هێزی نەرمی ئێران

2021-04-04

پەیڕەو ئەنوەر

کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک زۆربەی ئەکتەرە سیاسی و نێودەوڵەتییەکانی تر لە پاڵ "هێزی ڕەق"دا، "هێزی نەرم" بەچڕی و بەفراوانی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا بەکار دەهێنێت. بەکارهێنانی هێزی نەرم لە لایەن ئێرانەوە کۆمەڵێک ئامانج و ستڕاتیژ و مەبەستی تایبەتی لەپشتەوەیە و شێوازی بەکارهێنانەکەیش چەندین شێوە و فۆڕم و جۆر لەخۆ دەگرێت و، چەندین ڕووبەری جوگرافی-سیاسیی جیاوازیش دەگرێتەوە. هێزی نەرمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەگشتی لەسەر بنەما و پایەکانی شیعەگەرایی و فەلسەفە و ڕەگەزە گشتییەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران داڕێژراوە. هەر لەسەر ئەم بنەما و بونیادە مەزهەبی و ئایدیۆلۆژییەیش ئاڕاستەی دەرەوەی خۆی دەکرێت و لە جوگرافیای دەرەوەی خۆی بەکار دەهێنرێت. هەر لە باکووری ئەفریقاوە تاوەکوو دەگاتە ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی ئەوڕوپا و هندوستان و پاکستان و ئەفغانستان و هتد.

ئێران بە شێوەیەکی گشتی میرات و مێژوو و سەرمایەی ڕەمزیی شیعە وەک کەرەستە و ئامرازێکی کاریگەری نێو چوارچێوەی هێزە نەرمەکەی، بۆ پەلهاوێشتن و فراوانخوازی و پاوانخوازی و هێژموونی لە ناوچەکەدا بەکار دەهێنێت. دەستەبژێری سیاسیی ئێران هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی سەرچاوەکانی هێزە نەرمەکەیانەوە، بۆ گەیشتن بە ئامانج و پڕۆژەکانیان سوود لە هەموو کەس و گرووپ و لایەن و دەستەیەک وەربگرن؛ هەر لە عەلەوییەکانی سووریاوە تاوەکوو دەگاتە حووسییەکانی یەمەن و شیعەکانی عێراق و لوبنان و گرووپەکانی تر. ئێران ساڵانە بوودجە و پارەیەکی خەیاڵی تەرخان دەکات بە مەبەستی جێبەجێکردنی هێزە نەرمەکەی و گەیشتن بە خواست و خولیا سیاسی و مەزهەبییەکانی و زاڵبوون بەسەر نەیارەکانی لە ناوچەکەدا کە زیاتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بلۆکی سوننە بە نەیار و ڕکابەری خۆی دادەنێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

- پڕۆژەی هیلالی شیعی و هێزی نەرم

دەستەواژە و زاراوەی هیلالی شیعی (Shiite Crescent) بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٤دا لەسەر زاری پاشای ئوردن "مەلیک عەبدوڵڵای کوڕی حوسێن" بەکار هێنراوە و چۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسییەوە! لەو کاتەوە تاوەکوو ئێستا ئەم دەستەواژەیە بەچڕی بەکار دەهێنرێت و قسەی لەسەر دەکرێت؛ هۆکاری سەرەکییش ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی پڕۆژەی هیلالی شیعییەوە تۆڕێکی مەزهەبیی فراوان و ڕووبەرێکی جوگرافی و خەڵكانێکی زۆر، لە ڕێگەی هێزی نەرم و بەبێ بەکارهێنانی هێزی ڕەق و سەرباز و زۆرلێکردنەوە، بە ئایدیۆلۆژی و مەزهەبی شیعەوە ببەستێتەوە. شیعەکان وەک ژمارە لە جیهانی ئیسلامیدا بە "کەمینە" (Minority) دادەنرێن و هەژمار دەکرێن! ئەم کەمینەبوون و بچووکبوونە لە ڕووی ژمارەوە لە ڕابردوودا وای لە شیعەکان کردووە بەردەوام هەست بە بێپاڵپشتی و بێناوەندبوون و نووزانەوە و پاڕانەوە بکەن و لە دۆخی بەرگریدا بن، بەڵام لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەم دید و تێڕوانینە دەگۆڕێت و شیعەکان هەوڵ دەدەن لە دۆخی بەرگریکردنەوە بەرەو دۆخی هێرشبردن و مانەوە و زاڵبوون بەسەر نەیارەکانیاندا بڕۆن. شیعەکان لە %١٥ی مووسڵمانان پێک دەهێنن!

