سەردەمی زێڕینی گەلی کورد

2021-03-13

د. حسەین محەمەد عەزیز

ئاشکرایە، لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانەوە، دەوڵەتە زلهێزە براوەکانی جەنگ، لە پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا، باشووری (کوردستان)یان، بە (عێراق)ی عەرەبییەوە لکاند. لە ماوەی ئەو (33) ساڵەدا (1925-1958)، دانیان بە هێندێ لە مافە سەرەتاییەکانی گەلی کورددا نا، بەڵام بایی هێندە نەبوو، گوزارە لە ئاماج و مافە ڕەوا ستراتیژییە نەتەوەیی و رامیارییەکانی گەلی کورد بکا.
گەر کەمێ لە مێژووی ئەم (63) ساڵەی نێوان (1958-2021)ی باشووری (کوردستان)یش وردبینەوە، بە سەر چەن قۆناغێکی مێژووییدا دابەشیکەین و بە کورتیی، لێی بدوێین، بە چاوێکی بێلایەنانە و بە ویژدانانە هەڵیسەنگێنین، ئەوا زۆر شتمان بۆ ڕووندەبێتەوە.


1. قۆناغی (1958-1961)
لە ئەم قۆناغەدا، لە چاو قۆناغی نێوان ساڵانی (1925-1958)، هێندێ گۆڕانکاریی گرنگ، لە ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاریی (کوردستان)دا ڕوویداوە. چونکە دوای کۆدەتاکەی ڕۆژی (14. 7. 1958)، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق)، بە شێوەیەکی فەرمیی، دانیان بە هێندێ لە مافەکانی کورددا ناوە. بۆ نموونە: لە دەستووردا نووسیویانە: کورد و عەرەب لە کۆماری (عێراق)دا هاوبەشن. مۆڵەتی کارکردنی فەرمییان، بە (پارتی دێمۆکراتی کوردستان) دا. ڕێیان بە سەرۆکی (پارتیی) و گەلی کورد (مەلامستەفا) دا، بۆ زێد و نیشتمانەکەی خۆی بگەڕێتەوە. گەلێ ڕۆژنامە و گۆڤار، بە زمانی کوردیی دەرچوو. بەڵام زۆری نەخایاند، ئەم قۆناغەش پێچرایەوە.


2. قۆناغی (1961-1963)
لە ئەنجامی ئەو ناکۆکیی و جیاوازییانەی، لە دید و بۆچوونی، نێوان دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق) و سەرکردایەتی (پارتیی)دا ڕوویاندا، ڕۆژی (11. 9. 1961)، شۆڕشێکی چەکداریی نەتەوەیی بەرفراوانی جەماوەریی، بە سەرکردایەتی (پارتیی) و ڕابەرایەتی (بارزانیی)، لە باشووری وڵات دەسیپێکرد. تا کۆبوونەوەکەی ساڵی (1964)ی (ماوەت)یش کرا، گەلی کورد یەکڕیز و یەک ماڵ بوو.


3. قۆناغی (1963-1964)
لە ئەم قۆناغەدا، ناکۆکییەکان لە دید و بۆچوونی هێندێ لە ئەندامانی پەلیتبیرۆی (پارتیی) و سەرۆکەکەی (بارزانیی)دا روویدا. پاشان ناکۆکییەکان قووڵبوونەوە، تا لە ئەنجامدا، دووبەرەکیی لە نێو ڕیزەکانی پارت و شۆرشەکەدا دەسیپێکرد. ئەمەش بۆ یەکەمین جار بوو، لە میژووی ئەو چەن ساڵەدا، خوێنی براکان بە دەسی یەکدی بڕژێ!


4. قۆناغی (1966-1970)
لە ئەم قۆناغەدا، ئەوەی هەموو کوردپەروەرێکی دڵسۆز لێی دەترسا، ڕوویدا. بە پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (ئێران) و (عێراق)، جەنگێکی پۆخڵی خۆبەخۆی کورد، بە خراپترین شێوە دەسیپێکرد. شۆڕشەکەش، نێوەڕۆکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی خۆی لەدەسدا.


5. قۆناغی (1970-1975)
لە ئەنجامی ئەو خەباتە سەختەی، هێزەکانی پێشمەرگە و (پارتیی) بە سەرۆکایەتی (بارزانیی) کردیان، پارتی (بەعس)یش پێویستی بە پشوویەک هەبوو، تا بە تەواویی، دینگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی خۆی، لە (عێراق)دا بچەسپێنێ و خۆی قایمبکا، هەردوو سەرکردایەتی (پارتیی) و (بەعس)، دەسیان بە گفتوگۆ کرد و لە ئەنجامیشدا، ڕۆژی (11. 3. 1970)، ڕێککەوتننامەیەکی مێژوویی، لە نێوان هەردوو سەرکردایەتیدا مۆرکرا. ئەم ڕێککەوتننامەیەش، ماوەی (4) ساڵی خایاند، بەڵام سەرکردەکانی (بەعس)، لە زۆر شت پەشیمانبوونەوە و لە کۆتاییشدا، ، ڕۆژی (11. 3. 1974)، جارێکی دیکە جەنگ لە (کوردستان) دەسیپێکردەوە.

