تاهیر بەگی جاف، ئەو شاعیرەی تەختی پاشایەتی رەتکردەوە لە پێناو تەختی دڵ دا

2018-05-20

زۆرن ئەوانەی بۆ گەیشتن بە پلەو پایەی دنیایی و دەستخستنی پۆست و پارە، ڕەنجی فەرهادیان داوە، ڕێگای ڕەوا و ناڕەوایان بۆ گرتۆتە بەر. کەمن ئەوانەشی لە پۆست و پارە ڕایان کردووەو لێی بێزار بوونە، پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ ( ڕێوی دەمی نەدەگەییە هەنجیر، ئەیوت تاڵـە! ) ئەم پەندە ڕاسـت نییە بۆ ڕەتکردنەوەی خواستی ئەو جۆرە مرۆڤانە کە چێژ و ئاسوودەیی لە پۆست و پلەی کۆمەڵایەتی و ساماندا نابینن.  

بێ گومان، خەڵکی لەو جۆرەش هەن کە دەستیان بە شتێ نەگا، شتەکە سووک ئەکەن. بۆ ئیسپاتی جیاوازیی ئەو دوو تاقمەی خەڵک، دەبێ لەو کەسانە بڕوانین کە بۆیان لواوەو نەیانویستووە. ئەم جۆرە خەڵکانە وەنەبێ خۆیان پێ بچووک و کەمئەرزش بووبێ و، خۆیان بە شایستەی پۆست و پلەی دنیایی نەزانیبێ، بە پێچەوانەوە شکۆمەندیی زاتیی ئەوان ڕێگەی نەداون بەوە ڕازی بن، بۆیە خۆیان لە هەر پلە و پۆستێک پێ گەورەتر بووە.

کورد مێژووی ئەدەبەکەی لەم جۆرە کەسانەی زۆر تێدابووە، بە پێچەوانەی مێژووی سیاسییەکەیەوە کە لەسەر ململانێی دەسەڵات کوڕ باوک و، مام برازا و، برا برای کوشتووە، چاوی یەکتریان بە زیندوویی دەرهێناوە. ئەو جۆرە کەسانەی پلە و پارەیان نەویستووە لە کورتترین پێناسەدا ئەتوانین بە دوو وشە ناویان بنێین (ئەهلی دڵ).

ئەهلی دڵ ئەوانەن، کە بە دڵ ژیاون، دڵیان کردۆتە ڕابەر لە ژیاندا. ئەو جەماعەتە بێ دڵیی خۆیانیان نەکردووە و ناشیکەن. بۆ ڕازیکردنی دڵی خۆیان دەستبەرداری هەموو شتێ بوونە. لە ڕاستیدا هەر ئەوان بەختەوەرییان وە دەست خستووە. لەم باسە کورتەدا ئەبینە میوانی یەکێک لە جەماعەتی ئەهلی دڵ کە لە مێژوودا ناوی وەک ئەستێرەی بەرەبەیان ئەدرەوشێتەوە، ئەویش (تایەر بەگی جاف)ە.

،،

تاهیر، کوڕی وەسمان پاشا کوڕی حەمە پاشا کوڕی کەیخوسرەو بەگی جافـە. ئەمانە لە بەگزادەکانی جافن. دایکی تاهیر بەگ، ناوی عادیلە خانمە و کچی قادر بەگی ساحێبقڕانە. ئەمانەش لە ئەشراف و بنەماڵەیەکی دیاری شاری سـنـە بوون. تاهیر بەگ ساڵی (۱٨۷٥ زاینیی) لە هەڵەبجە لە دایکبووە و ساڵی ١٩١٨ کۆچیی دوایی کردووە.

