، فاشیزمەکەی ئەردۆغان، چ فۆرمێکی فاشیزم لە تورکیا بەڕێوەدەبات؟ پێش وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت باس لەوە بکەین کە دوو سەرکەوتووترین فاشیزم لە مێژوودا، بە هەڵبژاردن هاتنە سەر حوکم، پاشان دیموکراسییان هەڵوەشاندەوە.

ئەردۆغان وەک هیتلەری نوێ؟

یەک: جەنگ دژی چاپەمەنیی
لە ٢٨ی ئابی ٢٠١٤دا ئەردۆغان بووە دوانزەم سەرۆکی تورکیا، و لەو کاتەوە بەردەوام دەسەڵاتی خۆی بەهەموو شێوەیەک درێژدەکاتەوە و لە نیسانی ٢٠١٧دا ڕیفراندۆمێک بەڕێوە دەبات بۆ دەستکاریکردنی ١٨ بەندی دەستووری تورکیا. یەکێک لە پێشنیارەکانی دەستکاریکردنی دەستوور بریتی بوو لە جێگیرکردنی سیستەمی سەرۆکایەتیی لەجیاتی سیستەمی پەرلەمانتاریی و هەروەها نەهێشتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، لەو حاڵەتەدا سەرۆک دەبێتە خاوەن کۆی دەسەڵاتەکان. پاشان ئەردۆغان دەستی ئاوەڵاتر بوو بۆ وەستانەوە دژی ئازادیی ڕا دەربڕین لە تورکیا، ئەوەش دەزانین کە هەم موسۆلینی و هەم هیتلەر، پەلاماری ڕۆژنامەی ئازادیان دا و ئەردۆغانیش هەمان کاری کرد، ئێستا تورکیا بە زیندانی گەورەی ڕۆژنامەنووسان ناسراوە. لەکاتی سەرکەوتنیدا کە گوتارەکەی بۆنی هیتلەر و موسۆلینی لێدەهات، ئەردۆغان گوتی: «هەموو ئەو گروپە مەدەنییانە لەناو دەبەین کە دژی دەوڵەت دەجوڵێنەوە»[٦]. دوای کودەتا شکستخواردوەکەی ٢٠١٦، لەسەرووی ٢٠ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران و ١٢٠ میدیا و چاپەمەنیی داخران و، ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژنامەی جمهوریەت لە نۆڤەمبەری ٢٠١٦ دەستگیرکران. «ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور» بە ئەردۆغان دەڵێت «دوژمنی ئازادیی چاپەمەنیی» و «لەژێر توێژاڵەکانی دیموکراسییدا، دیکتاتۆرییەتە هێرشبەرەکەی دەشارێتەوە»[٧]. تورکیا هەروەها دەستیکرد بە بلۆککردنی هەموو گەڕانەوە و دەستڕاگەیشتنەکان بە ویکیپیدیا تا لە ١٥ی کانوونی دوومەی ٢٠٢٠دا قەدەغەکە هەڵگیرا. هەروەها ئەردۆغان کۆمەڵە ڕێسایەکی ناساند بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یوتیوب، نێتفلیکس و تویتەر، ئەم بڕیارانەش دوای ئەوە هاتن کە بەکاربەرانی یوتیوب گاڵتەیان بە کچەکەی ئەردۆغان، ئەسرا، کردبوو[٨].

دوو: دیکتاتۆری مەجازیی
ئەدۆغان وەک دیکتاتۆرێکی مەجازییش حوکمی کردووە و کۆشک و پاڵاسێکی بەناوی «کۆشکی سپیی پەتیی» (Akay Saray) بونیادناوە کە ٥٠ دۆنم زەوییە. هەروەها دەستیکرد بە لەناوبردنی بزووتنەوەی میدیایی، میلیتاریی گولەنیی (ئیسلامیست، هەڵبەت نابێت ئەوە فەرامۆش بکەین کە گولەن و گولەنییەکان بەشێکی قوڵن لە فاشیزمی مێژوویی تورکیی و بەقوڵیی دژە-کورد و ئەرمەن) و هەروەها دوورخستنەوەی هەرچی بەرپرسانی دادوەرییە لە پۆستەکانیان بەهۆی ئایدیۆلۆژیا سیکۆلاریستییەکەیانەوە، لەبەرانبەردا لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێدان لەو شوێنانە دانران. هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی ئەردۆغان، کە پێشتر لە ٢٠١٣ بەهۆی گەندەڵییەوە دەستگیرکرابوون، لەسەردەمی ئەردۆغاندا ئازادکران، هەروەها بڕیاری دادوەریی سەبارەت بە بیلال ئەردۆغان، کوڕەکەی ئەردۆغان، لەسەر پرسی گەندەڵیی، هەڵوەشێنرایەوە.

