كۆمەڵگەی كورديی، تێپەڕبون بە تەنیشت هاوڕەگەزخوازەكاندا

2017-09-16

لە یەكێك لە باڵەخانە بەرزەكانی شاری سلێمانیدا كۆمەڵێك ژن پێكەوە لە ئۆفیسێكی بچكۆلانەدا كار دەكەن، كاتێك لە دەرگای شوقەكەیان نزیكدەبیتەوە پارچە كاغەزێكی هەڵواسراو دەبینی بە زمانی ئینگلیزی لێی نوسراوە(LGBTQI)، كۆدێك تەنها ئەوانە لێی تێدەگەن كە شارەزاییان هەیە.كۆدەكە هێمایە بۆ هاوڕەگەزخوازەكان و گروپێك لە كەمینەی سێسكی لە كۆمەڵدا.


رێكخراوەكە لەو ئۆفیسەوە دەیەوێت گۆڕانكارییەكی كۆمەڵایەتی گەورە لە كۆمەڵی كوردیدا دەستپێبكات, یارمەتیدانی كەمینە سێكسییەكان بە تایبەتی هاوڕەگەزخوازەكان، لە كۆمەڵی كوردیدا یەكێكە لە ئامانجە سەرەكییەكانی رێكخراوەكە.


هەرچەندە هاوڕەگەزخوازی لە كۆمەڵی كوردیدا بە تابۆ دادەنرێت و كۆمەڵ زۆر بە توندی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵام بە وتەی سەرۆكی رێكخراوی راسان "كەسانی هاوڕەگەزخواز لە كۆمەڵی كوردیدا بوونیان هەیە و لەلایەن خێزان و كۆمەڵەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە".

 

تانیا كەمال دەروێش، سەرۆكی رێكخراوی راسان، ئاماژە بەوەدەكات ماوەی چەند ساڵێكە بەنهێنی كار بۆ كەیسەكانی هاوڕەگەزخوازی دەكەن, بەڵام دەیانەوێت بگوێزنەوە قۆناغێكی دیكە و لەمەودوا بە ئاشكرا كار لەسەر ئەو كەیسانە بكەن.

 

،،

كاتێك بەلای ئامادەییەكانی شۆڕشی كوڕان، سەفینی كچان و شیرینی كچاندا تێپەڕ دەبیت ئەو دیواربەندانە سەرنجت رادەكێشن كە هێمان بۆ گروپەكانی كەمینەی سێكسی كە بە (LGBTI) دەناسرێن.
كارەكە بەدەر نییە لەڕیسك، نازانرێت لە داهاتودا رێكخراوەكە ڕووبەڕووی چی دەبێتەوە، چونكە هەتا ئێستا بەپێی یاسا, هاوڕەگەزخوازی وەك تاوان سەیر دەكرێت و سزای زیندانیكردن هەیە بۆی, ئەمە سەرەڕای هەڵوێستی توندی ئاین لەسەر ئەو بابەتە كە وەك تاوانێكی "گەورە" و " قێزەون" سەیری دەكات.


تانیا، ئاماژە بەوە دەكات, هەندێك لە هاوڕەگەزخوازەكان بەهۆی نەبونی ئازدی و تەنگ پێهەڵچنینیانەوە هەوڵی جێهێشتنی كوردستان دەدەن و داوای مافی پەنابەرییان لە كونسڵخانەی وڵاتان كردوە, ئەو باسی لە كەیسێك كرد كە چۆتە كونسڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر و خۆی وەك هاوڕەگەزخواز ناساندوە و داوای مافی پەنابەری كردوە.


رێكخراوەكە وەك هەنگاوی یەكەمی خۆناساندن و چالاكی لەسەر شەقامەكان، لە دیواری سێ‌ قوتابخانەی ئامادەیی شاری سلێمانی كۆمەڵێك وێنەی دیواربەندییان دروستكردوە كە هێمایە بۆ ئەو كەمینە سێكسییانەی لە كۆمەڵدا دەژین.


كاتێك بەلای ئامادەییەكانی شۆڕشی كوڕان، سەفینی كچان و شیرینی كچاندا تێپەڕ دەبیت ئەو دیواربەندانە سەرنجت رادەكێشن كە هێمان بۆ گروپەكانی كەمینەی سێكسی كە بە (LGBTI) دەناسرێن.


