فەزیحەی گۆڤارە ساختەكان توێژینەوەی زانكۆكانی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە

2017-09-16

بەهۆی تێوەگلانی دەیان مامۆستا لە بڵاوكردنەوەی توێژینەوەكانیان لە گۆڤارە ساختەكانی جیهاندا سكانداڵێكی گەورە زانكۆكانی كوردستان دەگرێتەوە و لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە ئەو توێژینەوانە رۆڵیان هەبووە لە بەرزكردنەوەی پلە و نازناوی زانستی مامۆستایانی زانكۆدا، بەجۆرێك مامۆستای واهەیە سێ‌ پلەی زانستی بەوهۆیەوە بڕیووە.


باندێكی نێودەوڵەتی لەڕێگەی گۆڤارە ساختەكانیانەوە زانكۆكانی كوردستانیان كردۆتە ئامانج و دەیان مامۆستا لە زانكۆكانی كوردستان پەنایان بردۆتە بەر ئەو گۆڤارە ساختانە بۆ بڵاوكردنەوەی توێژینەوەكانیان.


گۆڤارە ساختەكان یەكێكن لە جۆرەكانی ئەو باندە نێودەوڵەتیانەی لەبواری توێژینەوە زانستیەكاندا كاردەكەن و واخۆیان دەناسێنن كە دەزگای توێژینەوە و پەبڵیشەری زانستین، بەڵام لە راستیدا تەنها دەزگایەكی وەهمی سەر ئینتەرنیتن
كە ئامانجیان بزنس و كۆكردنەوەی پارەیە.


لەم ساڵانەی دوایدا ئەم جۆرە گۆڤارانە لە جیهاندا ڕوو لە زیادبونن و بەشێكی زۆریشیان ناوەندە زانستیەكانی وڵاتە دواكەوتوەكانیان كردۆتە ئامانج، چونكە مامۆستایان و توێژەرانی ئەم وڵاتانە بەئاسانی دەبنە نێچیری ئەم باندانە.


بەپێی داتاكانی بەردەستی دیبلۆماتیك، چالاكی ئەم گۆڤارە ساختانە لە زانكۆكانی كوردستاندا لە ئاستێكی مەترسیداریە.
بڵاوبونەوەی ئەم دیارەدەیە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا بەجۆرێكە لەو توێژینەوانەی ساڵی 2016 لە لایەن مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستانەوە لە گۆڤارە نێودەوڵەتیەكاندا بڵاوكراونەتەوە 25% یان لەو گۆڤارە ساختەكاندا بووە

ووتەکان

لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا بەجۆرێكە لەو توێژینەوانەی ساڵی 2016 لە لایەن مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستانەوە لە گۆڤارە نێودەوڵەتیەكاندا بڵاوكراونەتەوە 25% یان لەو گۆڤارە ساختەكاندا بووە

چەند توێژەرێكی گەنج سەنتەری (بایۆساینس) بەڕێوەدەبن، كە سەنتەرێكی ئەكادیمی سەربەخۆیە تایبەت بە توێژینەوەی زانستی لە بورەكانی فیزیا، كیمیا، بایەلۆجی و پزیشكی و كۆمپیوتەر.


توێژەرانی ئەم سەنتەرە لەپاڵ كارە سەرەكیەكەیاندا كە هاندان و یارمەتیدانی مامۆستایانە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی بەشێوەیەكی ئەكادیمی لە جۆرناڵێكی باوەڕپێكراودا. كاردەكەن لەسەر چێككردن و هەڵسەنگاندنی ئەو توێژینەوانەی لەلایەن مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان ئەنجامدراون لە جۆرناڵە جیهانی و لۆكاڵیەكان.


