کێ فەوزای ڕۆژنامەوانی درووست کردووە؟

2021-04-22

هه‌رچه‌نده‌ له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ خاوه‌نى چه‌ندان په‌یج و ئه‌كاونت و كه‌ناڵى سێبه‌رو فه‌یكن،و بوونه‌ته‌ عه‌رابى تێكچونى دۆخى میدیا له‌كوردستان، به‌ڵام به‌ به‌یاننامه‌كانیان خۆیان به‌ ئازادیخوازو پاڵپشتى رۆژنامه‌نوسان له‌قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن.

،،
له‌ ساڵیادى رۆژنامه‌گه‌رى كوردیدا به‌رپرسانى هه‌رێم له‌چه‌ند لێدوانێكى جیا جیادا پشتگیرى خۆیان بۆ رۆژنامه‌نوسان ده‌رده‌برن و دۆخى ئه‌مرۆى راگه‌یاندنیش به‌ دیارده‌یه‌كى "دزێو" وه‌سف ده‌كه‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مرۆ میدیاى كوردى به‌دۆخێكى ته‌واو دژوارو جه‌نگێكى ساردا گوزه‌ر ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتداران به‌ لێدان له‌یه‌كدى به‌كارى ده‌هێنن به‌ڵام له‌یادى رۆژنامه‌گه‌رى كوردیدا خۆیان له‌م واقعه‌ ده‌دزنه‌وه‌ و به‌ناراسته‌وخۆش یه‌كدى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.


به‌یاننامه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌بۆنه‌ى (123) ساڵەی ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی كوردى‌ له‌ په‌یامێكدا ده‌ڵێت: "هەر پیشێلكارییەكی ڕۆژنامەوانى، دەبێت بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەى لەگەڵ بکرێت"
هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكى دیكه‌ى په‌یامه‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانى ده‌شڵێت:"نیگەرانیی قوڵم لەو دیاردە دزێوو زمانە ئاستنزمە دەردەبڕم كە بەداخەوە لەبەشێكی میدیاو سۆشیاڵ میدیای كوردستاندا سەریهەڵداوە".
هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ ئاست نزیم وه‌سفى دۆخى ئه‌مرۆى میدیا ده‌كات به‌ڵام ناوبراو وا باس ده‌كرێت كه‌وا پاره‌یه‌كى زۆرو زه‌به‌لاحى كوردستان له‌ میدیاو میدیاكارانى نزیك له‌خۆى سه‌رف ده‌كات.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكى حكومه‌تیش له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، سەدان دەزگای هەمەجۆری ڕاگەیاندن هەن و بەوپەڕی ئازادییەوە، کاری خۆیان دەکەن و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، بە شانازییەوە ، كاری بۆ چەسپاندنی زیاتری بنەماكانی ئازادی میدیایی و دیموكراسیی کردووە و هەمیشە پەرۆشی ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بووە بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی.

،،

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا مه‌سرور بارزانى هه‌میشه‌ له‌ شه‌قام گله‌یی ئه‌وه‌ى لێ ده‌كرێت كه‌وا له‌رێگه‌ى چه‌ندان په‌یج و ئه‌كاونتى ره‌سمى و ناره‌سمى و میدیاكارانى نزیك له حزبه‌كه‌ى سه‌رقاڵى تۆمه‌ت دروستكردن و هه‌ڵیگرساندنى جه‌نگى ده‌روونین.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى باس له‌ ئازادى كارى رۆژنامه‌وانى ده‌كات و ده‌ڵێت: یه‌كێتى هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئازادى كارى رۆژنامه‌وانیدا بووه‌.

ناوبراویش وه‌ك زۆرێك له‌ به‌رپرسه‌كانى دیكه‌ وا باس ده‌كرێت كه‌ خاوه‌نى چه‌ند په‌یج و ئه‌كاونتێكه‌و پاره‌یه‌كى باشیان تێدا سه‌رف ده‌كات تاكو پشتگیرا له‌ سیاسه‌ته‌كانى خۆى و حزبه‌كه‌ى بكه‌ن.

ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه‌ په‌یامى مه‌سعود بارزانییه‌ له‌ ساڵیادى رۆژنامه‌گه‌رى كوردیدا به‌بێ ئاماژه‌دان به‌ ئازادى كارى رۆژنامه‌وانى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌بێ ئاگادارى پلان و جه‌نگى ئیعلامى نه‌یاره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى كوردستان بین.

هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌یاننامه‌و پیرۆزباییه‌كانیاندا باس له‌ ئیتیكى و ئازادى له‌ كارى رۆژنامه‌وانیدا ده‌كه‌ن به‌ڵام له‌ رووى كردارییه‌وه‌ خۆیان به‌به‌شێك له‌ دروستكردن و تێكدانى دۆخى میدیاى كوردى له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن.