ناكان بەرەو كوێ ؟؟

2021-04-08

سەردار قادر


كەمن ئەو دەنگانەى كە ئەڵێن نا بەم بارودۆخە ، كەمن ئەو نایانەى كە ئەبیسترێن ،ناكان هاتووى ململانێ ى ناو هێزە سیاسیەكانن ، ناكان كەمتر خەمى گشتى باس لێوە ئەكات .
ناكان دەنگى ناو بۆتەى حیزبە ، ململانێ ى ئەم سەركردەو ئەو سەركردەیەیە ، ئەم دەڤەر و ئەو دەڤەرەیەیە !!!
ناكان هى ئەم تەكەتوولەیە دەرهەق تەكەتوولى بەرامبەر، ناكان پرۆژەى شەرمن ئەخاتە روو ،ناكان ئەگەرى بەرزى و نزمى هەیە .
ناكان هەمیشە لە بەردەم دان وساندایە .
ناكان دوورە لە ئومێدى زۆرینەى خەڵك ، ناكان تا ئێستا نەبۆتە ئومێد ، ناكان خیتابى گشت گیرى نیە وابەستەى ناوچە و ململانێ ى ناو بۆتەى حیزبە .
خەمى گشتى نەبۆتە زادەى ناكان ، ناكان نەبۆتە كاریزماى گشتى بۆ هێنا نە دى خەونى تاكى كوردی.
ناكان متمانەى گشتى تا ئێستا دروست نەكردووە و تاكى كوردى بە گومانەوە تێ ى ئەروانێت .
ریتمى ناكان نەبۆتە ریتمى گشتى و هەموان بیڵێنەوە .
ناكان نەبوونە تە قوتابخانە ؟؟؟

،،

جارانێك لەگەڵ سەرهەڵدانى بزووتنەوەى گۆراندا باس لە قوتابخانەكەى رەوان شاد نەوشیروان مستەفا ئەكرا .


ئەو قوتابخانەیەى كە تان و پۆى خۆى دروست كردبوو ، پرۆژەى هەبوو ، گوتارى گشتى هەبوو ، لە ئێستادا ئەوەندەى باس لە موڵكى كاك نەوشیروان ئەكرێت ئەوەندە باس لە قوتابخانەكەى ناكرێت ؟؟؟؟
زۆرێك لە هاورێكانى وازیان لەو قوتابخانەیە هێنا و كەمێكیان وەك وارسى مامۆستا ماونەتەوە و بە زمانێك وانە ئەڵێنەوە كە زمانى فەرمى قوتابخانەكە نیە ؟؟؟
خۆێندكارانى ئەو قوتابخانەیە زۆرێكیان بۆ گەیشتنە پۆست مانەوە لە قوتابخانەكە و بۆ بەردەوامى لە كارەكانیان مەزنى قوتابخانەكە باس لێ ئەكەن بێ ئەوەى لە وانەكاندا دەرچوو بن ؟؟؟
هەندێكی تر گواستیانەوە بۆ مەكتەبەكانى تر جا دەوامى رۆژ بێت یان شەو .
ئەم قوتابخانەیە بە جۆرێكى لێ هاتووە گومان دروست ئەكات ؟؟ كە ئایا دائەخرێ یان هەندێ لە مامۆستاكان خەریكى سەواو مامەڵەن بە موڵكى قوتابخانە و مەنهەجەكەى بۆ مانەوەوى خۆیان ، تەمەنى خانە نشینیان هاتووە و چۆڵى ناكەن ؟؟؟
گومانەكە ئەوەیە تاكەى ناكان نابنە ناى گشتى ؟؟؟
كاتێك باس لە ئازارى گشتى ئەكەن ، خەمى گشتى ئەكەن ، بۆ و چۆن ئەكرێت لە دوو توێ ى حیزبدا كە بەشێكە لە دەسەڵات ، ببێتە فریاد رەس ؟؟؟
ئاخر ناكەى سەركردەیەكى گەنج كە لە ئێستادا باس لە خەمى گشتى ئەكات چۆن ئەبێتە ناى گشتى ؟؟؟
چۆن ئەبێتە پرۆژەى گشتى ؟ كەى ناكەى لە ماڵى حیزبەوە ئەخاتە كۆى ماڵەكان ؟؟

،،

كە ماڵى حیزبى كردەوە بە رووى چاكسازى ، كە دەرئەنجامى چاكسازیەكەى خستە خزمەتى گشتیەوە ، ئەو كات تاكەكانى دەرەوەوى حیزب باس لە ئومێد ئەكەن ...

ئەو نایانە بكە ناى گشتى ؟؟
ئەو نایانە بكە پرۆژە بۆ خەمى هەموان .
ئەمە تەنیا خەم خۆریە و هیچى تر .
ناكان تەنیا بۆ ململانێ ى ناو بۆتەى حیزب نەبێت تكایە ..
ناكان خەمى ئەو خانەوادانە بێت كە ئەزیزترین كەسیان شەهید بوون ، هى ئەو گەنجە رەنگ پەریوانە بێت كە گیرفانى بەتاڵیان هیلاكى كردوون ، هى ئەو قەڵەمانە بیت كە بۆ خزمەتى دەربار خۆیان نافرۆشن .
هەوڵى كردنەوەى دەرگا بێت بە رووى خەم خۆراندا .
هیمەتێ؟؟؟؟؟؟؟