بەمرۆیی بوونی بەراز!

2021-11-22

محمد خۆشناو


بەراز نەفرەتلێکراوترین ئاژەڵە لەکن ئيمە و کۆمەڵگەی ئیسلامی و زۆربەی ئاینە کۆنەکان چونکە گۆشتی حەرامکراوە ، حەرامکردنی گۆشتی بەراز لەبنچینەدا لە ئایینی جووەکان وەرگیراوە و شەریعەتی جووەکان خواردنی بەرازیان حەرامکردووە ، بەکورتی نەخواردنی گۆشتی بەراز کارێکی ئایینیە ، بەڵام ئایا رقلێبوونەوە لە ئاژەڵی بەراز کارێکی ئایینیە؟ بەڕای من نەخواردنی گۆشتەکەی پەیوەندی نیە بە رقلێبوونەوەی و نەفرەتلێکردنی.


بەم دواییە زانایانی خۆرئاوا رایانگەیاند کە دەتوانن گورچیلەی بەراز لە جەستەی مرۆڤ لەجیاتی گورچیلە لەکارکەوتوەکە بچێنن و ئێستا دەڵێن ئەندامانی دیکەشی بۆ مرۆڤ دەبێت ، چونکە زانایان ماوەیەکی درێژە تێبینی لێکنزیکی توێکاری و فسیۆلۆجی سەڕسووڕهێنەر لەنیوان مرۆڤ و بەرازدا کردووە ، دیارە حیکمەتی خوای گەورە لە حەرامکردنی گۆشتی بەراز لەوەدابووە کە بەمرۆڤ دەچێت ،

،،

ئەم لێکنزیکیە وایکردووە کە بەراز ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ تاقیکردنەوەی زانستی و هەروەها گواستنەوەی ئەندامانی جەستەی

نزیکی شێوەی دڵ و تووشبونی بەراز بە ڕەقبوونی دەمارەکانی وەکو مرۆڤ وای لەزانایان کردووە قەستەرە بۆ بەراز بکەن و لەهەمان کاتدا لێکچوون لەنێوان جگەری مرۆڤ و بەراز و ڕێڕەوی هەرسکردن هەیە بەوەی ڕووەک و گۆشت دەخوات ، ئەم لێکچوونە وایکردووە بەراز ببێتە دیاریەکی پزیشکی بۆ مرۆڤ ، لەو ڕاپۆرتانەی کە لەسەر ئەم بابەتە خوێندومەتەوە ، کە ئەمە بەراز بووە ئەنسۆلین و دەرچە« صمامە»ی دڵ و زۆر شتی تری بەدیاری داوەتە ئێمە.


بەراز….ئەی هاوڕێیە چاوتێرە ڕیسواکە ، من دەزانم تۆ دەبیتە هاوڕێ و نزیکی هەموو مرۆڤایەتی و ، تۆ شایەستەی ڕێزلێنانی نەک نەفرەت و ڕقلێبوونەوە و ڕیسوایی ، ئەمە پێستی تۆیە لەجیاتی ئەو پێستە نەرمە تەنکەی ئێمە بەهۆی سووتانەوە دەچێنرێت ، ئەی بەراز….ئاژەڵە بەستەزمانەکە ، ئەمە ئەنزیمی تۆیە کە یارمەتی پێکهێنانی پێکهاتەی ئیفلیجی منداڵان دەدات بۆ پاراستنی مناڵانمان لەترسی ئەو نەخۆشیە کوشندەیە ، ئەمە ڕیخۆڵە باریک و ئەستوورەی تۆیە داوی لێدروست دەبێت و بۆ نەشتەرگەری و دوورینی برینەکە و ساڕیژکردنی ، لە پەنکریاسی تۆوە ئەنسۆلین ئامادە دەبیت و بەچاکەی تۆوە ژیانی ملیۆنەها لە نەخۆشی شەکرە بە ئارامی بەردەوام دەبێت…ئای لەو چاوتێرە ڕیسواکراوە.

،،

چاندنی ئەندامەنی جەستەی بەراز کاردانەوەی زۆری لەلایەن هەندێک زانایانی ئایینی لە هەندێک وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە ، ئەم کرداری چاندنەیان بە گوناه دانا

بەڵام موفتی میسر ڕایگەیاند کە ئەو مادانەی لە پێکهاتەی گۆشتی بەراز وەردەگیرێن بەمەبەستی چارەسەر ڕێگەپێدراوە و ، دەشڵێت خواردنی گۆشتی بەراز لەناچاری ڕێگەپێدراوە ، ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئەم بابەتە بەهیچ شێوەیەک ئایینی نیە بەڵکە بابەتێکی زانستیە ، لەبەر ئەوەی ئێستا زانایان خەریکی بە« مرۆییکردنی بەراز»ن و وادەکەن کە خانەکانی نزیکتربن لە خانەکانی مرۆڤ ….ئا ئەمەیە مرۆڤی بەراز یا بەرازی مرۆڤ کەوا دێت و وابەڕیوەیە.