دیــــنـــــــی مــــــاکـــــــیــــــاڤــــــیــــــــلــــیـــانـــــە

2017-12-28



ماکیاڤیلی بە یەکێک لە دیارترین ئەو ناوانە هەژمار دەکرێت لە بازنەی بابەتە سیاسیەکاندا رایەکانی گفتوگۆ و مونەقەشەیان بەدوای خۆیاندا هێناوە ، لە کاتێکدا قوڵایی رایەکانی ماکیاڤیلی دەتوانرێت بوترێت لە بواری ئەخلاقناسیدایە.


لەو روەوە یەکێک لە بابەتە گرنگ و پرسیارە سەنتەریەکانی بواری فەلسەفەی ئەخلاق بریتیە لە پرسیارکردن لەبارەی موشەڕیعی ئەخلاقیەوە، بە واتایەی کێ شەرعیەت دەداتە کرداری ئەخلاقی ؟ کێ بڕار دەدات لەسەر فرمانێکی ئاکاری بەوەی تەبایە بە بنەما ئەخلاقیەکان یان ناتابەیە بەو بنەمایانە؟ پێوەرەکانی کرداری ئەخلاقی چین؟ کێ دیاریان دەکات؟ لەسەر چ بنەمایەک؟


ئەم پرسیار و تێڕوانینانە دەیان راو قوتابخانەی جیاوازیان بەرهەم هێناوە کە ئامانج و سنوری ئەم بابەتە نیە بچێتە ناو ئەو جەدەلەوە تەنها دەیەوێت تیشک بخاتە سەر دیدی ماکیاڤیلی بۆ ئەخلاق و پاشانیش دیدی هەندێک تەوژمی دینی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەخلاقدا ، پاش ئەوەش دۆزینەوەی کۆلکەی هاوبەشی نێوان ماکیاڤیلیەتی ئەخلاقی و رەنگدانەوەی بەسەر سیاسەتی نەتەوەییەوە ، سیاسەتی دینی هەندێک تەوژمی دینیەوە

لە پێشەوەدا ئاماژەمان بەوە دا ماکیاڤیلی ناوێکی دیاری بازنەی سیاسەتە کەم کەس هەیە سەروکاری لەگەڵ سەرەتاییترین شیکاری سیاسیدا هەبیت ناوی ماکیاڤیلیان نەبیستبێت، بەرادەیەک ماکیاڤیلی بوەتە رەمزی پراگماتیکیەتێکی رادیکاڵ کە هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی بەلایەوە گرنگ نیە، بەڕادەیەک ئەم تێڕوانینە بەربڵاوە دەوترێت ماکیاڤیلی باوەڕی بە ئەخلاق نەبوە، ئەمە لە کاتێکدا ئەم دیدە تەنها خوێندنەوەیەکی سادەی روکاری و سەتحیە بۆ ماکیاڤیلی.

،،

سەربەخۆ تەماشا نەکردنی ئایین و ئەخلاق دەرفەتێکی زێڕین دەرەخسێنێت بۆ گروپە توندڕەو و تیرۆریستیەکان تا بۆ بەجێگەیاندنی خەونەکانیان بنەما ئەخلاقیەکان پێشیل بکەن 


دەکریت هەنێک دەربڕینی ماکیاڤیلی خۆشی خزمەتی ئەم تێڕوانینە بکەن بەڵام کاتێک قوڵایی فیکری ماکیاڤیلی کەشف دەکرێت دەبینرێت کێشەکە لەم ئاستە روکاریەدا نیە کە بڕوای بە ئەخلاقی کڵێسا نەبوە ، بەڵکو بڕوای بە مەنشەئی ئەخلاقی کڵێساش نەبوە، واتە لە بنەڕەتەوە جیاواز بوە، ئەگەر نا وەک هەموو دیدە ئەخلاقیەکانی دیکە لەسەر بنەمای ئەولەویەت پیدان تێڕوانین ئەخلاقی خۆی دامەزراندوە، بە کورتی چی بکەینە قوربانی چی تر، کە ئەمەش ئەولەویەتێکی مامەڵەکردنی ئەخلاقیانیانەیە

