گۆشتی مریشک و قسەگەلێکی هەڵبەستراو

2021-09-03

د.بێستون ئەبوبەکر جەعفەر - پزیشکی ڤێتێنەری

گۆشتی مریشک یەکێکە لەو خۆراکانەی کە گرنگییەکی تایبەتی پێدراوە لە دنیادا وە ئارەزوومەندێکی زۆریش هەیە بۆ خواردنی گۆشتی مریشک ، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک پڕوپاگەندەی خراپ دراوەتە پاڵ گۆشتی ئەم پەلەوەرە کە هیچ پاڵپشتیەکی زانستی و عەقڵیشی نیە.

بەهۆی ئەو گەشە خێرایەی کە هەیەتی وە لە ماوەی ٣٠-٤٠ ڕۆژدا نزیکەی ٢-٣ کگم دەردەچێت بێگومان ئەگەر زۆرتریش بمێنێتەوە گەورەتریش دەبێت لە هەمان کاتدا مریشکی خۆمانە هەمان ئەو عەلەفەی پێدەدرێت کەچی بەساڵێکیش ناگات بەو کێشەی کە دەمانەوێت. دەڵێن ئەمانە هۆرمۆنیان پێ دەدرێت یان لێیان دەدرێت بە دەرزی ئەمەیان پێشتر لە بابەتێکدا باسم کردووە ، یان دەڵێن ڕۆنی بەسەرچوویان دەدەنێ یان قیریان پێ دەدرێت هەندێ شتی تری لەم بابەتانە و زۆرتریش کە هەموو ئەمانە کاریگەری خراپ دەکەنە سەر پیشەسازی پەلەوەر لە کوردستاندا.

ئەوەی کە پاڵنەربوو بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بنووسم بڕگەیەکی بەرنامەی (ڕۆژێکی نوێی) کەناڵی کوردساتی ئازیز بوو ، کە بڕگەیەکی نوێیان هەیە شێفێکی گەنجی چالاک و بە توانایە خواردن ئامادە دەکات ، بە پێی ئەو دەرفەتەی کەهەمە و سەیری تەلەفزیۆن دەکەم زۆر حەزم لە بەرنامە ڕاستەوخۆکانی بەیانیانە بە تایبەتی ئەو بڕگانەی پێم خۆشە وەکو هەموو بابەتەکانی تایبەت بە بواری پزیشکی ڤێتێرنەری و گەشەپێدانی مرۆیی و ژینگە و خواردن دروستکردن، ئیتر لە هەر کەناڵێکی ڕاگەیاندن بێت . ڕۆژی هەینی بوو ئەم شێفە بەڕێزە دوو جۆر خواردنی ئامادەکرد مریشک بە کاری کە سنگی مریشکەکەی بەکارهێنا وە مریشکی دیمەشقی کە ڕانی مریشکەکەی بەکارهێنا لە کاتی ئامادەکردنی ڕانی مریشکە ئاماژەیدا بە دەرهێنانی دەمارێک لە ڕانی مریشکەکەدا !!!؟ بێژەری بەرنامەکەش پرسی لەهۆکارەکەی وتی خۆم پێم باشە دەربهێنرێت، چونکە هەندێ دەرزی بەکاردەهێنرێت لەم شوێنانە بۆیە پێم باشە دەربهێنرێت ....!! بێگومان ئەم قسە زۆر دەکرێت و زۆریش باوە لەناو خەڵکیدا ، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەم شێفە بەڕێزانە بەو پێیەی لە ئیشەکەیاندا پرۆفیشناڵن باشترە بۆ ئەم جۆرە بابەتانە کە جێگەی گومانە پرس بکەن بە کەسانی شارەزای ئەم بوارە ،چونکە باسکردنی هەڵە لە بەرنامەیەکی کەناڵێکی بەناوبانگدا دەبێتە پەرەدان بە هەڵەیەک کە هیچ بنەمایەکی زانستی نیە جگە لە قسە و قسەڵۆک. با وا دابنێین ئەو مریشکە دەرزی لێدراوە ، چی جۆرە دەرزیەکە ؟ ئەگەر ڤاکسین بێت زۆر ئاساییە کە کێشە بۆ گۆشت دروست ناکات وە هەرکاتێک بتەوێت گۆشتەکەی دەخورێت سەرەڕای ئەوەی کە ڤاکسینکردن لە تەمەنی بچووکیدا دەکرێت کە ئەو پەلەوەرە لەو کاتەدا ناخرێتە بازاڕەوە . ئەی ئەگەر ڤاکسین نەبوو دەرمان بوو بۆ نەخۆشی ئەمەش ڕێی تێ ناچێت، چونکە کێڵگەیەک کە بە لایەنی کەمەوە ١٠ هەزار مریشکی تێدابێت ناکرێت یەک یەک بیانگریت و دەرزی چارەسەریان بۆ بکەیت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک کە لە سێ ڕۆژ کەمتر نیە ، لەبەرئەوەی خەرجیەکی زۆری تێ دەچێت ومریشکەکانیش ماندوودەبن کە دەبێتە زیانێکی زۆر بۆ خاوەنی کێڵگەکە.

