بۆچی هەندێک لە منداڵان قسەكردنیان دوا دەکەوێت؟

2021-07-09

ئامادەکردنی ــ عادل حەسەن حەمەڕەشید

دواكەوتنی قسەكردن و فێربوونی زمان لای منداڵ بە یەكێك لە كێشە باوەكان دادەنرێت كە ڕووبەڕوی منداڵ دەبێتەوەوە .
دکتۆر ملکۆ ئەسعەد جەباری پسپۆڕێ دەرونناسی منداڵ لە بەرنامەیەکی کەناڵی ڕووداو ووتی
{ لە ئێستادا ژمارەی ئەو منداڵانەی لە هەرێمی کوردستان کێشەی قسەکردنیان هەیە لە سەد هەزار زیاترە و ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت ، هاوکات ووتی نزیکەی لەسەدا پانزەی منداڵانی هەرێم کێشەی قسەکردنیان هەیە } .
لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو حاڵەتەش دایك و باوك تووشی دڵەڕاوكێ و ترس دەبن ، بەڵام بەداخەوە کەمترین کات بەشوێن چارەسەرێکی گونجاودا دەگەڕێن و نایانەوێ دان بەگرفتی منداڵەکانیدا بنێن و هەندێک جار دەیانەوێ بیشارنەوە و منداڵەکەیان ئاسایی نیشان بدەن .
ئەمەش وا دەکات منداڵەکە بەو حاڵەتەوە گەورەبێت و چارەسەر نەکرێت ، تەواوی گەشەی قسەکردن و ژیری دوابکەوێت .
دەمانەوێ لێرەدا تیشکێکی بچوک بخەینە سەر ئەم حاڵەتە
سەرەتا پێویستە بزانین دواکەوتنی قسەکردن چییە و چۆنە .
دواكەوتنی قسەبە واتای ئەوە دێت كە منداڵ قسەكردنی دوادەكەوێت لە چاو تەمەنی گونجاوی خۆیدا یاخود قسەكردنی ناسروشتی دەبێت.

 

دواكەوتنەكەش بەم شێوانە دەبێت:
١- منداڵەكە چەند دەنگێكی بێ ناوەرۆك دەردەكات وەك ڕیگەیەك بۆ تێگەیاندنی بەرامبەرەكەی .
٢- منداڵەكە بە دەست و سەری ئاماژە بۆ شتەكانی دەوروبەری دەكات وەك ئاماژەیەك بۆ تێگەیاندنی بەرامبەرەكەی.
٣- منداڵەكە زمانێكی تایبەت بەخۆی بەكار دەهێنێت وە وشەكانی هیچ ناوەرۆكێكی زمانیان نیە.
وە بەرامبەرەكەی هیچی لێ تێناگات و سەرو گوێی وشەكان دەشكێنێت.
٤- منداڵەكە ئەوەندە وشە كەم بەكاردەهێنێت ئاستەمە بتوانێت ناو لە شتەكانی دەوروبەری بنێت.
٥- وەڵامدانەوەی بۆ هەموو شتێك بە تەنها یەك وشە ی دیاری كراو .

زۆربەی توێژینەوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە دواكەوتنی قسەكردن لای منداڵی كوڕ زیاترە وەك لە منداڵی كچ.

 

 

(گەشەكردنی زمان و قسەكردن لە تەمەنی یەك مانگی هەتا ٥ ساڵی)

١- لەكاتی لەدایك بوون هەتا ٣ مانگی :
* داچڵەكین بە دەنگی بەرز
* ئارامبوونەوە بە دەنگی لەسەرخۆ و هێواش
* ئەوەی كێشەبێت لەم قۆناغەدا ئەوەیە كە هیچ كاردانەوەی بۆ دەنگەكان نەبێت

٢- لە تەمەنی ٤ مانگ بۆ ٦ مانگ:
* سەیری دەم وچاوی ئەو كەسە دەكات كە قسەی بۆ دەكات
* ئاوازی گریانەكەنی ئەگۆڕێت بەپێ ی پێداویشتیەكانی
* دووبارەكردنەوەی وشەی (با با) و ( ما ما ) لەم قۆناغەدا
* ئەگەر منداڵ لەم قۆناغەدا ئەم ئاماژانەی سەرەوەی نەبوو ئەوا ڕەنگە كئشەی هەبێت.

