کەیسی دەستدرێژی سێکسی، بۆ سەر کچە یاریزانەکان مەشێوێنن.

2021-06-27

زمناکۆ ئیسماعیل

رۆژی پێنچ شەممە ١٧ یۆنیۆ- حوزەیرانی ٢٠٢١، (ووێب تی ڤی سایت) ی دیبلۆمات مەگەزین، کە دەکاتە رۆژنامەو تیڤی ئەلەکترۆنی، راپۆرتێکی بەدواداچوون (بنکۆڵکاری)، لەسەر کەیسی دەستدرێژی سێکسی، چەند یانەیەک و لەنێویشیاندا راهێنەرێکی دیاری هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە، ئەو ڕاپۆرتە شەپۆلێکی باشی کاری میدیایی دروستکرد و لەهەمانکاتدا ئاراستەی ماس میدیا، بەهەردوو ئاستی مۆڵتی میدیا و سۆسیال میدیای بەلای خۆیدا ئاژواند، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی و رەخنەکارییە، چەند تێبینییەکە، لەسەر چەناڵەکانی مۆڵتی میدیاو لاپەڕە فەرمییەکانیان لە سۆسیال میدیا، کە هەریەکە بەباری هەواو تێڕوانینی خۆی ئەم بابەتە شەنوکۆ دەکات.

یەکهەم: ئەو کەسانەی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان، ١٨ کچە وەرزشکاری یەک یانە نین، بەڵکو ١٨ کچە وەرزشکارن لە ٢٠ ساڵ تەمەنی ئەو راهێنەرە، ئەوەش بەڕوونی لەڕاپۆڕتەکەی دیبلۆمات مەگەزین دیارە، ڕیپۆرتەر یاخود پەیامنێردەکەیان لەچرکەی ٢١ بۆ ٢٣، بە دوو چرکە زۆر بەڕوونی باس لەوە دەکات، کە ١٥ یانە بەو کەیسانەوە واتە بەچەند کەیسێکی هاوشێوە تێوە گلاون، نەک ئەو راهێنەرە، بەڵکو چەند کەسێکی دیکەش هەمان کەیسیان هەیە، بەڵام کاتێک فۆکەس دەخرێتە سەر ئەو راهێنەرە، هۆکارەکەی ئەوەیە لەچەند یانەیەک و کۆلیژ و یەکەی وەرزشی و خوێندنگا، هەمان کردەوەی دووبارە کردۆتەوە و لەو کەیسە تێوە گلاوە، بۆ بینینی ئەو ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییەی بەشدار بازیانی، تەماشای ئەو لینکەی ژێر ئەم نوسینە بکەن.

https://www.facebook.com/diplomatic2017/videos/897142287501872

دووهەم: ریپۆرتەر یاخود لێکۆڵیاری ئەم کارە رۆژنامەنوسییە، بەشدار بازیانییە، بەڵام خاوەنی ڕاپۆڕت و ڤیدیۆ و کەیسەکە، ووێب تی ڤی سایتی دیبلۆمات مەگەزینە، لەڕووی بەرهەمهێنان و هەموو کارێکی یاسایی، هەم دیبلۆمات مەگەزین و سەرنوسەرەکەی، هەم بەشدار بازیانی دەگرێتەوە، ئەوەندەی من ئاگادارم، بەتەنها بۆ ئەم کەیسە، نزیک بە دوو مانگ پێوەی ماندوو بوون، ناکرێت و نابێت ووێبسایت و چەناڵ و تی ڤییەکانی ئەم هەرێمە، لەکاتی ڕاپۆڕت و هەواڵەکانیاندا، یاخود لەڕاستەوخۆو کارە بەدواداچونەکانیان بۆ سەر ئەم کەیسە، ناوی دیبلۆمات مەگەزین نەهێنن، وەک ئەو هەڵەیەی کە لەچاوپێکەوتنی راستەوخۆی ئێن ئاڕتی بینیمان، لەبری ئەوەی ئەو تی ڤییە لەڕێگای پەیامنێردەکەیان ئاماژە بەوە بکات، کە لەووێب تی ڤی سایتی دیبلۆمات مەگەزین ئەو کارەی وەرگرتووە، باسی لەوە کرد کە هەواڵ و ڤیدیۆیەکی بڵاو کراوەیە لەسۆسیال میدیا، تەماشای چرکەی ٢١ بکەن لەو لینکەی خوارەوە، ئەمەش خواردنی مافی میدیا و چەناڵەکانی دیکەیە، هەمان تیڤی و لەڕێگای پێشکەشکاری سەر شاشە کەباسی لەو کەیسە کرد، لەچرکەی ١١ کەوتە ئەو هەڵەیەوە، کە ئەو راهێنەرە دەستدرێژی سێکسی کردۆتە سەر ١٨ کچە یاریزان، بەڵام زانیاری زیاتری لەلا نەبوو دەربارەی ئەوەی کە لەماوەی چەند ساڵێک ئەوە کراوە، یەکێک لەگرنگی هەواڵ و زانیاری و ڤیدیۆ و فۆتۆی رۆژنامەوانی، لە لیدی هەواڵدا دەبێت ئاماژە بە کات و شوێن (زەمەن و مەکان)، بکات، بەڵام لەکاتی چونە ناوەوەی پێشکەشکار بۆ سەر ئەو بابەتە، ئاماژەی بەوە نەداو هەموووی خستە ئەستۆی ریپۆرتەرەکە، بگرە بەهەڵە گۆتی "١٨ کچە یاریزان دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر"، روونی نەکردەوە چۆن و کەی بووە، وەک ئەوەی لە یەک کاتدا بوبێت، چونکە زۆربەی میدیاکان بەو جۆرە لەبابەتەکە تێگەیشتوون، کە ئەو دەستدرێژیکردنە، لەیەککاتدا بووە، لەڕێگای ئەو لینکەوە تەماشای لینکی راستەوخۆی ئێن ئاڕ تی بکەن.