تاهیر، کوڕی وەسمان پاشا کوڕی حەمە پاشا کوڕی کەیخوسرەو بەگی جاف ـە. ئەمانە لە بەگزادەکانی جافن. دایکی تاهیر بەگ، ناوی عادیلە خانمە و کچی قادر بەگی ساحێبقڕانە. ئەمانەش لە ئەشراف و بنەماڵەیەکی دیاری شاری سـنـە بوون. تاهیر بەگ ساڵی (۱٨۷٥ زاینیی) لە هەڵەبجە لە دایکبووە و ساڵی ١٩١٨ کۆچیی دوایی کردووە.

چونکە لەو ماڵبەتە خواپێداوە بووە، لەو بێ مەکتەبییەدا هەر لە حەوت ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن. ئەبێ چی فێر بووبێ لە قورئانی پیرۆز و کتێبەکانی سەعدی شیرازی، حـافـز، شێخ ڕەزای تاڵەبانی، نالی، بابا تاهیری عوریان و ئەوانی تر، ئەبێ چی فێر بووبێ وا ئەو سوارچاکەی لێ دەرچوو .. دایک نەمرێ و، کوڕی وەک تاهیر بەگ بخاتەوە.

مامۆستا عەلادین سەجادی ئاوا وێنەی تاهیر بەگ دێنێتە زەینمانەوە ( تاهیر بەگ پیاوێکی کورتە باڵا و ڕەزە شیرین بووە، سوور و سپی و موو زەرد و مێ چاو بووە، دەموچاوی درێژکەڵە و ڕیشی ئەتاشی، جل و بەرگی کوردی بووە، کەواو سەڵتەی جوانی لە بەر ئەکرد و چەفتەو مشکی لە سەر ئەبەست، لە لەشدا لاواز بووە، دڵتەڕ و سوارچاک و تفەنگچی بووەو، ڕاو و شکاری زۆری پێ خۆشبووه‌ ...).

df
وێنەی خەیاڵی تاهیر بەگی جاف 

تاهیر بەگی جاف لاوە جوانخاس و مێ چاوەکە، پەرژاوەتە سەر زۆر لایەنی ژیان و لە بۆتەی شیعرەکانیدا جۆشی داون. ئەو لە خانەوادەیەکی ناسراو و بەگزادە بووە، وەسمان پاشای باوکی پاشای جاف و حوکمداری ڕووبەرێکی فراوان بووە لە  گەرمیان و شارەزوور تا پێنجوێن و سەر سنوری ئێران، دوای مردنی باوکی، دایکی واتە عادیلە خانم حوکمداری هەڵەبجە و هۆزی جاف بووەو، هەموو کاربەدەستانی ناوچەکە و سنوری جافەکان لەژێر ڕکێفی ئەواندا بوون.

کاتێک وەسمان پاشای باوکی لە ژیاندا بووە، داوای لە تاهیر بەگ کردووە کە ببێتە حوکمداری شارۆچکەی (سەید سادق)، بەڵام تاهیر بەگ بەوە ڕازی نەبووەو ڕەتیکردۆتەوە.

،،

کاتێک وەسمان پاشای باوکی لە ژیاندا بووە، داوای لە تاهیر بەگ کردووە کە ببێتە حوکمداری شارۆچکەی (سەید سادق)، بەڵام تاهیر بەگ بەوە ڕازی نەبووەو ڕەتیکردووەتەوە.

ئەو دەسەڵاتی نەویستووە، بە دڵ ژیاوە، هەر خەریکی کەیف و سەفای خۆی بووە، کاروباری دیوەخانی بەڕێوەبردووە و کۆڕی شیعری و ئەدەبی سازکردووە و، شاعیر و ئەدیبانی ئەوسەردەمەی لە خۆی گلێر کردۆتەوە.

 لە وەڵامی ئەو داواکارییەی باوکیدا، شیعرێکی نووسیوە و بۆی ناردووە، تیایدا ئەڵێ من خۆم بە شایستەی حاکمی موڵکی (خەسرە و پەروێز)ی پاشای ئێران ئەزانم و نامەوێت، تۆش ئەمکەیتە حوکمداری سەید سادق، کە دوو تاقم خەڵکی تێدایە، ناوهێنانی ئەم دوو کۆمەڵە خەڵکە، ڕەنگە مەبەستی بچووکی شوێن و کەمیی خەڵکەکەی بێت، ئەشێ ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی خێڵەکیانەی ئەو کاتەی جافەکانیش بووبێ بۆ ئەو دوو کۆمەڵە خەڵکە.

