ئایا (بت كوین) زه‌كاتى له‌سه‌ره‌؟

2021-04-28

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان مامۆستا دكتۆر عەلی قەرەداغی دەڵێ‌: ئیسلام گرنگیەكی زۆریداوە بە بەخشینەكان -بەتایبەتی زەكات- بەوپێیە كە لانیكەمی دەستبەری بۆ ئوممەتی ئیسلامی تیایدا جێبەجێ‌ دەبێت، مامۆستا قەرەداغی -لە دیمانەیەكی لە ئەڵقەی رۆژی 24 / 4 / 2021 لە بەرنامەی (شەریعەت و ژیان لە رەمەزاندا) وتی: لەڕاستیدا ئوممەتی ئیسلامیمان دەناڵێنێت بە دەست هەژارییەكی زەلیكەرو پڕوكێنەرەوە، كە رێژەی هەژاران لە جیهانی ئیسلامیدا زیاترە لە هەموو دەوڵەتانی تری جیهان، ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەری (صلی الله علیە وسلم) هێنایەوە یاد كە دەفەرموێ‌: ((لەناو خەڵكانی هەر شوێنێكدا كەسێكی برسیان تێدا بمرێت ئەوا پارێزبەندی خواو پێغەمبەرەكەی لەسەریان هەڵدەگیرێ‌)).

،،
جەختی لەوەش كرد كە برایەتی ئاینی بە جێبەجێكردنی چەند ئەركێك نەبێت دەستەبەر نابێت، یەكێكیان زەكاتدانە، كە مەرجێكی سەرەكییە بۆ بەجێگەیاندنی باوەڕ و برایەتیی، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (فإن تابوا وأقاموا الصلاة وآتوا الزكاة فإخوانكم في الدين).

ئینجا روونیكرەوە كە مەزنترین مەبەستەكانی شەریعەت لە فەرزكردنی زەكاتدا فەراهەمهێنانی دەستەبەری و دەستگرۆییە لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگادا، هەروەها خودكەفائییە لەسەر ئاستی ئوممەت، ئەمەش بۆئەوەیە كە ماڵ و سامان نەبێتە (دولە بین اڵاَغنیا‌و-واتە تەنها لەدەستی دەوڵەمەندەكاندا بێت) ئەوەش بە دابەشكردنەوەی لەناو كۆمەڵگادا.
بەڕێز ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان ئاماژەیدا بە بە دەركردنی بەخشینەكان و زەكات، دابەشكردنیان بە باشترین شێوە بەجۆرێ‌ كە پارێزگاری لە سەروەری ئوممەت بكەن بۆئەوەی ناچارنەبن پەنابەرنە بەر دوژمنانیان و لەپێناو ماڵ و ساماندا سازش بكەن، تا كۆمەڵگای موسڵمانیش بپارێزن لە تاوانەكان.

ئاسەوارە ئەرێنییەكان
لەسەر ئەو كاریگەرییە ئەرێنیانەی كە موسڵمان زەكات دەردەكات قەرەداغی وتی:

،،

لەڕاستیدا رۆحی زەكاتدەر بە دەركردنی زەكاتەكەی بەرزدەبێتەوە بۆ كەسانیتر چونكە وەك كەسێكی خۆپەرست نەماوەتەوە، دەبێتە خاوەنی دڵێكی ساغ و دروست چونكە ئەوەی بۆ خۆی پێیخۆشە بۆ براكەشی پێیخۆشە، هەروەها دەروونی دەچێتە قۆناغی دەروونێكی ئارام و دڵنیاكەر چونكە زاڵبووە بەسەر حەزو ئارەزووەكانیدا.

هەروەها وتی هەموو ئەم كاریگەرییە ئەرێنیانە رەنگدەدەنەوە لەسەر رەوشتی كەسی زەكاتدەر، لێرەدا بەڵگەی بەم فەرموودەی خوای گەورە هێناوەتەوە كە دەفەرموێ‌: (خذ من أموالهم صدقة تطهرهم وتزكيهم بها).
بەڕێز ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان باسیكرد كە ساڵی 2007 دا بەڕێزیان و كۆمەڵێك لە پسپۆڕان هەستاون بە ئەژماركردنی بڕی زەكاتی شەرعی لە جیهانی ئیسلامیدا، بۆی روونبووەتەوە كە بڕەكەی بە كەمترین خەمڵاندن ساڵانە لە نێوان 300 بۆ 400 ملیار دۆلار دایە، ئەوەشی باسكرد كە ئەم بڕە زەكاتە تەنها زەكاتی كۆمپانیاكان و كەسە موسڵمانەكانە، زەكاتی دەوڵەتان لە بەروبوومە سروشتییەكانی وەك نەوت غاز و سندوقی سیادی وڵاتانی تێدا نیە.
بەڕێز قەرەداغی ئاماژەی بەوەدا كە گرفتی سەرەكی لە چۆنێتی كۆكردنەوەی زەكات و دابەشكردنیدایە بەشێوەیەكی راست و دروست بەسەر كەسانی شایستەیدا، هۆكاری ئەمەشی گێڕاوەتەوە بۆ فەرامۆشكردنی دەوڵەتانی ئیسلامی لە هەستان بە گێڕانی رۆڵی خۆیان لەم مەسەلە زیندوو و هەستیارەدا.

