ئەوان، هەردوو هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرجەنتینو بەڕازیل، لە یاری كۆتایی جامی كوبا- ئەمەریكادا، بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە، 11ی 7ی 2021 لەیاریگای ماراكانا"ی وڵاتی بەڕازیل ڕووبەڕووی یەكدی دەبنەوە.
ئەرجەنتینو بەڕازیل لە مێژووی جامی كوبا – ئەمەریكادا، پێكەوە یازدە جار گەشتوونەتە یاری كۆتاییو لە فیناڵی ئەو پاڵەوانیەتییەدا ڕووبەڕوی یەك بوونەتەوە.
عەرشی تۆپی پێ دەهەژێت
بەو پێیەی كە دوو ڕكابەری بەردەوامی ناو مێژووی تۆپی پێن، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو هەڵبژاردەیەی ئەمەریكای باشوور لە هەر پاڵەوانیەتییەكدا، جیاوازە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی دوو وڵاتیترو، ڕووبەڕووبونەوەی ئەرجەنتینو بەڕازیل لەبەرانبەر یەكدا، عەرشی تۆپی پێ لە دونیادا دەهەژێنێت.
هەردوو هەڵبژاردەی بەڕازیلو ئەرجەنتین، بەردەوام دوو هەڵبژاردەی بەهێزی تۆپی پێی جیهان بوونو دوو هەڵبژاردەن كە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین هەواداریان هەیە، بوونی ئەستێرەو یاریزانە ئەفسوناوییەكانی وەك " بیلیو زیكۆو ڕۆناڵدۆی دیاردە" لە بەڕازیلو " مارادۆناو میسی" لە ئەرجەنتین، وایكردووە حەشاماتی هەوادارانی ئەو دوو هەڵبژاردەیە پتر بێت.

ئەرجەنتین دەیكات بە پازدە یان بەڕازیل دەیكات بە دە؟
جامی كوبا – ئەمەریكا، كۆنترین پاڵەوانیەتی كیشوەری هەڵبژاردەكانەو یەكەم گەڕی ئەم پاڵەوانێتییە لە ساڵی 1916 بەڕێوە چووە.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین " چلو دوو" جار بەشداری پاڵەوانیەتییەكەی كردووەو" بیستو هەشت" جار گەشتووەتە یاری كۆتایی.
هەڵبژاردە بەڕازیل، " سیو حەوت" جار بەشداری پاڵەوانیەتییەكەی كردووەو " بیست" جار گەشتووەتە یاری كۆتایی.
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆرۆگوای " پازدە" جار بووەتە پاڵەوانی كوبا – ئەمەریكاو، هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش "چواردە"جار بووەتە پاڵەوانو بەڕازیلیش " نۆ"جار جامەكەی بردووە.
ئەرجەنتین دەیكات بە" نۆ" یان بەڕازیل دەیكات بە چوار
لەمیانی " یازدە" جار ڕووبەڕووبووەوەیان لە یاری كۆتایی جامی كوبا- ئەمەریكادا، هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرجەنتین هەشتجار لەبەڕازیلی بردووەتەوەو هەڵبژاردەی بەڕازیلیش سێجار بەسەر ئەرجەنتیندا سەركەوتوو بووە.
لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا " نیمار"ی كابتنو ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەڕازیل هیوای خواست كە لە یاری كۆتاییدا ڕووبەڕووی ئەرجەنتین ببنەوە، هیواكەی نیمار هاتە دیو ئەوان بۆ دوازدەهەمین جار لە فیناڵی كوبا – ئەمەریكادا ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە.
لەگەڵ هیوا خواستنەكەیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان لەتەك ئەرجەنتیندا، نیمار وتی، یاری كۆتایی لە ئەرجەنتین دەبەینەوەو بەڕازیل دەبێتە پاڵەوان، پاش ئەو لێدوانەی نیمار، میسی وتی ئێمە ئامادەین بۆ وەدەستهێنانی نازناوەكەو بەرانبەر بەرازیل دەجەنگین.

یارییەكە بۆ میسی چارەنووسسازە
سەرباری ئەوەی كە بردنەوەی یارییەكە بۆ هەریەك لە دوو هەڵبژاردەكە، كە دوو ڕكابەری مێژوویی یەكدین گرنگە، هاوكات سەركەوتنو بردنەوەی ئەرجەنتین بۆ میسی هەم گرنگو هەم چارەنووسسازیشە.
لەگەڵ ئەوەدا كە میسی خاوەنی چەندان نازناو و خەڵاتی جیهانییە، بەڵام تائێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەیدا نەیتوانیوە هیچ پاڵەوانییەتییەك بباتەوە، بردنەوەی ئەرجەنتین لە بەڕازیل لە كۆتا یاری جامی كوبا – ئەمەریكادا، ئەو گرێیە بۆ میسی دەكاتەوەو دەبێتە سەربارێكی گەورەش بۆئاستو ناوبانگی ئەو لەمێژووی تۆپی پێدا.