،،

بە شێوەیەکی پچڕپچڕ و دابەشبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین، بەتایبەت لە وڵاتانی وەک ئێران، عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن، فەڵەستین، هندوستان، پاکستان و ئەفغانستان. هەوڵەکانی ئێران بۆ کۆکردنەوەی شیعەکانی ناوچەکە و بەشیعەکردنی خەڵکانی ناوچەکە، بۆ زاڵبوون و سەرکەوتنە بەسەر نەیارەکانیدا، لە سەرووی هەمووانەوە سعوودیای عەرەبی و وڵاتانی تری کەنداو؛ بەڵام ئێران زیاتر هەوڵ دەدات ئەم زاڵبوون و سەرکەوتنە لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە بێت نەک بەکارهێنانی هێزی سەربازی و هێزی ڕەق.

پڕۆژە و بیرۆکەی هیلالی شیعی بۆ ساڵانی سەروبەندی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە؛ ئەو کاتەی کە ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران ڕووخا و ئایەتوڵڵا خومەینی و هاوڕێکانی دەسەڵاتیان گرتە دەست و سیسته‌می "ویلایەتی فەقیھ"یان دامەزراند و سەپاند. هاوکات دروشم و دەستەواژەی "هەناردەکردنی شۆڕش" (تصدير الثورة)یان کرد بە یەکێک لە دروشمە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی وڵاتەکە بە ئامانجی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ وڵاتانی دراوسێ، لەوانە وڵاتێکی وەک عێراق؛ چونکە زۆرینەی دانیشتووانەکەی شیعەمەزهەبن و میراتێکی گەورەی مێژووییی شیعەیش لەو وڵاتە هەیە، بەتایبەت لە شارەکانی وەک نەجەف و کەربەلا. مەبەستی سەرەکیی ئێران لە بەکارهێنانی هەناردەکردنی شۆڕش، هەوڵدان بوو بۆ زاڵبوون بەسەر سوننەدا لە ڕێگەی هێزی نەرم و توانا ناوەکییەکانی وڵاتانی دراوسێیەوە، چونکە نەخشە و هەندەسەی مەزهەبیی هیلالی شیعی لە باشووری ئێرانەوە بە سنووری ئەهوازدا بە پارێزگه‌ی بەسڕە و کەربەلا و نەجەف و پارێزگه‌ی بەغدا و ڕۆژاوای مووسڵدا تێ دەپەڕێت و، لە سووریایش بە باشووری پارێزگه‌ی دێرەزووردا دەڕوات و بە باکووری دیمەشقدا دەچێتەوە لوبنان. بەشێک لەو ناوچە و زۆنانەی نێو نەخشەی هیلالی شیعی، سوننەی حەنەفی و شافعی و عەلەوییەکان لەخۆ دەگرێت لەگەڵ چەند ناوچەیەکی ئێزیدی و مەسیحی! ڕوومادی و سامەڕا لە عێراق و، دێرەزوو لە سووریا، خەڵک و دانیشتووانەکەی سوننەمەزهەبن و بەر هێڵی هیلالی شیعی کەوتوون جگە لە چەند ناوچەیەک لە پارێزگه‌کانی مووسڵ و ئەنبار.

شا عەبدوڵڵا هەر لە سەرەتای بەکارهێنانی دەستەواژەی هیلالی شیعییەوە هۆشداریی ئەوەیشی دا، کە ئەگەر ئەو پڕۆژە و بیرۆکەیە سەر بگرێت و حکوومەتەکانی ئێران و سووریا و عێراق و لوبنان بەیەکەوە بلکێن وەک چەندین ئەڵقەی بەیەکەوەبەستراو، ئەوا هیلالێکی شیعی دروست دەبێت و ئەوکات ئێران بەبێ بەکارهێنانی هێزی سەربازی، جوگرافیایەکی گەورەی مەزهەبی داگیر دەکات. شا سەلمان عەبدولعەزیزی پاشای سعوودیایش ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێران خەریکی بەرنامەی بەشیعەکردنی عەرەبی سوننەیە لە ناوچەکەدا.

هەموو ئەو جموجۆڵانەی ئێران لە دوای ٢٠٠٣وە هێما و ئاماژەن بۆ بەکارهێنانی هێزی نەرمی ئێران بۆ دروستکردنی هێژموونی سیاسی و باڵادەستیی سیاسی و مەزهەبی لە جیهانی عەرەبی و بەستنەوەی کەنداوی عەرەبی بە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست و گەمارۆدانی نەیارەکانی بەبێ بەکارهێنانی سوپا و هێزی ڕەق.