ئەوەی توێژەرە گەنجەكانی سەنتەری (بایۆساینس) چاوەڕێیان نەدەكرد ئەوەبوو لەكاتی كارەكەیاندا بەر ئەنجامێكی "مەترسیدار" و "شۆك ئامێزی" لەوجۆرە بكەون.
سەنتەری بایۆ ساینس دەڵێت" بەپێی توێژینەوەكانیان دەركەوت لە بواری زانستە سروشتیەكاندا 27% توێژینەوەكانی زانكۆی سلێمانی و 31% ی توێژینەوەكانی زانكۆی كۆیە و 19% ی توێژینەوەكانی زانكۆی چەرموو لە گۆڤارە ساختەكاندا بڵاوكراونەتەوە".


ژمارەكان تۆقێنەرن، پەردە لەسەر سكانداڵێكی گەورەی زانستی هەڵدەدەنەوە كە لەماوەی رابردودا زانكۆكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە.
لەنمونەی ئەو گۆڤارە ساختانەی كە توێژەرانی كوردستانیان كردۆتە ئامانج
گۆڤاری (Paediatric infectious diseases ) گۆڤاری (Open Journal of Gastroenterology )
گۆڤاری (International Journal of Basic and Applied Sciences) گۆڤاری (JOURNAL OF PHARMACEUTICAL AND BIOMEDICAL SCIENCES)) گۆڤاری (IOSR Journal of Applied Geology and Geophysics)) گۆڤاری (International Journal of Multidisciplinary and Current Research)) و دەیان گۆڤاری تر.
ئەوەی كە سەرنج راكێشە لەناو زانكۆكانی كوردستاندا بەشی كیمیا زۆرترین توێژینەوەیان لە بڵاوكراوە ساختەكاندا بڵاوكردۆتەوە. بەجۆرێك بەپێی داتاكانی سەنتەری بایۆ ساینس 68% ی توێژینەوەكانی بەشی كۆمپیوتەر لە زانكۆی سلێمانی و 48%ی توێژینەوەكانی بەشی كۆمپیوتەر لە زانكۆی چەرموو لە گۆڤاری ساختەدا بڵاوكراونەتەوە.


فەهمی حسێن كاكە، ئەندامی بۆردی بەڕێوەبردنی سەنتەری بایۆساینس نایشارێتەوە كەبونی ژمارەیەكی زۆر لە توێژینەوەی ساختە لە زانكۆكانی كوردستاندا ئاماژەی ئەوەیە كە ئەم باندە بە فراوانی لە كوردستاندا بڵاوبونەتەوە.


گوماندەكرێت ئەو تۆڕە نێودەوڵەتیەی كە لەپشتی ئەم كارەوەن، هاوكار و هاودەستیان هەبێت لە كوردستان. بەبەڵگەی ئەوەی ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان ناویان لە دەستەی نوسەرانی ئەو جۆرە گۆڤارانەدا هەیە و كارئاسانیان بۆ دەكەن و هانی مامۆستایان دەدەن بۆ بڵاوكردنەوەی توێژینەوەكانیان لەو جۆرە گۆڤارانەدا.


بەبڕوای فەهمی دیاردەكە لە ئاستێكدایە كە ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی زانكۆ بەهۆی ئەم جۆرناڵە ساختانەوە نازناوی زانستیان وەرگرتووە بەجۆرێك كەسی واهەیە بەهۆی ئەم جۆرناڵە ساختانەوە سێ‌ نازناوی زانستی گۆڕیوە، لەمامۆستای یاریدەدەرەوە بۆتە مامۆستاو لە مامۆستاشەوە بۆتە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر.
كارەساتەكە لەوە قورسترە كە چاوەڕێ‌ دەكرێت ، چونكە وەك فەهمی دەڵێت "لەناو ستافی باڵای زانكۆكاندا بەدەگمەن كەسی تێدایە كە لە جۆرناڵی ساختەەوە تێوەنەگلابێت".


