بۆچی ڕۆژ بەڕۆژ تەڵاق لەهەڵكشان و بەرزبوونەوەدایە؟

2021-06-09

ئیدریس نوری

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆمێژوو، نەك مێژوویەكی دوور، بەڵكو مێژوویەكی كەم، ئەرگەرچی زانست و هۆكارەكانی خۆشگوزەرانی زۆر كەم بوون، بەڵام جیابوونەوەی هاوسەرانیش زۆر كەم بوو، ئێستاكە بەپێچەوانەوە، ڕۆژلەدوایی ڕۆژ ئامارەكانی تەڵاق زۆر ترسناكتر دەبن.

،،

لەكوردستان بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان ڕۆژانە ٤۰ خێزان هەڵدەوەشێتەوە.

هەربەپێی ئەو ئامارە لەساڵی 2012 تا ساڵی 2020 كەهەشت ساڵە، ئاماری تەڵاق لەكوردستان 24 هەزار و 623 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوەهەبووە.

بابزانین هۆكارەكانی تەڵاق بۆ ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ لەبەرزبوونەوەدایە؟
ئەم خاڵانە دەخەینەڕوو:
1-هاوسەرگیری پێش وەخت (تەمەنی منداڵ) : لەتوێژینەوەیەكدا ئەوە دەركەوتووە ئەو كچانەی لەدوای 25 ساڵی هاوسەرگیری دەكەن، ئەگەری لە ٪24 یان كەمترە بۆ تەڵاق دان و جیابوونەوە.

2- تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان وهۆكارەكانی گەیاندن :هۆكارێكی سەردەمی زۆری ئەم ڕۆژگارەن، كە هەردوو ڕەگەز لێك هەڵدەوەشێنێتەوە، كەبەهۆی ناهوشیاری لەبەكارهێنانیان، دەبێتەهۆكارێكی گرنگ بۆجیابوونەوە.

3-تەداخولی كەسی سێهەم : زۆرجار ژن و پیاو كێشەیەكی ئەوتۆی گەورەیان نی یە، بەڵكو بەهۆی یەكێك لەخزمانی لایەنێكیان كێشەی تەڵاق درووست دەبێت.

4- جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری ژن و پیاو :كاتێك ژن یان پیاو ئاستی معریفی لەوی تریان بەرزتر بوو،هەرزووئاگری كێشە لهو ماڵەدا هەڵدەگیرسێت، چونكە دەبێتەهۆی جیاوزیەكی لەبەرچاو كە ئەمیان دەست بەرداری نەزانینی خۆی نابێت و هەوڵی ئەوەبدات خۆی ڕۆشنبیر بكات و ئەتریش ئامادەنی یە ئاستی خۆی بهێنتە ئاستی نەزانینی ئەو.

5-لاوازی ئیمان :بێگومان هاوسەرانێك كە لەڕووی ئیمان و عەقیدەی ئیسلامی یەوە لاوازن، بێ بەش نابن لەكێشە.
خودای گەورە دەفەرموێ : (ۆعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ) النسا‌و ۱۹
واتە: بەچاكی گوزەرانیان لەگەڵ بكەن .
پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێ :(خیركم خیركم لاهله، وأنا خیركم لاهلی)
واتە: باشترین كەستان ئەوكەسەیە، كەلەگەڵ هاوسەرەكەی باشبێت منیش لەهەموتان باشترم بۆهاوسەرەكەم .
بۆ ئاینی پیرۆزی ئیسلام تەڵاقی بەخراپترین حەڵاڵ كراوەكان داناوە.

6-نەخۆشی دەروونی و ناجێگری باری هزرو ڕەوان :زۆرێك بەهۆی حاڵەتی دەروونی و كێشەی دەروونی یەوە، ماڵیان بووە بەئاژاوە، لە ئەنجامی ئەو نا هاوسەنگی یەی كە لە نێوان خێزانەكان درووست دەبێت، ڕەفتارو گوفتار كێشەی تێ دەكەوێت و پەل بۆجیابوونەوە دەكێشێت .
لەم كاتانەدا زۆر پێویستە كەسانی پسپۆڕ لەچارەسەری كێشەو گرفتی دەروونی هەستن بەچارەسەركردن، كە بێگومان كەسی تووش بوو لەڕێگەی خۆی یەوە یان كەسانی ترەوە دەبێت هەرچی زوودترە پەنا بۆ پزیشكی دەروونی و ڕێنمایی كاری دەروونی بەرن .