ئەو دەمارە پێی دەوترێت sciatic nerve کە بەرپرسە لە جوڵەی لاقەکان تەنها لە کاتی تووشبوونی بە نەخۆشیەکی ڤایرۆسی بە ناوی Marek´s dis لە تەمەنێکی بچوکدا ئەو دەمارە دەئاوسێت و لە پێ دەکەوێت کە زۆربەی جار بە مرداربوونەوە کۆتایی دێت واتە فریای سەرسفرە ناکەوێت . وە ئەو کوتانانەش کە دەکرێت بۆ ئەم مریشک و جووجەڵانە ئەگەر بە دەرزی بکرێت دەدرێت لە ژێرپێست نەک لە گۆشت هەرچەندە ئێستا لەبەر کەمکردنەوەی هۆکاری ماندووکەر لەڕێگەی ئاوی خواردنەوە یان پرژاندنەوە بەکاردەهێنرێت . کەواتە باشە ئەی بۆ ئەم مریشکانە ئاوەها بەم خێراییە و لە ماوەیەکی کەمدا گەشەدەکەن ..!!؟

بیرۆکەی وەچەکانی جووچکەی گۆشت:
بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەک لە مریشکی گۆشت ، بە دڵنیاییەوە ئەبێت نەوەی باوکانە و دایکانەش هەبێت ، وە بۆ بەدەستهێنانی نەوەی باوکانە و دایکانە پێویستە نەوەی باپیرە و داپیرەش هەبێت ، وە بۆ بەدەستهێنانی نەوەی باپیرە و داپیرەکانیش بەدڵنیاییەوە ئەبێت نەوەی وەچەیەکی خاوێنیش هەبێت . ئەگەر تێبینی بکەین جووجکەی گۆشت ئەوانەی کە دەتوانین بڵێین مریشکی قەڵەوکردن بۆ گۆشت ئەمانە وەچەی دووڕەگن لەبەرئەوەی دروستکراون لە ئەنجامی دووڕەگ کردنی نێوان دوو وەچەی جیاواز کە یەکێکیان تایبەتکراوە کە وەچەی باوکانە بێت وە ئەویتریان تایبەتکراوە کە وەچەی دایکانە بێت ، وە هەر وەچەیەک لە وەچەکانی باوکانە و دایکانەکان دروستکراون لە ئەنجامی تێکەڵکردنی دوو وەچەی خاوێن . وە هەریەکەیان پێیان دەوترێت وەچەی باپیرە و داپیرەکان بە دوای یەکدا .


ئەگەر پێت خۆشە دەست پێبکەیت لە نەوەی وەچە خاوێنەکان ئەوا ئەبێت چیرۆکی جووجەڵەی گۆشت دابنێن بەم شێوەیە:

١.جۆرە پێوانەییەکان پێکدێت لە وەچە خاوێنەکان بەهۆی ڕێگەی پەروەردەکردن و هەڵبژارنەوە لە نەوە بە دوای یەکداهاتووەکان ، ئەمانە ناودەبرێت بەپارچە بنچینەییەکان.