سێ: عوسمانییەتی نوێ: خەلیفە ئەردۆغان
وەکچۆن هیتلەر ناوی «ڕابەر» (Führer) و موسۆلینی «دوچە» (Duce: ڕابەر، لە ڕیشەی لاتینیی dux) هەڵدەبژێرن کە خەسڵەتی فراوانخوازیی دەدەنە پاڵ، بۆ هیتلەر ئەڵمانیزەکردنی ئەوروپای خۆرهەڵاتیی و ناونانی ئەڵمانیا بە «ڕایشی سێیەم» (یان ئیمپراتۆریەتی سێیەم) و موسۆلینیی، زیندووکردنەوەی ئیپراتۆریەتی ڕۆمانی و زۆرجار ناوهێنانی ئیتاڵیا بە «ڕۆمای نوێ»، ئەردۆغانیش ناوی «خەلیفە» بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت و خەونی زیندووکردنەوەی خەلافەتی عوسمانیی نوێ دەدات. هەرسێ ڕابەرەکە دەزانن پێکهاتەکانی خەلافەت و ئیمپراتۆریەتە کۆنەکان باویان نەماوە، بۆیە ئاوەڵناوی «نوێ» دەدەنە پاڵ ئیمپراتۆریەتەکەیان. لەم ساڵانەی دواییدا ئەردۆغان هەمیشە هەوڵی ئەم زیندووکردنەوەیەی داوە، زیندووکردنەوەیەکی شانازیی ئیمپریالیستیی خەلافەتی عوسمانیی لە ڕەمز، کولتوور و فراوانخوازیی جوگرافیی و هەژموونی کولتووری تورکیی. کاتێک مەحمود عەباس، سەرۆکی ئیدارەی فەڵەستین سەردانی تورکیای کرد، لە جەژنێکی شێوە عوسمانیی لە کۆشکی نوێ بە کۆمەڵە پاسەوانێکی پۆشتەکراو بە جلوبەرگی دامەزرێنەرانی خەلافەتی عوسمانیی، پێشوازیی لێکرا. ناونانی ئەردۆغان بە سوڵتانی عوسمانیی لە ناوخۆ و دەرەوەدا و هەروەها هەوڵەکانی ئەو بۆ هەڵگرتنی ئەو کۆمارە سیکۆلارییەی کەمال ئەتاتورک دایمەزراند، بۆ هەموو خەڵک زانراوە و لێردە جێگای نابێتەوە. زۆر جار گوتراوە کە ئەردۆغان دەیەوێت سیستەمێکی پاشایەتیی وەک بریتانیا و شاژنە ئیلیزابێسی دووەم دابمەزرێنێت، بە پشتڕاستکردنەوەی سوڵتانییەتی عوسمانیی، ئەردۆغان وەڵامی ئەم دەنگۆیانەی داوەتەوە. یەکێک لە ئاماژەکانیش، گۆڕینی مۆزەخانەی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت کە لە ساڵی ١٩٣٤ بە بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت وەک وەک کڵێسای بیزەنتیی ئایا سۆفیا کرابوو بە مۆزەخانە و ئەردۆغان دژی یونیسکۆ، کە ئایا سۆفیای وەک ئەنجوومەنی جیهانیی کڵێساکان دانابوو، کردییەوە بە مزگەوت و دووبارە خستییەوە ناو پۆلێنی مزگەوتەکانی جیهان.

چوار: فاشیزم و قەیرانی ئابووریی
قەیرانی ئابووریی یەک بەدوای یەک کۆماری ڤایماری ئەڵمانیای دەکوتا، هیتلەر بەڵێنی ناسیۆنالیزەکردنی ئابووریی و نەدانەوەی قەرزە جەنگییەکان و دروستکردنی یەکەی کاریی دابوو، بەڵام هەموان دەزانین، لە ١٩٣٣ەوە سەدا ٧٠ی ئابووریی ئەڵمانیا نەک بۆ ستانداردی ژیان، بەڵکو بۆ پڕچەککردن و پیشەسازیی چەک تەرخانکرابوو. جەنگ ئەولەویەتی فاشیزمی ئیتاڵیی و ئەڵمانیای نازیی بوو. وەک دەرەنجامێکی کردەوە دەسەڵاتخوازییەکانی ئەردۆگان و ئایدیا نامۆ و سەیروسەمەرەکانیش سەبارەت بە سیاسەتی بڕی قازانج لەو وڵاتە، ئابووریی تورکیا بە بەردەوامیی دەخزێت و دادەکشێتەوە کە بە قەیرانی بەهای پارە و قەرز لە ٢٠١٨دا دەستیپێکرد. لەمەشدا بەراورد بە ڕایشمارکی ئەڵمانیی، تێدەگەین کە لێکچوونی زۆر لەنێوان ئەم دوو ڕژێمەدا هەیە. بۆ نموونە، پاول کروگمانی ئابووریناسی بەناوبانگ، باسی لەوە کردووە کە قەیرانی ئابووریی لە تورکیا «بریتییە لە قەیرانێکی کلاسیکی بەهای دراو-و-قەرز، جۆرێک قەیران، کە زۆرجار پێشتر بینیومانە» و «لەو کاتانەدا، چۆنایەتیی ڕابەرایەتیی لە ناکاو دەبێتە بابەتێکی مەزن و گەورە»[٩].