وەك سەرۆكی رێكخراوەكە ووتی كارەكەیان دوای ئەوە هاتووە كە لەلایەن بەرپرسانی پەروەردەووە ئەو سێ‌ قوتابخانەیەیان بۆ دیاریكراوە كە وێنەكانی لەسەر دروست بكەن


هێشتا زۆر كەس بە تەواوی نازانن ئەو وێنانە گوزارشت لەچی دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێك لە تابلۆكان ڕوبەڕوی شێواندن بونەتەوە.
رێكخراوەكە ئامانجیان ئەوەیە هەنگاو بە هەنگاو كۆمەڵ ئامادە بكەن بۆ قبوڵكردنی ئەوكەسانەی كە ئەم ستایلە لە ژیانیان هەڵبژاردووە.

 

دادوەر جاسم جەزا جافر، دادوەری پێشووی باری كەسێتی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات, یاسای سزادانی عێراقی وەك تاوان سەیری هاوڕەگەزخوازی نێوان نێر و نێر دەكات، ئەگەر لەخوار هەژدە ساڵییەوەبن, ئەوا رەزامەندبوون و نەبوونیان ڕۆڵی نییە لە بەتاوان ناساندنی كارەكە،

لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، لە هەنگاوێكی چاوەڕواننەكراودا كونسڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان لە سەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەیەكی بڵاوكردەوە كە تیایدا, تیم گرۆس, كونسڵی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە هەولێر دەردەكەوێت لەكاتی هەڵكردنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازەكان بەتەنیشت ئاڵای ئەمریكا، لە پۆستی سەر وێنەكە نوسراوە "هەڵكردنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازەكان لە مانگی هاوسۆزی بۆیان".
وێنەكە هەندێك ناڕەزایەتی خەڵكی بەدوای خۆیدا هێنا لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، زۆرینەی ئەوانەی قسەیان لەسەر كردبوو وایان دانابوو ویلایەتە یەكگرتووەكان پشتگیری دیاردەكە دەكات لە كوردستاندا.


جیاوازییەكە لە نیوان كۆمەڵی ئەمریكی و كۆمەڵی كوردی لەسەر ئەم دیاردەیە زۆرە، لە ئەمریكا هاوڕەگەزخوازەكان بەپێی یاسا مافیان پارێزراوە و دەتوانن لە دادگاكان گرێبەستی هاوسەرگیری بكەن, بەڵام لە كوردستان دیاردەكە لەزۆر روەوە وەك تاوان و لادان و یان وەك نەخۆشی سەیر دەكرێت, سزای یاسایی و ئاینی و كۆمەڵایەتی چاوەڕوانی ئەوانە دەكات كە بەمجۆرەن.


باخان حەمەكەریم, بەڕێوەبەری پڕۆژەكان لە رێكخراوی راسان ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان پشتگیری دیاردەی هاوڕەگەزخوازی ناكەن لە كۆمەڵدا و بەدوای ئەوەشەوە نین كە هاوڕگەزخوازەكان بەشێوەی فیزیكی بگەن بەیەك, تەنیا كار لەسەر ئەوە دەكەن ئەوانەی سەر بەو كەمینە سێكسییانەن كە بە گروپی (LGBTQI) دەناسرێن لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان بەكێشە یارمەتی دەرونی و كۆمەڵایەتی و لۆجستییان پێشكەشدەكەن.


بەبڕوای باخان, مەرج نییە ئەوەی هاوڕەگەزخواز بێت كردەی سێكسی هاوڕەگەزی ئەنجامبدات, چونكە وەك ئەو دەڵێت "ئەم بابەتە پەیوەستە بە ناسنامەی جێندەرییەوە نەك كردار، لەوانەیە كەسێكی هاوڕەگەزخواز هەبێت لە هەموو تەمەنیدا كردەی سێكسی هاوڕگەزی ئەنجامنەدات".
رێكخراوەكە دەیەوێت ئاڕاستە نوێ و جیهانییەكان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازی بهێنێتە كوردستانەوە.


د. ئەفرام محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەكان هەرچەندە نایشارێتەوە كە لەڕووی كۆمەڵ و ئاینەوە هاوڕەگەزخوازی تاوانە، بەڵام ئاماژە بەوە دەدات كە لەڕووی زانستی پزیشكییەوە هاوڕەگەزخوازی لە كتێبە پزیشكییە نوێكاندا لە ڕیزی نەخۆشییەكان دەرهێنراوە و چیتر ئەم جۆرە كەسانە بە نەخۆش سەیر ناكرێن.

 
 

بەگشتی رێكخراوەكە یارمەتی گروپێكی دیاریكراو دەدات لەكۆمەڵدا كە توانای خۆئاشكراكردن و گوزارشتكردن لەخۆیان نییە.بۆیە گومانی ئەوە دەكرێت بەكێشەكردنی بابەتێكی هەستیاری لەم جۆرە كە هێشتا نەبوەتە دیاردە لەوانەیە مەبەست لێی فەندوەرگرتن و راكێشانی سەرنجی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بێت بۆ پشتگیریكردنی پڕۆژەكانیان.