گریمانەی ئەوە دەكرێت ئەو پۆستە باڵایانەی بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆ لە هەیكەلی كارگێری زانكۆكاندا بەدەستیان هێنابێت بەهۆی نازناوە زانستیەكەیانەوەبێت كەخۆی لەبنەڕەتدا لەژێر پرسیاردایە.

ووتەکان

گریمانەی ئەوە دەكرێت ئەو پۆستە باڵایانەی بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆ لە هەیكەلی كارگێری زانكۆكاندا بەدەستیان هێنابێت بەهۆی نازناوە زانستیەكەیانەوەبێت كەخۆی لەبنەڕەتدا لەژێر پرسیاردایە.

وادیارە كارەكانی فەهمی و هاوڕێكانی ئیحراجیەكی زۆریان بۆ زانكۆكان دروست كردبێت، هەر لەبەر ئەوەشە كە سەنتەرەكەیان كەوتۆتە بەر چەندین هەڕەشەی جۆراوجۆرەوە.


"بە بەردەوامی لە لایەن زانكۆكانەوە دژایەتیمان دەكرێت و هەڕەشەی دەركردن و داخستنی سەنتەرەكەمان و تۆماركردنی سكاڵای یاسایمان لێدەكرێت" فەهمی وای ووت.


ئەوكارەی سەنتەرەكە دەیكات لەزۆر ڕوەوە یاریكردنە بە ئاگر، چونكە بەرژەوەندییەكانی زۆر دامەزراوە و ناوەندی لۆكاڵی و جیهانی و تەنانەت كەسییش دەخەنە مەترسیەوە.


گۆڤارە ساختە نێودەوڵەتیەكان ساڵانە لە ڕێگەی كارەكەیانەوە ملیۆنان دۆلار قازانج دەكەن
بەپێی بەدواداچونەكانی دیبلۆماتیك ئەو گۆڤارانە لە بڵاوكردنەوەی هەر پەیپەرێكدا 500-3000 دۆلاریان لە مامۆستایانی كوردستان وەرگرتووە.

ئەو كارەی سەنتەرەكە دەیكات، لەسەر ئاستی جیهانیش ڕوبەڕوی مەترسی بۆتەوە
پڕۆفیسۆرێكی ئەمریكی بەناوی (جێفری بەیڵ) لە ساڵی 2010 بە شێوەیەكی خۆبەخشانە كاریدەكرد بۆ ئاشكراكردن و بڵاوكردنەوەی گۆڤارە ساختەكەكان لە جیهاندا و مانگانە لیستەكەی نوێدەكردەوە، بەڵام بەشێوەیەكی كتوپڕ لە سەرەتای 2017 وازی لەكارەكەی هێناو سایتەكەشی داخست بەبێ‌ ئەوەی هیچ رونكردنەوەیەك بدات.
دواتر زانكۆكەی رایانگەیاند كە جیفری لەلایەن باندە نێودەوڵەتیەكانی بواری پەبڵیشەری فەیكەوەهەڕەشەی لێكراوە و " ژیانی لە مەترسیدایە".

بەرپرسانی سەنتەرەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كارەكانی ئەوان بۆ ناشیریكردنی زانكۆكان و شكاندنیان نییە، بەڵكوو بۆ یارمەتیدان و پاراستنی زانكۆكانە كە دەیانەوێت بیپارێزین لەو باندە بازرگانییە گەورانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا بڵاوبونەتەوە.


سەنتەرەكە لەماوەی كاركردنیدا توانیویەتی تەنها چێكی توێژینەوەكانی سێ‌ زانكۆی كوردستان بكات كە ئەوانیش زانكۆكانی سلێمانی و كۆیە و چەرمون.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەهەرێمی كوردستان كوردستان ١٠ زانكۆی حكومی و ١٠ زانكۆی تایبەت بونیان هەیە.
بەڵام وەك بەرپرسەكەی سەنتەری بایۆنیس دەڵێت" بەداخەوە تەنها ئەم سێ‌ زانكۆیە خاوەنی سایتێكی پڕۆفیشاڵن كە بەشێوەیەكی ورد و ئەكادیمی هەموو داتایەكی تێدا خرابێتە ڕوو كە یارمەتیدەر بووە بۆ دەسكەوتنی هەموو جۆرە داتاو زانیاریەك ".