لەو دێڕانەی شیعرەکەیدا ئەڵێ:

" سەد کە پاشای ! حەز بکەی هەر جۆر موکافاتم ئەدەی؟

من قسەی حەق هەر ئەکەم، سا چۆن موجازاتم ئەدەی؟

من بە تەختی خوسرەو و جامی جیهانی تێ ئەگەم

تۆ بە مەئموور و ئیعانەی (دۆم) و (خەڕاتم) ئەکەی؟

من بە سەد مننەت لە نەحلی لێوی یاری خۆم ئەخۆم

تۆ بە شاگردی دوکانی مەروەقە و نانم ئەکەی؟

من ڕەزا نابم بە نانی گەندومی ئادەم فریب

تۆ بە ئومێدی کورەی نانەواخانەم ئەکەی؟ "

بە باوکی وتوە بەڵێ سەد دەر سەت ئەزانم کە تۆ پاشایت و، حەز دەکەی هەر جۆرێک بەخششم پێ بدەی. بەڵام من هەر قسەی حەق ئەکەم و بێدەنگ نابم، جا چۆن ڕێم ئەدەی قسەی حەق و باوەڕی ناو دڵی خۆم بڵێم.

 لێرەدا ئەمانباتەوە بۆ ئەو پێشەکییەی کە وتمان ئەو جۆرە مرۆڤانە خۆیان لە هەر پلەو پۆستێ بە گەورەتر ئەزانن، ئەوەتا تاهیر بەگ ئەڵێ من ئەتوانم و لە خۆم ڕائەبینم تەختی (خەسرەو و پەروێز)ی پادشای ئێران بەڕێوە ببەم، بەڵام نامەوێ و پێی ڕازی نیم، من منەتی دڵدارەکەم هەڵدەگرم و لە خورمای شیرینی لێوەکانی ئەو ئەخۆم، سوڵتەو حاکمیم ناوێ.

تاهیر بەگ کوڕە مێ چاوەکە، موناجات و شیعرە ئاینییەکانی هێند بەرزن، بەشەر سەرسام ئەکەن، وا مەدحی پێغەمبەری کردووە (د.خ) هەر مەپرسە.

هەموو پێغەمبەرانی بە لەشکرێک وێنا کردووەو، پێغەمبەری ئیسلامیشی بە (سوپاسالاری) ئەو لەشکرە ناو بردووە، ئەڵێ:

"مەتلەعی سوبحی سەعادەت! مەزهەری عِلمُ الیَقین!

ئەی سوپاسالاری فەوجی ئەنبیائو مورسەلین!"

کاکەی فەلاح، ئەو شیعرەی بە پێنج خشتەکییەکی (ناری) ناوبردووە کە (ناری= مەلا کاکە حەمەی بێلوو) لەسەر شیعرێکی تایەر بەگ دایناوە، کاکەی فەلاح بۆ ئەوە پشتی بە نووسینێکی (عەلی کەمال باپیر) و شایەتی چەند کەسێکی تر کە (ناری)ـان دیوە بەستووە، بەڵام مامۆستا عەلادین سەجادی تەوای شیعرەکە بە هی تایەر بەگ ئەزانێ.

dfc
عادیلە خانم، دایکی تاهیر بەگی جاف

،،

عەلادین سەجادی ئاوا وێنەی تاهیر بەگ دێنێتە زەینمانەوە ( تاهیر بەگ پیاوێکی کورتە باڵا و ڕەزە شیرین بووە، سوور و سپی و موو زەرد و مێ چاو بووە، دەموچاوی درێژکەڵە و ڕیشی ئەتاشی، جل و بەرگی کوردی بووە، کەواو سەڵتەی جوانی لە بەر ئەکرد و چەفتەو مشکی لە سەر ئەبەست، لە لەشدا لاواز بووە، دڵتەڕ و سوارچاک و تفەنگچی بووەو، ڕاو و شکاری زۆری پێ خۆشبووه‌.

