خودا لەنێوان ترسی غەزالی و میهری مەولانادا

2021-06-09

علی عبدالصمد

دیارە خودا لەنێوان ئەندێشەو دیدگای عاریفان و عاشیقان و زاهیدان و تەنانەت خەڵکی نێو کۆمەڵگاشدا جیاوازە، هەر یەک لەمانە خودا بە جۆرێك دەبینن و بەخەڵکی دەناسێنن.

لێرەدا باس یەکێك لە دوو منەوەری نێو مێژووی زوهد و عیشق و عیرفان دەکەین، کە ئەوانیش تێڕوانینی هەردوو کەسیاتەی گەورەی نێو مێژووی ئیسلام و مرۆڤایەتیە کە ئەوانیش، مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی و ئەبو حامید غەزالیە.

بەبڕوای عەبدولکەریم سروشی فەیلەسوفی ئێرانی، خودای غەزالی خودایەکی ڕوگرژە و دڵێکی ڕەقی هەیە، توڕەییەکەی زاڵە بەسەر سۆز و میهرەبانیەکەیدا،

بەڵام خودای مەولانا خودایەکی میهرەبانە و سۆز و میهرەبانیەکەی بەسەر توڕەییەکەیدا زاڵە.

،،

بەومانایەی غەزالی هەمیشە لەنێو ترسێکی خودایدا بووە و ژیاوە و مەولاناش لەنێو ژیانێکی پڕ لە عیشق و میهرەبانیدا ژیاوە.

پاشان ئەم فەیلەسوفە دەڵێت: من لەگەڵ مەولانادا ژیام، چونکە ناتوانم خوداکەی ئەندێشەی غەزالی هەڵبژێرم و ئەم دیاردەیە قبوڵ بکەم.

من بەشوێن خودایەکی بەخشندە و میهرەباندا دەگەڕام کە دڵێکی فراوانی بێ سنوری هەبێت، ئەم خودایەشم لەلای مەولانا دۆزیەوە کە عاریفێکی عاشقە و لەئاسمانی ویژدان و عەشق و خۆشەویستیدا دەفڕێت، وەک عەلی شەریعەتیش گوتی: من ئەگەر مەولانا نەبوایە دەمێک بوو خۆم کوشت بوو.

خودا لەلای مەولانا، خودایەکە میهرەبانیەکەی چەشنی بارانە و بۆ هەموو بەندەکانێتی بەبێ جیاوازی، خودایەکە جیاواز لەو خودایەی کە لەنێو دینەکاندا هەیە و تەنها میهرەبانی ئەو بۆ پەیڕەوانی ئەو دیەنەیە و ئەوانی دیکەی لێ بێ بەریە.