کوردەکانی سووریا لە یاریگاوە بڵێسەی ڕاپەڕینیان جۆش دا

2021-03-12

بەهۆی سەركوتكاری و توندوتیژییەكانی ڕژێمی بەعسی سوری، حەڤدە ساڵ لەمەوبەر یەكەم پریشكی بەهاری گەلانی سوریا لە قامیشلۆ دەستیپێكرد، ئەم ڕاپەڕینە بووە بنەمایەك بۆ شۆڕش و خۆپیشاندانەكانی دواتری وڵاتی سوریا.
لە 12ی ئازاری ساڵی 2004، یاریەكی دۆستانە لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەچوو، كە خەڵكەكەی حەزێكی زۆریان بۆ سەیركردنی یارییەكەو هاندانی یانەكەیان بە ناوی جیهادەوە هەبوو، لەگەڵ وادەی دەستپێكردنی پێشبڕكێكە، لەگەڵ هەوادارانی یانەی " الفتوە" كە لە شاری دێرەزورەوە هاتبوون، لە یاریگەكە ئامادەبوون، یارییەكە لە چوار چێوەی خولی سوریا بۆ تۆپی پێ بوو.

یاریگا، پریشكی ڕاپەڕینی كوردی

چەند خولەكێك پێش دەستپێكردنی یارییەكە، هاندەرانی یانەی فتوا كە لە دێرەزورەوە هاتبوون، دروشمی سیاسیان دەوتەوە، بە شان و باڵی سەددام حسێن سەرۆكی ڕژێمی پێشووی عیراقیان هەڵدەدا، كە ئەو كات لەلایەن ئەمریكیەكانەوە دەستگیر كرابوو، هەروەها كوردیان بەوە تۆمەتبار كە وەك هەرێمی كوردستانی عیراق دەیانەوێت جیا ببنەوە و پیلانی ڕۆژئاوا جێبەجێ دەكەن.
دواتر دەسەڵاتداری حكومەتی سوریا كەوتنە نێوان جەماوەری هەردوو لا، بەڵام هەوادارانی یانەی فتوا دەستیان كرد بە بەرد هاویشتن و بە چەكی سپی هێرشیان كردە سەر هەوادارانی یانەی جیهادی كوردیی، بەڵام بەهۆی ئەوەی جەماوەرە كوردییەكە زۆر بە وردی پشكنینیان بۆ كرابوو، نەیانتوانی بەرگری لەخۆیان بكەن و وەك خۆیان وەڵامیان بدەنەوە، لە ئەنجامدا ژمارەیەكی زۆری یانەی جیهاد پێكران، شەڕ و پێكدادان لە نێوان جەماوەری هەردوولا لە یاریگاكە دەستی پێكرد، هەروەها دوای هاتنی سەلیم كبوڵ پارێزگاری حەسەكە، هێزە ئەمنیەكان بە ئەنقەست تەقەیان لە جەماوەرە كوردییەكە دەكرد، بەهۆیەوە سێ گەنجی كورد شەهید بوون و دەیانی دیكەش بریندار بوون.

هەر لەگەڵ بیستنی هەواڵەكە، كە جەماوەری یانەی جیهاد بە دەستی هێزە ئەمنیەكان دەكوژرێن، خەڵكی قامیشلۆ دوكانەكانیان داخست و بەرەو یاریگاكە بەڕێكەوتن، ناڕەزایی و توڕەیی خۆیان لەو مامەڵە دوژمنكارانەی هێزە ئەمنیەكان نیشاندا، بۆیە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هەموو شاری قامیشلۆی گرتەوە.
بۆ ڕۆژی دواتر، واتە 13ی ئازار، مانگرتنی سەرتاسەری لەشار ڕاگەیەندرا، دەیان هەزار كەس بەشدارییان لە ڕێورەسمی بەخاكسپاردنی شەهیدەكاندا كرد، بەڵام هێزە ئەمنییەكان جارێكی دیكە هێرشیان كردەوە سەر جەماوەر و ڕاستەوخۆ بە فیشەك كرانە ئامانج، بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون، كە ژن و منداڵ لە نێو شەهیداكاندا بوونی هەبوو.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕاپەڕینەكە، دەیان كەس شەهید بوون:
مەرعی محەمەد، دانیشتویەكی شاری قامیشلۆیە و بەشداری لە ڕێو ڕەسمی بەخاكسپاردنی رۆژی یەكەمی شەهیدەكان كردووە، هەروەها شایەتحاڵی ڕۆژی دووەمی خۆپیشاندانەكەیە، كە بە دەستی هێزە ئەمنیەكان دەیان كەس شەهید بون، بەڵام ئەو نەیدەزانی كە فیشەكێك بەر جەستەی ئەحمەدی كوڕی دەكەوێت كە تەمەنی 25 بەهار بوو، كە ئەو فیشەكە بۆ هەمیشە لە بینین بێ بەشی دەكات.
مەرعی دەڵێت:" ئەو ئاژاوەیە لەلایەن حكومەتی سوریاوە پیلانی بۆ دانرابوو، ئەو ڕاپەڕینە چاوی جیهانی لەسەر پرسی كورد كردەوە، خوێنی كوڕەكەم شەهیدانی دیكە، سەرەتایەك بوو بۆ ڕێكخستن و سەرهەڵدانی شۆڕشێك دژ بە رژێمی سوریا، كە ئەمەش لە ساڵی 2012 هاتە دی و شۆڕشی رۆژئاڤا سەری هەڵدا".
لە بارەی ئاماری شەهیدانی راپەڕینەكە، بزوتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتی لە ساڵی 2017دا ئاشكرای كرد، كە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنیەكانەوە ژمارەی قورنیانیان گەیشتۆتە 40 شەهید، هەروەها چەندین كەسیش دەستگیركراون و لە زیندانەكاندا ئەشكەنجە دراون.