تایەر بەگ.. گەنجە دڵ تەڕەکە، لەگەڵ ناری زۆر تێکەڵ بوون، پەیوەندییەکی خۆشیان هەبووە، شەڕە شیعریان پێکەوە کردووە. چەندین نامەی شیعرییان گۆڕیوەتەوە، هەندێ غەزەلیان پێکەوە هۆنیوەتەوە ئەوەندە ڕازاوەن هەرگیز هۆشی کەس بە لایاندا ناچێ.

تاهیر بەگ لاوە جوانخاسەکە.. هەر بۆ دڵ ژیاوە، بە ڕاستی ئەهلی دڵ بووە، لە شیعرێکیدا ئەڵێ (دڵم وەک ئەو پەپولانەی کە بێدەنگی بە دەوری مۆم و چرادا ئەخولێنەوەو ئەسووتێن و هیچ دەنگێکیان لێوە نایەت، ئاوا بە بێدەنگی هەر مودارت ئەکات، چۆن کچان و ژنانی میسر لە دەوری جوانییەکەی یوسف خڕ بوونەوە و لە ئەوجی کەیفی خۆیانا دڵیان ئەفرۆشت بە یوسف، بەڵام یوسف هێشتا وەک تاهیر نییە کە ئەمڕۆ بە گیان و بە دڵ کڕیاری دڵی دڵدارەکەیەتی):

" بە شوعلەی شەمعی ڕوخساری، دەسووتێ دڵ وەکو قەقنەس

وتم پەروانەیە، یاڕەب! نییە وا بانگ و هاواری؟

وەکو یوسف ئەگەرچی موشتەری وەستاوە سەف سەف

وەکو (تاهیر) نییە ئەمڕۆ بە جان و دڵ خەریداری "

تاهیر بەگ، ژنانی میسری بە دڵسێنی یوسف ناو بردووە کە یوسف دڵێ پێ نەفرۆشتوون، بەڵام خۆیی بە دڵسێنی یارەکەی وێنا کردووە، بۆ خۆی (خەریدار)ی بەکار هێناوە کە بە مانای (کڕیار) دێت، لە مەشا جیاوازی خۆی و یوسفی بەیان کردووە کە یوسف گوێی بە دڵ نەداوەو بە نیازی پاشایەتی میسر بووە، بەڵام ئەم دەسەڵاتی نەویستووەو هەر دڵی خۆیی لاوادندووەو بە خۆشەویستی یارەکەی پاراوی کردووە.

شۆڕەسوار و لاوە دڵناسکەکە، لە تاو عومری بێ بەرهەم و، لە حەسرەتی گوناهباریدا شیوەن ئەکات و وەک مناڵی هەتیو ئەگری، بە فرمێسکی چاو خاکوخۆڵی سەرەڕێ ئەکاتە قوڕ و لیتە، هەر لە پێی تا تەوقی سەری ئەگرێتە ئەو قوڕە، ئەمە تەنیا بەو ئومێدەی پێغەمبەر (د.خ) لای خودا شفاعەتی بۆ بکات و خودا لێی خۆش بێت، ئەڵێ :