ماکیاڤیلی باوەڕی وایە دەوڵەت موشەریعی یان بە واتایەکی تر دانەری ئەخلاقە، بی دەوڵەت قسەکردن لەسەر ئەخلاق بێمانایە ، جونکە لە بنەرەتەوە دەوڵەت مانا دەدات بە ئەخلاق، کەواتە هەر هەوڵێک بۆ بونیاتنانی دەوڵەت و هێشتنەوە و بەهێزکردنی ئەولەویەتی هەیە بەسەر ئاکاری ئەخلاقیدا لەو روەوە ئەخلاق سەرچاوە لە دەوڵەتەوە وەردەگرێت و بێ هەبونی دەوڵەت ئەخلاق بێمانایە، جگە لەوەی هەرچی ببێتە هۆی بەهێزکردنی بنەما ئەخلاقیەکان دەبێت بەهێز بکرێت، بۆیە دەبێت دەوڵەت بەهێز بکرێت ئەگەر تەنانەت پێچەوانەی بنەما ئەخلاقیە باوەکانیش بێت، ئەگەر دەوڵەتیش بونی هەبو دەبێت پارێزگاری لێبکرێت ئەگەر تەنانەت بە ئامڕازە نا ئەخلاقیەکانیش بێت، بۆ ؟ جونکە سەراپای ئەخلاق و مەنزومەی ئەخلاقی لەکاتی لەناو چونی دەوڵەتدا لەناو دەچن ، بۆیە بۆ پاراستنی کۆی مەنزومەی ئەخلاقی ئاساییە وردە ئەخلاقیات و جوزئیاتی ئەخلاقی بکرێنە قوربانی، ئەمەش نهێنی رستە بەناو بانگەگەی ماکیاڤیلیە - ئامانج دەبێتە پاساوی ئامڕاز - ئەگەر ئامانجەکەت ئەخلاقی بوو ئەوا ئامرازەکەشت ئەخلاقیە، لە پێناو ئامانجیە ئەخلاقیە باڵاکاندا هەمو شتێک ئەخلاقیە.

ئەگەر تا ئێرە بریتی بێت لە قسەکردن لەسەر روانینی ماکیاڤیلی بۆ ئەخلاق، ئەوا دەبێت قسە لەسەر ئەو جیهانبینیە دینیەش بکەین کە پێی وایە ئایین سەرچاوەی ئەخلاقە، تەنانەت پێی وایە لە دەرەوەی ئایینەوە شتێک نیە بە ناوی ئەخلاقەوە، لەم کاتەدا هەمان تێڕوانین و هەمان جیهانبینی ماکیاڤیلی بەسەر رەفتاری ئەمیشەوە دەردەکەوێت، هەمان تێگەشتن بۆ رۆڵی ئەخلاق لە چوارچێوەی پرۆسیسی سیاسی و ناسیاسی دینیدا دێتە ئاراوە، لێرەوە ئەخلاق پێگەی خۆی دەگٶڕێت لە ستانداردێکەوە بەسەر تێگەشتنی دینیەوە بۆ دەرهاویشتەیەکی لاوەکی تێگەشتنی ئایینی کە بکرێت لە پێناو دەرهاویشتەکانی دیکەی ئاییندا وازیان لێبهێنرێت

ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ ئەدەبیاتی ئیسلامیدا هەیە بێگومان بەرکەوتنیان لەگەڵ چەمکی فیقهی ئەولەویاتدا هەیە ، واتە چی ئەولەویاتی بەسەر چی تردا هەیە، یان بەشێوەیەکی دیکە شتێکیان لەبارەی فیقهی تەغیری مونکەرەوە خوێندوەتەوە، ئەگەر بۆ گٶڕانکاری لە مونکەرێکدا مونکەریکی دیکە هاتە ئاراوە لەو کاتەدا دەبێت چی بکەیین،ئایا کار بکەیین بۆ گۆڕانکاری مونکەرەکە یان نەیکەیین، بۆیە ئەگەر ئەخلاقمان وەک دەرهاویشتەیەکی دین تەماشا کرد نەک وەک کیانێکی سەربەخۆ دەکرێت ئێمە لە پیناو ئامانجە دینیەکاندا پێشێلیان بکەین، بەڵام ئەگەر وەک کیانێکی سەربەخۆ تەماشامان کرد کە زەمینەیەکە بۆ تەحقیق بوونی دین مومکین نیە پێشیلی بکەیین.

،،

ئەبوبەکر ناجی نوسەری کتێبی (ادارە التوحش) بەرونی وەڵامی ئەو بەرهەوەنیەی داوەتەوە و دەڵێت (لئن اقتتلت البادیە والحاضرە فلم یبق منهم أحد أفضل من أن ینصب طاغوت یحكم بخلاف شریعە الإسلام) وادەزانم ئەم پەیامە هێندە رونە و هێندە هاوشێوەی تێزەکەی ماکیاڤیلیە دەرفەتیک ناهێڵێتەوە بۆ گومان بردن، زۆر بە رونی پێمان دەڵێت لە پێناو حوکمڕانی شەریعەتی ئیسلامیدا وەزیفەیەکی ئەخلاقیە مرۆڤ بکوژیت ئەگەر دڵنیاش بێت سەراپای مرۆڤەکان لەناو دەچن و تەنها یەکیان نامێننەوە.

سەربەخۆ تەماشا نەکردنی ئایین و ئەخلاق دەرفەتێکی زێڕین دەرەخسێنێت بۆ گروپە توندڕەو و تیرۆریستیەکان تا بۆ بەجێگەیاندنی خەونەکانیان بنەما ئەخلاقیەکان پێشیل بکەن ، جونکە بەرای ئەوان ئەخلاق و بنەماکانی دەرهاویشتەیەکی دینن و ئەگەر زەرورەتی دینی خواستی دەتوانرێت وەلا بنێرێن، ئەمەش ئەو کارەساتانەیە کە ئەو هێزانە دەیانخولقینن و دروستیان دەکەن . ئێمە لێرەدا دەمانەویت ئاماژە بە چەند نمونەیەک بکەیین کە بە رونی ئەو بۆچونەی سەرەوەی ئێمە دەسەلمینن کە چۆن گروپە توندرەوەکان پەنا دەبەنە بە لاوەکی کردی ئەخلاق بۆ شەرعیەتدان بە کارەکانیان، بەڵام پێش ئەوە دەمانەوێت هەنێک سەرنج بخەینە سەر تێڕوانین بۆ ئەخلاق لای ئەوانەش کە تیرۆریست نین بەڵام پێیان وایە ئەخلاق دەهاویشتەی ئایینە، چۆن بە ئاسانی دەتوانن دەست بەرداری بابەتە ئەخلاقیەکان ببن.

بۆ نمونە یوسف قەرزاوی کە بەبەراورد بە زۆرێک لە فەقیهەکانی دیکە کراوەترە پیی وایە ئازادی و دیموکراسیەت زۆر لەگەل دیندا گونجاون چونکە لە هەر شوێنێک ئازادی هەبیت تەوژمە ئیسلامیەکان گەشەیان کردوە

زۆر بە روونی دەبینین قەرزاوی هەبونی ئازادی وەک بەهایەکی ئەخلاقی دەبەستێتەوە بە سەرکەوتن و گەشەکردنی ئیسلامیەکانەوە، رەخنەکە ئەوەیە شەرعیەتی ئەخلاق لای ئەو پەیوەستە بە شتێکی ترەوە نەک خۆی، واتە ئەخلاق دەبێت لەبەر خۆی خواستراو بێت نەک لەبەر شتێکی تر، بۆ نمونە درۆکردن دەبێت خۆی لە خۆیدا نەویستراو بێت نەک لەبەر ئەنجامەکەی مەگەر لە دۆخێکدا خواستراوە دەبێتە هۆی نەهێشتنی نا ئەخلاقیەکی لە خۆی گەورەتر ،