7-خیانەت :بەشێكی زۆری كێشەی جیابوونەوە خیانەتە،جا پیاو بیكات، یان ژن، ئەمەش دەرهاویشتەی ناڕاستگۆی و خراپی هەردووك یان لایەكیان بەهۆكاری تایبەتی خۆی كەڕەنگە وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد، تۆڕە كۆمەڵایەتی یەكان ئاسانكاری زۆریان بۆكردنی ئەم كارە كردووە .

8-جیاوازی بیرو ڕا :زۆر جار بەهۆی جیاوازی تەبیعەت و بیرو ڕا كێشەكە دەرووست دەبێت هێدی هێدی بەرەوو گەورە بوون دەڕوات لەناكاو دەتەقێتەوە، لەئەنجام دا جیابوونەوە ڕوودەدات .

9-ئارام نەگرتن لەسەركێشە: بەشێكی زۆر لەدەرمان و چارەسەری كێشەكان ئارام نەگرتن و بڕیاری پێش وەختە، ئەمەش زۆر جار دەبێتە لێكترازان و تەڵاق .

10- جیاوازی لەپەروەردەكردنی منداڵ :هەندێ كات بەهۆی لایەنگری توندی منداڵ، كێشە درووست دەبێت، بەو هۆیەوە لەنێوان دووجەمسەر هێزی كێش كردن و ململانێ دێتە كایەوە سەرەنجام جیابوونەوە ڕوودەدات .

11-جیاوازی تەمەن :بەزۆری لەكۆمەڵگەی كوردی پیاوان لەتەمەن دا گەورەترن تا ژنان، ڕاستە زۆرینەی توێژینەوە ئەوەی سەلماندووە، جیاوازیەكی كەم هەبێت، بۆنمونەوە سێ تاپێنج ساڵ پیاوەكە گەورەتربێت، ئەنجامی باشترە، بەڵام كارەساتەكە لەوەدایە، جیاوازی تەمەن زۆر زۆر زیاتر بێت لەوڕێژەیە، هەندێ كات دەبینی ۲٥ساڵ زیاتر جیاوازیانە .

12-بەهەڵە تێگە یشتن :خودی تێگەیشتن وەك خۆی باشترین تێگەیشتنە لەدوای ئەو تێنەگەشتن بەپلەی دووەم دێت، خراپترینیان بەهەڵەتێگەشتنە، ئەو كات كەلەڕەقی و بێ وویژدانی حاكم و ڕۆڵ دەگێڕێت و سەرەنجام جیابوونەوە ڕوودەدات.

13-باری دارای خێزان :لەكۆنەوە ووتراوە (تەشتی پڕ ئاشتی ماڵە)زۆر كات بەهۆی قەرداری و نەبوونی یەوە كێشە درووست دەبێت، ئەكرێت بڵێین :بەشێوەكی گشتی ئەگینا كەمنین ئەوخێزانانەی كە لەڕووی ئابوریەوە زۆر هەژارن، بەڵام خۆش بەختن .

14-جیاوازی شەخسیەت :تەبع و شەخسیەت زۆر جار هێندە تۆخ دەردەكەوێت، كە ئەستەمە بڕوابكرێت دووشەخسەتی جیا لەیەك نزیك ببنەوە، زۆر جار ئەم دووشەخسیەتە هێندە كار لە لایەنە لاوازەكانی یەكتر دەكەن و فۆكس لەسەر ئەو بوارە دادەنێن هێندە سەیری خاڵە هاوبەش و جوانەكانی یەك ناكەن، هەمیشە لەسەنگەرن بۆ ڕەخنە و یەكتر شكاندن و بچوكردنەوەی یەك.

