بۆچی ڕۆژی مامۆستایان لە یابان بونی نییە؟

2021-09-14

و.هیوا غفور

جارێکیان کە تازە چووبومە یابان و بووبووم بە مامۆستا لەوێ، لە هاوکارە یابانییەکەم، مامۆستا (یاماموت Yamamot)م پرسی، بۆچی ڕۆژێکی تایبەت بە ڕۆژی مامۆستایان لە یابان بونی نییە؟
ئەو سەری سوڕما لە پرسیارەکەم و وتی: ئێمە هیچ ڕۆژێکی دیاریکراومان، بەناوی ڕۆژی مامۆستایانەوە نییە.
بەبیستنی ئەو وەڵامە، نەمزانی دەبێت باوەڕی پێبکەم یان نا، لە بیر و فکری خۆمدا ڕۆچووبووم: چۆن وڵاتێک کە لە رووی ئابووری و زانست و تەکنەلۆژیادا، گەیشتبێتە بەرزترین ئاست، سەبارەت بە مامۆستا بەوشێوەیە کەمتەرخەمبن و کاری مامۆستا ئەوەنە بە کەم سەیر بکەن؟

،،

بە ڕێکەوت، هەمان ڕۆژ دوای کار، (یاماموت) مامۆستا یابانییەکەی هاوڕێم، منی بۆ ماڵەکەی خۆی بانگێشت کرد. لەبەرئەوەی ئەو ماڵیان دوور بوو لە قوتابخانەکەوە، بە میترۆ ڕۆیشتین.

لە عەسراندا میترۆ زۆر قەرەباڵغ و جەنجاڵە، ناو میترۆکە پڕ بوو لە خەڵک، هەرچۆنێک بوو، سوار میترۆکە بوین، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر قەرەباڵغ بوو، ناچار بەپێوە وەستاین و خۆم بە شوێنی دەستگرتنەکەوە گرت، بەڵام لەناکاو پیاوێکی بەتەمەن کە لە تەنیشت منەوە، لەسەر کورسییەک دانیشتبوو، پێشنیاری کرد، کورسییەکەی چۆڵ بکات و من بچمە شوێنەکەی دابنیشم.

من کە تێنەگەیشتم، بۆچی ئەم پیاوە بەتەمەن و پیرە، وا بەو گەرموگوڕییەوە، جێیەکەی خۆی بۆ من چۆڵ دەکات. نەمتوانی پێشنیارەکەی قبوڵ بکەم، بەڵام ئەو زۆر پێداگیری کرد، ناچاربووم، دابنیشم.

دواتر داوام لە (یاماموت) کرد، هۆکاری ئەو کارەی ئەو پیاوە پیرەم بۆ روون بکاتەوە. ئەو زەردەخەنەیەکی کرد و ئاماژەی بۆ کارتی زانیاری قوتابخانە، کە بە یەخەی منەوەبوو کرد و وتی: ئەو پیرە مێردە، کارتی مامۆستایی تۆی بینی و وەکو رێزێک بۆ پلەوپایەی تۆ، جێیەکەی خۆی بۆ چۆڵ کردی.

هەر لەوێدا، کە من بۆ جاری یەکەم بوو، دەچووم بۆ ماڵی مامۆستا یاماموت، ڕۆیشتن بەدەستی بەتاڵ بەلامەوە شتێکی جوان نەبوو، بڕیاڕمدا توحفەیەکی بچووکی بۆ بکڕم.

من پێشنیارەکەم بە یاماموت وتو ئەویش قبوڵی کرد، وتی: کەمێک پێشتر فرۆشگایەکی لێیە، کە داشکانیان بۆ مامۆستایان هەیە و دەتوانی کەلوپەل، بە نرخی هەرزانتر لەبازاڕ بکڕیت.

من نەمتوانی خۆم بگرم و پێم وت: ئایە ئەم داشکانە تەنها بۆ مامۆستایانە؟
ئەو بەڵێیەکی کرد و وتی: لە یابان، کاری مامۆستایەتی، ڕێزدارترین و بەقەدرترین پیشەیە و مامۆستا بەڕێزترین کەسە. پیشەوەران و خاوەن دووکانان، کاتێک مامۆستایان دەچنە دووکانەکانیان، زۆر خۆشحاڵ دەبن. ئەوان بۆخۆیان ئەم کارە، بە شانازییەکی گەورە دەزانن، کە مامۆستایەک چووەتە دووکانەکەی.

،،

بەدرێژای ئەو ماوەیەم لە یابان، من چەندین جار بینیومە کە چۆن یابانییەکان، ڕێزێکی زۆر لە مامۆستایان دەگرن.

لەوێ شوێنی جیاواز بۆ مامۆستایان هەیە، فرۆشگای جیاواز بۆ ئەوان کراوەیە. مامۆستایان بۆ هەر تکت و جۆرە هاتوچۆیەک، لە ڕیزدا ناوەستن و سەرە ناگرن. کەواتە مامۆستایانی یابان، چ پێویستییەکیان بە ڕۆژی مامۆستایانە، لەکاتێکدا کە هەموو ڕۆژێکی ژیانی ئەوان، وەکو جەژن وایە.

ــ یاداشتی مامۆستایەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە یابان مامۆستابووە