ڕاپەڕینەكە شكاندنی تۆقی ترس بوو:

ئەو ڕاپەڕینە بووە یەكەمین سەرهەڵدان دژی ڕژێمی بەعس كە لە ساڵی 1963ەوە هاتونەتە سەر حوكم، هەروەها بەهۆی شەهید كردنی چەندین لاوی كورد لە قامیشلۆ، خۆپیشاندان و ناڕەزایی شارەكانی دێریك و عامودا و حەسەكە و عەفرین و كۆبانێ و گەڕەكە كوردییەكانی رەقە و حەلەبی گرتەوە.
ئەمە یەكەمین جار بوو، كە ڕاپەرین لە دژی بەعس سەر هەڵبدات، راپەرینەكە لە 13ی ئادار گەیشتە دڵی دەسەڵات و گەیشتە دیمەشق، خەڵكی ڕاپەڕیو داوایان لە حكومەتی سوریا كرد، كە دان بە مافی گەلی كوردا بنێت و كوشتنی كورد ڕابگرێت، هەروەها دەستگیر كراوان ئازاد بكات، بەڵام وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی، ڕژێمی بەعس بە بەكارهێنانی چەك و توندوتیژی وەڵامی خەڵكی دایەوە.
هەروەها خەڵكی ڕاپەڕیوی شارەكانی دەرباسیە و عامودا، كە دەكەونە ئەوپەڕی باكوری وڵاتەوە، پەیكەری حافز ئەسەدییان لە هەردوو شارەكە شكاند، بەڵام هێزەكان لەوێش توندوتیژیان دژی خۆپیشاندەران بەكارهێنا.

حكومەتی سوریا هەڵمەتێكی ڕەشبگیری دەستپێكرد:

حكومەتی سوریا بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەكە، هێزێكی زۆری هێنایە ناو شارەكان، دەستی بە هەڵمەتی دەستگیر كردن و هەڵكوتانە سەر ماڵان كرد، ئەم ڕەشبگیریە هەموو شارە كوردییەكانی گرتەوە،بەشێوەیەك ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای دەكات، كە ژمارەی دەستگیر كراوان گەیشتۆتە 5 هەزار دەستگیر كراو.
هەر لە درێژەی ڕەشبگیرییەكە، حكومەتی سوریا یاسا و دادگاكانی لە دژی خەڵكی ڕاپەڕیو بەكارهێنا، بەشێوەیەك هەندێك لە دەستگیر كراوانی بە 20 بۆ 30 ساڵ بە بەند كردن سزا دا، هەروەها بە وتەی كەسوكاریان، هەندێك لە دەستگیر كراوەكان لەژێر ئەشكەنجەدا شەهید بوون.


ڕاپەڕینەكە بنەمایەك بوو بۆ بەهاری گەلانی سوریا:
ئەو ڕاپەڕینە كە لە قامیشلۆ دەستی پێكرد و سەرجەم شارەكانی گرتەوە، بووە بنەما و پێوەرێك بۆ ئەوەی كاری ڕێكخستن و شۆڕشگێڕی لە رۆژئاوا دەست پێبكات، بە چەندین ڕێگای جیاواز لە شارەكانی رۆژئاڤا چالاكیان ئەنجامدەدا، هەروەها ئامادەكارییان بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشێكی نوێ دەكرد.
دوای 6 ساڵ لەو ڕاپەڕینە، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیان بە خۆپیشاندان و شۆڕش كرد و دژی تاقمی فەرمانڕەوا راپەرین، سەرەتا گەلانی تونس و میسر و لیبیا و یەمەن شۆڕشیان كردو فەرمانڕەوای وڵاتەکانیان لەسەر کار لادا.
دوای شەش ساڵ لەو ڕاپەڕینە، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیان بە خۆپیشاندان و شۆڕش كرد و دژی تاقمی فەرمانڕەوا راپەرین، سەرەتا گەلانی تونس و میسر و لیبیا و یەمەن شۆڕشیان كرد و فەرمانڕەوی وڵاتەكەیان لەسەر كورسی لادا، دواتر گەلانی سوریا لە 15ی ئازاری 2011 ڕژانە ناو مەیدانەكان و داوای ئازادییان دەكرد، كە هەمان داواكاری ڕاپەڕینەكەی قامیشلۆ بوو.
ڕاپەڕینی 2004 بووە بنەما و پریشكێك بۆ شۆڕی 19ی تەموزی رۆژئاوا، كە داوای ئازادی و دیموكراتی و دادپەروەریان دەكرد، لە ماوەی ئەو حەوت رۆژەدا گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ نەهاتەدی، هەتا سەرهەڵدانی شۆڕشی رۆژئاوا كە لە 19ی تەموزی 2012 لە كۆبانێ-ەوە سەری هەڵدا.