" با بکەم شیوەن لە داخی باخی عومری بێ سەمەر

دابنیشم دەست بە ئەژنۆ ، وەک هەتیوی بێ پدەر

تا بە ئەشکی دیدە تەڕ کەم خاک و خۆڵی ڕاگوزەر

خۆ لە قوڕ بگرم بە جارێ، هەر لە پێ تا تەوقی سەر

بۆ نەڕێژم ئەشکی ئاڵ و ئاوی گەرم و ئاتەشین؟

بەڵکو لوتفی شاهی لەولاک، بێ نەجاتم دا لە شــین"*

* شاهی لەولاک : مەبەستی پێغەمبەرە (د.خ)، ئاماژەیە بۆ حەدیسی ( لَو٘لاك، لَو٘لاكَ مَا خَلَق٘تُ الأَف٘لاك) واتە: ئەی موحەمەد ئەگەر لە بەر خاتری تۆ نەبوایە فەلەکەکانی گەردونم دروست نەدەكرد. گوایە خودا لە بەر خۆشەویستیی پێغەمبەر هەموو کەونی دروست کردووە (زانایانی فەرموودەناس ڕاجیاییان هەیە لە بارەی ڕاستی و دروستی ئەم حەدیسە).

 

تاهیر بەگی جاف، جارێکی تر بە تکاو ڕجاوە ڕوو ئەکاتە پێغەمبەر و ئەڵێ:

" شەرمەزار و سەرڤگەندە و غافڵ و دێوانە خۆم

بێ شوعاعی مەعریفەت، بێ نوور و پەروانە خۆم

ئـای بە ڕیسوایی لە کووچەی شـاردا ئەفسانە خۆم

موستەحەققی تـیر و تـانەی ئـاشـنـا و بێگانە خۆم

واجـبی ڕەحـمـم، بـەسـە ( یا رَح٘مَةً لِل٘عالَمين!)

،،

تاهیر بەگی جاف، ئەگەرچی شیعرەکانی کەمن بەڵام، بە قیمەتن، دوڕڕن، مروارین، پرژانگی شیعرەکانی لەگەڵ موژەی شیعری ناری لەیەک ئاڵسکاون، لاولاون و هەڵکشاون بە باڵاو گەردنی لەیلادا..

 

sdx
بەرگی دیوانە شیعرییەکەی تاهیر بەگی جاف

تاهیر بەگی جاف، ئەگەرچی شیعرەکانی کەمن بەڵام، بە قیمەتن، دوڕڕن، مروارین، پرژانگی شیعرەکانی لەگەڵ موژەی شیعری ناری لەیەک ئاڵسکاون، لاولاون و هەڵکشاون بە باڵاو گەردنی لەیلادا..  بۆخۆم باوەڕم  وایە شاعیرانی کوردی قەدیم، هیچیان نەهێشتۆتەوە بۆ وتن، لام وایە دوای ئەوان هەرچی بوترێ زیادە. بۆ ئەمەش، با سەرنجی غەزەلێکی تاهیر بەگ بدەین، کە دەڵێ:

 " تـا بە کەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە؟

دەست بە ئەژنۆ، قوڕ بە سەر، دایم بە ڕەنگی زەردەوە

ڕۆژی ئەووەل بوو کە زانیم، من ئەبێ دێوانە بم

ئاشقی تۆ! نەوعی مەجنوون، وا بە کێو و ھەردەوە

مەرحەمەت کە! زوو بڕۆ قاسید بڵێ دەردی دڵم

نازی پاپوچت ئەکێشم من بە تۆز و گەردەوە!

من کە خۆم پشتیوانی باڵاو، بۆسەچینی کوڵمەتم!

چی دەکەم ئاخر لە سەیری باخ و بەی، بەم دەردەوە؟

ھەر وەکو قەوس و قەزەح با دەس لە گەردن دانیشین!

تۆ بە سوخمەی ئاڵ و سەوز و، من بە ڕەنگی زەردەوە

یەک نەفەس چاکی نەھێنا کەعبەتەینی بەختەکەم

شەش دەرم گیراوە، داماوم بە دەستی نەردەوە  "

 

(ئیلتیماس) واتە داوای لێبوردنکردن، یان پاڕانەوە بۆ ڕازیکردنی دڵی بەرانبەر، تاهیر بەگ لە کۆتایی ئەم غەزەلەدا ئەڵێ:

" ئیلتیماسی (تاهیر)ی بێ چارە قەت سوودی نییە

تۆ کە دایم شەڕفرۆشی! بەو دڵەی وەک بەردەوە  "