پێنج: جوگرافیای جەنگ: دۆست/دوژمن
بە وردبوونەوە و چاودێریکردنی سیاسەتی جیهانیی، بۆمان دەردەکەوێت ئێستا تورکیا لە ئاستی نێونەتەوەییدا تەریک و گۆشەگیر بووە و وادەردەکەوێت هاوڕێکانی لەدەستداوە، و هاوکات خاوەن کۆمەڵە دراوسێیەکە لەسەرەتاوە وەک دوژمن خۆی پیشان داون: یۆنان، قوبرس، میسر، سعودیە، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، و بەم دواییانە سعودیە بایکۆتکردنی کاڵای تورکیی ڕاگەیاندووە. بە عوسمانییەتە تازە وەهمییەکەیەوە تورکیا ئێستا خۆی لەنێو ململانێ لەگەڵ فراوانکردنی هێزەکانی بۆ ناو عێڕاق، سوریا، سەرکێشییە سەربازییەکانی لە لیبیا، پشتیوانیکردنی ئیخوان موسلمین، ململانێ لەگەڵ ئەرمینیا و زۆرتر، لەدژی یۆنان دەبینێتەوە و ئەمەش گۆشەگیرتر و دوژمندارتری دەکات.

شەش: ئەردۆلەر (ئەردۆغان+هیتلەر)
تورکیا ئێستا لە دەرەوەی دەروازەکانی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی وەستاوە و بەخێرایی بەهۆی مەترسیی سەپاندنی ئابلوقەی ئەوروپیی بەسەر وڵاتەکەدا لەلایەن ئەوروپاوە، زیاتر و زیاتر گۆشەگیر دەبێت. هەڵبەت دەبێت ئەوەش پشتڕاست بکەینەوە کە فاشیزمی تورکیی، شتێکی تازە نییە بە ئەردۆغان سەریهەڵدابێت. ئایا ئەردۆغان هیتلەری نوێیە؟ حوکمدان بۆ لێکۆڵەرانی داهاتوو هەڵدەگرم، بەڵام بە ڕوانین لە ئێستا، ئەردۆغان بەو ئاراستەیەدا دەڕوات و دەیەوێت بەڕاستیی ببێت بە هیتلەر. مستەفا کەمال ئەتاتورک جارێک گوتبووی: «جووتیار سەروەری ڕاستەقینەی تورکیایە» و ئێستا ئەمە وردە وردە خۆی دەردەخات. بیرتان نەچێت، جووتیارانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە پشتی هیتلەر و موسۆلینیی وەستان. لە داهاتوویەکی نزیکدا، دەرەنجامی دیکە دەبینین.

سەرچاوەکان


1. Prebble Ramswell Euroscepticism and the Rising Threat from the Left and Right: The Concept of Millennial Fascism. Lexington Books. p. 9.

2. Silva, Christianna. "Fascism Scholar Says U.S. Is 'Losing Its Democratic Status'". 7 September 2020.

3. Paxton, Robert (2004). The Anatomy of Fascism. Vintage Books.

4. "George Orwell: 'What is Fascism?'". Orwell.ru..

5. Paxton, Robert O. (2004) The Anatomy Of Fascism. New York: Knopf. p. 41.

6. Hürriyet Daily News. 22 June 2016. Retrieved 23 June 2016.

7. Reporters Without Borders labels Erdogan as 'enemy of press freedom'". Deutsche Welle. 2 November 2016. Retrieved 13 November 2016.

8. Shieber, Jonathan (29 April 2017). "Wikipedia has been blocked in Turkey". The Guardian. Retrieved 29 April 2017.
9. Paul Krugman (24 May 2018). "Turmoil for Turkey's Trump". The New York Times.