نالی وەک قومارچی!

2022-02-20

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

زمان پێش ئەوەی قسەکردن، نووسین، خوێندنەوە یا ڕێزمان و سینتاکس بێت، سیستمێکی بیرکردنەوەی خودئاگای زیرەکی ئاڵۆزە، تا ئێستا نازانین ئایا ئەو بەشێکە لە ئێمە یا ئەوە ئێمەین بەشێکین لەو، دایکی خەیاڵە و تاکە هۆکاری سەرەکیی بیرکردنەوەشە. بەقەولی لیدڤیک ڤیتگنشتاین عەقڵمان یاری دەستی زمانمانە و ئەوەی زمانمان نەتوانێت بیڵێت عەقڵیشمان ناتوانێت بیری لێبکاتەوە.

پێشتر لە پۆستێکی فەیسبوکدا ئیدیعایەکم هەبوو بەوەی نالی یەکەمین و گەورەترین و بەئاگاترین کەسێکە لەمێژووی دوور و نزیکی ئێمەدا بە وریاییەوە هەوڵیداوە شێوازی ژیانکردنی ئێمە لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە بگوازێتەوە.

،،

نالی یەکەمین کەس بووە بتوانێت بە کوردیی خەیاڵبکات و خەیاڵکردن بە کوردیش بخاتە سەر سکەیەکی وا تا دواتر ببێتە هەوێنی لەدایکبوونی دەیان خەیاڵدانی گەورەی کوردیی لەم جوگرافیایەدا.

بەهێزترین چەکی دەستیشی لەم بوارەدا ئەو ڕیسکەیە کە بە شاعیرییەتی خۆیەوە لەپێناو خەیاڵی کوردی و زمانی کوردییدا دەیکات و سەرکەوتووش دەبێت تێیدا:

تەبعی شەککەرباری من، کوردی ئەگەر ئینشا دەکا،
ئیمتیحانی خۆیە مەقسوودی، لە عەمدەن وا دەکا

کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە خۆکردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا

،،

زمانی کوردی لای نالی بەتەنها نووسینی شیعر و ڕێنووس نییە بە کوردیی وەک ئەوەی ڕەخنەگرانی ئەدەبیی سەد ساڵە بانگەشەی بۆ دەکەن وەک تونێلێکی بێ بن تێیدا ماونەتەوە

گرنگترین کاری نالی خەیاڵکردنە بە کوردیی لە کۆمەڵگایەکدا کە بەتەواوی خەیاڵکردن بە عەرەبیی و فارسیی و تورکیی داگیریکردووە. ئەم باسە لای نالی ناسان کەمترین قسەی لەبارەوە دەکرێت. خەیاڵ تاکە شتێکە لەسەر ئەم ئەستێرەیە هێز دەداتە بەر واقیع بۆئەوەی بجوڵێت، تا ئەمڕۆ لە دوێنێ نەچێت. ناچونیەکی خەیاڵەکان وایکردووە هەرگیز دووجار ڕوداوێک تێیدا وەک یەک دووبارە نەبێتەوە، نەتوانین دووجار لە هەمان ئاوی ڕوبارێکدا مەلە بکەین، لەکاتێکدا هەزاران ساڵ لەسەر ئەستێرەیەکی دیکە چونیەک و نەگۆڕە بەهۆی ئەوەی هێزێکی وەک خەیاڵی لێ نییە واقیعەکە بگۆڕێت. خەیاڵ حەقیقەتێکی فڕیو و ئۆقرەنەگرە، هەرچی ئێمە هەین لە خوارەوە سێبەرێکی تەمبەڵ و تەوەزەل و نەجوڵاوی ئەوین، گەر بێتو بەو هێزەی ئەو بجوڵێین و بفڕین ئەم گەردوونە فراوانە کورت دەهێنێت لەوەی تێیدا جێگامان ببێتەوە:

نالی بە داوە شەعری دەقیقی خەیاڵی شیعر
بۆ ئەو کەسەی کە شاعیرە سەد داوی نایەوە

خەیاڵ گرنگترین ئەداتێکە مرۆڤ تا ئەوسەری سنوورەکانی مەحاڵ و بوونی زەینی ببات. زۆر گرانە لەسەر شانی مرۆڤ و زۆری دەوێت تا بتوانێت بە زمانێکی دیکە لەو زمانەی کە تێیدا لەدایک بووە و گەورە بووە بیر بکاتەوە، چ جای ئەوەی خەیاڵ بکات.

خەیاڵکردن پرۆسەیەکە زۆر لەودیو سنوورەکانی بیرکردنەوەوە جێکەوت دەبێت. تەماشای مرۆڤێکی وەک نالی بکەن، لەپاش بەڕێکردنی نیوەی تەمەنێک لە حوجرە و خەیاڵدانی عەرەبی فارسیی تورکییدا، دەستی دەچێتە خۆی و ژیان و کرێدیتی شاعیرانەی خۆی دەخاتە نێو قومارێک کە پێشتر تاقینەکراوەتەوە، دستمایەکەشی لەم قومارەدا خۆی و ناوبانگی شاعیرانەی خۆیەتی! دەبێت نالی ئەو مەسافە دووروو درێژەی بە چ خێراییەک بڕیبێت خودایا!

نالی زۆر بە ڕوونی دەڵێت مەشرەبی شاعیرانەی لە خەیاڵدانێکی تەواو کوردیانەوە سەرچاوە دەگرێت، زۆر بەکورتی پێمان دەڵێت ئەو نەوەک هەر بە کوردی دەنووسێت و بیردەکاتەوە بەڵکو بە کوردی خەیاڵیش دەکات:

موحەققەق مەشرەبی نالی لە شیعرا هەروەکوو خاکی
خەیاڵی کوردییە، بەیتی سەراپا زوڵفی دوو تایە

نالی پێش سێ سەدە پاردایمی خەیاڵکردن بە کوردی سەرڕێ دەخات و دوای سێسەد ساڵ ئێمە نەوەک هەر قودرەتی خەیاڵکردنمان بە کوردیی نییە، ناتوانین بە کوردی تەنانەت بیریش بکەینەوە! لە دینداریی بۆ سیاسەت، لە پەروەردە بۆ شێوازی ژیانکردن و لە نووسینی ئەکادیمیی بۆ شیعرمان ئەمڕۆ هەزاران میل دوورە لە خەیاڵ و مۆراڵی کوردیی. مرۆڤ کە قودرەتی خەیاڵکردنی بە زمانی دایکیی خۆی لەدەستدا، گەر گەورەترین شاکاری ئەدەبییش بخوڵقێنێت نرخی نییە، چونکە بەرهەمەکەی جوینەوەی خەیاڵی ئەوانی دیکە تێناپەڕێنێت، ئیدی کارەکەی کاتبڕ و جوگرافیابڕ نابێت و ناتوانێت بەرگەی زەمەن بگرێت بۆ ئەوەی بمێنێتەوە.
ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە دایکی زمانی کوردی: حەزرەتی نالی پیرۆزبێت!