پێم وایە، ماوەی ئەو (4) ساڵی ڕێککەوتنە، (سەردەمی زێرین)ی گەلی باشووری (کوردستان) بوو. چونکە:
- بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی (عێراق)، بە شێوەیەکی فەرمیی، دانیان بە هێندێ مافی سەرەتایی نەتەوەیی، ڕامیاریی و یاسایی گەلی کورددا نا، کە خۆی لە (ئۆتۆنۆمیی)دا دەبینی. ئەم دانپێانانەش، وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی وایە.
- دەسەڵاتێکی کوردیی سەربەخۆی ئۆتۆنۆمیی، جگە لە پارێزگەی (کەرکووک)، لە سنووری هەموو پارێزگە و شارۆچکەکانی دیکەی باشووری (کوردستان)دا دامەزرا.
- ئاوێکی بە ئاگری جەنگی چەپەڵی نێوخۆدا کرد و ڕیزەکانی گەلێ کوردی یەکخستەوە.
- (کوردستان) لە ڕووەکانی ئابووریی و بازرگانییەوە بوژایەوە.
- لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵانی خەڵک، زۆر تەبا و ڕێک بوون، هەژاریی و نەداریی، بێکاریی و داماویی نەبوو.
- زمان و وێژەی کوردیی، پێشکەوتنێکی باشی بە خۆیەوە بینی.
- کۆڕی زانیاریی کورد دامەزرا و باشترین کادیری ئەکادێمیی، لە بوارەکانی زمان، وێژە و کەلتووردا کاریان تێدا دەکرد.
- یەکێتیی نووسەرانی کورد دامەزرا.
- یەکێتیی هونەرمەدان و کۆمەڵەی هونەر و وێژە دامەزرا.


6. قۆناغی (1991-2021)
هەرچەندە لە ئەم قۆناغەدا، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، دژی زۆرداریی و ستەمی داگیرکەر ڕاپەڕین، گەلەکەمان دەسکەوتێکی نەتەوەیی و ڕامیاریی گەورەتری بەدەسهێنا، مافی فیدراڵمان لە چوارچێوەی (عێراق) و لە دەستووردا بۆ سەلمێنرا. پەرلەمان و دەسەڵاتێکی فیدراڵ دامەزرا. بەڵام جگە لە ئەوەی، هەر دوای (3) ساڵ فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتی هەرێمی فیدراڵ، جەنگی قێزەونی نێوخۆ، لە نیوان هێزەکانی (پارتیی) و (یەکێتیی)دا دووبارەبووەوە، لە هەموو ڕوویەکیشەوە، زۆر لە (سەردەمی زێڕین)ی باشووری (کوردستان) خراپتربوو. چونکە:
- لە سەردەمی نوێدا، گەلی کورد یەک ڕابەری مێژوویی نەتەوەیی نەبوو، تا ئێستەش هەر نییەتی.
– یەک پارتی پێشڕەو و نیشتمانپەروەری نەبووە و نییە، بەڵکوو چەندین پارتی گەورە و گچکە، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات پەیدابوون. هەر پارتێکیش لە ئەو پارتانە، بە دەوڵەتێکی داگیرکەری (کوردستان)ەوە گرێدراون.
– بەرنامەیەکی یەکگرتووی نێشتمانیی، پارت و لایەنەکان کۆناکاتەوە، بەڵکوو بەرژەوندیی باڵای نەتەوەیی، بە قوربانی بەرژەوەندیی تەسکی پارتایەتیی کراوە.
– سەرکردەی پارتەکان دەوڵەمەند و ڕۆڵەکانی گەلیش، بە کولەمەرگیی دەژین.

– ڕەوشی ئابووریی هەرێم زۆر خراپە، هەژاریی و بێکارییەکی زۆر، لە نێو ڕیزەکانی گەلدا بڵاووبووەتەوە. تەنانەت وای لە کۆمەڵانی خەڵک بە گشتیی و لاوەکانمان بە تایبەتیی کردووە، ڕێز لە دەسکەوتەکانی شۆڕش و قوربانییەکانی گەلەکەمان نەگرن، سەری خۆیان هەڵگرن و ڕوو لە ژیانی ئاوارەیی بکەن!
– زمان بە تایبەتیی و وێژەی کوردیی بە گشتیی، لە قەیرانێکی زۆر خراپدا دەژین. تەنانەت ڕۆژبەڕۆژیش، زمانەکەمان بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و خراپتردەبێ.
– خەڵکێکی بیانیی گومانلێکراوی زۆر، بە ناوی کارکردن و لێقەوماوییەوە، لە هەموو نێوچەکانی باشووری (کوردستان) بڵاوبوونەتەوە و دەژین.
– (کوردستان) بە ئاشکرا، بووە بە جێی تەراتێنی دەزگە سیخوڕییەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە تایبەتیی، هێندێ دەوڵەتی دیکەی نێوچەکە و جیهان بەگشتیی.
– هاونیشتمانیانی کورد، لە ژیان و گیانی خۆیان دڵنیا نین. چونکە گەلێ ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆش ڕوودەدەن. دەسەڵاتی کوردییش، جگە لە ئەوەی خۆیان خەڵک دەچەوسێننەوە و سزایاندەدەن، لە ئەو ئاستەدا بەرزەدا نییە، ژیان و گیانی خەڵک بپارێزێ.
– یەکێتییەوەکی ئابڕوومەندانەی کوردپەروەرانە نییە، بەڵکوو ڕیزەکانی گەل لە یەکدی دابڕاون ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، بەسەر هەردوو باڵی (جەلالیی) و (مەلایی)دا دابەشبوون، بە شێوەیە، هەموو کاتێ مەترسیی، نوێبوونەوەی جەنگی نێوخۆ و دابەشکردنی هەرێمی (کوردستان) هەیە. بۆیە دوژمنانی سەرەکیی کوردیان بیرچووەتەوە و هەمیشە هەوڵدەدەن، لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)دا ڕیکبکەون و پشتی یەکدی بشکێنن.