زیندانی كردنی ڕۆژنامەنوسان قوربانی دەستێوەردانی حیزبە لەدادگا.

2021-02-18

د. اددریس كاریتانی

نیگەرانین بەزیندانی كردنی ئازادیخوازو حەق بیژانی بادینانی سەربەرزو پڕ شكۆ، نیگەرانترین بەدەست تێوەردانی حیزب لەكاری دادگا، هەر كات دادگا لایدا كۆمەڵگا بەتەواوی دەشلەژێ‌، لەبەر گرنكی دادوەری و دادگا خودای گەورە وەصفی خۆی كردوە بەچاكترین فەرمانڕەواو دادوەر، دەفەرمویت: (ألیس الله بأحكم الحاكمین)، دادوەری كاری پیغەمبەران و نیردراوانی خودایە (يا داوود إنا جعلناك خليفة في الأرض فاحكم بين الناس بالحق ولا تتبع الهوى فيضلك عن سبيل الله)، بەداخەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شتێك نیە بەناوی سەربەخۆیی دادگا، كوردستانیش لەم حاڵەتە بەدەر نیە، دیموكراسیەت وەك پراكتیك گەڵاڵە نەبوە، تەنها بەشێوازیكی جوزئی نەبێ‌، بۆیە لەئێستادا تەواوی حكومەتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها چەند دانەیەكیان نەبێ‌ ئەوی تر هەمویان حیزب تەواو دەستی بەسەر حكومەت دا گرتوە، دەستی خستۆتە نێو تەواوی بریارەكان، حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری دەستەوەستانە لەژێر هەیمەنەی حیزب، هیچ بڕیاڕێك ناتوانی بدات بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ حیزب و بەرپرسەكانی، ئەمەش پڕۆسەی دیموكراسی پەكخستوەو هیچ ڕۆڵێكی بۆ حكومەت و دادگا نەهێشتۆتەوە. دەسەڵاتی دادوەریش لەكوردستان كەوتۆتە ژێر هەیمەنەی حیزب، سەربەخۆیی لەدەست داوە. بۆیە زیندانی كردنی ڕۆژنامەنوسانی دەڤەری سەربەرزی بادینان قوربانی دەستێوەردانی حیزبی دەسەڵاتن لەدادگا.
دادگاو ئەنجومەنی دادوەری.
دەسەڵاتی دادوەری گرنگترین دەسەڵاتە بۆ پاراستی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی تاك و كۆمەڵگا، هەروەها بەاعتبار ڕاسپیردراوی سەروەری یاسایە، هەروەها هەمو تاكەكان لەبەرامبەریدا وەك یەك وان بۆ داخوازیەكانی، قسەیەكی جوان هەیە گوتراوە (إذا كان العدل أساس الحكم، فإن استقلال القضاء اساس العدل).
شێوازی دەست تێوەردانی حیزب لە دادگا و دەسەلاتی دادوەری.
حیزب چەندەها ئامرازی جیاواز بەكار دەهێنێ‌ بۆ دەست تێوەردانی لەدادگا و دەسەلاتی دادوەری و بەحیزبی كردنی، بەتایبەتی بابەتە سیاسی و ئەمنیەكان، بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەم بوارەدا، دەردەكەوێت حیزب هەیمەنەی تەواوی بەسەر دادگا و دادوەری كردوە، هەندێك لەم خاڵانە باس دەكەم كە ئەمڕۆ كەیسی ڕۆژنامەنوسانی پێ دادگایی كران.
1- داداگاو ئەنجومەنی دادوەریان كردۆتە جیهازێك خستویانەتە ژێر دەسەڵاتی جێ‌ بەجێ‌ كردن، تاوەكو دەسەڵاتی دادوەری و دادگا سەربەخۆ نەبی. وەكو دەسەڵاتی سەربەخۆ تەماشا نەكرێ‌.
2- میزانیەی دەسەڵاتی دادوەری خراوەتە ژێر دەستی دەسەڵاتی جێ‌ بەجێ‌ كردن، واتە میزانیە لەلایەن دادوەرەكان دەدرێتە دەسەڵاتی دادوەری، ئەوانیش لەڕێی حیزبەوە وەری دەگرن، واتە چۆنیان بوی ئاوا بڕیاری پێ‌ دەر دەكەن.
3- دانانی دادوەر لەلایەن حیزبەوە بەبێ‌ پێوەری زانستی و یاسایی و تواناو استحقاقی كەسەكە. كەواتە هەمو دادوەرەكان دەبی حیزبی بن، ئینجا قەبوڵ دەكرێن.
4- دام و دەزگا قەزائیەكان سەرۆك و جیگرو بەرپرسەكانیان لەڕێی حیزبەوە دیاری دەكرین بەنمونە، سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی پارێزگاكان لەلایەن دو حیزبی دەسەڵاتەوە دانراون، نەك بەهەڵبژاردن و كەفائەی كەسی.
5- لەهەمو كەیسیك دەیان بەرپرسی حیزبی لەڕێگەی تەلەفۆن و هەڕەشەو ئامرازەكانی تر تەداخول بەكاری ڕێڕەوی دادوەری دەكەن.
گرنكترین بەشی قەزا دەسەڵاتی دادوەریە، لەم سێكتەرە گرنگە كەسی حیزبی و لاواز دادەنێن، ئازاد و سەربەخۆ نەبێ‌ لەبڕیار دان. سەرچاوە: (گفتو كۆو لیكولینەوە لەریی پەیوەندی تەلەفون لەگەل دادوەریكی بەریز ، كەنەی ویس ناوی خۆی ئاشكرا بكات).


