سەدەیەک لە گزی و سەختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

2021-03-29

هەر جارێک بە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا بچیتەوە، ڕووداو و دیاردەی سەیر و سەمەرەی زیاتر دەبینی.

ئەوانەی بە باوکانی بونیادنەری ئەم دەوڵەتە دادەنرێن، کە بەبێ ڕێنمایی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی کاربەدەستانی کۆڵۆنیاڵی بریتانی بەردێکیان لە سەر بەردێک دانەناوە، لەبری داهێنانی سیستەمێکی دادپەروەرانە و سەردەمییانە، کولتوورێکی خراپیان بۆ فەرمانڕەوایانی دوای خۆیان بە میرات بەجێهێڵاوە. یەکێ لە لایەنە خراپەکانی ئەو کولتورە گزی و ساختەکاریە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا.
بە درێژایی سەد ساڵەی تەمەنی ئەم دەوڵەتە، هەڵبژاردنێکی بێگەرد و خاوینی بە خۆیەوە نەبینوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو تا ئێستاش نازانرێ ژمارەی دانیشتوانی عێراق چەندەو چەند کەس لەو ژمارەیە مافی دەنگدانی و چەندێکیان بە کردەیی دەنگیان داوە. لە بەدبەختی ئەم دەوڵەتەدا، تەنها لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەشی سەدام حوسێن، ژمارەی دانیشتوان و ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو و ئەوانەی دەنگیان دەدا ئاشکرا بوون.
هەڵبەتە دەبوایە ڕێژەکان هەموو ١٠٠٪ بوونایە، ئەوەی نەچووبایەتە سەر سندوقی دەنگدان قوڕی بەسەرا دەکرا. هەڵبژاردنەکانیش بۆ خۆیان مایەی گاڵتەجاڕی بوون، چونکە هاووڵاتی دەیتوانی تەنها لە نێوان سەدام حوسێن و سەدام حوسێندا، یەکێكیان هەڵبژێڕی!. بۆیە ئەنجامەکان هەمیشە ١٠٠٪ بوون، ئاخر سەدام حوسێن بە ٩٩،٩٩٪ قایل نەدەبوو. کاربەدەستانی دوای سەدام هیچ بەهایەکیان بۆ هەڵبژاردن، ئاڵوگۆڕکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، فیدیرالیزم، مافی مرۆڤ، دامەزراندنی دەوڵەت ...تاد نەهێشت.

،،

تومەز ئەم دەوڵەتە عەنتیکەیە لە دەسپێکی دروستبوونێوە هەر وا بووە. ژمارەی دانیشتوان نەزانراوە و کەسیش نەیزانیوە چەند کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و چەندیش بە کردەیی دەنگی داوە. ئەمە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی کاربەدەستانی بریتانیادا لە عیراق هاتووە، ئەو ڕاپۆرتانەی ساڵانە بەرزیان دەکردنەوە بۆ ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان.

لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا حکومەت زوو زوو دەستی لە کار دەکێشایەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەڵدەوەشێنرایەوە و هەڵبژاردنی نوێ دەکرا.
هەڵبژاردنەکان هەمیشە کێشەی زۆریان تێدا بوو، بەر لە هەموو شتێک نەبوونی سەرژمێرییەکی دروستی دانیشتوان بۆ ئەوەی بزانرێ ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە چەندن. ئەوەتا دوای سەدەیەک لەو ڕۆژانە، هێشتا سەرژمێرییەکی دانیشتوان لە بەردەست نیە، کەس نازانێ ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە دروستی چەندە و چەندیان مافی دەنگدانیان هەیە. ئەو کاتە هێشتا هیچ سەرژمێرییەکی دانیشتوان نەکرابوو، هەوڵەکەی ساڵی ١٩٢٧ لەم بوارەدا سەرنەکەوتوو بوو و حکومەت بەر لە هەموو کەسێ دەستبەرداری ئەنجامەکانی بوو.
لە ٩ ئایاری ساڵی ١٩٢٨ هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوون. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان فیڵی زۆریان تێدا کرا. دوو حیزبی ئەو سەردەمەی عێراق (پارتی نیشتمانی – الحزب الوطني) و (پارتی سەربەخۆیی – حزب الإستقلال) هانایان بردە بەر سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، نامەیان بۆی نارد و داوایان لێ کرد حکومەتەکەی لە ساختەکاری و گزییەکان بکۆڵێتەوە، ئامادەییشیان دەربڕی خەرجی لێژنەی لێکۆڵینەوە بگرنە ئەستۆی خۆیان. لە نامەکەیاندا کە لە ٢٠ ئایاری ١٩٢٨ بۆ لەندەنیان نارد، نووسیبوویان: حکوت دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکان، قانوونەکانی پێشێل کردووە و کەسانی وای بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران داناوە، کە تەنها نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن. لە تووڕەیی و ناڕەزایی خەڵکیش ئاگاداریان کردووەتەوە. هانابردنیان بۆ لەندەن لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە عێراق لە ژێر مەندەیتی بریتانیا بوو و هەموو شتێ لەوێوەوە بڕیاری لە سەر دەدرا.
لەندەن نامەکەی ڕەوانەی بەغدا کردەوە بۆ ئەوەی کاربەدەستانی باڵای کارگێڕی بریتانی لە ناوەڕۆکەکەی بکۆڵنەوە. دواتر لە (ڕاپۆرتی کارگێڕی عیراقدا)، کە ساڵانە پێشکەش بە کۆمەڵەی گەلان دەکرا، وردەکاری ئەم باس و خواسە دەخوێنینەوە.
کاربەدەستانی باڵای کارگێڕی کۆڵۆنیاڵی بریتانی لە بەغدا لە ڕاپۆرتەکەیان بۆ کۆمەلەی گەلان سەبارەت بە کارگێڕی لە عێراق لە ساڵی ١٩٢٨دا نووسیویانە کە کارێکی نەکردەیە هیچ ئامارێكی متمانەپێکراو پێشکەش بکەین سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە و چەندێکیان بە کردەکی دەنگیان داوە. ئەگەر هەموو ڕێکارەکانی تایبەت بە قانوونی هەڵبژاردن بەوردی جێبەجێ بکرابایان، لە گەڵ هەندێ زەحمەتیدا دەکرا هەندێ ژمارە پێشکەش بکرێن کە ڕاستییەکان دەردەخەن. هەروەها وتوویانە کە دەبێ دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە سەرپێچی زۆر کراون، جا بە مەبەست بووبێتن، یا لە نەزانی و خەڕاپ تێگەیشتن لە قانوون، کە هەر بە خۆیان دەڵێن ئەمەی دواییان دوورە لە ڕاستییەوە.
،،