- عێراق وەک حەوشەی پشتەوەی ئێران و گۆڕەپانی هێزی نەرمی ئێران

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ئازادکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، ئێران بەچڕی هاتە نێو عێراقەوە و وەک حەوشەی پشتەوەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و بەڕێوەی دەبات. باڵادەستبوونی ئێران لە عێراق بەبێ بەکارهێنانی هێزی ڕەق و شێوازە جیاوازەکانی هێزی ڕەق بوو، بەڵکوو زیاتر لە ڕێگەی هێزی نەرم و شێوازەکانی هێزی نەرم بوو، بەتایبەت لە ڕێگەی میدیا و بەکارهێنانی سەرمایە ڕەمزییەکانی شیعە لە عێراق و کەسایەتییە ئایینییەکان و پڕۆسەی بەمەککەکردنی کەربەلا و نەجەف و جوگرافیا مەزهەبییەکەی عێراق بەگشتی. ئێران هەمیشە وای پیشان دەدا کە ئێران ئیمپڕاتۆرە و بەغدا چەقی شارستانی و پایتەختەکەیەتی و هێڵێکی درێژ لە کەلتووری هاوبەش و ڕابردووی هاوبەش و جوگرافیای هاوبەش و خەیاڵی مەزهەبیی هاوبەش عێراق و ئێران بە یەکتر دەبەستێتەوە و؛ هیچ هێزێک ناتوانێت لەیەکترییان جیا بکاتەوە. شیعەکان هەمیشە مەزارەکانی "ئیمام عەلی و کوڕەکانی حەسەن و حوسێن" و مەرقەد و شوێنە پیرۆزەکانی تری کەسایەتییە ئایینییەکان و سیمبوڵە ئایینییەکان لە عێراق، بە سەرچاوەیەکی باڵای هێزی نەرم دادەنێن و بۆ فراوانخوازی و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی شیعەکان لە عێراق و ناوچەکەدا بەکاری دەهێنن. یەکێک لەو کەسایەتییانەی کە ڕۆڵی لە بەرهەمهێنانی هێزی نەرمی شیعە لە عێراقدا هەیە، کەسایەتییەکی وەک "عەلی سیستانی"، گەورە مەرجەع و ناوەند و بڕیاربەدەستەکانی تری شیعەیە لە عێراقدا.

- ئایدیۆلۆژی و هێزی نەرم

ئێران یەکێکە لەو ئەکتەرە سیاسییە هەرێمییانەی کە دەیەوێت ئایدیۆلۆژی و هێڵە فکرییە مەزهەبییەکانی لە ڕێگەی هێزی نەرم و بەبێ بەکارهێنانی هێزی ڕەق بڵاو بکاتەوە. ڕەگ و ڕیشەی ئەم دیدەیش دەگەڕێتەوە بۆ ساتەوەختی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و بونیادنانی سیسته‌می ویلایەتی فەقیھ لەو وڵاتەدا. ئایەتوڵڵا خومەینی وەک دامەزرێنەر و داڕێژەری ئایدیۆلۆژیی وڵاتەکەی، پێی وا بوو ئێران بۆ ئەوەی کاریگەریی جیهانی و هێژموونی هەرێمی و ناوچەییی هەبێت، پێویستە جیهانی ئیسلامی بخاتە چوارچێوەی کاریگەریی ئابووری و ئایدیۆلۆژیی خۆیەوە، بەڵام لە ڕێگەی هێزی نەرم و قۆناغ بە قۆناغ. خومەینی بۆ ئەم مەبەستە دروشمی "هەناردەکردنی شۆڕش"ی بۆ ڕاکێشانی سۆزی سوننەکان بۆ شۆڕش و دەوڵەتی ئێران و شیعەکانی دەرەوەی جوگرافیای ئێران بەکار دەهێنا. ئێران لە ڕێگەی مۆدێڵی سیاسەتکردن و ئایدیۆلۆژی و بەها سیاسی و مەزهەبییەکانی، دەیەوێت سەرنج و سۆزی دەوروبەری خۆی، بەتایبەت شیعەکانی دەرەوەی ئێران و بەشێک لە سوننەکانی ناوچەکە بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و دواجاریش بە ئێران و مەزهەبی شیعەوە وابەستەیان بکات. بەمەیش کۆمەڵێک دەزگه‌ و دامەزراوەی پەروەردەیی و ئایینی و ڕێکخراو و دەزگه‌ی خێرخوازی و ناوەندی میدیاییی خستۆتە گەڕ بۆ گەیشتن بەو ئامانج و خەونە مێژوویییەی.