٣- لە تەمەنی ٦ مانگ بۆ یەك ساڵ:
* لەم قۆناغەدا لە هەندێ وشە تێدەگان لە بەرامبەرەكانیەوە وەكو (بای بای - وەرە- بێنە- بیبە- )
* هەندێ وشە دووبارە ئەكاتەوە وەكو ( ما - با - تا - لا)
* كاتێ داوای لێ دەكەی شتێك بهێنێت تێدەگات
* كە بانگی ئەكەی یان ناوی ئەهێنی سەیر ئەكات یان ئاوڕ ئەیاتەوە

٤- لە تەمەنی ١٢ مانگ بۆ تەمەنی ١٨ مانگ:
* دەبێت لەم قۆناغەدا منداڵ ٣ بۆ ٢٠ وشە بزانێت
* لەو وشانەی كە پێشتر بەكتری هێناوە وەكو ( با با و ماما و نا تا و ) ئەمانە ئەوا هەوڵ ئەیات ڕستەیان لێ درووست بكات
* لە چەمك و پرسیارە سادەكان تێدەگات
* بە دەستی ئاماژە بە شتەكانی دەوروبەری ئەكات.

٥- تەمەنی ١٨ مانگ بۆ بۆ ٢ ساڵ

* لەم قۆناغەدا منداڵ ئەتوانێ ڕستە لە دوو بۆ سێ وشە دروست بكات وەكو ( ئاو ئەخۆم ) یان ( دایكە نان ئەخۆم)
* بەردەوام ئەو پرسیارە ئەكات: ئەوە چیە
* لەمانە تێئەگات بۆ نمونە كە لێ ێ ئەپرسی دایە لەكوئ یە؟ یان كوا بابە ؟
* لەم قۆناغەدا نزیكی( ٢٠٠ )وشە ئەزانێت

٦- تەمەنی ٢ ساڵ بۆ ٣ ساڵ:

* لەم قۆناغەدا ڕستە دروست دەكات لە ٣ وشە
* كاتێك پرسیاری لێ ئەكەی ناوت چیە یان ناوی باوكت چیە تێدەگات و وەلام ئەداتەوە.
* ڕاناوی من و تۆ و ئەو ئــێوە بەكار ئەهێنێت
* لەم قۆناغەدا منداڵ نزیكەی )(٥٠٠) وشە ئەزانێت

٧- تەمەنی ٤ بۆ ٥ ساڵ:

* لەم قۆناغەدا واتای وشەكان ئەزانێت و تێدەگات
* دەتوانێت وەسفی ڕوداوەكانی دەپروبەری بكات وە ڕوداوەكان بگێڕێتەوە
* دەتوانێت ڕستەیەك درووست بكان كە لە ٤ بۆ ٧ وشە پێكبێت.
* دەتوانێت چیرۆكی كورت بگێڕێتەوە

*
هۆكارەكانی دواكەوتنی قسەكردنی منداڵ

١ــسەیركردنی تەلەفزیون و بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێرە ئەلكترۆنیەكان ، زۆربەی لێكۆڵینەوەكان ئەوە دەرئەخەن كە ئەو منداڵانەی زۆر سەیری تەلەفزیون ئەكەن و ئامێرە ئەلکتۆنییەکانی وەکو مۆبایل و ئایپاد بەکاردەهێنن كێشەی دواكەوتنی قسەكردنیان بۆ دروستدەبێت.

٢ـ فەرامۆشکردنی منداڵ لە لایەن دایک و باوکیەوە ، گرنگی پێنەدانی لە ڕووی سۆزداری و دواندن و لاواندنەوە و لەگەڵ بوون و یاریکردن لەگەڵیدا لە لەدایک بوونەوە تا تەمەنی حەوت ساڵی .
زۆر جار هەر لە تەمەنی بچوكییەوە دایك و باوك بەهۆی سەرقاڵیان بە ئیش و كارەوە منداڵەكەیان لای كەسێك یان بەخێوكەرێك یان دایەنگایەك بەجێدهێڵن بەدرێژایی ڕۆژ ئەو بەجهێشتنە كار دەكاتە سەر دواكەوتنی گەشەی قسەكردنی منداڵ.

٣ ــ قسەكردن بە دوو زمان لەگەڵ مندال زۆر جار لەوانەیە دایك بە كوردی قسەی لەگەڵ بكات و باوك بە عەرەبی یان زمانێكی تر كەوا ئەكات منداڵ بەباشی فێری قسە نەبێت ،
ئەم کێشەیە یارییە ئەلکترۆنیەکان و مۆبایل و ئایپادیش دروستی دەکەن ، هەموو بەرنامە و یاری و ئەپڵیکەیشنەکانی ناو مۆبایل و ئایپادەکان بە زمانی ئینگلیزی یان عەرەبین ، منداڵیش سەیر دەکات دایک و باوکی بەو دوو زمانە گفتوگۆ ناکەن بۆیە تووشی شڵەژانی زمان دەبێت و گەشەی قسەکردنی دوادەکەوێت یان هەر فێری قسەکردن نابێت .

