عەجاج تکریتی، وەک سیمبولی ستەمکاریی لەبەردەم قانوندا 

2026-05-07
فارس نەورۆڵی 
 حیزبی بەعس نموو نەیەکی ستەمکاریی تێکەڵاو لە ستەمکاریی کلاسیک و مۆدێرن بوو؛ دەیان دەزگای داپڵۆسێنەر و سەدان جەلادی هەبوو. عەجاج یەکێک لە دەموچاوەکانی ستەمکاریی حیزبی بەعس بوو، بۆیە کاتێک باس لە عەجاج دەکرێت، مێژووی ڕەشی ئەشکەنجەدانی بەعس و بیرەوەریی هەزاران زیندانیی سیاسیی کورد و شیعەی عێراق دێنێتەوە یاد.
عەجاج یەکێک بوو لە جەلادەکانی بازنەی دەسەڵاتی بەعس کە بەرپرسیاریەتیی ئەمنیی هەبوو، بەتایبەت لەو شوێنانەی ناوەندی ئەشکەنجەدان بوون. چەند کەسێک لەوانەی لە نوگرەسەلمان و شوێنە شاراوەکانی بەعس ڕزگاریان بووە و گفتوگۆم لەتەک کردوون، دەیانوت: «ئەو ئەشکەنجەدانە لە فیلمیشدا نەبووە».
عەجاج وەک بەشێک لەو ئامێرە بکوژە کاری دەکرد کە لە دەرەنجامی فیکری بەعس دروست بوبوو. لە فەلسەفەی بەعسدا، جەلاد تەنها فەرمانبەرێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو پارێزەری سیستم بوو؛ ئەوان پێیان وابوو کە بە بێبەزەییانە شکاندنی کەرامەتی مرۆڤی کورد، دەتوانن ئیرادەی کوردبوون بشکێنن، بەڵام ئەو پەندە زێڕینەیان لەبیر چووبوو کە دەڵێ: «هەتا برین قووڵ بێتەوە، مەرگی چەقۆ نزیکترە».
بۆیە مێژوو سەلماندی کە دیکتاتۆرەکان بە هەزاران جەلادیش ناتوانن خۆیان لە نەفرەتی مێژوو بپارێزن و وەک نموونەی دڕندەیی و ناشیرینی لە مێژوودا دەمێننەوە. ئەوەتا بەعس ڕووخا، عەجاج و هاوشێوەکانی بەر نەفرەت کەوتن و بوون بە وانەیەک بۆ جیهان کە ستەمکاری ناتوانێ بۆ هەمیشە کورد بێدەنگ بکات. عەجاج تەنها ناوێک نەبوو، بەڵکو سیمبوڵی قۆناغێکی ستەمکاری بوو کە تێیدا قەڵەم و ئەقڵ و فیکر، جێگایان بۆ قامچی و ئەشکەنجەدان چۆڵ کردبوو.    کەچی ئێستا عەجاج سیمبولی  ستەمکاری دەبینین بە سەرشۆڕی لەبەردەم یاسادا، بەڵام گەلی کورد و قارەمانانی بەردەم ئەشکەنجە، بە سەربەرزی مانەوە یان شەهید بوون .