تا ئێستا كەس نازانێت بەتەواوی قەبارەی دیاردەكە لە زانكۆكانی سەلاحەدین و دهۆك و سۆران و زانكۆكانی دیكە چەندن، بەڵام چاوەڕێ‌ ناكرێت دۆخی ئەوانیش لە زانكۆكانی سلێمانی و كۆیە باشتر بێت.


فەهمی دەڵێت" ناونەهێنانی زانكۆكانی هەولێر و دهۆك و سۆران وئەوانی دیكە لەم بابەتەدا لەبەر ئەوە نییە كە لەو زانكۆیانەدا ئەم دیاردەیە نییە، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە ئەوان هیچ داتا و زانیاریەكیان نییەكەلێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت و بەهۆی ناشەفافیەتەوە بەشێكی زۆری گەندەڵیەكانیان شاردۆتەوە"
فەهمی ئاماژە بەوە دەكات زانكۆكانی سلێمانی و كۆیە و چەرموو جێگەی دەستخۆشین كە سایتێكی پڕۆفیشناڵیان هەیە و هەموو داتایەكی لەخۆگرتووە، لەكاتێكدا زانكۆكانی دیكە لەمڕوەوە لە ئاستێكی لاوازدان.


ئەو، پێشبینی دەكات ئەم دیاردەیە لە زانكۆكانی دیكەی كوردستان زیاتر بێت ، چونكە وەك ئەو دەڵێت لانی كەم لە زانكۆی سلێمانیدا جوڵەیەك دژ بەم بابەتە دروست بووە و سانسۆرێكی خودی دروستبووە كە چیتر مامۆستایان بە ئاگایی و هەستیارییەوە جۆرناڵەكان هەڵدەبژێرن.


رەزا حەسەن، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە وەكالەت، بە دواڕۆژی وت "توێژینەوەی مامۆستاكانی زانكۆی سلێمانی زۆر چاكن و لە ئاستێكی بەرزدان، بەڵام لە ساڵانی رابردوو بەشێك لە مامۆستایانمان بەبێ‌ ئەوەی زانیارییان هەبێت لە گۆڤارە ساختەكان توێژینەوەكانیان بڵاوكردۆتەوە".


وتیشی "ئێمە لە ئێستادا لە هەموو كۆلێژەكان لیژنەی هەڵسەنگاندنی ئەو گۆڤارانەمان هەیە كە توێژینەوەی تێدا بڵاودەكرێتەوە، بەهیچ شێوەیەك بۆ پلە بەرزكردنەوە و بۆ مامەڵە ئەو توێژینەوەیەی لەو گۆڤارە ساختەانە بڵاوكرابێتنەوە كاری پێناكەین".

ووتەکان

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی: توێژینەوەی مامۆستاكانی زانكۆی سلێمانی زۆر چاكن و لە ئاستێكی بەرزدان، بەڵام لە ساڵانی رابردوو بەشێك لە مامۆستایانمان بەبێ‌ ئەوەی زانیارییان هەبێت لە گۆڤارە ساختەكان توێژینەوەكانیان بڵاوكردۆتەوە


سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بەوەكالەت، دان بەبونی دیاردەكەدا دەنێت لە زانكۆكەیدا و ژمارەكانی رەت ناكاتەوە، بەڵام جەخت لەوە دەكات "زۆربەی مامۆستایان نەیانزانیوە گۆڤارەكە ساختەە".