15-لاوازی سێكسی :ساردبوون لە سێكس و دەربڕینی خۆشویستی بۆیەك، هۆكارێكی كاریگەرە بۆجیابوونەوە .
زۆر جار ئافرەتێك یان پیاوێك ئامادەیە بە كاتژمێر لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر بە تەلەفون قسەبكات، بەڵام ئامادەنیە نو هێندە لەگەڵ خێزانی خۆی قسەبكات .

16-ئیهمال كردن و گوێ نەدانە زانستیانەی ڕەگەزی بەرامبەر، بۆنمونە : ژن بەنیسبەت پاوانەوە جیاوازن لەهەندێ ڕووەوە بۆنمونەوە لەڕووی هۆڕمۆنەوە یان توانای جەستەی، لەهەندێ ڕووەوە پیاو كەمترە، لەهەندێ ڕووەوە ژن كەمترە، بەڵام لەئەنجام دا هەردووك تەواوكەری یەكن و هەردووك پێكەوەجوانن، كاتێك زانیاری كەم بوو لەناسینی یەك، كێشە درووست دەبێت، هەندێ كات تەڵاقی لێ دەكەوێتەو.
17-جیاوازی ئایدۆلۆژی :كەم دەگونجێت دووكەس دووئاینی جیان هەبێت پێكەوە هەڵبكەن و ژیانیان خۆش بێت و جیانەبنەوە، چونكە ئاین وا بەستەی ڕۆح و ڕەوانە، بەناو دڵ ودەروونی كەسەكە ڕیشكی داكوتی یەوە بۆیە زۆرجار بەهۆی ئەم جیاوازیی یەوە، جیابوونەوە ڕوودەدات.

18- بەراوردكردن :ژن وپیاو زۆر جار وا دەزانن فڵان كەسی خزم یان هاوڕێیان كە هاوسەرگیری كردووە لەمان سەركەوتووتربوە وە لەنازوو نیعمەتێكی بێ پایان دەژین و هیچ گرفتێكیان نی یە،بێ ئاگا هیچ خێزانێك بێ كێشە نی یە.

19 پرس نە كردن وئیزن وەرنەگرتن بەتایبەت بۆژنان لە ڕۆشتن بۆجێگەیەك، كە هاوسەر ڕازی نی یە، یان ئەو شتانەی كە هاوسەرەكە پێ ناخۆشە ئەنجام بدرێت جا مادی بێت یان مەعنەوی، هەردووك درووستە.

لەكۆتایی دا دەڵێم : هیچ كەس هێندەی خۆمان دڵسۆزی خۆمان نی یە،بابیرێك لەخۆمان و خانوادەكەمان بكەینەوە، شتی بچوك گەورە نەكەین، سادەیی زۆر باش نی یە، خۆ بەگەورە زانینیش باش نی یە، بێ كاری باش نی یە، ئەوەش باش نی یە! تۆ كارێكی باش، یان موچەیەكی باشت هەیە، لەچەندجێگەی تر خەریك بیت و ئاگات لەماڵ و منداڵت نەبێت، وەك ڕۆبۆت سەیركردن و ماف وئەركی یەكتر لەبەرچاونەگرتن باش نی یە، پیاو دەبێت وا سەیرنەكرێت شەو ڕۆژ هەرچی خەمە ئەو بیخاتە سەرشانی خۆی، وە نەئەبێت ژن لەماڵ تەنها بۆخزمەت كردن و پاسەوانی ماڵ و پاكردنەوە و ئاگابووون و ژیانی سەدان بارە و هاوبەشی نەكردنی لەچوونە دەرەوە وسەردان و...هتد . تەنها هەربەژن منداڵ بسپێرێت .

چەند جوانە ووشەی (هاوسەر)!
واتە: هاوبەش، هاوژین، هاو ڕازو هاوشانی خۆشی ناخۆشی .

دڵنیابن كێشە هەردەبێت، بەڵام ئافەرین بۆ ئەو خێزانانەی كە ژیری بەكاردەهێنن، بۆچارەسەركردن و ناهێڵن كێشەكە گەورەتربێت و هەرزوو ڕێگەی گونجاوی بۆدەدۆزنەوە، ئارام دەگرن.
بەهیوای خۆش بەختی ومیهرەبانی بۆ هەموو خێزانەكان ...


ئیدریس نوری
ماستەر لەدەروونناسی پەروەردەی تایبەت