ئەوکاتەی مرۆڤ دەبێتە ئوممەتێ

2022-02-08

عومەر عەلی غەفور

لە حاڵەتی ئاساییدا بەهای مرۆڤ زۆر بەرز دەبێتەوە زۆر، تا ئەوەی یەکسان بێ بە بەهای ئوممەتێک، بگرە بە بەهای کۆی مرۆڤایەتی، ئەمە لە هەندێ حاڵەتی لێقەومانی دڵتەزێنی ئینسانیدا بەرجەستە دەبێ، وەک ئاوبردنی دانەری جوانەمەرگ لە لافاوەکەی ئەمساڵی هەولێردا، کە بۆ ماوەی زیاتر لە چل رۆژهەر لە خەڵکانی خۆبەخشی ئاساییەوە، تا بەرزترین ئاستی دەزگا رەسمییەکان، دەیان و بگرە سەدان کەس، لە، کەشوهەوایەکی سەخت و سەرمادا، لەنێو قوڕ و لیتە و گۆماوی نیمچە شەختەکردوودا، بەدوای نەک رزگارکردنی لە مردن، بەڵکو دۆزینەوەی تەرمەکەیدا ماندوو نەناسانە دەگەڕان و دەسووڕان.
سەدان هەزار کەسیش لە شاشەکانەوە، بە دڵشکاوییەوە گوێ قوڵاخ بوون، بەشکو هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی دانەر ببیستن..

نموونەیەکیتر رەیانی پێنج ساڵانی مەغریبی بوو، کە کەوتە ناو بیرێکی قووڵی گوندە چەپەکەکەیان و ، بۆ ماوەی پێنج رۆژ هەموو مەغریب بەجەماوەرەوە، تا دەگاتە دیوانی شاهانەو لەگەڵیاندا سەدان ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ رەیان خەمبار بوون و سات بەسات سۆراخی دواین هەوڵەکانی رزگارکردنی رەیانیان دەکرد، کە بەداخەوە نەتوانرا گیانی رزگار بکرێ.

دانەر و رەیان بە ساتێکی سەخت و دژواردا تێپەڕین و ژیانیان لەدەستدا، بەڵام ملیۆنان کەس لە خەمی سۆراخیاندا بوون، ئەگەر بکرایە مرۆڤ دوای مردنی چێژ لە گرنگپیدانی لەلایەن دەوروبەرەوە ببینیایە، ئەوا دانەر و رەیان دوو لە خۆشبەختترینەکانی دنیا دەبوون، چوون بەهایان هاوتای بەهای ئوممەتێک بوو.

بەڵام تەنها دانەر و رەیان نین کە بەو سەختییە مردوونیان بێ سەر و سۆراخ بوون!
هەزاران منداڵ خراپتر لە دانەر و رەیانیان بەسەر هاتووە بەبێ ئەوەی کەس بایەخیان پێ بدا و دڵی بۆیان بسووتێ وشەقام و دەوڵەت بۆیان بێنە سەرخەت..
لە حاڵەتی نائاساییدا، لە وڵاتانی جەنگزەدە و کارەساتباردا سوورریا، عێراق، ئەفغانستان، یەمەن، هەزاران دیمەنی دڵتەزێنی لەو جۆرە روودەدەن،

،،

بەڵام کەس فرمێسکێکیان بۆ ناڕێژێ و ئاخێکیان بۆ هەڵناکێشێ، یەک، لەبەرئەوەی چانسی ئەوەیان نەبووە بکەونە بەر زوومی کامێرای میدیاکان دوو، کە گرنگترینیانە، ئەوەیە لە دۆخی نائاسایی و شەڕ و شۆڕدا نەهامەتی دەبێتە رێسا و باو..


رۆژانە خەڵک بە لێشاو گیان لەدەست دەدەن و، دیمەنە دڵتەزێنەکان و نەهامەتیی مرۆڤەکان، دەبنە شتێکی ئاسایی و
چیدی دڵی دەوروبەر راناچڵەکێنن..
..
رەیانی بێچارە لانیکەم لەوەدا شانسی هەبوو کە وڵاتەکەی کۆستی گەورەتری نەبوو، ئەو کۆستی گەورەی وڵات بوو، هەربۆیە هەمووان چ بە دڵ چ بە دەست
لە لای ئەو بوون.

،،

خۆ ئەگەر لە سێیەم رۆژی کەوتنە ناو بیرەکەدا خوانەکردە، تەقینەوەیەکی گەورە لە مەغریب رووی بدایە و کارەساتێکی مرۆیی لێ بکەوتایەتەوە، ئاخۆ خەڵک و دەوڵەت هۆش و تەرکیزیان لای تاقە مناڵێک دەما کە لە کوێرە دێیەک کەوتۆتە ناو بیرێک؟!!

تەقینەوەکەی بەیرووت لە ئابی ۲۰۱۹، سەدان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، هێندەی تراژیدیای رەیانی پێنج ساڵانی مەغریبی خەڵکی ناوچەکەی نەهەژاند.

لە ئاشتیدا مرۆڤێ نرخی ئوممەتێکی دەبێ
لە شەڕدا ئوممەتێ نرخی مرۆڤێکی نابێ..
بژی ئاشتی، بمرێ شەڕ