راستگۆییش لەخۆیدا خواستراو بێت بێ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە ئایا لە راستگۆییدا سودمان دەست دەکەوێت یان نا چونکە ئەگەر راستگۆییمان پەیوست کردەوە بە سودەوە ئەوا هەرکاتیک زەرەرمان بو واز لە راستگۆیی دەهێنین، بۆیە ئەمەش بۆ ئازادی دروستە.

پاساوی ئازادی بریتی نیە لە گەشەی هێزێک یان گروپێک بەڵکو بریتیە لەوەی ئازادی بەهایەکی ئەخلاقیە و لە خۆیدا خواستراوە تەعبیر کردنە لە ئیرادەی مرۆڤەکان بێ ئیکراه و ناچارکردن، نا ئازادیش ناچارکردنی مرۆڤەکانە بەوەی خۆیان نەبن.

بۆیە نابێت پەیوەست بکرێتەوە بە بەرژەوەندیەوە، بەڵام چونکە ئەخلاق یان بەها ئەخلاقیەکان وەک موسەلەمەیەک وەک دەرهاویشتەیەی ئایین هەمار کراون بۆیە خراونەتە بەراورد کاری نێوان دەرهاویشتە دینیەکانەوە بۆیە ئاسایی بوە مرۆڤ بۆ دەرهاویشتە گەورەکانی وەک حوکمڕانی دینی پێشێلیان بکات بە هەمان شێوەی تێزەکەی ماکیاڤیلی.

بە ورد بونەوە لە ئەدەبیاتی گروپە توندرەو مونەزیرەکانی تیرۆریزم بە روونی هەست بەوە دەکرێت .

نوسەری (رسالە العمد فی اعداد العدە) کە ئەو کتێبە بە یەکێک لە تێکستە بنەرەتی و سەرەتاییەکان هەژمار دەکرێت کە زۆرترینی گروپ و تەوژمە جیهادیەکان پشتی پێدەبەستن دەڵێت (مجهول الحال یجوز قتلە تقصدا للمصلحە) پرسیارەکە لێرەدایە ئەو بەرژەوەندیە چیە کە بکرێت کەسی نەزانراوی لەپێناودا بکوژرێت ، رەوایەتی بداتە مردنی مرۆڤێک، ئێمە لیرەدا بۆ ئەوەی وردتر بزانین ئەو بەرژەوەندیە چیە؟ دەبێت ئەدەبیاتی ئەو گروپانە بخوێنینەوە ، واشدەزانم زۆر کاتی نەوێت چونکە هەمیشە گوتاری تەوژمە رادیکاڵەکان زۆر خۆ مادوکردنی ناوێت چونکە بە زمانێکی رون دەدوێن .

ئەبوبەکر ناجی نوسەری کتێبی (ادارە التوحش) بەرونی وەڵامی ئەو بەرهەوەنیەی داوەتەوە و دەڵێت (لئن اقتتلت البادیە والحاضرە فلم یبق منهم أحد أفضل من أن ینصب طاغوت یحكم بخلاف شریعە الإسلام) وادەزانم ئەم پەیامە هێندە رونە و هێندە هاوشێوەی تێزەکەی ماکیاڤیلیە دەرفەتیک ناهێڵێتەوە بۆ گومان بردن، زۆر بە رونی پێمان دەڵێت لە پێناو حوکمڕانی شەریعەتی ئیسلامیدا وەزیفەیەکی ئەخلاقیە مرۆڤ بکوژیت ئەگەر دڵنیاش بێت سەراپای مرۆڤەکان لەناو دەچن و تەنها یەکیان نامێننەوە.