سەرپێچییەکان ئەوەندە زۆرن مرۆڤ ناتوانێ پشت بەو ئامارانە ببەستێ کە لە خشتەکانی هەڵبژاردندا هاتوون، تەنانەت ناتوانین بڵێین نزیکن لە ڕاستییەوە.


تانەی زۆر دران لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە، ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە دەکرد کە لە لیوای مووسڵ و لیواکانی کوردستان فێڵی و گزی زۆر کراون و بە (ئابڕووچوونەکانی هەڵبژاردن) ناویان بردوون. دەستەی پشکنەری هەڵبژاردنەکان ئەنجامەکانی لیوای بەسرەی هەر ئیمزا نەکرد.

ئەندامێکی دەرچووی هەلبژاردنەکان کە خەڵکی دیالە بوو، وادیارە ویژدانی جووڵا بوو و ویستبووی هەندێ ڕاستگۆ بێ، نەیزانی ڕاستگۆیی دەبێتە بەڵا بۆی. کابرا ناوی عەتا ئەلخەتیبە و لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و پێش ڕاستاندنی ناوی ئەندامان وتی(باوەڕ ناکەم کەسێک هەبێ گومانی لەوە هەبێ کە حکومەتی دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکان، لێژنەی پشکنین کێشەی زۆری بۆ بەربژێران و دەنگدەران دروست کردووە. من خەڵکی دیالەم، لەوێ کەسێکی ناسراوم و خەڵکی ئەوێ دەنگیان داومەتێ، بەڵام من لە کوت یەک کەس ناناسم، ئەگەر حکومەت دەستی وەرنەداوەتە هەڵبژاردنەکان، چۆن من لە کوت دەرچوومە؟ من چ کارم بە کووتە؟


لەبری ئەوەی ڕێز لە ڕاستگۆیی ئەو پیاوە بگرن، هەر وەک ئەندامانی ئێستا، ڕاستاندنیان بۆ ئەندامەتی عەتا ئەلخەتیب نەکرد و کورسییەکەی لەدەستدا.
ژمارەی ئەندامانی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران (٨٨) کەس بوون، ٦٦ یان پیاوی حکومەت بوون.
هەموو وەزیرەکان و ٣٧ ئەندامی کۆنی ئەنجومەن هەڵبژێردرانەوە، ٢٦ یان شیعە بوون، ١٦ کورد، ٤ کرستیان، ٤ جوو و ١٦ سەرەک هۆز بوون. ڕەنگبێ بە مەبەست ئاماژە بە ژمارەی سوننەکان نەکرابێ، کە دیارە جگە لە وانەی لە نێو سەرەک هۆزەکاندا بوونە ٢٢ ئەندامی تریشیان هەبووە، کە ئەمە لە گەڵ سەنگی ڕاستەقینەیاندا جیاوازی زۆری هەبوو. ئەم زانیارییانە بە دوور و درێژی لەم دوو سەرچاوەی خوارەوە باسیان لێوە کراوە.


1. Report by his Majesty’s Government in United Kingdom of Great Britain and Northern Ireland to the Council of The League Of Nations on the Administration of Iraq for the Year 1928, London 1929, P. 9-10.
2. عبدالرزاق الحسني، تاریخ الوزارات العراقیة، ج٢، ط٢، صیدا ١٩٥٣، ص ١٥٦.