رەزا حەسەن، باسی لەوەكرد كردەوە لە ساڵانی رابردوو هیچ بڕیارێكی وەزارەت بۆ ئەو گۆڤارانە نەبوو، بەڵام بەپێی رێنماییە نوێیەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەكاتی مامەڵەكردن بۆ پلە بەرزكردنەوەی مامۆستا، پێویستە لە هەموو كۆلێژێك لیژنەیەك هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو گۆڤارانەی توێژینەوەی مامۆستایانی تێدا بڵاودەكرێتەوە".


پێ ناچێت زانكۆی سلێمانی بیەوێت هیچ ڕێكارێك بگرێەبەر بەرامبەر ئەو ژمارە زۆرەی جۆرناڵی ساختە و ئەو نازناوانەی بەو ڕێگەیە بەدەست هاتون.
سەرۆكی زانكۆكە لەم ڕوەوە دەڵێت "ئەو مامۆستایانەی لە ساڵانی رابردوودا توێژینەوەیان لەو گۆڤارانە بڵاوكردۆتەوە هیچ سزایەك نادرێن، چونكە بەبێ‌ ئەوەی زانیارییان هەبووبێت ئەو كارەیان كردووە و گۆڤارەكەش بەشێوەیەكی رەسمی خۆیان نیشانداوە، بەڵام ئێستا بەرچاوڕوونی تەواو دراوە بە مامۆستایان و توێژینەوەكانیان لە گۆڤارە رەسەنەكان بڵاودەكەنەوە".


د.حەیدەر لەشكری،یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كۆیە بۆ كاروباری زانستی هەرچەندە بێ‌ ئاگایی خۆی نیشاندا لەسەر ڕێژەی ئەو جۆرناڵە ساختانەی لەبارەی زانكۆی كۆیە لەبەردەستدان، ئاماژە بەوە دەكات پێشوازی لە هەڵسەنگاندن و لێكۆڵینەوەی هەر ناوەندێكی زانستی باوەڕ پێكراو دەكەن لەسەر توێژینەوەی مامۆستاكانیان و بە كارێكی گرنگی دەزانن.


ئەو نایشارێتەوە جۆرناڵە ساختەكان یەكێكن لەو كێشانەی كە لەدونیای ئەكادیمیدا بونیان هەیە و بەشێوەیەكی تایبەتیش وڵاتانی دواكەوتویان كردۆتە ئامانج.
ئەو دەڵێت" هەندێك لە مامۆستایان بەهۆی هەڵپەی پلە بەرزكردنەوە و هەرزانی كرێی بڵاوكردنەوە و ئاسانی بڵاوكردنەوە پەنایان بۆ ئەم جۆرە گۆڤارانە بردووە".
جیاواز لە تێڕوانینی زانكۆی سلێمانی بۆ ئەم بابەتە،یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كۆیە بۆكاروباری زانستی دەڵێت" ئامادەین پێداچونەوە و لێپێچینەوە بەرامبەر هەمووو ئەو مامۆستایانە بكەین كە توێژینەوەیان لە گۆڤاری ساختە بڵاوكردۆتەوە و بەوهۆیەوە پلەی زانستی و پۆستی كارگێڕیان چۆتە پێشەوە، بە مەرجێك لەلایەن سەنتەرێكی پڕۆفیشناڵ و باوەڕپێكراوەوە بێت"

،،

یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كۆیە بۆكاروباری زانستی: ئامادەین پێداچونەوە و لێپێچینەوە بەرامبەر هەمووو ئەو مامۆستایانە بكەین كە توێژینەوەیان لە گۆڤاری ساختە بڵاوكردۆتەوە و بەوهۆیەوە پلەی زانستی و پۆستی كارگێڕیان چۆتە پێشەوە، بە مەرجێك لەلایەن سەنتەرێكی پڕۆفیشناڵ و باوەڕپێكراوەوە بێت"


د. حەیدەر لەشكری ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە زانكۆكەی ئەوان یەكێكە لە زانكۆ زیرەكەكان و سایتێكی پڕۆفیشناڵی هەیە هەركەسێك بیەوێت چێكی توێژینەوەكانیان بكات لەماوەی نیو كاتژمێردا دەتوانێت ئەو كارە بكات، بۆیە وەك ئەو ووتی " دیاریكردنی ئەو دیاردەیە لەناو توێژینەوەكانی زانكۆی كۆیە زۆر بە ئاسانی و خێرایی ئەنجام دەدرێت".