،،

زۆر بە روونی دەبینین قەرزاوی هەبونی ئازادی وەک بەهایەکی ئەخلاقی دەبەستێتەوە بە سەرکەوتن و گەشەکردنی ئیسلامیەکانەوە، رەخنەکە ئەوەیە شەرعیەتی ئەخلاق لای ئەو پەیوەستە بە شتێکی ترەوە نەک خۆی، واتە ئەخلاق دەبێت لەبەر خۆی خواستراو بێت نەک لەبەر شتێکی تر، بۆ نمونە درۆکردن دەبێت خۆی لە خۆیدا نەویستراو بێت نەک لەبەر ئەنجامەکەی مەگەر لە دۆخێکدا خواستراوە دەبێتە هۆی نەهێشتنی نا ئەخلاقیەکی لە خۆی گەورەتر ،

ئەم دیدە نەک پێمان دەڵیت حوکمی شەریعەت نەک تەنها بەها دەداتە ئەخلاق بەڵکو بەهاش دەداتە خودی مرۆڤیش، لەدەرەوەی حوکمی شەریعەتدا مرۆڤ وەک خۆشی بەهای نیە ئاساییە لە پێناو ئەو بەها باڵایەدا بکرێتە قوربانی ، لەوەش سەیرتر ئەوەیە پێی وایە (ان افحش درجات التوحش اخف من الاستقرار تحت نڤام الكفر) خراپتری جۆری تۆقاندن و پاشاگەردانی باشترە لە دامەزراوی ژێر دەستی تاغوت ( حوکم بە غەیری شەریعەت) ئەمە زادەی کۆکردنەوەی دین و ئەخلاقە بە چەشنێک ئەخلاق بونیکی سەربەخۆی نیە کە هیچ شتێک جگە لە خۆی پاساو نیە بۆ بەزاندنی، واتە بە چەشنێک نیە نەکرێت بەها ئەخلاقیەکان بخرێنە بەراوردی هیچ بەهایەکی ترەوە جگە لە خۆیان بەڵکو پاشکۆی تێگەشتن و بەهاکانی ئایینە ، دەکرێت لە پێناو بەها ئایینیەکاندا ببەزێنرێت .

نەک تەنها بەوەوە بەڵکو سەرکەوتنی سیاسی تەوژمە دینیەکان بە بەهێزتر هەژمار دەکرێت لە پاکراگرتنی دەرون ، ئەبوبەکر ناجی دەڵێت جیاوازی نێوان بزاوتە ئیصلاحیەکان و عەباسیەکان بریتی بو لەوە عەباسیەکان توند بون و بەرامبەرەکانیان خۆیان دەپارست لە خوێن ڕشتن ، بەلایەوە سەیرە کەسێک لە خوین ڕشتن بترسێت و بیەوێت سەربکەویت، بگرە بەمەشەوە ناوەستێت بەلكو پێی وایە ئایین مانای جیاواز دەداتە بابەتە ئەخلاقیەکان ، کاتێک لە ئاییندا باسی رەحمەت دەکات پێی وایە ئەمەش لە واقیعدا جیاوازە بۆ نمونە دان بەوەدا دەنێت کە پێغەمبەر د.خ لەسەربێت نەهی کردوە لە بەکارهێنانی سوتاندن بەڵام ئەبوبەکر و عەلی مومارەسەی سوتاندنیان کردوە ، ئەو پێی وایە بڕیارەکەی ئەبوبەکر و عەلی دروستە، ئەمە دەتوانرێت وەک بەڵگەیەکی رونی ئەو رایەی ئێمە ببێت.

ئالێرەوە دەگەینە ئەو رایەی سەرەوە بێ داننان بە سەربەخۆیی ئەخلاق و ئایین پیکەوە دەرفەتێکی زێڕین دەرەخسێت بۆ هێز و گروپە توندرەو تیرۆریستیەکان بە تابەتی و تەوژمە دینیەکان کە بە ئاسودەییەوە بەها ئەخلاقیەکان بخەنە ژێر پێیانەوە.