 
هەرچەندە لە یاسای سزادانی عێراقیدا ناڕوونی هەیە لەوەی كە هاوڕەگەزخوازی تاوان بێت یاخود نا, لەبەرئەوەی دەقێكی راشكاو نییە لەسەری، بەڵام بەشێكی زۆر لە دادوەرەكان سورن لەسەر ئەوەی كە وەك تاوان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.


دادوەر جاسم جەزا جافر، دادوەری پێشووی باری كەسێتی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات, یاسای سزادانی عێراقی وەك تاوان سەیری هاوڕەگەزخوازی نێوان نێر و نێر دەكات، ئەگەر لەخوار هەژدە ساڵییەوەبن, ئەوا رەزامەندبوون و نەبوونیان ڕۆڵی نییە لە بەتاوان ناساندنی كارەكە، بەڵام ئەگەر تەمەنیان لە 18 ساڵ زیاتر بوو, وە هەردوولایان رەزامەندبوون، بەپێی حاڵەتەكان جیاوازی هەیە.


سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازی نێوان رەگەزی مێ‌، دادوەر جاسم دەڵێت "لە یاسای سزادانی عێراقی هیچ دەقێك نییە لەسەر هاوڕەگەزخوازی نێوان رەگەزی مێ‌، بەپێچەوانەوە تەنها باسی (لواگە) كراوە".


ئەو دادوەرە سورە لەسەر ئەوەی كە هاوڕەگەزخوازی تاوانە و ماددەكانی 393 و 400 لە یاسای سزادانی عێراقی دەیگرێتەوە كە باس لە كردەوەی دژی ئادابی گشتی دەكەن, تەنانەت ئەگەر لە شوێنی گشتیدا ئەنجامیش نەدرێن.


ئەم ناڕوونییە لە نێوان دادگا و پۆلیس لە مامەڵەكرن لەگەڵ ئەم جۆرە حاڵەتانە بەئاشكرا دەبینرێت.


سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان هیچ كەسێك بەتاوانی هاوڕەگەزخوازی دەستگیر ناكەن، مەگەر سكاڵا هەبێت لەسەریان یان لە شوێنێكی گشتیدا هەستن بە ئەنجامدانی ئەو كارە.


وتەبێژەكەی پۆلیس دەڵێت "ئەوە ئازادی كەسییە و ئێمە كارمان بەسەریەوە نییە، تا ئەوكاتەی كێشەی لێ دەكەوێتەوە، ئەوكاتە ڕووبەڕووی دادگایان دەكەینەوە و دادوەر بڕیاریان لەبارەوە دەدات".


سەرۆكی رێكخراوی راسان ئاماژە بەوەدەكات كە ئەم جۆرە كەسانە لە كۆمەڵی كوردیدا قوربانیین و رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
ئەو ئاماژەی بەوەكرد, لە قوتابخانە و خێزان و شوێنە گشتییەكاندا كەسانی لەم جۆرە هەن كە توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت و قبوڵناكرێن.
تانیا، باسی كەیسی گەنجێكی بۆ دواڕۆژ كرد كە هانای بۆ رێكخراوەكەی ئەوان بردوە, لەبەرئەوەی باوكی لەماڵ دەریكردووە، ئەمان هۆتێلیان بۆ گرتووە بۆ ئەوەی لەسەر شەقام نەمێنێتەوە.

 

رێكخراوەكە ئەمساڵ فەندێكی لە رێكخراوی (COC) نێودەوڵەتی وەرگرتووە، بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێك پڕۆژە كە سەرەكیترینیان لەمساڵدا بریتییە لە كەمپەینی یارمەتیدانی كەمینە سێكسییەكان لە كۆمەڵدا.


بەگشتی رێكخراوەكە یارمەتی گروپێكی دیاریكراو دەدات لەكۆمەڵدا كە توانای خۆئاشكراكردن و گوزارشتكردن لەخۆیان نییە.بۆیە گومانی ئەوە دەكرێت بەكێشەكردنی بابەتێكی هەستیاری لەم جۆرە كە هێشتا نەبوەتە دیاردە لەوانەیە مەبەست لێی فەندوەرگرتن و راكێشانی سەرنجی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بێت بۆ پشتگیریكردنی پڕۆژەكانیان.


تێبینی: ئەم راپۆرتەی ڕۆژنامەنوسی ناوبراو، پێشتر لە سایتی دواڕۆژ بڵوكراوەتەوە