٤ ــ كەمی ئاستی زیرەكی و ژیری منداڵەكەیە كە پەیوەندیەكی ڕاستەوخۆ لە نێوان قسەكردن و ژیری منداڵدا هەیە بەڵام مەرجیش نیە هەر منداڵێك قسەكردنی دواكەوت هۆكارەكەی كەمی ئاستی ژیری بێت، بۆیە پێویستە پزیشکی پسپۆر دیاری بکات منداڵەکە کێشەی ژیری و زیرەکی هەیە یاخود نا.

٥ ــ جوڵەی زۆر و تەركیزی كەم ، یاخود گۆشەگیری و دابڕانی کۆمەڵایەتی ، هەردوو حاڵەتە سلبین ئەگەر هەر یەکێکیان لە منداڵدا هەبوون پێویستە چارەسەر بکرێن ،ئەم دوو حاڵەتەش هەندێک جار لە دەر ئەنجامی زۆر بەکارهێنانی ئایپاد و مۆبایلەوە دروست دەبن .

٦ــ بوونی كێشە لە بیستن كە زۆر جار بەهۆی بوونی كێشەی بیستنەوە مندال ناتوانێ قسە و وشەكانی دەوروبەر وەربگرێت و لە یادگەیدا تۆماریان بكات.

٧- هۆكاری بۆماوەیی ، ئەكرێت دایك یان باوك یان باوانیان لە منداڵیدا هەمان كێشەیان هەبووبێت ، ئەمەش كاریگەری لەسەر دواكەوتنی قسەی منداڵ ئەبێت.

٨ ــ زۆر جار بەهۆی كێشە لە مەڵاشو و شەقبونی لێو قسەكردن دوائەكەوێت.

٩- ترس و دڵڕاوكێ لای منداڵ یان بوونی كێشەیەكی دەروونی بەهۆی لەدەستدانی دایكی یان باوكی لە قوناغی منداڵیدا.

١٠- زۆر جار ئەكرێ منداڵ نەخۆشی ئۆتیزم یان بیركۆڵی و فرەجوڵەیی هەبێت كە هۆكاری دواكەوتنی زمانن.


چارەسەری دواكەوتنی قسەكردنی منداڵ:

١- گرنگی زۆر بە منداڵ بدرێت و لەلایەن دایك و باوكیەوە و فەرامۆش نەكرێت ، گرنگی پێدان ئەوە نییە یاری زۆر و جوان و سەرنج ڕاکێشی بۆ بکڕدرێت ، بەڵکو گرنگی پێدان ئەوەیە زۆرترین یاری پڕ جۆش و خرۆشی لەگەڵ بکرێ لەڕووی سۆزداری و لە ئامیزگرتن و لاواندنەوە و فەرامۆش نەکرێ .
٢ ــ منداڵ دووربخرێتەوە لە تەلەفیزۆن و مۆبایل و ئایپاد و یارییە ئەلکترۆنییەکان ، بەتایبەتی کاتێک هەست دەکرێت ئەو کێشەیەی هەیە نابێت بەهیچ جۆرێک بەکاریان بهێنێت .

٣ ــ گرنگی بە پەروەردەی کۆمەڵایەتی منداڵ بدرێت ، تێکەڵ بە منداڵانی ئاسایی بکرێت و لەسەر یاری بە کۆمەڵ ڕابهێنرێ ، گرنگە دووربخرێتەوە لە گوشەگیری و بەتەنهایی

٤ ـ منداڵ سەرقاڵ بکرێت و ئەرکی پێبسپێردێت ، لەسەر هاوکاری و بەشداری لە ئیش و کار ڕابهێنرێت .

٥ ــ لەكاتی هەر كێشەیەكی قسەكردندا واباشە بەزووترین کات سەردانی پزیشكی پسپۆڕی ئاخاوتن و قسەكردن بكرێت بۆ ڕاهێنان كردن بە مندالەكەو پێدانی ڕێنمایی پێویست بە خێزانی یان کەسی دەروونناس بۆ پێدانی ڕاهێنان و بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵی لە ماڵەوە بەشێواری تایبەتی و فێركردنی قسەكردن بەشێوەیەكی ئەكادیمی و زانستی.

٦ ـ پشكنین بۆ بیستنی منداڵ بكرێت بۆ دیاری كردنی هەر كێشەیەك لە گوێی منداڵدا.