https://www.facebook.com/watch/live/?v=981518539268046&ref=watch_permalink

سێهەم: بەرپرسی راگەیاندنی یانەی سیروانی نوێ، رۆژنامەنوس و پێشکەشکار بڕیار عەباس، لەراستەخۆی ئێن ئاڕ تی و لەخولەکی ١ و ٢٠ چرکە، باس لەوە دەکات کە ئەو بابەتە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەنێو چەند پەیج و ئەکاونتێکی فەیک بڵاو بۆتەوە، بەڵام دەبوو کاک بڕیار ئەو زانیارییە ووردتر بگەیەنێت، کە لە ووێب تیڤی سایتی دیبلۆمات مەگەزین ئەو بابەتە بڵاو بۆتەوە، نەک لەپەیج و ئەکاونتی فەیک، چونکە کاک بڕیار رۆژنامەنوس و پێشکەشکارێکی باش و وورد و بەتوانایە، دەکرا ووردتر بەدوای ئەو بابەتەدا بگەڕێت، بۆ زانیاری لەسەر گۆتەکەی کاک بڕیار تەماشای لینکی سەرەوە بکەن

چوارهەم: هەندیک ووێبسایت ووێنەی چەند کچە یاریزانێک دادەنێین، ئەو کچە یاریزانانە بپارێزن و ناکرێت ئەوەندە نا هۆشیاربن، هەر کەسێک ووێنەیەکی لەتەک تۆمەتباری ئەو کەیسە (سیروان حامید) دا هەبوو، وابزانن ئەو کەسە دەستدرێژی کراوەتەسەر، خۆ سیروان حامید راسپۆتین نییە، بەپێی زانیارییەکانی دیبلۆمات مەگەزین، ئەو کارە لەماوە، واتە کاتێکی دورودرێژ بەئەنجام گەیەندراوە، واتە ئەو کەیسە هەمووی هی ئێستا نییە، بەڵکو هی هەگبەی ئەو راهێنەرەیە و بۆی کۆکراوەتەوەو ئێستا دەرپەڕێندراوە.

پێنچهەم: هەر کچە یاریزانێک ووێنەی خۆی بینی لەتەک سیروان حامید، ووێنەکەیان درابووە پاڵ ئەو بابەتەی کە باس لەو کەیسە دەکات کە سیروان حامیدی پێ تۆمەتبار کراوە، دەتوانن داوای یاسایی لەسەر ئەو ماڵپەڕ و میدیا و ووێبسایتە تۆمار بکەن، لەڕێگای دادگا، وەزارەتی رۆشنبیری و سەندیکای رۆژنامەنوسان و نزیکترین بنکەی پۆلیس. لەو گەڕەکەی کەماڵی ئەو کچە وەرزشکارەی لێیە، چونکە دەبێت و دەکرێت و مەرجە، کەسانی نێو میدیا هۆشیاری کاری میدیاییان هەبێت، بەتایبەت دانانی فۆتۆ و ڤیدیۆ.

دانانی ووێنەی چەند کچە یاریزانێک لەنێو ووێبسایتێک لەتەک تۆمەتباری کەیسەکە.

https://www.facebook.com/Araste.co/posts/3460238010746057

شەشهەم: میدیا ئیشی ئەوەیە شەقام بجوڵێنێت و ئاراستەی بکات، بەمەبەستی هۆشیاری و گەیاندنی پەیامی جوانی مرۆڤایەتی و سەندنەوەی مافی مافخوراوان، تکایە پاش ئیشکردنی ووێب تی ڤی سایتی مەگەزین، ئەم بابەتە بەجێ بهێڵن بۆ دادگا و لیژنەی پەیوەندیداری پەڕڵەمان و لیژنەی لۆکۆڵینەوەی یانە و وەزارەتی رۆشنبیری، کە ئێستا لەنێو ئەم کەیسەدا ئیش دەکەن، میدیا ئیشی ئەوە نییە دەوری دادگا ببینێت، دەکرێت وەک هەواڵ و راپۆڕت کاری لەسەر بکەن، بەڵام ناکرێت ببن بەدادگا و دادوەرو یەکلاکارەوەی کەیسێکی کۆمەڵایەتی هەژێنەر، ناکرێت و نابێت میدیاکان بەئارەزووی خۆیان دەستکاری ئەم کەیسە بکەن، چونکە دواجار هەمووتان لەبەردەم لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کەیسە خەتابار دەبن. بەهیوام هەموو لایەک ئەو چەند تێبینییەم وەک رەخنەیەکی هاوڕێیانە بەدڵێکی فراوانەوە لێوەربگرن، بەتایبەت میدیاکان کە کەوتونەتە هەڵەوە لە هەمبەر ئەو کەیسە.