- زانکۆکانی ئێران وەک کەناڵێکی گرنگی هێزی نەرم

ئێران وەک دەوڵەت و خاوەن بونیادێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی، بایەخێکی زۆر بە پەروەردە و فەلسەفەی ئایینی و عیرفانییەت و سۆفیزم دەدات بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژی و خەونە سیاسی و ستڕاتیژییەکانی و تێکشکاندنی بەها و نۆرمە سیاسییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوا، لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا و ئیسڕائیل و وڵاتانی ئەوڕوپی کە ئێران بە نەیار و دوژمنێکی سەرسەختی خۆیانی دادەنێت. بەشێک لە زانکۆ نێودەوڵەتییەکانی ئێران وەک دامەزراوەیەکی مەعریفی و ئه‌كادیمی، ساڵانە لە ڕێگەی پیاوە ئایینی و ئایەتوڵڵاکانییەوە ڕۆڵیان هەیە لە پەروەردەکردنی هاووڵاتی و تاک و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی نێو ئێران و ڕاکێشانی قوتابی و خوێندکار لە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیاوازی دونیا بە مەبەستی خوێندن و ئاشناکردنیان بە بنەما و فەلسەفە و ئامانجی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پیشاندانی ئێران وەک چەقی شارستانییه‌ت و چەقی شیعەگەرایی لە جیهاندا؛ ئەم پڕۆسەیەیش کاریگەریی قووڵی هەم لەسەر خوێندکارانی ئێرانی و هەمیش لەسەر خوێندکارە بیانییەکان دەبێت، بەتایبەت لە بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژیی شیعەگەرایی و بنەماکانی شیعیزم لە دونیادا.

ئەم زانکۆیە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتە، "عەلی خامەنەیی"، دادەمەزرێت! هەرچەند بەر لە لەدایکبوون و دامەزراندنی ئەو زانکۆیە، پێشتر ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی پرسی پەیمانگه‌ ئایینییە نائێرانییەکان ئەو ڕۆڵەی دەبینی کە لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩وە دامەزرابوو. ئەم ئەنجومەنە چەندین لق و پۆپی لە کیشوەری ئەفریقا هەبوو و ناوەندە سەرەکییەکەیشی لە پارێزگه‌ی قومی ئێران بوو.

،،

لە ڕاستیدا ئەم زانکۆیە یەکێکە لەو ناوەندە گرنگانەی کە کار بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژیی فەرمیی وڵاتەکەی دەکات و هەر لە لایەن دەوڵەتیشەوە پارەدار دەکرێت و پاڵپشتیی داراییی بۆ دابین دەکرێت. کەمپی سەرەکیی ئەم زانکۆیە هەر لەناو خودی دەوڵەتی ئێرانە و زیاتر لە ١٠٠ پەیمانگه‌ و قوتابخانەی ئایینیی لە ٦٠ وڵاتی جیاوازەوە هەیە. ژمارەی خوێندکارەکانی، ئێستا نزیکەی ٤٥ هەزار خوێندکارە و ٣٥٠٠ مامۆستا و ئه‌كادیمیستی هەیە.

جگە لەم زانکۆیە چەندین ناوەند و زانکۆی تر هەن و، کراون بە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی هێزی نەرمی ئێران، لەوانە زانکۆی ئازادی ئیسلامی! ئەم زانکۆیە لە ساڵی ١٩٨٢دا لە لایەن خومەینییەوە کرایەوە بەڵام بیرۆکە و تێمای بونیادنانی زانکۆکە لە لایەن "ئایەتوڵڵا هاشمی ڕەفسەنجانی"یەوە داڕێژرا. ئەم زانکۆیە ٣٠٠ لقی هەیە و زیاتر لە یەک ملیۆن خوێندکار لە ناوەوه‌ و دەرەوه‌ی ئێران تیایدا خەریکی خوێندن و توێژینەوەن. ئەم زانکۆیە بەقووڵی و بەفراوانی بەستراوەتەوە بە ستڕاتیژیی بەکارهێنان و پەرەپێدانی هێزی نەرمی ئێران و باڵادەستکردنی ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانج و خەونە سیاسییەکانی. ئێران دەیەوێت لقی ئەم زانکۆیە لە هەر یەک لە عێراق و سووریا و هند و چینیش بکاتەوە، تاوەکوو لە ڕێگەیەوە هێزی نەرم و بەرنامە سیاسی و مەزهەبییەکەی خۆی تێدا بڵاو بکاتەوە؛ سەرەڕای ئەوەی کە ئەم زانکۆیە لە لوبنان لقی خۆی هەیە و پلانی ئەوەیشی هەیە فراوانتری بکات و ساڵانە خوێندکاری زیاتر وەربگرێت.