٢.بەکارهێنان و پەروەردەکردنی نزیکەکان (خزمەکان) بۆ چڕکردنەوەو جێگیرکردنی سیفەتە بۆماوەییە خوازراوەکانی هەر وەچەیەک.

٣.تاقیکردنەوەی هێزی یەکگرتووی ئەم وەچانە لە گەڵ یەکتر بۆ دیاریکردنی باشترینان بە پێی سیفەتە خوازراوەکانی هەر تێکەڵەیەک ، وە ئەو سیفەتانەی کە ڕەچاودەکرێت لە کاتی دیاریکردنی وەچەکانی هێڵی نێر (وەچەی باوکانە) کە ئەمە سیفەتی گەشەکردن و شێوەی لەشە بەشێوەیەکی بنچینەیی ، وە سیفەتەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە و هەڵهێنان بە شێوەیەکی لاوەکی . بەڵام بۆ هێڵی مێینە ( وەچەی دایکانە) پێچەوانەکەی ڕاستە ، کە گرنگی دراوە بە سیفەتەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە و هەڵهێنان بە شێوەیەکی بنچینەیی ، وە سیفەتەکانی گەشەکردن و شێوەی لەش بە شێوەیەکی لاوەکی.
گرنگترین ئەو جۆرانەی کە بەکاردەهێنرێن بۆ بەرهەمهێنانی وەچەکانی هێڵی نێرینە ئەوانیش مریشکی جۆری (کۆرنیش و نیوهامشایەرە ) ، وەگرنگترین ئەو جۆرانەی بەکاردەهێنرێن بۆ بەرهەمی هێڵی مێینە مرییشکی جۆری( بلیمۆث )ە .

٤ٚ. بەرهەمهێنانی باوان لە وەچە خاوێنەکان .

٥. بەرهەمهێنانی دایکانە لە باوان (باپیرە و داپیرە).

٦. بەرهەمهێنانی وەچەی بازرگانی .

ئەگەر تێبینی بکەین ئەو بیرۆکە بنچینەییەی کە سودی لێ وەرگیراوە لە دروستکردنی کۆمەڵەی مریشکی گۆشت سودوەرگرتن بووە لە هێزی دووڕەگبوون لە ڕێگەی پلاندانان بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی بۆماوەیی ( تێکەڵەیەکی بەهێز) لە وەچەی بازرگانی . وە ئەمەش هاریکار دەبێت بۆ هێزی بۆماوەیی وەچە بنچینەییەکان و دیاریکردنی چاکترین سیفەتی خوازراو کە لێکۆڵینەوە کرابێت لە دووڕەگبوونەکەیدا . وە ئەگەر تێبینی بکەین بۆ گەیشتن بە ئەوپەڕی سودوەرگرتن لە پێکهاتە بۆماوەییەکە ، کە نەوەی باوان ڕێکخراوە لە چوار وەچە : دوو وەچەیان تەنها مێینەیان لێ وەرگیراوە (هێڵی مێینەکان) ، وە دوو وەچەی تر تەنها نێرینەیان لێ وەرگیراوە (هێڵی نێرینەکان) ، بە جووتبوونی نێرینە و مێینەی هەر هێڵێک نەوەی باوکانە و دایکانەمان دەست دەکەوێت ، پاشان باوکانەمان وەرگرت لەهێڵی نێرینە وە دایکانمان وەرگرت لە هێڵی مێینە وە جووتیان دەکەین لە گەڵ یەکتردا بەرهەمەکەی هێلکەیەکی پیتێنراو دەبێت کە نەوەی جووجەڵەی گۆشتی تێدایە کە خاوەنی سیفەتێکی بۆماوەیی خوازراوە کە گەشەیەکی خێرا و توانایەکی گۆڕانی عەلەفی باشی هەیە ، ڕێژەی خاوێنی بەرزە ، ڕێژەی چاکبوونەوەی نایابە، گۆشتێکی بەتام و چێژیشی هەیە.