بەقسەكانی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كۆیە بێت لەماوەی داهاتودا لیژینەویەكی لێكۆڵینەوەی بەرفراوان لە زانكۆكە پێكدەهێنرێت لەسەر ئەم بابەتە.
د.ئالان فەریدون سەرۆكی زانكۆی پۆلی تەكنیكی سلێمانی بە دواڕۆژی ووت" بونی ململانێی نێوان زانكۆكان و پرۆسەی ranking و پلەبەرزكردنەوە و نەشارەزایی رۆڵی هەبووە لەوەی كە هەندێ‌ مامۆستایان بەرەو ئەو گۆڤارە ساختەانە بچن.


ئەو دەڵێت "بەخۆشحاڵیەوە زانكۆكەی ئێمە لەبەر ئەوەی زانكۆیەكی نوێیە كەمتر لەو بابەتەوە تێوەگلاوە، هەر لەسەرەتاشەوە بیرمان لەوە كردۆتەوە كە كۆنترۆڵی ئەو بابەتە بكەین، لەڕێگەی هاندانی مامۆستایان بۆ بڵاوكردنەوە لە گۆڤارە باشەكان و كردنەوەی كۆرسی راهێنان بۆ چۆنیەتی ئامادەكردنی توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی توێژینەوەكانیان".
سەرە رای قسەكانی د. ئالان فەریدون گۆڤاری (International Journal of
Computer, Electrical, Automation, Control and Information Engineering )
یەكێك لەو گۆڤارە ساختانەیە كە چەند مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیك توێژینەوەكانیان تێدابڵاوكردۆتەوە.


لەماوەی رابردودا سەنتەری بایۆساینس زانكۆی پۆلیتەكنیكی ئاگاداركردەوە لە دەستنیشانكردنی جۆناڵێكی نێودەوڵەتی ساختە كە زانكۆكە دەستنیشانی كردەوە بۆ بڵاوكردنەوە توێژینەوەكانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی تەندروستی كەبڕیارە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.


بەو هۆیەوە بەڕێوەبەرانی كۆنفرانسەكە هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵایان كرد، بەڵام لە كۆتایدا سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیك بڕیاریدا بە لابردنی گۆڤارەكە و بڵاوكردنەوەی توێژینەوەكە لە گۆڤارە ئەكادیمیەكەی خۆیاندا.


د.ئالان فەریدون دەڵێت" دیاریكردنی ئەو گۆڤارە تەنها پێشنیارێك بوە و لە كۆتایدا بڕیارماندا بەلابردنی گۆڤارەكە"


هەرچەندە تا ئێستا لەسەر ئەو ژمارانە و بەربڵاوی دیاردەكە لەو ئاستەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا هیچ لێدوانێكی بڵاونەكردۆتەوە و هیچ رێكارێكیشی نەگرتۆتە بەر، بەڵام لەوانەیە هەستی بە مەترسی دیاردەكە كردبێت بۆیە بەنوسراوی فەرمی زانكۆكانی بڵاوكردۆتەوە كە دەبێت ئەو توێژینەوانەی لە گۆڤارە نێودەوڵەتیەكان بڵاوی دەكەنەوە لە لیستی (thomson reuters journal list) بێت كە لیستێكی جیهانی باوەڕ پێكراوە بۆ گۆڤارە زانستییەكان.

تێبینی: ئەم راپۆرتەی ڕۆژنامەنوسی ناوبراو، پێشتر لە سایتی دواڕۆژ بڵوكراوەتەوە