چارەسەر:
بۆ ئەوەی سەروەری یاسا بگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەریمی كوردستان و جیتر ڕۆنامەنوس و خەڵكی ئازادیخواز بەناحەق زیندانی نەكرێن، پیویستە لەپێش هەمو سێكتەرەكان، دادوەری سەربەخۆ بێ‌، ڕێگاری یاسای و دەسەڵاتی خۆی بەتەواوی بەكار بێنێ‌ ئەمەش بەم شێوازە دەكرێت. بروانە:(مبادئ أساسية بشأن استقلال السلطة القضائية اعتمدها مؤتمر الأمم المتحدة السابع لمنع الجريمة ومعاملة المجرمين المعقود في ميلانو من 26 آب/أغسطس إلى 6 أيلول/ديسمبر 1985. كما اعتمدت ونشرت علي الملأ بموجب قراري الجمعية العامة للأمم المتحدة 40/32 المؤرخ في 29 تشرين الثاني/نوفمبر 1985، 40/146 المؤرخ في 13 كانون الأول/ديسمبر 1985.).
1- دەبێ‌ بزانین دەسەڵاتی دادوەری بنەمای ئەساسی دادپەروەریە.
2- سەربەخۆیی تەواو بدرێت بەدەسەڵاتی دادوەری.
3- ڕێگە لەهەمو دەسەڵاتێكی سیاسی و ئیداری بگیریت، دەست لەكارو باری دەسەڵاتی دادوەری وەربدەن.
4- هەمو ریگا مادی و مەعنەویەكان بنبڕ بكرین كەهەولی دەستێوەردان دەدەن لەدەسەڵاتی دادوەری.
5- دەسەڵاتی جێ‌ بەجی كردن وەزیر بی، یان سەرۆكی وڵات، نابی دەست لەكاروباری دەسەڵاتی دادوەری وەربدات.
6- گاریگەری و پاڵنەرەكانی حكومەت لاببردرێت لەسەر دەسەڵاتی دادوەری.
7- دادوەرەكان لەسەر ئەساسی پسپۆری و دانای و شارەزایی دابنرێن نەك حیزبایەتی.
8- سیستەمی هەڵبژاردنێكی پاك پەیڕەو بكری بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی دادگا و دادوەری دور لەدەست تێوەردانی حیزبی.
9- دەسەڵاتی دادوەری لەژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی جێ‌ بەجێ‌ كردن دەربهێنرێ‌.
10- دەسەڵاتی دادوەری میزانیەو بوچە تایبەتی خۆی هەبی. بروانە:( استقلال القضاء ومحنة الانتخابات، المستشار يحى الرفاعي، ص154).


د. اددریس كاریتانی – 17-2-2021.