نەورۆز و پێغەمبەر!

2022-03-21

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

هەموو ئەوەی پێغەمبەران و بەتایبەتیش پێغەمبەری ئیسلام هێناوێتی ڕوانینێکی نوێ و جیاواز بووە بۆ ژیان نەوەک ژیانێکی نوێ و جیاواز. واتە ئەوان هاتوون مانایەکی نوێ بدەنە دیاردەکانی وەک بازرگانییکردن، هاوسەرگیریی کردن، قوربانییکردن، چوونە حەج، ڕۆژووگرتن،نوێژکردن و...هتد.

هەموو ئەوانە پێش هاتنی ئەمانیش هەر هەبوون. بەڵام ئەوەی ئەوان کردوویانە گۆڕینی قیبلەی و نیەتی پشت ئەو جوڵە و تقوساتەی مرۆڤ بووە لەو ڕۆژەدا کە ئەنجام دراوە، لە فرەییەوە بۆ وەحدانییەت بە شوناس و ناسنامەیەکی نوێوە. پێغەمبەر هەرگیز دژی سیقایەتی حاجی و تەوافی بەیت و سەفاو مەروا نەبووە لە مەشعەرێکی گەورەی وەک حەجدا، ئەسڵەن دواتر وەک جوڵەی فەریزەی گرنگ گرنگی وەک حەجکردنیش مانەوە، ئەوەی گۆڕا نیەت بوو نەوەک ڕووکەش و شێوازی کارەکە:

لەدڵدا خەڵک و خوا بوو فائیدەی چی
کەدەم پڕ بێ لە اِیّاک و اِیّاک

گەر بە پێچەوانە گوزەرێک بکەینەوە لە ئێستاوە بۆ ڕابردوو ئەوا تێدەگەین ئەو نوێژە بێ ڕۆح و ڕۆژووە بێ ناوەڕۆک و زەکات دەرنەکردنە لە ماڵ و سامان و تۆخکردنەوەی ڕۆحی شوناس و کاڵکردنەوەی ڕۆحی مانا لەمڕۆی موسوڵماناندا پێویستیی بەوەیە جارێکی دیکە پێغەمبەرێک بێتەوە هەمان وانەی قیبلەگۆڕین بە موسوڵمانان بڵێتەوە، دیارە کە پێغەمبەرایەتی کۆتایی هاتووە و ئەم ئەرکە دەکەوێتە سەرشانی موسڵیحانی دینیی.

عیباداتی ڕۆژانەی ئیمانداران لە نوێژکردن بۆ ڕۆژووگرتن و حەجکردن، لە دەرکردنی زەکات بۆ قەبوڵ نەکردنی زوڵم هەر لەپێناو پاراستن و دەمەزەردکردنەوەی ئەو مانایەیە کە لەپشت ئاکتەکانی ڕۆژانەی موسوڵماندا دەبێت هەبن. بەتێرمینۆلۆجیی دینی لەپێناو ئیخڵاس و پوختیی نیەت دان. غەزالی ناوی توێکڵ "قشرة"یان لێدەنێت. واجبات توێکڵن و مانا و نییەتی پشت واجبات ڕۆحی حەقیقەتەکەن.

گەر پێغەمبەر ئەحکامێکی هێنابێت تەنها لەپێناو دروستنەبوونی پێکدادانی کۆمەڵایەتیی بووە لەو ڕۆژی کۆمەڵگای موسوڵماناندا، نەوەک زەروورەت و حەقیقەت و ئەسڵی دینەکە بووبێت، "تەماشاکە ئەمڕۆ هەموو دین و دینداریی بووەتە بەرنامەی ڕاستەوخۆی حەرام و حەڵاڵی موفتییە زاهیر بینەکان" مێژوونووسان پێیان وایە بەشی زۆری ئەحکام هەمان ئەو عورفە چاک و عادیلانەیەن کە لە جاهیلیشدا بوونیان هەبووە.

،،

واتە پێغەمبەر تەغزییەی هەمان ئەو عورفانەی کردۆتەوە کە لە پێش ئیسلامدا هەبوون بەڵام بە مانا و ناوەڕۆکێکی نوێوە.

هەمووئەم قسانە بۆ ئەوەیە گەر پێغەمبەر ئەمڕۆ لە نێو ئێمە بژیایە ، یان لەنێو وڵاتێکی ئەوروپییدا بژیایە هەمان ئەو عورف و یاسا چاکانەی برەو پێدەدا کە لە کۆمەڵگاکەدا بوونی دەبوو. خودی ژیانەکەی نەدەگۆڕی بەڵکو جیهانبینی و مانای بۆ ژیانەکە دەگۆڕی، عورفێکی لانەدەدا و لە جێگاکەی عورفێکی دیکە دابنێت، بەڵکو مانای بە عورفە باوەکە دەبەخشیی، نیەتی پشت عورفەکەی دەستکاریی دەکرد.

موجتەهیدان و موسڵیحانی دینیی ئەمڕۆ لەهەموو شتێک زیاتر پێویستە دەست بۆ جەوهەر و کرۆکی بابەتە دینییەکان بەرن نەوەک توێکڵ و ڕوکەش، تا لەڕوکەشدا بمێنینەوە هەمان سوڕانەوەی نێو هەمان بارنەی سەد ساڵی ڕابردوو زیاتر دروێنە ناکەین. نوێژێکی بێ دڵ هەمان نوشتانەوەی بەردەم ئاگرێکە، هەمان نووشتانەوەی بەردەم لات و عوزایە، ڕۆژوویەکی بێ مۆراڵ جگە لە برسێتیی هیچی دیکە ناداتە خاوەنەکەی.