هه‌موو شتێك ده‌رباره‌ی ئۆكرانیا

2022-02-12

دڵشاد موانی

لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم شیكارییه‌ جارجار سەیرێکی ئەو وێنەی سەرەوە بکە، ئەوە پێ ئەڵێن نەخشەی ڕەگەز و زمانی وڵاتی ئۆکرانیا.
حاڵی ئۆکرانیا وەک حاڵی عێراق وایە، ئەمریکا و زلهێزەکانی ڕۆژئاوا لەبەر بەرەژەوەندی خۆیان بە سیکۆتینی سیاسی و زۆرە ملێ ئەو وڵاتەیان لە چەند نەتەوەیەکی جیاواز بەیەکەوە نوساندوە و ناویان لێناوە ئۆکرانیا، تەماشای وردەکاری خوار نەخشەکە بکە بزانە پێکهاتە جیاوازەکانی ئۆکرانیا چۆنە.
بەگشتی هەموو خاکی ئوکرانیا دابەش کراوە بەسەر سێ گروپی جیاوازدا، کە ئەویش نەتەوەی سەرەکی ئۆکراین و ڕووس و کەمە نەتەوەکانی تری وەک ڕۆمانی و مۆڵدۆڤانسی و هەنگاری و بولگاری.


ڕەنگە سورەکە ئەو ناوچانەی ئۆکرانیایە کە زۆرینەی موتڵەق تێیدا ئۆکرانیە و هیچ کەمینەکی بەرچاوی تێدا نیە، زمانی ئاخافتن تەنها هەر ئۆکرانیە و لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی وڵاتی ئۆکرانیادایە.

ڕەنگە پەمەییەکە زۆرینەی ڕەگەز و زمان ئۆکرانیە، بەڵام نەتەوەی کەمینە تێیدا ڕوسیە و لەژێر کۆنتڕۆڵی وڵاتی ئۆکرانیادایە.
ڕەنگە زەردەکە ئەوناوچانەن کە زۆرینە تێیدا ڕوسیە، ئەڵبەتە هەم وەک ڕەگەز ڕوسین، وە هەم زمانی ئاخافتنیشیان ڕوسیە، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئۆکرانیایە.


ڕەنگە بێجیەکە ئەو ناوچانەن کە کەمینەی ڕەگەز و زمان تێیدا ئۆکرانیە و زۆرینە ڕوسیە، بەڵام لە ژێر کۆنتڕۆڵی وڵاتی ئۆکرانیادایە.
ڕەنگە سور و سپیەکە ئەو ناوچەیە کە خەڵکەکەی بەڕەگەز ڕوسین، بەڵام بە ئۆرکرانی قسە ئەکەن، یەعنی وەک تەعریبەکەی لای خۆمان ئەمانیش بەزۆر تەئۆک کراون و لە ژێر دەسەڵاتی وڵاتی ئۆکرانیادان.

ڕەنگی قاوەییەکە جەزیرەی کریمیایە کە لەساڵی 2014 ڕوسیا چووە ناوی و داگیری کرد، هەرچەند خەڵکەکەی خۆیان هەر بەڕەگەز ڕوسی بوون و بە زمانی ڕوسیش قسەیان ئەکرد.

ڕەنگە زەرد و قاوەییەکە پێکەوە ئەو ناوچانەن کە زۆرینە تێیدا ڕوسیە و ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ڕوسیادایە، ئەم ناوچەیە لە ئێستادا وەک هەرێمێکی جیاوازە لە ئۆکرانیای لێهاتووە کە پێی ئەوترێت ناوچەی (دۆنباس) ڕێک وەک کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکانی لای خۆمان وایە، هەمیشە شەڕ و ئاژاوەی تێدایە، دوو مەتاری نێودەوڵەتی تێدایە لە ئێستادا داخراون، جا ئەگەر لە یادتان بێت، فڕۆکە مەدەنیەکەی مالیزیا لێرەوە بە ساروخی چەکدارەکانی سەر بەڕوسیا پێکرا و کەوتەخوارەوە، کە بووبەهۆی کوژرانی هەموو سەرنشینەکانی ناوی، لە ئێستادا سوپای ڕوسیا لەم ناوچەوە پێشڕەوی کردوەو و هاتۆتە ناو خاکی ئۆکرانیاوە.


ڕەنگە ڕەساسیەکان دانیشتوانەکەی لە بنەڕەتدا ڕۆمانی و مۆڵدۆڤانسین.
ڕەنگی سەوز و وەنەوشەییەکەش خەڵکەکەی هەنگاری و بولگارین لە ئەسڵدا.

لەبەر هەبوونی ئەو ڕێژە زۆرەی نەتەوەی ڕووس لە ئۆکرانیا، ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا ووتی ئێمەو ئوکرانیەکان براین، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمر زیلینسکیش وڵامیدایەوە ووتی ڕاستە ئێمە براین، بەڵام برایەتیەکەمان وەک برایەتی نێوان هابیل و قابیل وایە.
ئەمریکا و بەریتانیا و ڵاتانی ئەوروپا و پەیمانی ناتۆیش لە ئێستادا پشتگیری لە یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا ئەکەن، بەڵام هەروەک و ئەوەی کە لە عێراق ئەگوزرەرێ، ئەوان چاویان لە ئاستی ئەو هەموو جیاوازی و ناتەبایی و شەڕو ئاژاوە داخستووە، تەنها بەرژەوەندیەکانی خۆیان ئەبینن.
بۆیە پێ ئەچێت بەم نزیکانە ئەوسیکۆتینەی کە نەخشەی ئۆکرانیای پێ چەسپ کراوە ئێکسپایەر بێت و سەراپای وڵاتی ئۆکرانیا لەبەر یەک هەڵوەشێت، ڕەنگە ئەوەی لە ئۆکرانیا ڕوو ئەدات ببێت بە مودێلێکی باش بۆ هەڵوەشانەوەی شەبەحی عێراقیش، با چاوەڕوان بین....

دڵشاد موانی
خوێندكاری دكتۆرا ـ به‌ریتانیا