راگەیاندنی نمونەیەكی سەركەوتووانە
مامۆستا قەرەداغی نمونەی بەو كارەی خەلیفە عومەری كوڕی عەبدولعەزیز هێناوەتەوە كە (پلانێكی ستراتیژی) داناوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی هەژاریی دا، ئەوەبووە كە لە ساڵی یەكەمدا كاریكردووە لەسەر دەرهێنانی هەژاران لە بازنەی هەژاریی زەلیلكەرو پڕوكێنەرەوەو گواستنەوەیان بۆ ئاستی هەبوونی پێویستییە زەرورییەكان، لە ساڵی دووەمدا كاریكردووە لەسەر گواستنەوەیان لە بازنەی جێبەجێكردنی پێداویستییەكانەوە بۆ بازنەی خودكەفائی، لە ساڵی سێیەمدا گواستونیەتەوە بۆ بژێوی تەواوەتی

،،

ئاماژەی بەوەدا كە هەموو ئەم كارانە لە رێگای زەكات و بەخشینەكانەوە بووە.


هەر لەم میانەیەدا، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان جەختیكردەوە كە چاككردنی سیستمی سیاسی و فەرمانڕەوایی ژیرمەندانە دوو مەرجی سەرەكین بۆ دەستەبەركردنی گەشەپێدان لە كۆمەڵگادا.

زەكاتی (بت كوین):
لەبارەی ئەو شتانەوە كە زەكات لەسەریان واجب دەبێت، بەڕێز قەرەداغی وتی: مەعلومە كە هەرشتێك بەشێوەیەكی رەواو حەڵاڵ سودی لێ‌ وەربگیرێ‌ پێیدەوترێ‌ ماڵ و سامان، هیچ ئەقڵپەسەند نیە كە خوای گەورە زەكات فەرز بكات بۆ نمونە بەسەر (5) وشتردا بەڵام فەرزی نەكات بەسەر باڵەخانەی بەرز بەرزدا یان بۆ نمونە بەسەر كەسێكدا كە كێڵگەی وشترمورغی هەیەو دەیان دانەی لەناو كێڵگەكەیدایە.

بەڕێز قەرەداغی لە مەسەلەی ئەژماركردنی زەكاتدا لە گوتەكانیدا وای پێباشبوو كە زەكات لەسەر هەموو موڵكدارییە جۆراوجۆرەكان دابنرێ‌ وەك خانووی كرێ‌ و زەوی كشتوكاڵی و پشك و داهاتە ئاڵوگۆڕپێكراوەكان لە بانكەكان و بۆرسە لە بازاڕە داراییەكاندا و دراوە ژمارەییەكان، هەروەها بەسەر ئەوانەشدا كە ماڵ و سامانیان لە رێگای چالاكی قەدەغەكراوەوە دەستدەكەوێ‌، هەروەها دەركردنی سەرفیترەو و شێوازی دەركردنی.
لەبارەی شێوازی دەركردنی زەكات لەسەر دراوە ژمارەییەكان كە بە جفرە و وشەی نهێنین بۆ نمونە وەك (بت كوین)، ئەوا ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان وتی:

،،

لەڕاستیدا ئەم دراوانە لەسەر پرۆسەی كڕین یان فرۆشتن لە نێوان كەسانی لێزان بەوان دامەزراون، هەروەها هیچ بوونێكی فیزیكی بینراو واقیعیان نیە، لەبەرئەوە رەوایەتیان نیەو لە رووی هۆكارەوە حەرامن نەك لە رووی مەبەستەكانەوە.


بەڕێز قەرەداغی هەروەها وتی: پێویستە هەركەس بڕێك لەو دراوە جفرەییانەی هەیە هەستێ‌ بە فرۆشتنیان و ئەو سەرمایەیەی كە پێی ئەوانی كڕیوە سەرمایەكەی وەربگرێتەوەو ئەوەی كە دەمێنێتەوە بیبەخشێ‌ لە بوارە خێرخوازییە جۆراوجۆرەكاندا، بەڵام بۆ مەسەلەی زەكاتدان لێیان ئەوا زەكات لەسەر بەهای بازاڕییان فەرز دەبێت ئەویش كاتێك ساڵ دەگەڕێتەوە بەسەریدا.